"an independent online kurdish website

 خوێن ڕژا ، کەلە پژا، ڕۆڵە کوژا خوێن ڕژان خۆشە کە ئابڕو نە ڕژاmela_biraym1

یەکێک لە ڕۆژە هەرە ڕەشەکانی مێژوی سیاسی کوردستان ڕۆژی ١٠ی خاکە لێوەی ساڵی ١٣٢٦ ی هەتاوی بەرانبەری ٣٠ مارسی ١٩٤٧ی زایینی یە پێشەوا قازی و حەمە حوسێنی سەیفی قازی و ئەبول قاسمی سەدری قازی لەو ڕۆژەدا لە سێدارە دران. ٦٥ مین ساڵڕۆژی شەهیدانی چوار چرایە . یەکەمین سەرکۆماری مێژوی گەلی کورد دەبێتە قوربانی گەل و نیشتمان کە دەبێی ئەو گەلە بەڕێزەوە یادی بکا تەوە . ئەو ڕۆژەیە کە شەهیدی نەمر قاسملو وەک رۆژی شەهیدان پێشنیاری کردوە. ئەوەش ڕێز گرتنو وەفایە بۆ شەهیدان.

لەم جیهانەدا هەمو گەل و نەتەوەکان ڕۆژانی جێژنو شایی و ڕۆژانی شێنو گریانیشیان هەیە. بۆ ئێمەی کورد ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژێکی گەلێک گرینگ و جێگای فەخرو شانازیە. لە هەمانکاتدا ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژی مێژوی ژیانمانە. مەزنترین و بایخدارترین و شیرنترینیان ڕۆژی (٢)ی ڕێبەندان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە. تاڵترین و قورسترین و بەژانترینیشیان (١٠) ی خاکەلێوە ڕۆژی لەداردانی پێشەوامانە. جێێ شانازیە چونکە یەکەمین سەرکۆماری کوردستان لە بەرانبەر جوخەی ئێعدام ڕا دەوەستی و دەرسی نەترسیو سوربون لە سەر داوای مافی رەوا فێری ڕۆڵەکانی گەلەکەی دەکا . پێیان دەڵێێ ڕزگاری گەل و نیشتمان ئەوەندە دێنێ سەری لە پێناودا بدەی. بەدنیای نیشان دا گەلەکەی خاوەنی مافێکی ئەوەندە مەزنو پیرۆزە کە لە پیناویدا لە ‌هیچ چەشنە گیانبازی و خۆ بەخت کردنێک سڵ ناکا. ڕادەگەێێنێ مەرگ لەڕێگای ئازادی نیشتماندا ژیانێکی ئەبەدیە و تاکورد مێژوەکەی هەیە لە بیریان ناکا. ئەو گەلانەی سەرکەوتون و بەئامانجە کانیان گەیشتون ئەو ڕۆژانە دەکەنە جێژنو شایی و بە هەڵپەرکێ و چەپڵە ڕێزان یادیان دەکەنەوە. ئێـمەی کورد ڕۆژی خۆشو ناخۆشمان هەن کە جیا لەمانای ئاساییان ، ماناو ناوەرۆکی تایبەتی خۆیان هەیە . ئێمە هێشتا سەر نەکەوتوینو بەئامانجە ئەسڵیەکەمان نەگەیشتوین ، هەروا لە حاڵی شوڕش و بەرەنگاری داگیر کەران داین . یادی ئەو رۆژە بۆ ئێمە پڕە لە ئەزمونی تێکۆشان و دەرسن بۆ خۆ بەختکردن و قوربانی دان، هاندەرمانن بۆ خۆ ڕێکخستن و سازمان دان بۆ ئەوڕۆو سبەینێمان ،بار هێنانە بۆ سەردان لە ڕێگای ڕزگاری نیشتمان. پێشەوا پێمان دەڵێی پشت بەخۆتان ببەستن لە هیچ حاڵەتێک دا بڕوا بە داگیر کەران مەکەن. ئەوەنیە لە پای سێدارە دا دەفەرموێ  (داوا لەگەلی کورد دەکەم خەباتی خۆیان لە پێناوی ڕزگاری کوردستاندا یەک بخەن و باوەڕ بە دەوڵەتی خۆ فرۆشی تاران مەکەن. بژی کوردستان و کورد.) ئەوەی دەبێ سرنجی بدرێتێ ئەوەیە پێشەوا دەفەرموێ یەکگرن ئەو بەڕونی پێمان دەڵێی:کلیلی سەرکەوتنتان یەکبونتانە. هەر وەها نافەرموێی حکومەتی پەهلەوی ، چونکە بروای وابوە دەسەڵاتدارانی تاران کێی بن و چی بڵێن بڕوایان پێمەکەن ، چونکە دەگەڵ هەر شیرنییەکیان کوشندەترین ژەهریان تێکەڵاو کردوە ئەوەش ئەگەر لەبیرمان نەچوبێتەوە هەمومان دیتو مانە کە چۆن لەوتو وێژی ئاشتیدا ڕێبەریان تڕۆڕ کردین خۆ شا نەبو هەم کۆمارو هەم ئیسلامی بوو!!

١٠ی خاکەلێوە پێمان دەڵێی گەلەکەمان دوژمنی گەلێکن و دوستی ڕاستە قینەی نیە. داگیر کەرانی کوردستان قەول و بەڵێنیان هەرگیز جێگای بروا نیە بڕوا تان بەخۆتان بێی و هاوکارو یەکگرتو بن ببنە هێزێک بتوانن پارسەنگی ڕوداوەکان بەلای خۆتان دا بخەن سرنجی دنیای دەرەوە بولای خۆتان ڕابکێشن . دڵنیا بن هێزی خۆتانە دەتوانێی پشتیوانی زلهێزان وەدەست بێنێ. خاکەلێوە دەسپێکی سەر لەنوێێ ژیانەوەیە ، خوێنی پێشەوا داری ئاواتی گەلی ژیاندەوە، ئاگرێکی سوتێنەری بۆ گیانی داگیر کەران داگیرساندوە. ڕێبەرو پێشەوای گەلمان ئاڵایەکی هەڵکردوە هەروا شەکاوەیە ، داری ئازادی چەقاندوە ، لک و پۆپی ئەودارە نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لەدنیاشدا پەخش بوە . پێشەوا بەو خۆ کردنە قوربانیە بۆتە ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی عاسمانی کوردەواری و ڕێگای خەباتی ڕەوای ڕوناک کردوە . ئەو قوربانی و ڕاپەڕێنە ، ئەو گریان و پێکەنینە . بانگەوازی ڕزگاریە، داوای تێکۆشان بۆ هەرمانە. پێشەوا لە پای سێدارە پێمان دەڵێی : هاوڕێیانم ئەو پەیامەم بۆ گەل بەرن ، من نەمردوم و گۆشت و یەسکم دەگەڵ خاکەکەم تێکەڵاوە ، هەمو بەهاران لە خاکەلێوەدا دەگەڵ هەمو گیاو گۆڵێک سەر هەڵدەدەمەوە ، دەگەڵ ڕزگاری کوردستان بەیەجاری هەڵدەستمەوە . ڕێبازێکم بۆ داڕشتون گەلیک ڕوون و بایخدارە، لەهەر لایەکڕا بۆی بچێ ئاسۆی ڕونت لێدیارە. وەرن با ئەو فەرمودەی پێشەوامان لە دڵماندا جێگە بکەین کە فەرمویە : ( من لە زۆوە خۆم بۆ ئەوە ئامادە کردوەو بەباوەشی ئاواڵە پێشوازی لەو مردنە دەکەم کە لە ڕێگای ئازادی میللەتەکەم دا دەکوژرێم ، ئەوە بەڵێنیەکە بە نەتەوەکەم داوە ، لەگەڵیان بژیمو بۆ ئەوانیش بمرم. ) کەمن ئەو ڕێبەرانەی ئەوەندە دڵسۆزو بەوەفا بن بۆ گەلەکەیان . هەستی بەمەرگ کردوەو گوێی پێنەداوە و خۆشی بۆ ئامادە کردوە ، ژیانی دەگەڵ گەلەکەی پێخۆش بوە بۆیە نەیتوانیوە بەجێیان بێڵێی و بۆ ئەوانیش مردوە ، ئەوەنیە سەری لە پێناوی ڕزگاری ئەواندا داناوە. ئەمەگ داری بۆ ئەو فیداکاریە ، بۆ ڕێزگرتن لەو هەڵویست و بوێریە ، بۆ تێگەیشتن لەو هەمو دوربینیەی پێشەوا ، با لەو ڕۆژە لە بیر نەکراوەی مێژۆکەماندا بەڵێن و پەیمان دەگەڵ شەهیدان و گەل نوێ کەینەوە ، ئەرکی شەرعی خۆمان وەک کوردێکی نیشتمان پەروەر و وەفادار بەشەهیدان لە بیر نەکەین و بەقەدەر توانای خۆمان بەجێیان بێنین.

 مەلا برایم مەجید پور ٩ خاکەلێوەی ٢٧١٤ هولەند

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی