"an independent online kurdish website

 بەهاری ١٣٧٥ هەتاوی بوو کە مەڵبەندی سپی سەنگی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، خەریکی سازماندانی کادر و پێشمەرگەکان بوو. هەر کەس پۆست و مەسئولیەتی بۆ دیاری کرا منیش چاوەرێ بووم کە بانگم کەنxalid-abdullazadeh-chia

کاتێک لە کومیتە شارستان بانگ کرام پێیان راگەیاندم کە لە تیمی تەشکیلاتی ناوچەی لاجان و بەربنەی پیرانشار سازمان دراوم. هاورێکانیشم کاک مەحمود لاوازە و کاک سەعدون خاڵدار و کاک سولەیمان حەدەریە زۆر خۆشحال بووم. بە حەق لە تیمێک دا سازمان درابووم هەمویان کوڕانی ڕۆژی تەنگانە و فیداکار جەسوور و ئازاو بەجەرگ بوون،  بیچگە لەوە کە  کادری تەشکیلاتی بوون، هەر کامیشیان  بۆ خویان فەرماندەری نیزامی بوون لە ساڵانی پێشوو دا چەندین پلەی جوراوجوری نیزامیان هەبوو، لە دەیان شەر و چالاکی نیزامی دا بەشداریان کردبوو، قارەمانی مەیدانی خەبات بوون و لە ناو خەڵکدا خۆشەویست و جێگای هیوا و متمانە بوون بە تایبەت لە ناوچەی لاجان و  بەربنە چوونکە لە خاکی ئەم دو ناوچە دا پێ یان هەڵ گرتبو و فێری خەبات و خۆ راگری ببوون، ئاوێتەی شۆرش و بەرخۆدان بوون بەداخەوە  هەر لە سەر خاکی ئەم ناوچەیەش ماڵئاوایان لە خەڵک و خاکەکیان کرد و سەریان نایەوە.

ئاخر مانگی بەهار بوو ئەو کاتەی کوێستانچێکان هۆبە و هەواریان بەرەو سەران دەرۆیشت هۆهۆی شوانان و قریتە قریتی شەنگە بێریان تێکەڵ بە قاسپە قاسپی کەوان و کارە کاری کاریلە و  بەرخان دیمەنێکی جوانی بەم ناوچەیە دابوو،  لە و کاتە دا مرۆڤ هەستی بە هیچ خەم و ناخۆشێک نەدەکرد. پاش دیدار نوێ کردنەوە لە گەڵ هەوارچێکان و زانیاری وەرگرتن لێیان بە هاورییەتی هێزی بە ‌هێزی قەندیل بەرەو دەشتایەکانی ناوچەی لاجان و بەربنە شۆڕ بوینەوە. پاش وچان و حەسانەوە لە کاتی ڕۆژ ئاوابوون دا ماڵ ئاوایمان لە پێشمەرگەکان کردو بەرەو هەرێمی کارکردنمان وەڕێ کەوتین.

لە ماوەی ئەو چەند مانگە دا سەردانی زۆر شوێنمان کرد. دەیان ئەندام و لایەنگر و دڵسۆزی حیزبی مان دیت کاری تەبلیغاتی و تەشکیلاتی باشمان کرد سەردانی دەیان بنەماڵەی شەهیدانمان دا و  کاتیک ئێمەیان دەدیت وەیان دەزانی کوڕەکانیان هاتۆتەوە زۆر خۆشحاڵ دەبوون لە لایەکیش وەبیریان دەهێناینەوە وشیار بین، ئاگامان لە خۆمان بێت دوژمن هەمیشە بۆمان دە پڵان دایە .

لە و ماوەیە دا سەردانی زۆر لە دێهاتەکانی بەربنە و لاجانمان کرد، خەلک کاتێک ناوی ئەو هاورێیانەی دەبیست بی سێ و دو دەرگاکانیان بو واڵا دەکردین بێ ئەوەی بۆ خۆمان بڵێین دەمێنینەوە جێگایان بۆ رادەخستین و تا کاتی دەرویشتین وەک پەپولە بە دەورەمان دا دەهاتن و خزمەتیان دەکردین و بە قسە خۆشەکانیان ورەیان پێ دەداین وایان ورە پێدەداین ڕۆژ بەڕۆژ سورتر دەبوین لە بەردەوام بوون لە خەبات و تێکوشان.  تاک تاک بنەماڵە هەبوو کە دەرگایان لێ نەدەکردینەوە و ئامادە نەبوون داڵدەمان بدەن کە ئەوانیش ئەوانە بوون کە لە لایەن ڕژیمەوە گیرا بوون و ئازار و ئەشکەنجە درابوون و هەردەم لە ژێر چاوەدیری دابوون، ئێمەش گلەییمان لێ نەدەکردن و خۆمان لەو ماڵانە دەپاراست بەڵام هەر دەم ورەمان پێ دەدان کە خۆراگر بن لە بەرابەر هەرەشەکانی دوژمن شکست نەخۆن و بە چۆک دانەیەن. بەڕاستی لەم ماوەیە دا دەیان شتی باش لە هاوڕێیان  و خەڵکەکەم فێر بووم کە تا ئێستاش لە ناو دڵم دا هەڵم گرتون، فیداکاری و نەترسی ئەم خەلکە قەت لە یاد ناکەم کە چۆن گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەخستە خەتەر، ئێمەیان پە نا دەدا، من خۆم بە قەرزداری خەڵکەکەم دەزانم و لە بەرابەر فیداکارێکانیان سەری کڕنۆش دادەنوێنم.

بەرەو مانگی خەرمانان دەرویشتین کاری باشمان کرد بوو،  سەردانی زۆربەی نەندامانمان دابوو و رادەی ئەندامانیش هەر دەهات زیادی دەکرد. کەسانی جاسوس و خۆفرۆشیش دیار بوون کە بە نامە ئاگادار کرانەوە کە واز لە خۆفرۆشی بهێنن. 

لە ناو ئەم 4 هاوڕێیەدا هەر من رەبەن و کوڕە جحێڵە بووم و دوای سەردانی بنەماڵەکانیان، دیاریشیان بۆ مناڵ و هاوژیانەکانیان هەم کڕیبوو هەم پێ درابوو. بە شەوق و زوقەوە باسی دیارێکانیان دەکرد، کاک سەعدون دەیگوت ئەگەر سەمیرە ئەو دیاریانە ببینێت زۆر خۆشحاڵ دەبێت ئای چەندە تامەزرۆی دیداریانم،  کاک سولەیمان دەی کوت ئەی رێبازی بۆ ناڵێ ئێستا چاوەرێیە، کەی بابی لە دەرگا دەدات و خۆی لە باوەشی باوێت، ئەو روژانەی ئاخر ئەو وەشانە هەردەم وێردی سەر زاریان بوو.

لە مانگی خەرمانان دا بڕیارمان دا،  کاری ماڵی دەست پێ بکەین هەرچەند تیمی ماڵیمان هەبوو بەڵام ئەوان بە هەموو ناوچەکان ڕانەدەگەیشتن . من پێم وایە هەڵەی  ئێمە لەوە دابوو کە کاری ماڵیمان کرد. چونکە دەبا خۆمان ئاشکرا کردبا و  بۆ دوژمن ئاسانتر بوو کە بمان دۆزێتەوە چەندین جار لە کەمینی دوژمن خۆمان لادا و پوچەڵمان کردەوە، هەتا جارێک زۆری نەمابوو کە نیگابانکەشیان بگرین. بەڵام بە هوشیاری خۆمان و هاوکاری دڵسوزانی حیزب توانیمان ئەو پلانانە پوچەڵ کەینەوەو بەردەوام بین لە کار و تێکۆشان.

ڕوژی پانزدەی خەرمانان بوو ڕژیم فشاری زۆری بۆ هێنابووین هەردەم بە دوامان وەبوو کەس لە ناوچە نەمابوو هێز و تیمەکانی دیکە گەڕابونەوە بە پەیامی دەفتەری سیاسی چونکە دوژمن حەملەی بردبووە سەر دەفتەری سیاسی خەڵکی ناوچەش زۆر نیگەرانی ئەو وەزعە بوون.

ئێمەش هەر وەها خەم و پەژارە بە ڕوخسارمانەوە دیار بوو بەڵام ورەمان بە خەڵک دەدا. ئێمە هیچ تەماسمان دەگەڵ هێز و دەفتەر نەبوو چونکە بێسیمەکەمان کاری نە دەکرد. لەم رۆژە شومە دا کە لە دەوروبەری بەردەقەلی مابوینەوە بڕیارمان دا کە بۆ سەر لێشواندن لە جاش و خۆفروشان بڕوینە ناو ئاوایی بەردەقل بۆ کاری ماڵی و تەشکیلاتی، دەبێ ئەوە بڵیم بەردەقل  شونێکی زۆر حەساس و خەتەر بوو  لە کارخانەی قەندی پیرانشار چی وا دور نیە کە گوردانیکی گەورەی جاش و پاسدار لێ بوو هەر وەها نزیک پادگانی پیرانشاریش بوو چەندین جار کادرەکان لەم گوندە دا تووشی کەمین ببوون و چەندین پێشمەرگەی تی دا شەهید کرا بوون کە ئێمە هەموو ئەمانەمان دەزانی بەڵام دیسان بەرەبەری ئێوارە بوو خۆمان ئامادە کرد و لە حەشارگە هاتینە دەر بە مەبەستی کۆنتڕۆل کردنی ناو دێ بەرەو ڕاداری  گوندی بەردە‌قەل وەڕی کەوتین، بەڵام دەبی بڵێم ئەو ڕۆژە ئەوەندە گەرم و بێ دەنگ بوو مروڤ خۆفی لە ناوچەکە دەکرد هەتا دەنگی پەلەوەرەکانیش نەدەهات مێشولەکان تاقەتیان نەبوو پێمان وەدەن بەراستی رۆژێکی گەرم و خەماوی بوو ،ئێمە کە بە دوای یەک تر دا دەڕویشتین هەر کەس و لە بیری شتێک دابووین من کە لە دوای شەهید سەعدون دەرویشتم لە ناکاو ئاوری دایەوە کوتی چیا زۆر ماندوم هەست بە دڵتەنگی دەکەم نازانم چیمە منیش بە پێکەنینەوە کوتم وادیارە تاسەی ماڵ و منداڵت کردوە زۆرمان نەماوە دەرۆینەوە بەدەم قسە کردنەوە گەیشتینە سەر ڕادار تەواوی ناو دێمان لە ژێر کۆنترۆل دابوو هاتوو چۆی خەڵک زۆر ئاسایی بوو هیچ شتێکی مەشکوکمان نەدیت جادەکانیشمان لە ژێر کۆتنڕۆل دابوو،کە بوڵێڵ داهات بەرەو دێ شۆڕ بوینەوە.

بۆ دڵنیا بوون لە چەندین ماڵمان پرسی کوتیان هیچ باس نیە هەتا بە ماڵێکمان کوت بۆ نان خواردن دێینەوە ئێرە، دەستمان بە کاری ماڵی و تەبلیغاتی کرد زۆر کەسمان دیت و باسی بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزب مان بۆ کردن چەند کەس کە داوای یارمەتیمان لێ کردن بە بیانوی کە نیانە دەرۆن قەرز دەکەن ڕویشتن و ئێستاش نەمان دیتنەوە، کە جێگای گومانەو لە کاتی خۆی دا دەبێ لێپرسینەوەیان دەگەڵ بکرێت .

دەوروبەری ساعت دەی شەو بوو کارەکانمان تەواو بوون دەمان ویست بۆ نان خواردن بڕۆین، شەهید سەعدون خواحافیزی لە ژنێک کە خەڵکی دێیەکەی خۆیان بوو کرد،  گەیشتینە جيگایەک کە خەڵکی دێ هەموو مشکییان لەوێ رۆ دەکرد وەک گردێکی گەورەی لێ هاتبوو سەرەوەی ئەم تەپکەش کۆڵانێکی تەسک و تاریک بوو،  ئێمە کە گەیشتینە سەر مشکێکە  لە ناکاو وەبەر دەست ڕێژی چەک و نارنجوکیان داین لە بەر تەپوو توزی مشکی چاو چاوی نە دەدیت برقی ئەو کۆڵانەش کوژایەوە بۆ ماوەیەک وڵات بێ دەنگ بو هەتا هەناسەی هیچ شتیک نەدەهات  لەو کاتە دا من برێک لە دەورو بەرم ڕوانی گەرام بەڵام هیچ دەنگم نەبیست وام فکر کرد کوتم لەوانەیە ئەوان رویشتبن من بەجێ ماوم بانگم کردن کاک مەحمود کاک سەعدون، کاک سولەیمان بەڵام هیچ جوابم نەبوو کوتم وادیارە من بە جێ ماوم لەم بیر کردنەوانە دابووم دەنگە دەنگ پێیدابوو جاشەکان نێوی یەکتریان دەهێنا و نزیک دەبونەوە،  منیش لەو کات دا تەقەم لێ کردن و خۆم دەرباز کرد،  بەڵام لە دواوەم هەر ویزە ویزی گوللە و دەنگی نارنجۆک بوو کە لە شونەکەیان دەدا پاش ماوەیەک لە شوێنی کەمینەکە دور کەوتمەوە تۆزیک پشوم دا لەو کاتەدا ماشێنێک بەرەو دێ هات کە جاشەکان پێشیان پێ گرت و چراکانیان پێ دە تەپکەکە گرت.

من ئەو کات نەم زانی کێمان لێ شەهید بووە بەڵام کاتیک لە یەکیک لە دێهاتەکان مابومەوە نەفەرم نارد بۆ پیرانشار بزانێ چ باسە ئەو کات بۆم دەرکەوت کە کاک سەعدون و سولەیمان  بەداخەوە شەهید بوونە . وەک دواتر زانیم  لە یەکەم دەست ڕێژ دا کاک سەعدون شەهید دەبێت و شەهید سولەیمانیش بە توندی بریندار دەبێت بە برینداری خۆی دەگەینەێتە مەدرەسەی ئاوایی و لەوێ شەهید دەىێت،  هەر وەها کاک مەحمود لاوازە کە ئێستا لە نۆروێژ دەژیت بەرەو پشت ئاوایی دەرواتەوە بە داخەوە تا دەربازی دەبێت دو جار بریندار دەبێت بەڵام کۆڵ نادات و برینەکانی بە بانداژ و وەسایلی سەرەتایی تیمار دەکات و بە خۆشێوە دەربازی دەبێت پاش چەندین ڕۆژ بە هاوکاری ئەندام و دوستانی حیزب خو دەگەیەنێتەوە نەخٶشخانەی حیزب لە کۆیە.

منیش کاتیک هەواڵی شەهید بوونی ئەو دو کادرە  بە وەجەی حیزبم بیست گریان بەری قورگی گرتم و فرمێسک بە چاوەکانم دەهاتە خوار هەر کە ژنانی ماڵەکەی لێ بووم  ئەم هەواڵەیان بیست دەستیان کرد بە شین گێران من گریانی خۆم لە بیر چۆوە دڵ خۆشی وانم دەداوە دەیان کوت شێرەکەی ناوچەی لاجان و سەرشاخان و قەڵاتی شای ڕۆ سەعدون ڕۆ ،پڵینگەکەی بەربنە و سپیڕێزو سەربەزێڕو مێرگە چەکۆو سامرەندانم ڕۆ سوڵەیمان ڕۆ تازە ئێمە چون ژیان بکەین بێ سەعدون و سولەیمان.

من لەناو ئەو خەڵکە بووم دەزانم شەهید سەعدون و سولەیمان چەندە ئازیز بوون چەندە هیوا و ئومێدی خەڵكی ناوچە بوون بەراستی  حیزبی دێموکرات دو کادری بەوەج دو فەرماندە، دو رۆڵەی تێکۆشەر و بە وەفای لە دەست دا کە جێگایان هەردەم خاڵیە و هیچ کات پر نابێتەوە راستە دەیان کەسی دیکە  دێننە جێگەیان بەڵام قەت نابن بە سەعدون و سولەیمانی کە مێژوی ژیانین پڕ بوو لە قارەمانەتی و سەداقەت.

منیش پاش چەند ڕۆژ لە ناوچە مانەوە  بەتەنیا بە هاوکاری ئەندام و دوستانی حیزب توانیم لە سنوری دەست کرد بپەرمەوە و خۆ بگەینمەوە بنکەکانی حیزب. دبێ ئەوە بڵێم دوژمن ئەکسەری گوندەکانی ناوچەی بەربنەی ماڵ بە ماڵ پشکنی بوو لە من و کاک مەحمود گەڕابوون بە ڵام بە دڵسۆزی دۆستان توانیمان لە گەمارۆی دوژمن دەربازمان بێت. لێرە دا دەم هەوێت سپاسی تەواوی ئەندام و لایەنگر و دوستانی حیزب بکەم زۆر ماندو بوون زۆریان هەوڵ لە گەڵ داین گیانی خۆیان خستە خەتەر، لە ناو دڵم دان هاوکارێکانتان هیچ کات لە یاد ناکەم .

لە ئاخیر دا دەڵێم هەزاران سڵاو لە گۆری شەهیدان سەعدون و سولەیمان و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل مردن و ڕورەشی بۆ خائین و خۆفرۆش و داگیرکەران.

چیا عبدوڵازادە  

2014-04-06

sahdun-xaldar-suleiman-haydari_shehid

saleh-nalosi-shehid-sahdun-xaldar

mehmud-lawaze

 xalid-abdullazade-fqebraym-kemal

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی