"an independent online kurdish website

پاش چەند ساڵ لێکدابڕان و نێوان ئاڵۆزیی لە ماەی ٢ ساڵی رابردوودا رەوتێکی لێکنزیبوونەوە و دیالۆگ بە مەبەستی یەکڕیزی لە نێوان حدکا وحدکدا دەستی پێکرد کە ئەگەرچی بە ئەسپایی دەرۆیشتە پێشێ بەڵام هەندێک قۆناغی باشی بڕییبوو و گەیشتە ئەو جێگایەی کە هەر دوو لا گەڵاڵەی پێشنیاریی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە پێشکەشی یەکتر بکەن.rambud_lotf_puri14

لە رەوتی وتووێژەکاندا هەر دوولا رێککەوتن کە نێوەرۆکی دانیشتنەکان و گەڵاڵە پێشنیارییەکان تا ئەنجامی کۆتایی نهێنی بمێننەوە و بڵاو نەکرێنەوە، کەچی لە ماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە لایەنەکان واتە حدک بە شێوەیەکی تاک لایەنە ، بە بێ ئاگاداری و هاوئاهەنگی لە گەڵ لایەنەکەیتر و بە پێچەوانەی رێککەوتنی نێوانیان گەڵاڵەی پێشنیاریی خۆی بۆ رای گشتی بڵاو دەکاتەوە.

وێڕای ئەوەی کە رەخنەی جەوهەریم لە سەر نێوەرۆکی گەڵاڵەکەی حدک هەیە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە من ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانم و هێشتا کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبەش رای فەرمی خۆی لەو بارەوە رانەگەیاندووە، ناچمە سەر ئەو باسە و تەنیا لە پێوەندی لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو گەڵاڵەیەدا ئاماژە بە چەند تێبینییەکی کورت دەکەم.
بە بڕوای من بڵاو کردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە نەک هەر لە خزمەت یەکریزی و روونکردنەوەی رای گشتیدا نەبوو بەڵکوو راست بە پێچەوانە هەنگاوێک بوو بۆ چەواشە کردنی رای گشتی و پەکخستنی یەکریزی، لە گەڵ ئەوەشدا نیم کە ئەم کارە بەرهەمی بۆچوونی تێکڕای سەرکردایەتیی حدک بوبێت بەڵکوو پێم وایە ئاکامی هەژمۆنیی قۆڵی نەیاری یەکگرتنەوەیە لە نێو رێبەرییاندا. بەڵام بە هەر حاڵ بڵاو کردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە نەک هەر قازانجی بۆ یەکگرتنەوە نەبوو بەڵکوو سەرلەبەری خەسار بوو چونکە:
١: هەر دوو لا رێککەوتبوون کە نێوەرۆکی دانیشتنەکان و گەڵاڵە پێشنیارییەکان تا ئەنجامی کۆتایی نهێنی بمێننەوە و بڵاو نەکرێنەوە کەچی حدک بەم کارەی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییەی پێشێل کرد و هەوڵیدا حدکا بەرەوڕووی رای گشتی بکاتەوە یا فارس گوتەنی(در برابر عمل انجام شدە قراردهد). بەم شێوەیە حدک دەیهەوێ بە رای گشتی بڵێ ئێمە خوازیاری یەکگرتنەوەین و ئەوە حدکایە کە خۆی لێ دەبوێرێ .چما حدکا هیچ گەڵاڵەیەکی لەو پێوەندییەدا نەبووە. ئەگەر بێژین حدکا گەڵاڵەکەی حدکی رەدیش کردبێتەوە لە رەوتی دیالۆگدا زۆر ئاساییە و کوا ئەوە بەو واتایە دێ کە حدکا دژی یەکگرتنەوەیە، ئەدی بۆ حدک گەڵاڵەکەی حدکا قبووڵ ناکات، خۆ ئەو گەڵاڵەیە پێشتر توانیویەتی ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات یەک بخاتەوە ئەزموونی سەرکەوتووی لەو بوارەدا هەیە و بەشی سەرەکیی داڕێژەرانیشی ئێستا لە نێو حدکدان، بۆ ئەو کات باش بووە و ئێستا خراپە؟ کەوابوو ئایا دروستە حدکاش ئەو گەڵاڵەیە بەم بەڵگاندنانەوە بڵاو بکاتەوە و قبووڵنەکردنەکەشی لە لایەن حدکەوە وەک بەڵگەی دژایەتی کردنی ئەو لایەنە لە گەڵ یەکگرتنەوە لە قەڵەم بدات ؟
٢:سیاسەتی فەرمیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە پێی بڕیاری کۆنگرە و کۆمیتەی ناوەندی درێژە پێدانی دیالۆگ و لێک نزیک بوونەوەیە تا گەیشتن بە یەکڕیزی کەواتە ئەگەر گەڵاڵەکەی حدکیشی رەد کردبێتەوە ئاساییە و دەکرێ گەڵاڵە و تێزیتر بێننە ئاراوە، چونکە لە روانگەی حدکاوە دەرگای دیالۆگ تا گەیشتن بە یەکریزی لە سەر پشتە، بەڵام بڵاو کردنەوەی تاک لایەنەی ئەوگەڵاڵەیە ئەویش بە پێچەوانەی رێککەوتنی سەرەتایی نێوانیان لە لایەن حدکەوە بە واتای کۆتایی هێنان بە دیالۆگ و راگەیاندنی دۆخی نائاساییە. چونکە لە نەریتی دانوستاندا هەر کات وتووێژەکان شکست دێنن و نێوان ئاڵۆزی دەست پێدەکاتەوە ، هەر کام لە لایەنەکان بۆ ئەوەی کە بەرپرسیارەتیی شکستەکە لە ئەستۆی خۆی لا بەرێت و لایەکەیتر تاوانبار بکات، را و پێشنیارەکانی خۆی بۆ پێکهاتن بڵاو دەکاتەوە و وەک بەڵگەی نیاز پاکیی خۆی دەیخاتە بەردەم رای گشتییەوە و لایەنەکەیتری پێ دەباتە ژێر پرسیار.بەم چەشنە هەوڵ دەدا شەرعییەتێک بۆ خۆی لە ڕای گشتیدا بە دەست بێنێ بە مەبەستی دەست پێکردنەوەی خولێکی تازە لە ناکۆکی و نێوان ئاڵۆزی.
٣:رەنگە بوترێت بڵاو کردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە بۆ رای گشتی بە مەبەستی دروست کردنی لاهێزێکی گوشار(اهرم فشار) بووە بۆ سەر حدکا کە ئامادەی یەکگرتنەوە بێ، ئەمە ئیتر عوزری لە گوناه خراپترە، باشە خۆ حدکا نەک هەرقەت یەکگرتنەوەی رەد نەکردۆتەوە بەڵکوو بڕیاری کۆنگرە و کۆمیتە ناوەندیشی لەو پێوەندییەدا هەیە و بۆ ئەو مەبەستە گەڵاڵەشی پێشکەش کردوە ، ئیتر گوشاری بۆچیە ؟ ئەگەر گەڵاڵەکان قبووڵ نەکراون دەکرێ درێژە بە دیالۆگ بدەن و گەڵاڵەی نوێ بێننە ئاراوە. بۆیە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین مەبەستی حدک دروست کردنی لاهێزێکی گوشار بووە بۆ سەپاندنی گەڵاڵەکەی خۆی، دەنا دەشکرێ بڵێین مەبەستی سەرەکیی حدک لەو کارە کۆتایی هێنان بە دیالۆگ و پەکخستنی یەکڕیزیی بووە.
٤:ئەگەر وەک لە پڕوپاگەندەی نافەرمیی حدکدا باس دەکرێ وای دابنێین کە لە سەرکردایەتیی حدکادا کەسانێکی نەیاری یەکگرتنەوە هەبن کە بیانهەوێ پڕۆسەکە بە ئەنجام نەگات خۆ بڵاوکردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن حدکەوە ئاو بە ئاشی ئەواندا دەکات و بەڵگەیەکی بەهێزلە پەیمانشکێنی و نەبوونی نیازپاکیی حدکیان دەخاتە بەر دەست تا لەوە بەلاوە بەڵگاندنی بەهێزتر بۆ بۆچوونەکەیان بکەن.کەوابوو ئەو کارە متمانە رەوێنە دەتوانێ جۆرێک لە دڕدۆنگی و گومان چێ بکات و رەوتی دیالۆگەکان بەرەو لاوازی بەرێ.
بۆیە لە کۆتاییدا وێڕای ئەوەی کە هیوادارم وتووێژەکان پەکیان نەکەوێ و هەردوولا بە نیاز پاکییەوە تا گەیشتن بە یەکڕیزی درێژە بە دیالۆگ بدەن بەڵام پێم وایە کارێکی لەو چەشنەی کە حدک کردوویەتی نەک هەر خزمەت بە پڕۆسەکە ناکات بەڵکوو خەساری گەورەی پێ دەگەینێ و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەیدا دەتوانێ دەرئەنجامی زۆر نیگەتیڤ و بێهیوایی لێ بکەوێتەوە.

 پێشمەرگەکان : ئەم بابەتە لە دیواری فەیسبۆکی نووسەر وەرگیراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی