ڕۆژی ٢٦ی گوڵان هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو كرایه‌وه كه حوكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی ڕه‌خنه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی كونسوولگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران گرتووه
كه له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ئه‌و كونسوولگه‌رییه‌دا له شاری سلێمانی بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێدا بێڕێزی به نه‌ته‌وه‌ی كورد و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه كراوه و زمانی كوردی به له‌قێك له زاراوه‌ی فارسی و هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه‌ی كوردی به به‌شێك له تیره‌ی فارس ناساندووه و كۆماری كوردستانیشی به كۆمارێكی كۆموونیستی پێناسه كردووه. سیاسییه‌كانی فارس له مێژووی سه‌دوپه‌نجا ساڵی ڕابردوودا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه كێ نۆكه‌ری بێگانه بووه و كێ ئیزنی به بێگانه داوه كه سه‌رمایه‌ی وڵاته‌كه‌ی ڕاماڵ بكات. كورد ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وان نۆكه‌ری بێگانه بووایه ئه‌وا ئیستا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌بوو و داگیركراو نه‌ده‌بوو.
له پێوه‌ندی به‌و بابه‌ته‌ی كونسوولگه‌ری ئێران ده‌بێ ئه‌وه بڵێم كه كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌مێكه خۆی هه‌ڵده‌قورتێنێته نێو كاروباری هه‌رێمی كوردستان و هاوكات كاریگه‌ری به‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له پارت و ڕێكخراوه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه هه‌یه. ماوه‌ی پتر له سی ساڵه كۆماری ئیسلامی ئێران به شێوه‌ی جیاواز كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی به‌شێك له‌و پارتانه‌ی باشووری كوردستان داناوه. ڕژیمی ئێران له‌و ماوه‌یه‌دا به هه‌موو چه‌شنێك سیاسه‌ته‌كانی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا زاڵ كردووه و حوكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌ر ئه‌و دۆخه ناله‌بار و شڵه‌ژاوییه كه له‌و قۆناغانه‌دا تێپه‌ڕی كردووه نه‌یتوانیوه له دژی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و به‌رپرچی بداته‌وه. كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا له هه‌رێمی كوردستان له ڕێگای جیاوازه‌وه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌شێك له پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش داناوه و هاوكات ئه‌ندامی به‌شێك له‌و پارتانه‌ی له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا تیرۆر كردووه و له‌نێو بردووه. كۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر به‌باشی سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌ره‌و پێش بردووه و به‌شێكی زۆر له ئامانجه‌كانیشی پێكاوه و ئه‌وه‌ی كه ویستبێتی به ئه‌نجامی گه‌یاندووه.
به‌ڵام له پاش پتر له سی ساڵ حوكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی سه‌ركۆنه و ئیدانه كرد و به‌وه‌ش پێی نایه قۆناغێكی نوێوه و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی تۆمار كرد. به‌و بڕیاره ئیتر هه‌رێم ناكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیتر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له پێوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد تووشی كێشه و قه‌یران ده‌بێت و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌رێمیش له ئاستی ناوچه‌كه ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و باییخی زۆری پێدرا. واتا له‌مه به‌دواوه كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ژموونی لاواز ده‌بێت و پێگه‌ی خۆی له هه‌رێمی كوردستان له ده‌ست ده‌دات. له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوودا، له‌و كاته‌وه كه خه‌باتی چه‌كداری له لایه‌ن پارتی ژیانی ئازادی كوردستانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، كۆماری ئیسلامی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تۆپباران ده‌كرد و ئه‌وه‌ش بووه هۆی دڵه‌ڕاوه‌كێی به‌شێكی زۆر له دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان كه له سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ژیان ده‌كه‌ن.
به‌ڵام هاوكات حوكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی له میدیا و ڕاگه‌یاندنی فه‌رمییه‌وه ئه‌و تۆپبارانه‌ی ئیدانه نه‌كرد و ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگای باشوور و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئاره‌سته بكرێت. به‌ڵام هه‌نووكه له پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند قۆناغێكی دژوار و سه‌قامگیری سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم، بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژووی خۆیدا له پێوه‌ندی به كۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ڕژیمه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئاماژه‌ی به پرسی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دا، ئه‌وه‌ش جێگای دڵخۆشییه كه هه‌رێمی كوردستان به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتووه كه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ئه‌ركی هه‌ردوولایه و پێویسته وه‌ك یه‌ك گرینگی و باییخی پێ بده‌ن. ئه‌و كات ئه‌و پێوه‌ندییه كه له نێوان دوو وڵات‌دا هه‌یه ئامانجی خۆی ده‌پێكێت و گه‌لی هه‌ردوو وڵاتیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن. من ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌رێمی كوردستان به بوێرانه سه‌یر ده‌كه‌م و به هه‌نگاوێكی مه‌زن و گرینگ پێناسه‌ی ده‌كه‌م و پێم وایه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان هێزی خۆی له‌و ئاسته‌دا ده‌بینێت كه دژایه‌تی بڕیاری سیاسیی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستانه.
بێگوومان هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تای قۆناغێكی سیاسیی گرینگی ده‌ستپێكرد و ده‌بێ چاوه‌ڕێی بڕیاری نوێتر و گرینگتر له‌و باره‌یه‌وه بین و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش خۆنه‌ویستانه ده‌بێت به بڕیاره‌كانیدا بچێته‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ دۆخی سیاسیی هه‌رێم بكات و سیاسه‌ت و ئیستراتیژییه‌كی دیكه بۆ په‌ره‌دان به دۆستایه‌تیی و نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌به‌ر. ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی ئه‌و خوێندنه‌وه نوێیه كه ئاماژه‌م پێدا بۆ دۆخی هه‌رێم نه‌كات، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه له هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه هه‌یه‌تی له‌ده‌ستی ده‌دات، ئه‌وه‌ش به سه‌ره‌تای قه‌یرانی ناوچه‌یی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌یر ده‌كرێت كه تاكوو هه‌نووكه تاكه پرسێك بووه كه ئه‌و ڕژیمه شانازی پێوه كردووه و هه‌میشه درووشمی ئه‌وه‌ی به‌رز كردووه‌ته‌وه كه له ناوچه‌كه‌دا هێزی یه‌كه‌مه و ڕۆژئاوا و له‌سه‌ری هه‌مووانه‌وه ئه‌مریكا ناتوانێ پێگه‌ی لاواز بكات و له ناوچه‌كه وه‌لای بنێت.
به‌ڵام هه‌نووكه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌سه‌لمێنێت و ئاماژه به پاشه‌كشه‌كردنی هه‌ژموون و كاریگه‌ریی ڕژیمی سه‌ره‌ڕۆی كۆماری ئیسلامیی له ناوچه‌یه‌ك ده‌كات كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ئازادبوونییه‌وه كاریگه‌ری و هه‌ژموونی سیاسیی ئه‌و ڕژیمه زاڵ بووه به‌سه‌ر پارت و ڕێكخراوه‌كانی دا، ئیستاش كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی حیزبی و حوكوومی له‌و هه‌رێمه‌دا هه‌ن كه سه‌ركه‌وتنی خۆیان له هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی به سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بینن و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له بوونی ته‌وژمی سیاسیی ئێران له هه‌رێمدا پێناسه ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی بێڕێزیكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران به باییخه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و كولتوورییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده. هیوادارم ئیدانه‌كردنی ئه‌و هه‌ڵوێسته فه‌رمییه‌ی كۆماری ئیسلامی له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی سیاسیی كوردستان له پێوه‌ندی به كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه بێت و سیاسییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه ئه‌و درزه پڕ بكه‌نه‌وه كه كۆماری ئیسلامی خستووێتییه نێوانیان و كه‌ڵكی سیاسیی لێوه‌ر ده‌گرێت.