"an independent online kurdish website

پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmajid_hakki14

ئەزموونی تاڵ، بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی بزاڤی نەتەوایەتی کورد و نەمازە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەهۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە هەرگاڤ لە هێلی یەکەمی هێرشی نەیارانی گەلی کورد بووە. لە دەستدانی یەک لە دوای یەکی رێبەرانی بلیمەتی وەک دکتۆر قاسملوو و دکتۆر سادق شەرەفکەندی، بووتە هۆی تراوما و خەسارێکی قووڵی گشتی کە بڕوابەخۆ بوون و هەستی بوێری خەبات تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش تا راگەیاندنی ئاکامی دادگای میکۆنۆس لە 10.4.1997 دا تووشی لێگەر و چالش کردبوو و لەوماوەیەدا و تەنانەت لە سەردەمی دوای راگەیاندنی حوکمی دادگای میکۆنۆسیش زۆربەی هەرەزۆری چالاکیەکان دژکردەوەیی و ریئەکتیڤ بوون.


رێکخراوی خۆفێرکار دەشێ لە ئەزموونەکانی رابردووی دەرس وەرگرێت. بەڵام ناشێ تەنیا خۆی بە ئەزموونەکانەوە ببەستێتەوە. هێنانەبەرباسی لەرادە بەدەری ئەزموون و دەستکەوتەکانی رابردوو بە واتای ساکاری ئەندێشە و نەبوونی پلانی داهاتوو دێتەوە. رێکخراوی چالاک رێکخراوێکە، کە زانست و تێگەیشتوویی لە پێش ئەزموون دادەنێت و بە وێکدانەوەی زانست و ئەزموون هەوڵ دەدات زۆرترین ئاکام وەرگرێت. سەرچاوە و ئیمکاناتی حیزب زۆر بەنرخ و سنووردارن. بە سوودی حیزب نیە کە تەنیا بە ئەزموونەتاڵەکان و هەڵەکردن دەرسی سەرنەکەوتن وەرگرێت. ئەمجۆرە دەرسوەرگرتنانە لە سەر رێکخراو زۆر گران دەکەون داهاتووی حیزب بەرەو هەڵدێری لێک هەڵوەشان دەبات. حیزب دەشی بە کەڵک وەرگرتن لە زانیاری، شارەزایی و پسپۆری ئەندامان، لایەنگران و کادرەکانی خۆی هەڵبژاردەی سەرکەوتوو بۆ داهاتوو دیاری بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی رابردوو بڕیاری گونجاو و ژیرانە بدات. کەڵک وەرگرتن لە زانیاری و شارەزایی خەڵکانی دیکە خێرایی و وردبینیەکی زیاتر دەبەخشێت بە حیزب هەزینەکانی خەبات و گشتگیری رەوتی خەباتی میللی کەمتر دەکات. کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزیی کەسانی شارەزا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بڕیارەکان ریالیستانەتر و هاوساز لە گەڵ ئەو ژینگانە بن کە حیزب تێدا چالاکە. زانست دەرگای پەنجەرەکانی داهاتوو بۆمان دەکاتەوە و رابردوو ئەزموونەکان وەبیر دێننەوە. کەڵک وەرگرتن لەو دووانە دەبێتە هۆی بڕیاری گونجاو و شیاوی حیزب.


لە کورتەباسیک لە سەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک دکتۆر قاسملوو بەكەڵک وەرگرتن لە رابردووی خەباتی نەتەوایەتی لە باشووری کوردستان و هەروەها خەباتی حیزبی توودەی ئێران بەو ئاکامە دەگات کە خەبات لە پێناو کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و سەرکەوتوودا دەبێ هەم خەباتی نەتەوایەتی بێت و هەم خەباتی کۆمەڵایەتی و ئەو دووانە پێکەوە گرێدەدات. ئەزموونی رابردوو و زانستی قاسلموو ئاسۆبینیەکی نوێ بەو دەبەخشێت تا بتوانێت نەخشەرێگای خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جیاوواز لە هەموو حیزبەکانی دەوروبەر دابرێژێت و نرخ و بەهاکانی سیاسی و ئەخڵاقی ئەو حیزبە بکاتە نرخ و بەهای داهاتوو و بناغەی فەلسەفی ناسیۆنالیزمی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

رێکخراوی خۆفێرکار لە ناوخۆیدا دوای کێشەکان دەگەرێت. زۆرجار کاتێک رەخنەیەک لە سیاسەت یان بڕیارێکی حیزبی دەگیرێت یا خود لە پیوەندی لە گەڵ کێشە و پرسەکانی ناوخۆیی حیزب گفتۆیەک دەکرێت، خاوەنی رەخنە بە ساویلکە یا خود بەرهەمی فریوخواردوویی لە کەسانی دەرەوەی حیزب دەزانرێت.

سروشتی مرۆڤ وایە کە بە زۆری پێی خۆشە هۆیەکانی کێشە و شکستەکانی خۆی بە هۆیەکانی دەرەکی کە کۆنترۆل ناکرێن ببەستێتەوە و سەرکەوتنەکانیش ئەنجامی چالاکی و سیاسەتی حەکیمانەی خۆی بزانێت. ئەم جۆرە بۆچوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ لە دەرەوەی خۆی دوای هۆی کەموکۆریەکان بگەڕێت و خۆی دوور بزانێت لە کەموکۆری. کەس وا هیچ کات ناتوانێت لێکدانەوەیەکی دروستی لە تواناکان و خاڵە لاوازەکانی خۆی هەبێت و لە ئەنجامدا ناتوانێت ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو. حیزبی دێموکراتیش زۆرجار لە دەست ئەو نەخۆشیە دەنالێنێ و زۆربەی جارەکان کێشەکان بە هۆیەکانی لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی و دەرەوەی حیزب دەبەستنەوە و بەرپرسان لە بەرامبەر هەموو کەمۆکۆریەکاندا خۆیان بەری دەبینن. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیچکاتێک لە ناو خودی حیزبدا دوای هۆیەکانی کێشە و شکستەکان بکەون و لێکدانەوەیەکی دروست لە پرس و لاوازیەکانی حیزب ئەنجام نەدرێت. رێکخراوی خۆفێرکار دەشێ هەر کێشەیەک کە دێتە پێش بەرلە هەموو شتێ بە بێ دەمارگرژی و تەعەسوب لە هۆیەکانی ناوخۆیی بکۆڵێتەوە. لە رەوشێکی وادایە کە حیزب خاڵەلاوازەکانی خۆی دەبینێت و لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەوان دا دەبێت.

گەر رێکخراو کەموکۆریەکانی خۆی لە بەرچاو نەگرێت و خاڵە لاوازەکانی خۆی نەبینێت، هیچکات لە ئەزموونی رابردوو فێر نابێت. هەروەکوو لە ئەزموونی کۆنگرەی هەشتەم، دەهەم و سێزدەهەمی حیزبی دێموکرات دا دەردەکەوێت، شکستەکانی رابردوو کەمترین ئەزموونیان فێری رێبەرایەتی حیزب کردووە. راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بۆ کۆنگرەی چواردەهەم لە پێوەندی لە گەڵ کێشە ناوخۆییەکاندا ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە کە رێبەرایەتی حیزب بوێری ئەوەی نیە چاو لە ئاوێنە بکات لە پێوەندی لە گەڵ کێشەکانی ناوخۆییدا.  کاتێک رێکخراو کێشەکان بە هۆیەکانی دەرەوەیی یان هۆیەکانی جگە لە خۆی دەبەستێتەوە لە ئاکامدا کێشەیەک نابینێ تا چارەسەری بکات و ئەنگیزە و هۆیەکیش نابینێت بۆ ئەوەی لێی فێر بێت.


حیزبێک کە ئاڵوگۆرەکانی ناو کۆمەڵگا نەبینێت و پرسەکۆمەڵایەتی و گۆرانکاریەکانی نەسڵەکانی ناو کۆمەڵگا نەبینێت و هەروا بە زمانی رابردوو قسە بکات و نەتوانێت لە هۆی شکستەکانی پێوەندیدار بە مانۆری سیاسی لە کاتی هەلبژاردنەکان و تەنانەت یادکردنەوەی کارەساتی رێبەرانی شەهید ئەزموونی گونجاو وەرگرێت،  هیچکات فێر نابێت. چونکە هیچکات کەموکۆریەک لە سیاسەتەکانی خۆیدا نابینێت تا دروستیان بکاتەوە. دیارە کاتێک کە باس لە حیزب دەکەین، مەبەستی ئێمە رەوتی بەرێوەبەری و شێوازی هەڵسوکەوتی رێبەرایەتیە لە گەڵ پرس و کێشەکاندا.

تکایە بۆ داگرتنی 18 وتارەکەی کاک مەجید ئێرە کلیک بکەن PDF

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی