"an independent online kurdish website

وتاری 17 ، پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی . majid_hakki14

بە پێی ماددەی حەوتەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لەسەر بنەمای فیکری دکتۆرقاسملوو یەکەمجار بەو شێوەیە دارێژراوە، لە ناو حیزبی دێموکرات دا “داڕشتنی پلان و بڕیار لە بەرزترین ئۆرگانەوە تا خوارترین ئۆرگان بە کۆمەڵە، تاکڕەوی و سەرەڕۆیی لە ناو حیزبدا جێگایان نیە”. ئەم بەندەی پێرەوی ناوخۆیی حدکا، لە راستیدا رێبەرایەتی ئەو حیزبە ئەرکدار دەکات بە پەروەردەکردنی کاری تیمی و گرووپی و پێکهێنانی فەرهەنگی گرووپی. رێکخراوی خۆفێرکار، فێربوونی گرووپی و تیمی ئاسان دەکات و ئەندامان بۆ ئەو شێوە فێربوونە هان دەدات. رێکخراوی خۆفێرکار بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازەکانی دیالۆگ و گفتگۆ فێربوونی گرووپی لە ناو رێکخراودا گەشە پێبدات. ئەندامان دەبێ فێربکرێن کە کۆی گشتی چالاکی ئەوان وەک گرووپ یان تیمێک زیاتر لە کۆی گشتی کاری دانە دانەی ئەوانە. گرووپە هاوکار و هاوئاهەنگەکان دەتوانن پێکەوە فێربن و فێربوونی ئەوان دەتوانێت هێزێکی سەیر بۆ گەشەکردن و پێشڤەچوونی رێکخراوەکە هەبێت. باسوگفتگۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامان لە بیروبۆچوونی ئەندامان ئاگادار بن. دیالۆگ زمانی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی حیزب پێک دێنێت و دەبێتە هۆی کەمبوونی جیاوازی نێوانیان. باسوگفتگۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەزموون، شارەزایی و زانیاری ئەندامان لە نێوان یەکتر ئاڵوگۆری بەسەردابێت و پێوەندی نێوان ئەندامان قووڵتر و بەهێزتر بێت. بۆ ئەوەی دیالۆگ بەئاکام بگات دەشێ ئەندامان پێش قەزاوەتی خۆیان وەلا بدەن و بە بیرێکی کراوەوە بەشداری دیالۆگەکان بن. ئەمە بە واتای دەست هەڵگرتن لە بیرورای خۆ نیە بەڵکوو دەشێ ئاگاداری بیروڕای خۆیان بن و بەڵام توانای ئەوەیان هەبێت کە بیروبۆچوونی خۆیان بۆ ماوەیەک راگرن. لەو کاتەدا ئەندامان ناشێ دەرهەق بە بیروبۆچوونی خۆیان حەساسیەتیان نیشان بدەن و بەرگریان لێ بکەن. بەڵکوو لە کەشێکی ئارامدایە کە بیروڕاکان ئاڵوگۆریان بەسەر دادێت. قازانجێکی دیکەی ئەوجۆرە گفتگۆیانە جۆری بۆچوونی ئەندامان بەرامبەر یەکترە.

لە گرووپێک کە ئەندامان تێدا بەشدارن پێوەندی نێوان بەرپرس و کەسانی ژێر بەرپرسایەتی ئەو لە ناودەچێت و هەمووکەسی بەشدار لە گفتگۆکاندا وەک یەک هاوڕێ و هاوکاری یەکتر دەبن. مرۆڤ دەتوانێت لە گەڵ هاوکار و هاورێی خۆی زۆر راحەتتر و ئاسانتر بکەوێتە دیالۆگەوە تا لە گەڵ بەرپرس یان کەسانی ژێر بەرپرسایەتی خۆی. ئەو پرسانە لەوانەیە زۆر سادە و ساکار بێنە بەرچاو بەڵام بەکردەوە زۆر سەخت و پێویستی بە ر‌اهێنانی زۆر دەکات، چونکە مرۆڤەکان خۆیان لە ئاستی جیاواز هەست دەکەن و ئەو نایەکسانیە لە رووی پلەی تەشکیلاتی و بەرپرسایەتیەوە دەبێتە هۆی پێکهاتنی تەنگەژە لە پێوەندیەکاندا. حورمەتی لە رادەبەدەر و لەوانەیە ترس لە بەرپرس ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامی سادە نەتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد و بێترس بیرورای خۆی دەرببرێت. بەڵام بۆ ئەوەی کە گفتگۆکان بە ئاکام بگەن  و کۆبوونەوە هەروا لە دەوری خۆی نەسووڕێتەوە کەسێک دەبێ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە بکات. مرۆڤ پێی خۆشە لە سەر ئەو شتەی کە دەزانێت بدوێت و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنیە، بەڵام گەر ئەو شتەی کە دەیانهەوێ باس بکەن لە دەرەوەی ئامانجی کۆبوونەوە بێت، کۆبوونەوەکە لە رێگای خۆی لای دەدات و ئەرکی بەرێوەبەری کۆبوونەوەیە کە کەسان بەرەو بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە رێنوێنی بکات. دەشێ لە راوەستانی باسەکانیش بەرگیری بکرێت و هەوڵ بدرێت کە کۆبوونەوە بەبێ ئاکام کۆتایی نەیەت.

بەشی دیکەی فێربوون هونەری پێکەوە باسکردنە (دیبات). باسکردن (مناظرە) بەشی پێویست و تەواوکەرەوەی دیالۆگی رێکخراوەییە. لە باسکردندا بیروبۆچوونی جیاواز پێشکەش دەکرێت و هەرکەسێک لە بیرۆبووچوونی خۆی بەرامبەر بە بیروبۆچوونی کەسی دیکە بەرگری دەکات.

رێکخراوی خۆفێرکار دەشێ لە گفتگۆ و باسکردنی نێوان ئەندامانی کەڵک وەرگرێت و لەو رێگایەدا فێربوونی گرووپی لەناو رێکخراودا گەشە پێبدات. ئەوکارە دەشێ بە رێکوپێکی و بە شێوەی بەردەوام لە ناو رێکخراودا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی کە تێگەیشتنی قووڵتر لە ناو رێکخراوەدا پێک بێت و گرووپەکان ئاگادار، رەخنەگر و وریا پەروەردە بکرێن. ئەو گرووپانەی کە پێکەوە رێکخراوی خۆفێرکار ساز دەکەن.

یەکێک لە شانازیەکانی مێتۆدی رێبەری دکتۆر قاسملوو هێنانە کایەی ئەوجۆرە باسانە و وەدیهێنانی بنەماکانی رێکخراوی خۆفێرکار بوو. لە ناو حیزبدا لە کۆبوونەوە و باسەکاندا، هیچ باسێک مادام لە چوارچێوەی سنووری پاراستنی حورمەتی مرۆڤ دا بوو ئازاد بوو لەو ما حیزبی دێموکرات بە جیاتی ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا باس لە ئایدیۆلۆژیەکی تایبەت بکات، باس لە ئیدئالەکانی پێوەندیدار بە خەبات، جڤاک و دوارۆژی دەکرد. ئەم باسانە بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی و کۆنگرەکانی حیزبی دا دەبیندرێن و نەریتێکی ئەرێنیە کە میراتی دکتۆر قاسملوویە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی