"an independent online kurdish website

 شەهید ڕەحمان سۆفی زادە کادری هەڵکەوتوو و ناسراوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی لە شەڕێکی حەماسی دا گیانی بەخشیوە.

 

لەبەر ئەوەی کە من لە نیزیکەوە ئەو کادرە هەڵکەوتوویەی حیزبم نەدەناسی و  بەداخەوە بیرەوەرییەکم لەگەلی نیە ، تەنیا دەتوانم کەمێک باسی ئەم کورتە نووسینە بە خەتی ئەو خەباتکارەی دێمۆکرات بنووسمەوە.

زۆر جار هەم لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هەم یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان باس لەو ڕۆژگارە دەکرێ کە یەکیەتیی نیشتیمانی لە سەر داوای حیزب و بە بڕیارێکی بوێرانەی سەرکردایەتیی یەکیەتی ، هیزی پێشمەرگەی یەکیەتی بەشدارییان کرد لە بەرگری کردن لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوە بۆتە شانازییەکی ەگورە بۆ یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی و هاوکات بەڵگەی هاوسۆزیی نەتەوەیی .

لەو ڕۆژگاری دا زۆر گرینگ بوو کە هێزی پارچەیەکی دیکەی کوردستان وەک هیزی پشتیوان بەرگری لە بەشێکی تری نیشتیمانەکەی بکات. لەگەل ئەوەی کە شۆڕشی ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەری ناوداری کورد سمکۆی شکاک لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو چووبووە باشووری کوردستان و پشتیوانیی لە شۆڕشی ژێر سەرکردایەتیی مەلیکی کورد شێخ مەحموود کردبوو، مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەشداریی کۆماری کوردستانی کردبوو، بەڵام ئەو بەشدارییەی یەکیەتیی نیشتیمانی دیسان زیندووکردنەوەی هەمان ڕووحی شەهید سمکۆ و مەرحوومی بارزانی بوو.

لێرەدا دەمەوێ ئەو کورتە نووسینەش بخەمە بەردیدی خوێنەران کە باس لە هاوسۆزیی حیزبی دێمۆکرات و یەکیەتیی نیشتیمانی بە نیسبەت یەکتری دەکاتەوە کە دەکەوێتەوە بەرلە بڕیاری بەشداریی یەکیەتی لە بەرگری کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چوونکی یەکیەتیی نیشتیمانی لە ساڵی ٨٣ ی زائینی بەشداری لە شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و…. کرد ، بەڵام ئەم نامەیە دەگەڕێتەوە ساڵیک پێش ئەو بڕیارە. واتە بەرلە بڕیارە بوێرانەکەی یەکیەتیی نیشتیمانی ، حیزبی دێمۆکراتیش هاوکار و هاوخەباتێکی بەکردەوەی ئەو حیزبە بۆوە و زەمینەی ئەوە هەبووە کە لە کاتێکی پێویست دا ئەو حیزبەش(یەکیەتی) فریای دۆست و هاوخەباتەکەی بکەوێ.

زۆر جار لەم لا و لەولا دەبیستین کە برایانی یەکیەتیی نیشتیمانی هاوکاریی حیزبی دێمۆکرات و کوردی ڕۆژهەڵاتیان داوە، بەڵام بەداخەوە قەت جارێک نەمان بیست کە ئەوانیش(حیزبی دێمۆکرات و کوردی ڕۆژهەڵات)یش پشت و پەنای باشوور بوون و هەرکات بۆیان لوابێ و پێویست بووبێ ، فریای باشووری کوردستان و هێزە سیاسیەکانی کەوتوون . ١٩٧٥، ١٩٨٨، ١٩٩١ ، ١٩٩٦ و ئێستاش پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بەشداری بەرگری کردنی باشووری نیشتیمانن و بەو پەڕی لە خۆر بردووی یەوە بەرگری دەکەن.

کەوایە هیچکاممان قەرزداری ئەوی دیکە نین و بگرە هەموومان ئەرکی خۆمانمان بەجێ گەیاندووە لە هەمبەر یەک نەتەوە دا کە ناوی نەتەوەی کوردە و بە زۆری زۆرداری دابەش کراوە بە چوار بەش.

کاووس عەزیزی

 

 

دەقی نامەکە:

 

بۆ هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێمۆکرات

پاش سڵاو

١٢/٤/١٣٦١

هیوادارین ژیانتان هەربەسەربەرزی و کامەڕانی تێپەڕ بێ.

هاوڕێیان!

هەڵگرانی نووسراوە کاک خالید…… میکائیل و کاک کاوە حەسەن مەحموود لە زیندانی قیادە(مەبەست قیادەی مٶقتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان) هەڵاتوون و دەیانهەوێ بچنە لای برایانی یەکیەتی نیشتیمانی .

تکایە یارمەتیان بدەن و ڕێنوێنیان بفەرموون .

بەسپاسەوە

کۆمیتەی شارستانی پێرانشار. سۆفی زادە

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی