هاتن هاتن
گەردەلوولە سەوزەکان
ئەسپە مەستەکان
ئاسکەکانی
ئارارات و سەفین و قەندیل هاتن
هاتن هێزی ئەژنۆکان
ترپەی دڵەکان
تروسکەی چاوەکانی نیشتمان هاتن
هاتن
بە لەشکری زریانەوە
بە پێشڕەوی مامە ڕیشەوە
بەرەو گوێڕو زوممارو جەلەولاو مەخموورو شەنگال هاتن
هاتن
هەر ئێستا سینەی مێردزمە ڕەشەکان
مۆڵگەی میموونە بۆگەنەکان
بنکەی شەمشەمەکوێرەکان هەڵ ئەدڕن
هاتن هەر ئەمڕو ئەم جلە تەنگە نامۆانە
لە بەری ئەم شەقام و کۆڵان و ماڵانە
دائەکەنن و
بە ئاڵای کوردستان دای ئەپۆشن
هاتن هەورە گرمەکانی ئاسمانی وڵات
بورکانەکانی لوتکەی چییاکان
پێشمەرگە قارەمانەکان هاتن
هاتن هاتن هاتن!
ئەنوەر ئەلیاسی