وەک کوردێکی ڕۆژهەڵات و ئەندامی یەکێک لە پارتەکان بە هەموو شێوەیەک لە ئەمڕۆ بەدواوە دژی بەشداری پێکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم بۆ بەرگری کردن لە خاکی باشوری کوردستان، و داوا لە سەرکردایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتیش دەکەم کوڕ و کچی نیشتمانپەروەر و خوێنگەرمی ڕۆژهەڵات نەکەن بە قوربانی سیاسەتێکی بانێک و دوو هەوای هێزەکانی باشوری کوردستان.
هیچ گۆشە یان شارێکی کوردستانی گەورە بۆ من جیاوازی نییە و پێشمەرگەش وەک هێزێکی نەتەوەی بە ئەرکی شەرشانی دەزانم بەرگری بکات لە بست بە بستی خاکی کوردستان و تاک و کۆمەڵی کورد لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانەدا بێت، بەڵام ئایا ڕەوایە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ پاسدارەکانی ئێران کە تینون بە خوێنی کوردانی ڕۆژهەڵات لە یەک سەنگەردا بن!؟ و لەهەمان کاتدا داعشەکانی ئێران هەوڵی تیرۆری پێشمەرگەکان بدەن!؟.
لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان و بەشداری پێکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و یارمەتی کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ ئاوارەکان، دڵی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کوردی خۆشکرد، و دەبوایە هێز و لایەنەکانی باشور ئەم هەڵوێستە نەتەوەی و نیشتمانپەروەرانەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بکردایەت بە هەلێک بۆ زیاتر یەکخستنی ماڵی کورد و ڕێزیان لەم هەستە نەتەوەیە بگرتایە، بەڵام بەداخەوە نەک هەر ئەمەیان نەکرد، بەڵکوو داوایان لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات کرد لە بەرەکانی شەڕ بکشێنەوە و هەستان بە هاوپەیمانی کردن لەگەڵ دڕندەترین داگیرکەری کوردستان.
هێنانی داعشە ئێرانیایەکان لەلایەن هێزەکانی باشورەوە بە بیانووی بەرگری کردن لە باشوری کوردستان، نەک هەر هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕووخاندنی بیری نەتەوەی و تێکدانی یەکڕیزی ماڵی هەرگیز یەکنەگرتووی کورد، چوون ڕۆژ نییە تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی داعشەکانی ئێران شەهید و بریندار و زندانی نەکرێت تەنها لەبەر کوردبوونیان، ئێستا چی ڕوویداوە هەمان هێز بەرگری لەباشوری کوردستان دەکات!؟.
پێویستە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمڕۆ بە دواوە لە بیری خۆمان و ڕۆژهەڵاتی بێناز و داگیرکراودا بین نەک بەرژەوەندی چەند هێز و لایەنێکی بەشەکانی تری کوردستان
جەمیل ئەحمەدی: ئیرلاند
٢٤/٨/٢٠١٤