"an independent online kurdish website

بڵاوکراوەی ژمارە چواری ” نا بۆ لەسێدارەدان” وتووێژێکی تایبەتی بە زمانی فارسی لەگەڵ هاورێی تێکۆشەر کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر پرسی داعشkak_mustefa_hicri12

دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، پرسی سەربەخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەرکی نێونەتەوەیی بەرانبەر بە داعش و کۆمەڵێک باس و خواسی تر پێک هێناوە .

ئەوەی خوارەوە دەقی وەرگێرداوی وتووێژەکەیە

حیسام یووسفی: بەپێی ئەو زانیاریانەی بلاو بوونەوە ، داعش لە لایەن ئەمریکاوە بۆ دابەش کردنی خۆرهەڵاتی ناوەراست دروست بووە، ڕوانگەی ئێوە لەو بارەوە چی یە؟

مشتەفا هیجری : ئەگەر ئەو شیمانەیە دروست بێ کە ئەمریکا لە بیری دابەش کردنی خۆرهەڵاتی ناوەراست دایە ، ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی  وەک داعش ناتوانێ کەرەسەیەکی لەبار بۆ ئەو ئامانجە بێ کە ئەو دابەش بوونە بە پێی خواستی ئەمریکا وەدی بێت ، بەتایبەتیش داعش کەدوژمنێکی دژە ئاشتی یە لەگەڵ ئەمریکا و شیعەکان . داعش هەروەک ڕایگەیاندووە و بەکردەوەش هەنگاوگەلێکی کاریگەری بۆ دامەزراندنی خیلافەتی ئیسلامی بە پێی خوێندنەوەیەک کە ئەوان لە ئیسلام هەیانە ، ناوە. ئێستا لە خۆڕهەڵاتی ناوەراست و لەو راستایەدا توانیویەتی ناوچەیەکی بەربڵاو ، پێکهاتوو لە چەندین پارێزگای سوننە نشینی عێراق لەگەڵ ناوچەیەکی بەربڵاوی سووریە پێکەوە گرێ بدات و ئێستاش بە ئامانجی پەرەپێدانی  خیلافەتی خۆیی لە شەڕ دایە و هێندێک هەنگاویشی هەر بەو مەبەستە لە لوبنان هەڵ هێناوەتەوە . ئەم شێوازە لە پەرەپیدان و دامەزراندنی خیلافەتی ئیسلامی ڕادیکاڵ کە دوژمنی ئەمریکایە ، ناتوانێ لە راستایی ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ دابەش بوونی خۆرهەڵاتی ناوەراست دابێ .

حیسام یووسفی : ئەمریکا لە عێراق دا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش دەست پێ کردووە ، دروست کردنی ئەم دۆخە چ بەرژەوەندییەکی بۆ ئەمریکا بە دواوەیە ؟ پشت پەردەی ئەم رووداوانە چین ؟

مستەفا هیجری : هێرشی ئاسمانی ئەمریکا لە دژی داعش کە لە پێشرەوەی پێشمەرگە و گرتنەوەی ئەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتبوو ن، کاریگەری بەرچاوی هەبوو کە دەتوانێ بەلانی کەمەوە ئەم سوودانەی بۆ ئەمریکا پێوەبێ :

– لە کاتی گەڕاندنەوەی سەربازەکانی ئەمریکا پاش رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن ، ئەمریکا پێی خۆش بوو تا ژمارەیەک لە هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق دا بهێڵێتەوە ، بەڵام حکوومەتی عێراق لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی دا ئیزنیان بە ئەمریکاییەکان نەدا ، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق لە رووی ناچارییەوە حزووری هێزەکانی ئەمریکای قبوول کردووە .

–  داعش کەوتە هەرەشە کردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە رووی شێوازی ئیدارە کردنی حکوومەت و پەرە پێدانی ئازادی لە راستای بوون بە حکوومەتێکی دێموکراتیک هەنگاو دەنێ کە وێکچوونی زۆری لەگەڵ رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا دا هەیە ، کەواتە ئەمریکا بەم یارمەتیە سەربازیانە یەکێک لە دۆستەکانی لە ئەگەری مەتەرسی رووخان نجات دا .

– ئەمریکا لەحکوومەتی خودموختاری کوردستان دا خاوەنی ناوەندەکانی کونسوولگەری ، تجاری و … یە کە بە نواندنی ئەو هەڵوێستە ، ئەوانی لە مەترسی داعش پاراست و گرینگتر لەمانەش  بۆ جارێکی تر تواناکانی سیاسی و سەربازی خۆی لە پشتیوانی کردنی دۆستەکانی و ڕۆڵی کاریگەری لە خۆرهەڵاتی ناوەراست سەلماندەوە .

حیسام یووسفی : بە بڕوای ئێوە ئەمە دوبارە بوونەوەی مێژوو نییە ؟ ئەو رووداوەی ساڵی ٥٧ لە خەڵکی ئێران رووی دا . سێ دەیە بەر لە ئێستا داعشیان بەسەر خەڵکی ئێران دا حاکم کرد و ئێستاش بە نیاز بن هەمان سناریۆ لە سووریە و عێراق دووپات کەنەوە ؟

مستەفا هیجری : بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە کە ئێرانییەکان خۆیان لە دەست ( وەهم و خەیاڵی پیلانگێری) کە بەدەیان ساڵە بۆتە بەشێک لە کولتووری ئەم خەڵکە دەرباز بکەن و هەر جۆرە پێشات و رووداوێکی نەگونجاو  نەخەنە ئەستۆی ئەمریکا و …، بۆو ئەوەی بیسلەمێنن کە خۆیان هەڵەیان نییە و بە ژیری و بیرمەندی خۆیانەوە شانازی بکەن . ئەگەر دوای ساڵی ٥٧ داعشێک دەستی بەسەر ئێران دا گرت ، ئەوە خودی ئێرانییەکان بوون کە تەواوی بوارەکانی فیکری و سەربازیان بۆ پێک هێنا. ئێرانییەکان بوون کە وێنەی خومەینی یان لە مانگ دا دەبینی و لە ئاکامدا نزیک بە ٣٦ ساڵە تاوانی هەڵەکانیان ئەدەنەوە و ئێستاش روون نییە داخۆ تا کەی پێویستە ئەو تاوانە بدەنەوە و دوای تێپەر بوونی سێ دەیە ئێستاش رووناکبیران و سیاسەتوانانی نارازی لەو ریژیمە ” لە خەمی کۆڵانێکن” و هەرکام لەمانە بە قسە قارەمان گەلێکن بەلام بە کردەوە نەیانتوانیوە هیچ جۆرە کردەوەیەک لە خۆ پیشان بدەن.

لە عێراق بڕوانن. پاش رووخانی سەدام ، خەڵکی کورد لەگەڵ هەموو گیر و گرفتێک کە لەسەر رێیان بووە ، بەڵام توانیان لەسەر خاکێکی وێران ، حکوومەتێکی دێموکراتیک بونیاد بنێن و بچنە نێو قۆناغەکانی دێموکراسییەوە و لە عێراقێکدا کە بۆ خەڵکەکەی بۆتە دۆزەخ ئەمان بژێوی ژیان ، کار و ئازادی دابین بکەن .لە کاتێکدا باقی ناوچەکانی عێراق لە ئاگری بیر تەسکەکان ، هەڵەکان و نژاد و ئایین پەرستی دا دەسووتێ  لە ئاکام دا داعشەکانی ئێران و عێراق کەشی لەبار و بەربڵاوی نفووزی خۆیان وەگیر دەکەوێ ، کەواتە باشتر وایە ئێمە ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و بزانین کە هەرچی هەمانە ، چاک یان خراب بەرهەمی بیر و فکری خۆمانە نەوەک خەڵکانێکیتر .

حیسام یووسفی : دوا گۆڕانکارییەکانی کە لە عێراق و سووریە روویان داوە ،چی بوون و ئەو دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

مستەفا هیجری : لە گۆرانکارییەکانی عێراق  دا ، دەکرێ ئاماژە بە داعش بکرێ کە هەرچەند هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە نواندنی فیداکاری رۆژانە ، ئەو بەڵایە لە سەر خاکی خۆیان دوور دەخەنەوە ، بەڵام لە باقی ناوچەکانیتری عێراق بەرگرییەکی ئەوتۆ لەبەرانبەر خۆیان دا نابینن ، بەمجۆرە لە حاڵی پەرەپێدان بە ناوچەکانی ژیر کۆنترۆڵی خۆیان دان. هەستی نییشتمان پەروەری لە سوپای عێراقدا بۆ کەمترین ئاستی خۆی دابەزیوە و هێزەکانی سوپاش هەرکام گرێدراوی تاقمێک، مەزهەبێک و عەشیرەتێکن و هەروەها سوپای عێراق ، سوپایەکی یەکگرتوو و رێک و پێک نییە، هەربۆیە لەسەر ئەو باوەرەم کە بەڵای داعش بەو زووانە لە عێراق دا کۆتایی پێ نایە . هەرچەند لە ئێستادا هەموو نیگاکان لەسەر حکوومەتی داهاتووە کە بریارە سەرۆک وەزیرانی نوێ ” بەرێز عیبادی”  پێکی بێنێ کە چەند و چۆنی ئەویش ناروونە و هۆکارێکیش نییە تا لەم ئیمازادەیە مۆعجزەیەک ببێندرێ ، بەتایبەت نابێ لەبیری بکەین کە نفووزی کۆماری ئیسلامی لە عێراق دا گەورەترین ئاستەنگی بەردەم سەقامگیری و مانەوە و ئارامی لەم وڵاتەدایە ، چونکی بەرژەوەندی ئەم رێژیمە لە هەڵایەسانی شەری نیوخۆیی، پێکهێنانی کەشی نائەمنی و نانەوەی دووبەرەکی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت وڵاتانی جیران دا دابین دەبێ و ئەگەر رۆژێک لە عێراق دا یەکیەتی و ئارامی پێک بهێندرێ ، پێویستە کۆماری ئیسلامی بارگە و بنەی لەم وڵاتەدا بکێشێتە دەرەوە . ئەو دۆخە لە سووریاش زۆر خرابترە و جارێ داعش لە حاڵی پێشرەوی دایە.

حیسام یووسفی : پاش هێرشی داعش بۆ عێراق و گرتنی مووسڵ و هەروەها کەشانەوەی سوپای عێراق لە مووسڵ و کەرکووک ، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانیان کەرکووک بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و کۆنترۆڵی سنوورەکانی کوردستان بکەن . ئەم رووداوانە بوونە هۆکاری ئەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە نێوان هێزەکانی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بێتە ئاراوە . ئەو کەشە تا چەند بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەبارە ؟ و خەڵکیش چ ئەلترناتیڤێکیان بۆ ژیانێکی باشتر هەیە؟ هەڵوێستی ئێوە لەو بارەوە چییە ؟

مستەفا هیجری : نزیک بە بیست ساڵ بەسەر پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دا تێپەریوە، ئەم حکوومەتە داییم هەوڵی ئەوە بووە تا گیر و گرفتەکانی بە پێی یاسایی بنەڕەتی وڵات لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات ، بەڵام لە هەموو ئەم ماوەیەدا حکوومەتی بەغدا لە بیری کارشکێنی ،دروستکردنی ئاستەنگ و بەرتەسک کردنەوە بۆ ئەم حکوومەتە بووە ، لە دوایین کارەکانی لەم جۆرە ، برینی بوودجەی یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوەتی سەری ساڵی زایینیەوە تا ئێستا بووە و بەم جۆرە گرفتێکی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ کوردستان دروست کردووە. بەوجۆرەی کە من ئاگادارم ، ئەگەر بێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان حەق و حقووقی یاسایی خۆی لەبەر چاو بگیردرێ و حکوومەتی بەغدا سیاسەتی لە پەراویز خستنیی کوردستان رەچاو نەکات ،بەو جۆرەی لەگەڵ عەرەبە سوونەکان لە پێشی گرتووە ، ئەوان خوازیاری مانەوە لە چوارچێوەیی عێراق و هاوکاری لەگەڵ بەغداد دان. ئەگەر کوردەکان خوازیاری سەربەخۆیین ، ئەمە ئەو رێگەیە کە بەغداد لە میانەی دوو دەیە دا لەسەر رێی ئەوانی داناوە. بۆیە من بڕوام وایە کە ئەگەر بێێت و هەر بەم جۆرە برواتە پێش ، کوردەکان پێداگری زیاتر لەسەر سەربەخۆیی دەکەنەوە ، ئێستا عەمەلی کردنی ئەم خواستە چۆن جێ بەجێ دەبێ ، باسێکی دوور و درێژە .

حیسام یووسفی : دوای گرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە ، راستایی شەڕی داعش رووی لە بەغداد بوو بەڵام هەر وەک ئاگادارن داعش راستایی شەڕەکەی گۆڕی و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد و زۆرترین هێرشی بۆ سەر شنگاڵ و مەخموور کرد و کۆمەڵ کوژییەکی بێ بەزەییانەی لەو ناوچانەدا ئەنجام دا . هۆکاری ئەم وەرسوورانە چی بوو؟

مستەفا هیجری : سوورانەوەی داعش لە هێرشەکانی بۆ کوردستان ، بووە هۆی کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ حکوومەتی هەرێم و هەروەها بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ، بەڵام لەبەرابەردا کوردەکان توانیان لەو دەرفەتە بە باشی کەڵک وەرگرن ، لە لایەکەوە سۆز و سەرنجی جیهانیان بە تایبەت رۆژئاوا بە لای خۆیاندا ڕاکێشا و لەو رێگەوە توانیان برێکی زۆری چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو بەدەست بێنن و پرسی کورد و شەری داعش بکەنە سەر دێری هەواڵەکانی جیهان ، لە لایەکیتریشەوە یەکیەتییەکی بەهێزی کوردەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و هەموو جیهان بەدەست بێنن بەجۆرێک کە هەموو هێزە چەکدارەکانی کوردستان لەهەر چوار بەشی کوردستان بە جۆش و خرۆش و عەلاقەیەکی زۆرەوە شان بە شانی پێشمەرگەکانی کوردستانی عێراق بەشداری بەرەکانی شەڕ دژ بە داعش بکەن .

بەڵام لەسەر شەری داعس دژ بە کوردستان، بە باوەری من کۆماری ئیسلامی رۆڵی سەرەکی گێڕا . چونکە کۆماری ئیسلامی بە پێی سەرچاوەکانی زانیاری باوەر پێکراو ، سەدان کەسی لە دەست و پێوەندەکانی خۆی خزاندۆتە  نێو ریزەکانی داعش و ئەم کەسانەش کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بەلا ڕێدا بردنی راستایی هێرشەکانی داعش هەبووە. ئامانجی رێژیم لەم کارە تەنبێ کردنی بەرپرسانی باڵای هەرێم و بەتایبەت بارزانی بووکە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان زێدەتەر لە هەر شتێک پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باس لێوە دەکرد و بەرجەستەی دەکردەوە و لە لایەکیتریشەوە ، پێوەندییەکی باشی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ تورکیا و رۆژئاوا هەیبوو ، هیچ کام لەمانە لە راستایی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا نین ، بەتایبەت ئەم رێژیمە بە تەواوی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ترسی لی نیشتبوو و هەموومان دەزانین کە سەرانی کۆماری ئیسلامی هەرکامەیان بە جۆرێک دژایەتی خۆیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان دەربریبوو و یەکێک لە جێگرەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران  راگەیاندبوو کە ئەگەر هەرێمی کوردستان درێژە بەم کارە بدات ،پەشیمان دەبێتەوە کە ئەمەش  هەرەشەیەکی روون بوو .

 

حیسام یووسفی: هەروەک ئاگادارن هێزەکانی ئیسلامی ناسراو بە داعش ژنانی ئیزەدی و مەسیحیان وەک دەستکەوتی شەڕ لەگەڵ خۆیان برد و خستیاننە بازارەکانی فرۆستنەوە، هەڵوێستی ئێوە لە بارەوە چییە؟

مستەفا هیجری: هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیوەندی بە رەفتاری دڕندانەی چەکدارانی داعش لەگەڵ غەیرە موسلمانەکاندا و بەتایبەت ژنان و منداڵان لە ڕوانگەی ئێمەوە مەحکوومە ، ئێمە لەم بارەوە و لە بەیاننامەیەکی فەرمی دەفتەری سیاسی حیزب دا مەحکووم مان کردووە .

حیسام یووسفی: بۆ دەرباز بوون لە دەستی هێزەکانی ئیسلامی و بەتایبەت داعش ، پێویستە خەڵک چ کارێک بکات ، ئایا ئەم ڕەوتانە بە هێڕش بردنە سەریان و شەڕی چەکداری لە ناو دەچن یا خود پێویست بە گرتنەبەری ڕێکاری تر دەکا؟

مستەفا هیجری: هێڕشی سەربازی بۆ سەر چەکدارانی داعش و لاواز بوونیان پێویستە  بەڵام بەس نییە، بەڵکوو پێویستە لە تەنیشت ئەم هێرشانە ، حکوومەتی خەڵکی و دێموکراتیک لە خۆرهەڵاتی ناوەراست دا شکڵ بگرن تا هێزەکانی داعش و هەر هێزێکیتری دژ گەلی نەتوانن لە کەشێکی دروستکراو دا و لە ئاکامی بەرز بوونەوەی دەنگی نارەزایی خەڵک و سەرکوت کردنیان لە لایەن حکوومەتەکانی دیکتاتۆرەوە ، کەڵک وەر بگرن . هەروەک لە سەرەتادا خەڵکی سوننە مەزهەبی عێراق پێشوازیان لە بوونی چەکدارانی داعش کرد بەو هیوایەی لە دەستی حکوومەتی دیکتاتۆری مالکی کە سوننەکانی پەراوێز خستبوو ، نجاتیان ببێ . بە کردەوەش دەبینین کە داعش و باقی تاقمە تیرۆریست و دژی گەلیەکان لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و لەو شوێنانەی کە ئەمنیەت و ئارامش و ئازادی بوونی نییە ، بە هێز دەبن. ئەگەر خەڵک ئازاد بێ و لە دیاری کردنی چارەنووسی ولاتەکەیان بەشدار بکرێن تا ولات ببێتە ماڵی هەموو هاوڵاتیان و خەڵک خۆی بە خاوەن مولکی خۆی بزانێ ،نە تەنیا دەرفەتێک بۆ داعشیەکان دروست نابێ بەڵکوو هەر هەموو خەڵک وەک ماڵی خۆی لە وڵاتەکەی پارێزگاری دەکات .

 حیسام یووسفی: ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر رووداوەکانی عێراق و سووریە چییە و پێویست بە ئەنجام دانی چ کارێک دەکا؟

مستەفا هیجری: بە باوەری من ئەرکی کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی و بەتایبەت رۆژئاوا  ئەوەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی نائارامی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست کە ناوەندی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە تاقم و گرووپانەیە ، هەرچی زووترە بە هانای هێزە دێموکراتەکانەوە بچن تا بەر لە بەهێز بوونی ئەو جۆرە رێکخراوانە ، لەناویان بەرن . ئەگەر لە سووریا ،رۆژئاوا لە کاتی خۆیدا دەست بەکار ببوایە ،ئێستا نە بەشار ئەسەد دەیتوانی وەک بێ رکابەری گۆڕەپان لە دەسەڵات دا بمنێتەوە و درێژە بە کوشت و کوشتار و ماڵوێرانی بدات و نە هێزەکانی وەک داعش ، کۆماری ئیسلامی و باقی تاقمە تیرۆریستییەکان دەیانتوانی لەم وڵاتەدا هێز بگرن و بمێننەوە .

وەرگێرانی دەق :  ر – ز

سەرچاوە : بڵاوکراوەی ژمارە 4ی نا بۆ لەسێدارەدان  /  ١٠ خرمانانی ١٣٩٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی