"an independent online kurdish website

بە چاوخشانێك بە سەر لاپەڕەكانی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی نەتەوەی كورددا دەردەكەوێ هێندێك تاقم و گرووپی زڕەكوردی بەستراوە بە دوژمن، خەیانەتیان بە خاك و نیشتمان و رۆڵەكانی نەتەوەكەیان كردووە.shehidan

یەكێك لە چەندین نموونەی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە، كە لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی كورددا دەمێنێتەوە، تەحویلدانەوەی حەوت تێكۆشەر و پێشمەرگەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە لایەن تاقمێك بە ناوی «بزووتنەوەی ئیسلامی» بە رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

لە پاییزی ساڵی 1375ی هەتاوییدا، حەوت تێكۆشەری حیزبی دێموكرات بە ناوەكانی « حەمە عەزیز قادری، ئەرشەد رەزایی، عەدنان ئیسماعیلی، موزەفەر كازمی، مەعرووف سۆهرابی، یونس محەممەدپوور و داریوش ئیسلام دوست» لە كاتی گەڕانەوە لە ناو خاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن چەكدارەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە ناوی میوانداری و پێڕاگەیشتنەوە بە قوڵبەستراوی تەحویلی كۆماری پەت و سێدارە درانەوە.

ئەوان ئەو هەڵۆ تیژباڵانە بوون كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ وەخت نەیتوانی دەستی بە شاباڵی ئەوان رابگات و خوێناوییان بكات، بەڵام وەك عادەتی هەمیشەیی خۆیان پەنایان بردە بەر خۆفرۆشان و كاسە لێسەكانی خۆیان تا هەڵۆكانی دێموكرات راو بكەن. بە وردبوونەوە و سەرنجدان بەو پیلانەی كۆماری ئیسلامی بە هاوكاریی بزووتنەوی ئیسلامی، دەردەكەوێ كە مەبەستی ئەوان بۆ لەداوخستنی تێكۆشەرانی دێموكرات و تەحویلدانەوەیان بە رێژیمی خوێن و جینایەت، بۆ بە چۆكداهێنانی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات و پێكهێنانی ترس و دڵەڕاوكێ لە ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بووە.

یەخسیركراوەكانی دێموكرات، كە لە مەكتەبی قاسملووی رێبەردا راهاتبوون، سلوولەكانی زیندانی پاوە و دیزڵ ئابادیان بە خۆڕاگری و پێداگری و ورەبەخشی و ئیلهام بەخشی لە تێكۆشەرانی رێگای رزگاریی كوردستان، كردە ژوانگەی خۆزگە و ئاواتەكانی ئەویندارانی نیشتمان و كوردستان بۆ ژیانێكی شیاو و شایانی ئینسان و بۆ بەربەرەكانێكردن لەگەڵ ستەم و نابەرابەریی نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتی.

لە رێكەوتی 26ی خاكەلێوەی 1383ی هەتاوییدا، رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ژێر گوشاری بیروڕای گشتیی جیهان و چالاكانی مافی مرۆڤ و دۆستانی حیزبی دێموكراتدا، ناچار بوو پەردە لە سەر ئەو تاوانە هەڵداتەوە و ئاشكرای بكات كە شەش كەس لەو تێكۆشەرانەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، دوای تەحویلدانەوەیان و پاش ئازار و ئەشكەنجەی جەستەیی و رۆحی، بێ دادگاییكران لە لایەن جەللادەكانی رێژیمی پەت و سێدارەوە ئیعدام كراون.

 سڵاو لە رۆحی پاكی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی كورد و كوردستان .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی