"an independent online kurdish website


هەروەک زۆر کەس ئاگادارن لە ڕێکەوتی ١٨ و ١٩ی مانگی ئۆکتۆبردا کۆمەڵێک لە ژنان کۆنفرانسێکیان گرت لە ولاتی نۆرویژ لە ژێر ناوی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات! ئەم کۆنفرانسە چوارەمین کۆنفرانسە کە تا ئێستا ئەم بەڕیزانە گرتویانە.tuba_alisi

مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات خراپە. بەڵام نێوەرۆکی ئەو کۆنفرانسە لە گەڵ ناوەکەیدا دژایەتی هەیە، کۆنفرانسێک کە بە تەواوی لە ژێر نفوز و دەستەڵاتی یەک یان دوو ڕیکخراوی ژنادا بێت ناتوانێت کۆنفرانسی ژنانی رۆژهەلات بێت. چوون ژنانی بەشیک لە حیزبە سیاسیەکان پەراوێز خراون و هەوڵ نەدراوە بۆ بەشدار کردنی ئەوانیش لە کۆنفرانسەکەدا.هەروەها معیار بۆ بەشداری کردنی ژنانی سەربەخۆ لە کۆنفرانسەکەدا ئەوە بووە کە ئەو ژنانە لایەنگری بیرۆکەی حیزبە سیاسیەکانی ئەوان بوون، ئەگینا دژایەتیان کراوە.

کەواتە ئەتوانین بڵێین دەرگای کۆنفرانس بۆ هەموو ژنێکی ڕۆژهەڵات ئاواڵا نەبووە. هەربۆیە بە بڕوای من ئەو کارانە زیاتر بۆ ناوو خۆ زەق کردنەوەیە نەک خزمەت کردن بە ژنان. کۆنفرانسی ژنان ئەبێت دەنگ و ڕەنگی هەموو ژنان بێت کە خەڵکی ئەو مەڵبەندەن، بێ لە بەرچاو گرتنی جیاوازی بیرۆکەی سیاسی.

ژنانی سەر بە ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ژنانی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵە و خەبات لە نێو کۆنفرانسەکەدا نابینرێن؟ رەنگە ئیستا بڵین ئەوان بۆ خۆیان نایانەوێ، بەلام من بۆ خۆم لە ووردەکاریەکانی بەشدار نەبوونی ژنانی نێو ڕیزەکانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ولاتی نۆرویژ ئاگادارم کە بەڕیزانی ناوەندی بەڕێوەبەری کۆنفرانس نەک هەر هەوڵیان نەدا ئێمە بەشدار بین، بەڵکوو هۆکارێک بوون بۆ بەشداری نەکردنی ئێمە.

من پێشنیار دەکەم بۆ ئەوەی کە کۆنفرانسەکانی داهاتووی ئەو ناوەندە ئەو کەلێنە زەق و بەرچاوەی پڕ بکاتەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەن:

یەکەم بۆ ئەوەی ئەو کۆنفرانسە سەرکەوتوو بێت، ئەبێت نوێنەری ژنانی سەر بە هەموو حیزبەکان بەشدار بن لە ناوەندی بەڕیوەبەریەکەیدا

دووهەم ژنانی چالاکمان هەن کە سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نین ئەبێت ئەوانیش نوێنەری تایبەتی خۆیان هەبێت لە ناوەندی بەڕیوەبەریدا

سێهەم ئەو کۆنفرانسە کۆنفرانسی ژنانە، نەک ئەو حیزبە سیاسیانەی کە ژنان سەر بە ئەوانن، کەواتە ئەبێت ژنان لە کۆنفرانسەکەدا هاودەنگ بن لە سەر کێشەکانی ژنان بێ لە بەرچاو گرتنی جیاوازی بیرۆکەی سیاسی

چوارەم دەستەڵات و نفوز لە کۆنفرانس بۆ هەموو ژنانی حیزبە سیاسیەکان وەک یەک لە بەرچاو بگیرێ بێ لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە کێ لە پێشدا خاوەنی رێکخستنی کۆنفرانسەکە بووە.

ئەو تێبینیانەی من زیاتر بۆ باشتر کردنی کارەکانی ئەو ناوەندەیە لە داهاتوودا نەک شکاندنیان و هیوادارم ئەو ناوەندە زۆر بە جدی هەوڵ بدات بۆ نەهێشتنی ئەو کەمووکۆڕیانەی کە تا ئێستا هەیان بووە.

 

 نۆرویژ

٢١/١٠/٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی