کۆبانیەکانی کۆبانێ , بوونەتە رەمزی بەرخۆدانێ جیهانێ ، ئەوەتانێ بوونە دانپێدا هێنانی دوژمنانیش ودۆستانێ !
ئەی پاڵەوانی پارێزەرەی نەتەوەی بێ وڵات و نیشتمانی داگیرکراو ، ئەمرۆ لە سەرتاسەری جیهانی دیمۆکرتدا بۆیەتە ئەفسانەی ئازادی و ئاڵا پیرۆزەکەت دەروات تا لە سەر بالیخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان ، لە پاڵ ئاڵاکانی هاوسەنگەرانی هێزە بە هێزەکانی ئێستاتدا بچەقێندرێ و بۆ هەمیشە بشەکێتەوە .
کەوایە مایەی فەخر و سەرفرازی نە تەنیا بۆ کوردانی تینووی سەربەستی بەڵکوو بۆ هەموو هۆگرانی مافی مرۆڤ بۆ سەربە خۆ بوونی مرۆڤایەتی لە پانتایی ئەم دونیا ئاڵۆزەماندا .
لە ئانسیکلوپدیای دونیادا ناوە پیرۆزەکەت چوە پاڵ پیرۆزیەکانی دیکەمان وەک کورد وکوردستان و خۆری ئاڵاکەت چەشنی خۆری ئاسمان سنوورەکانی دەسکردی بڕی و بە تینی تیشکی لەیزەری کۆنە قاقزی رزیوی سایکس پیکۆی لە پێش چاوی پیسی داگیرکەردا دڕی .
هێزت هە بوو رێزت هەیە ، مەگەر نیە سەدان ساڵە قارەمانانی قەڵاکانی بەرخودان و سەرهەڵدان خوێنیان نەخشاندوویەتی تیشە شاخەکانی قەڵاکانی کوردستان ، مەگەر نیە خوێنی خانی قەڵای دەمدمەکەی رەنگاند ، شیخ رەزامان رادەپەرێ و حەماسەی دێرسیمی خولقاند ، بارزانیمان دەس دەداتێ و سنووری رەشی شای گۆر بە گۆڕی چەندین جار ، بڕی وبەزاند . قازی مەزنمان هات و بوو بەو ئستوورەیە کە تلیسمی سێدارەی بیدادی شکاند .
ئەی کوردستان !
سەرزەوی حەماسە وداستان ، قەڵەم کولە چی دی ناتوانی بکا باستان ، تەنیا ئەوە نەبێ بڵێم کە کاروانی ئەمجارەمان رێگەکەی خۆش ولەبارە ، مەقسەدی بە روونی دیارە ، ناوەستێ و ناپریگێتەوە لە هیچ کەمینێکی نەیار ،وەکوو دڵدار هەتا گەیشتنی بە یار دەروا ودەروا تا بارگەوبنەی دادەنێ لە نێو ماڵەکەی سەربەستان .
نزار کوێستانی – فینلەند – 1.11.2014