"an independent online kurdish website

كاتێك شۆرش بەرنامەی نەبوو، ئامانجەكانی پڕدەبن لە چیرۆكی تاڵ. شۆرشی بێ‌ بەرنامە و فەوزا، دروستكەرەكانی پەراوێزدەخات و بخۆرەكان دەبنە خاوەنی.nabaz-goran

ماوەیەك بەر لە ئێستا لەگەڵ هاوڕێكم، كە خۆی پێشمەرگەی دێرینی یەكێتییە، پێكەوە چووین بۆ شاری (كۆیە) بۆ پرسەی چەند دۆستێك. لەوێ‌ یەكێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی جاران و هەژار نشینەكانی ئێستامان بینی. بۆی گێرامەوە كە:

سەردەمی ئەنفالكردنەكەی كورد، گروپێك پارتیزانبوون، لەو دەشتی كۆیە. كتوپڕ هێزەكانی بەعس و جاشەكانی هاوڕێیان پێیاندەزانن، چەند شەو چەند رۆژێك دەكەونە شوێنیان و شوێن پێیانهەڵدەگرن، تا سنووری ڕانیە بە دوایانەوە دەبن. ئیدی سەرماو بەفر دەبێت و برسیانە، ناچار لەو نزیكی رانیەیە، بارەگایەك دەبینن جموجوڵی كەمی تێدایە، كاتێك لێی وردەبنەوە، دەبیننن بارەگایەكی جاشە، لە برسان و لەسەرماندا، هەڵدەكوتنە سەر ئەو بارەگایە و دەڵێن:  یان لەناو دەچن یان شتێكیان دەستدەكەوێت. كاتێك دەڕۆن هیچ روونادات. هەموویان خەوتوون.

بەهەرحال، خەبەریاندەكەنەوە كە ئەمان پێشمەرگەن، جاشەكانیش برواناكەن! پاش ماوەیەك ئیدی دڵنیادەبن ئەمان پێشمەرگەن و چەكیانكردوون  ئیدی جاشەكان هەستدەكەن كۆتایان هاتووە، ئەمانیش پێیان دەڵێن: مەترسن هیچتان لێناكەین، ئێمە برسیمانە چیتان هەبە بماندەنێ‌ بیخۆین، ئەوانیش دەڵێن:  راستی هیچمان نەماوە. ئیدی ناچار دەبن بەرپرسی جاشەكان ڕابەسپێرن بچێتە شاری رانیە خواردنیان بۆبهێنیت و لە بەرامبەر خەبەرنەدانیان، كوڕی سەرۆك جاشەكە لای خۆیان دەهێڵنەوە. دووسێ‌ رۆژ لای ئەو جاشانە دەبن. پاشان دەڕۆنەوە بۆ شوێنی خۆیان. زەمەن دێت و زەمەن دەڕوات، پارتیزانەكان زۆربەیان دەكوژرێن، چەند كەسێكیان ماون لە پەراوێزدان. رۆژێك لە ساڵانی پێشو سەیری كەناڵە كوردییەكان دەكەن. دەبینن ئەو كەسەی سەرۆك جاشبوو ئێستا فەرماندەیەكی گەورەیە لە سنووری ئەوبەر! ئەمانیش سواری ئۆتۆمبێل دەبن و دەچن بۆ لای ئەو فەرماندەیە. دەبینن چ دەسەڵات و بەرپرسێكە! پاش ئەوە لەگەڵ كۆنە فەرماندەی جاش و تازە فەرماندەی ئێستا دەكەونە گفتوگۆ و هەواڵی یەك بەیەكی جاشەكان دەپرسن. كابراش دەڵێت: ئێوە كێن ئەم پرسیارانە دەكەن، ئەوانەی ئێوە باسیاندەكەن زۆربەیان نەماون.

یەكێك لە پێشمەرگەكانیش دەڵێت:

ئێمە ئەو مەفرەزە پارتیزانەی پێشمەرگە بووین هاتین بارەگاكەی ئێوە و تۆمان نارد بۆ نان و كوڕەكەت بە بارمتەر لای خۆمان هێشتمانەوە. ئیدی تازە فەرماندەیەكە تومەز هێندە خۆی باداوە بەو خزمەتكردنەوە، خەڵك و كۆمەڵێك فەرماندەی دیكە كۆدەكاتەوە و سەروەری كەبابەكەی خۆی دەگێرێتەوە. بەهەرحاڵ، بۆ ماوەی چەند رۆژێك خزمەتێكی زۆری پێشمەرگەكان دەكات و خاوەن كۆشك و سەرمایەكی زۆر دەبێت، بە كەیفی خۆی خزمەتیاندەكات.

یەكێك لە پێشمەرگەكان كاتی ماڵئاوایی لەبەردەم، كۆنە جاش و تازە فەرماندەكەی ئێستا فرمێسك دەزێتە چاوی و دەڵێت:

من خەمی یەك شتمە، تۆ كە سەرۆك جاش بوویت ئێستا خاوەنی ئەم هەموو شتەیت، ئەو هەموو خزمەتەی ئێمەشتكرد ئەم دووسێ‌ رۆژە، بەڵام ماڵەكانی ئێمە ئەوەندە بێكەڵكن، ئێمە ناتوانین تۆ بانگهێشتبكەین بۆ كۆیە و میوانداریت بكەین، سوپاس بۆ خزمەتەكەت، سوپاس بۆ ئەو شۆرشەی ئێمە كردمان، ژیانی ئێمەی والێكرد و ژیانی تۆشی والێكرد.”

ئەم چیرۆكە راستەقینەیە، بەرهەمی ئەو جۆرە شۆرشەیە كە لە زۆربەی قۆناغەكاندا دەیانبینین، كەسێك بیركەرەوە بێت نابێت نیگەران بێت، چونكە، كەسی بیركەرەوە هەموو ئومێدەكانی هەڵناچنێتە سەر شۆرش و جوڵەكان. لە ئێستاشدا تۆ ئەگەر رۆژێك بەژداربوویت لە جوڵەیەكدا بۆ گۆڕانكاریەكی گەورە و ئێستا دژە گۆڕانكاریەكان بووبنە خاوەنی بابەتەكە، نیگەران مەبە، هەموو جوڵەو پرۆسەیەك و شۆرشێكی بێ‌ سیستەم و بێ‌ كۆڵەكەی فیكری، لە كۆتایدا لەم جۆرە چیرۆكانەی تێدەكەوێت. ئەمە تەنها یەك چیرۆكە، بێگومان مێژووی شۆرشەكان و جوڵەكان، هەزاران چیرۆكی لەم جۆرەی تێدایە.

 

سەرچاوە: خەندان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی