"an independent online kurdish website

با بە پرسیارێکەوە بچینە نێو بابەەکەوە:  

بۆ ٢٦ی سەرماوەز، وەک ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کراوە؟   

٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژێکە، کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕووداوەکانی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە هەیە.reshid-haidari-01

لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژەدا، ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لە مێژووی زێڕینی خەباتی نەتەوایەتیی کورد، کراونەتە بنەما. بێجگە لەوە، هەر لەم ڕۆژەدا بووە، کە ئاڵای کوردستان، بۆ یەکەمجار لەلایەن حیزبی دێمۆکراتەوە هەڵکراوە و ئێستا بەفەرمی لەلایەن پەرلەمانی باشووری کوردستانەوە، وەک ڕۆژی ئاڵای نەتەوەیی دیاری کراوە. لە ساڵی 1363ی هه‌تاوی، کە دەکاتە (١٩٨٤ی زایینی)، واتە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، ” حیزبی دێموکرات ”  بە مەبەستی ڕێزگرتن لە  قارەمانێتی و لەخۆبوردوویییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان،  ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ک ڕۆژی “پێشمه‌رگه‌”ی کوردستان دیاری دەکا و  لەو ڕێکەوتەوە ڕۆژی  ٢٦ی سەرماوەز دەبێتە ڕۆژێکی مێژوویی و هەموو ساڵێک، لەلایەن پێشمەرگە و هۆگرانی پێشمەرگەوە ئەو ڕۆژە جێژن دەگرن.

پێشمەرگە کێیە؟

ناوی پێشمەرگە لە کۆماری کوردستاندا دیاری کراوە و بووە بە ناوی ڕەسمیی چەکداری کورد. بە بیستنی وشەی پێشمەرگە، سیمای مرۆڤێکی چەکبەدەست، لەسەر پەردەی زەینی بیسەر، بیچم دەگرێت؛ مرۆڤێک کە ئامادەی بەرگریی ئازایانە لە خەڵک و خاکی کوردستانە. ئەم مرۆڤە فیداکار و خۆڕاگرە، بڕوایەکی قووڵی بە ئازادیی مرۆڤ هەیە؛ بڕوای بە ڕزگاربوون لە ژێردەستی هەیە. پێی وایە ئازادیی خاک و خەڵک، ئەوەندە گرینگە، کە بۆ بەدەستهێنانی، ئەگەر پێویست بێت، ئەوا ئامادەیە گیانی لەپێناودا بەخت بکات. بە بڕوای من، ئەمە ترۆپکی ئازایەتی و ئازادیخوازییە. چاوپۆشین و دەسهەڵگرتن لە ژیانی خۆت، بۆ ئەوەی خەڵکی تر بە ئازادی و لە بەختەوەریدا بژین، لووتکەی مرۆڤایەتییە و هەر لە مرۆڤێکی تێکۆشەری وەک پێشمەرگە دەوەشێتەوە. کەوابوو، پێشمەرگە، مرۆڤێکی بەبیروباوەڕە، کە گیانی لەسەر دەستی داناوە و ئامادەیە “ئاگایانە” لەپێناوی خاک و خەڵکدا بیبەخشێت.

بەڵام، لە بیرمان نەچێت، کە لە دەرەوەی ئەم پێناسەیە، ئاکتەر و ڕۆڵگێڕی دیکەیش هەن، کە پڕاوپڕ پەسنی پێشمەرگە دەیانگرێتەوە:

دایکێک، کە بە لای لایە، منداڵەکەی دەلاوێنێتەوە، یان چیرۆک و بەسەرهاتی پڕ لە خەم و ئازاری نەتەوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و هەست و بیری کوردایەتیی، هەر لە سەرەتاوە بۆ دەگوازێتەوە و وەک کورد باری دەهێنێ، پێوەندییەکی قووڵ و هەتاهەتایی لە نێوان منداڵ و ناسنامەی نەتەوەیی منداڵدا ساز دەکا، ئەو دایکە، کە ئەو ئەرکە پیرۆزە جێبەجێ دەکات، بێگومان پێشمەرگەیە.

ئەو زیندانییە سیاسییەی، بەهۆی بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوە بندەستەکەی، لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە زیندانی کراوە، لە هەموو مافێک بێبەش کراوە، ڕۆژانە بەردەوام و بێبەزەییانە ئەشکەنجە دەکرێت و ئازار دەچێژێت، پێشمەرگەیە.

ئەو مامۆستایەی، لە ناوخۆی وڵات، لەسەر ئەرکی خۆی، یان لەسەر ئەرکی خۆی و قوتابی، قۆڵی لێ هەڵدەماڵێ و زمانی کوردی فێری قوتابی و فێرخوازی کورد دەکات، پێشمەرگەیە.

ئەو باوک و دایکانەی، لەو پەڕی بەرپرسیارێتیدا، مامەڵە لەگەڵ ژیانی پڕ لە کوێرەوەریی خۆیان دەکەن؛ ئامادەن تاڵی و سوێری بچێژن، لەگەڵ کەموکووڕی و نەبوونییەکانی ژیان دەست و پەنجە نەرم بکەن و بسووتێن و بسازێن، بەڵام ئامادە نین، بۆ خۆیان، یان کوڕەکانیان، چەکی ڕێژیمە داگیرکەرەکان هەڵبگرن و بە گژی پێشمەرگە و پرسی نەتەوەیی کورددا بچنەوە، پێناسەی پێشمەرگە دەیانگرێتەوە.

بەکورتی، هەر کوردێک، بە هەر شێوەیەک و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بکرێت، خزمەت بە دۆزی نەتەوایەتیی کورد بکات، با بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەشی لەبەردا نەبێت، بێگومان بە پێشمەرگە لە قەڵەم دەدرێت و هەڵوێست و هەنگاوەکانی جێگای ڕێز و پێزانینن.

جیاوازیی پێشمەرگە و سپای وڵاتانی ناوچە

پێشمەرگە لەگەڵ هێزی چەکداری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان گەلێک جیاوازیی هەیە:

ـ بەپێچەوانەی سەربازی، کە ئیجباری و زۆرەملییە، پێشمەرگایەتی ئیختییارییە. سەرباز ڕەشبگیر دەکرێت و دەبرێتە سەربازی. ئەگەر بەختی هەبێ و وەبەری ڕەشبگیریش نەکەوێت، ئەوا لەبەر ئەوەی سەربازیی نەکردووە، لە هەموو مەزایایەکی ژیان لە وڵاتدا مەحرووم و بێبەش دەکرێت. بەڵام پێشمەرگە بە بیرکردنەوە و بە بڕیاری خۆی و ئارەزوومەندانە ڕێگای پێشمەرگایەتی هەڵدەبژێرێ و، لە گرتنەبەری ئەو ڕێگایەدا، دەستی زۆری کەسی بە سەرەوە نییە.

ـ هەروەها، لەنێوان خەڵک و پێشمەرگەدا پێوەندییەکی قووڵ و بتەو هەیە. هێزی پێشمەرگە پشتی بە خەڵک قایمە. لە نێو خەڵکدا هەڵقوڵیوە، بۆ خەڵک خەبات دەکا و هەر لەلایەن خەڵکیشەوە نیاز و پێداویستییە ماددییەکانی خۆی دابین دەکات. پێشمەرگە، بەپێچەوانەی ئەرتەشەکانی ناوچە، گرێدراوی خەڵکە و مەودایەک لەنێوان پێشمەرگە و خەڵکدا نابینرێت. لە حاڵێکدا، ئەرتەشی وڵاتانی دەوروبەری کوردستان، گورزی دەستی دەسەڵاتدارانی ناوەندین و نەک بۆ بەرژەوەندیی گشتی، بەڵکوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاری دێنن و تا بێژی، لە خەڵکەوە دوورن.

زەروورەتی هەبوونی پێشمەرگە

وەک دەزانین، ماف نادرێت، دەستێندرێت. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە، کە نەتەوە بندەستەکان لەگەڵی بەرەوڕوون. لە کۆمەڵگەیەکدا، کە زۆرداران دەسەڵاتیان بە دەستەوە بێت، ناکرێ چاوەڕێ بین بە مەیلی خۆیان مافی نەتەوە ژێردەستەکان دابین بکەن. بەتایبەت ئەوە کە کوردستان گرینگییەکی تایبەتیی بۆ داگیرکەران هەیە:

ـ کوردستان خاوەنی سەرچاوەیەکی بەئاسانی لەبننەهاتووی وزەیە.

ـ کوردستان خاوەنی “ئاو”ە، کە لە دواڕۆژدا، دوور نییە جێی گرینگیی نەوتی ئەمڕۆ بگرێتەوە.

ـ کوردستان خاوەنی کانگەی زێڕە، کە ئەگەر بۆ خۆی بێت، وڵاتەکەی بەتەواوی ئاوەدان دەکاتەوە.

ـ کوردستان خاوەنی “هێزی میلیۆنیی کار”ە، هێزێک کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیادا، سەرمایەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکرێت و زۆر جار دەوڵەتەکان ناچار دەبن ئەم هێزە، واتە هێزی کار، بە هەزینەیەکی قورس، لە وڵاتانی ترەوە بهێنن.

ـ گرینگتر لەوانەش، بۆ دابەزاندنی دێمۆکراسی لە نێو گەلانی ناوچەکەدا، کورد لە هەموویان ئامادەیی زیاترە.

بە گەیشتنی کورد بە مافەکانی، داگیرکەران هێزی میلیۆنی و هەرزانی کار و، سەرچاوەکانی وزە و ئاوی کوردستانیان لە کیس دەچێت. گرینگتر لەوە، باڵۆنی فوودراوی شارستانییەتی پڕ لە درۆیان کونی تێ دەبێ و لووتبەرزییان برەوی نامێنێ. گەلانێک باس لە شکۆمەندیی مێژوویی و بەرزیی شارستانییەت دەکەن، کە بەدرێژایی مێژوو گەلانی دیکەیان نەکردبێتە کۆیلە و ژێردەستەی خۆیان و مەزنایەتیی خۆیان بە بچووککردنەوەی ئەوان مسۆگەر نەکردبێت و لەسەر درێژەدان بەو سیاسەتە هەروا سوور نەبن.

لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتی ئەوان لە پێشێلکردنی مافی ئینسانەکانی ترەوە سەرچاوە دەگرێت. گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، یەکسانە لەگەڵ لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان و ئەمەش کارێکە کە ئەوان قەت ئامادە نابن بە دڵخوازی خۆیان ئەنجامی بدەن. ئەمە زەروورەتی لە مەیداندا بوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کورد، زیاتر دەسەلمێنێت. هەم بۆ ئەستاندنی ماف و ئازادییەکانی کورد و هەمیش بۆ پاراستن و بۆ بەرگری لێ کردنیان.

 

خاڵە بەهێز و لاوازەکان:

پێشمەرگە بڕبڕەی پشتی جووڵانەوەی ئازادیخوازیی کوردستانە. ئەگەر پێشمەرگە لەو جووڵانەوەیە بستێندرێتەوە، ئەوا توانایی ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نابێت. بە بارێکی تریشدا، ئەگەر جووڵانەوە بەهێز بێت، ئەوا پێشمەرگەش بەهێز دەبێت. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم، زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵی لاواز و بەهێزی جووڵانەوەی نەتەوایەتیی کورد بکەم، کە پشتی بە هێزی پێشمەرگە بەستووە:

خاڵە بەهێزەکان:

دەکرێ گرینگترین خاڵە بەهێزەکانی جووڵانەوەی کورد، کە وەک گوترا، پشتئەستوور بە هێزی پێشمەرگەیە، لە سێ خاڵدا کۆ بکەینەوە:

ـ یەکەم ئەوەیە کە ئەم جووڵانەوەیە خاوەنی حیزب و ڕێکخراوی مودێڕن و سەردەمیانە لە کوردستاندایە و لەو ڕێگایەوە، ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد لە ڕیزەکانی خۆیاندا ڕێک دەخەن و جێیان دەکەنەوە.

ـ دووەم خاڵی بەهێزی جووڵانەوەی ڕەوای کورد ئەوەیە کە خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە. هێزێک کە دەتوانێ لەهەمبەر هێرشی سەرکوتکەرانە و دڕندانەی ڕێژیمەکانی ناوەندیدا بوەستێت و بەرەنگاری لە کورد و کوردستان بکات.

ـ خاڵی سێیەم، ئامانجی سەرەکیی جووڵانەوەکەیە، کە لە پرسی نەتەوایەتیدا کورت کراوەتەوە و لە چەقی خەباتی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکاندا جێی گرتووە، کە لە خودموختاری یان ئۆتۆنۆمیی جاران و فیدراڵی و سەربەخۆییخوازیی ئەمڕۆدا خۆی دەردەخات.

… وە بەڵام خاڵە لاوازەکان:

‌خاڵە لاوازەکان دوو بەشن. بەشێکیان لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی کورد خۆی هاتوونەتە ئاراوە. بەڵام بەشێکیان کورد بۆ خۆی خوڵقاندوونی. کاتێک خاکی کوردستان، لە ساڵی ١٥١٤، لەنێوان ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و سەفەویدا دەبێت بە دوو بەش، دواتر، دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانیش، ئەو بەشەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان، دابەش دەکرێتەوە، ئەوەی لەو دابەشکردنانەدا، گوێی بۆ ڕانەگیرا و پرسی پێ نەکرا، کورد بوو.

بەڵام ئەگەر پارچەکردنی کوردستان لە دەرەوەی ویست و ڕەزامەندیی کورد جێبەجێ کراوە، بەشێک لە جیاوازییە نەخوازراوەکان، کورد بۆ خۆی هۆکاری سەرهەڵدانیانە. بۆ نموونە با ئاوڕ لە چەند دانەیەکیان بدەینەوە:

ـ ڕۆژی پێشمەرگە:

ئەگەرچی حیزبی دێموکرات ٢٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کردووە، بەڵام، ئەوەی ڕاستی بێت، ئەم ڕێکەوتە مێژوویییە، کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کۆماری کوردستانەوە هەیە، لەلایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەوە پەسند نەکراوە. حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان، یان هەر ڕۆژێکیان بەو ناوەوە نییە، یان خود ڕۆژێک، جیا لەو ڕۆژەیان بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە دیاری کرووە. پێشمەرگە چەمکێکی گشتگیرە و بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی تاقە نەتەوەیەک، کە ناوی نەتەوەی کوردە، خەبات دەکات. هەر بۆیە بەجێ دەبێت، لە یەک ڕۆژی دیاریکراودا، یادی بکرێتەوە و ڕێز لە فیداکاری و بەرخۆدانەکانی بگیرێت، بەمەش یەکێک لە جیاوازییە نەخوازراوەکان نامێنێت.

ـ ناوی پێشمەرگە:

ناوی پێشمەرگە، ڕاست وەکوو ڕۆژی پێشمەرگە و تەنانەت خودی پێشمەرگە، دابەش کراوە. لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوی پێشمەرگەیە، کەچی لە باکوور و ڕۆژاوا، بە گەریلا ناودێر کراوە. کام لەو دوو چەمکە لەبارتر و گونجاوتر دێنە بەرچاو، ڕوونە. لە باری مێژوویییەوە سەیری بکەین، ئەوا بێگومان پێشمەرگە لە گەریلا کۆنترە. یانی پێشمەرگە بەرلە گەریلا کەوتە نێو دەقی نووسراوی کوردی و زمانی ئاخاوتنی خەڵکەوە. لە ڕووی زمانەوانیشەوە هەڵیسەنگێنین، ئەوا دیارە کە پێشمەرگە وشەیەکی خۆماڵیی کوردییە و بەری داری زمانی کوردییە. بەڵام گەریلا، کە بە واتای “شەڕی بچووک” دێت، لە بنەڕەتدا وشەیەکی سپانیایییە.

‌ـ ئاڵای نەتەوەیی:

‌ئاڵا هێمای نەتەوەیی هەر نەتەوەیەکە. هێما و ڕەمزی یەکگرتوویی تاکەکانی نەتەوەیە. هەموو تاکێکی نەتەوە ئاڵای نەتەوەیی نەتەوەکەیان بە هی خۆیان دەزانن. هەرچەند کورد لە باشوور، لە ڕێگای دامەزراوەیەکی قانوونییەوە، کە پارلەمانە، ئاڵای ڕەنگینی کوردستانی پەسند کردووە و جگە لە باشوور، لە ڕۆژهەڵاتیش بەفەرمی ناسراوە، کە چی بەداخەوە لەلایەن بەشێک لە کورد، لە باکوور و ڕۆژاوا، بەڕەسمی دانی پێدا نانرێت و بە ئاڵای خۆیانی نازانن. ئەمەش خاڵێکی لاوازە، لەمپەرێکە، کە بەداخەوە ناکۆکی و دابڕانی پێوە دیارە.

‌زمان:

ئێمە تاکە نەتەوەین، بەکردەوە، سێ “ئەلفبێ”ی لێکجیاواز بۆ نووسینی زمانەکەمان بەکار دەهێنین، کە بریتین لە ئەلفبێی ئارامی (عەرەبی)، ئەلفبێی کیریلی و ئەلفوبێی لاتینی. بێجگە لەمانە، ئەلفبێیەکی دیکە، بەکار دەهێنرێت، کە لاتینییە و بە ئەلفبێی یەکگرتوو دەناسرێت. ئەو هەموو ئەلفبێیە، بۆ تاقە زمانێک، لێک بێگانە کردنەوەی خوێنەرانی کورد و لە ڕیشە هەڵکێشانی زمانەکە نەبێت، ناوێکی تری لەسەر دانانرێت.

هەر چۆنێک بێت، ئەوە بەشێک لەو جیاوازییانەن، کە ئەمڕۆ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا زاڵن، کە بێگومان ئەرکی نەهێشتنیان دەکەوێتە ئەستۆی حیزب و ڕێکخراوە بەرپرسیارەکانی کوردستان.  هەبوونی جیاوازییە نەخوازراوەکان و زەقکردنەوەیان، بە زیانی کورد دەشکێتەوە. با حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان، لەباتیی زەقکردنەوەیان، وێکڕا هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن:

ئێمە تا کەی خاوەنی ئاڵای نەتەوەیی نەبین؟ وەک هەموو نەتەوەیەکی سەر ڕووی ئەم زەوییە.

تا کەی خاوەنی ڕۆژێکی نەتەوەیی بۆ کورد نەبین؟ وەک نەتەوەکانی تری جیهان؟

تا کەی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕۆژێکی هاوبەش بێبەش بێت؟

تا کەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشمەرگە و گەریلا و شەڕوان و هتد بێت و یەکناو نەکرێتەوە؟ هاوڕێیان! لەم سەردەمەدا، زیاتر لە هەر شتێک، کورد پێویستی بە وشیاریی نەتەوەیی هەیە. بۆ ئەوەی بەو وشیارییە بگات، پێویستی بە هێزێکە بڕوای بە گۆڕان هەبێت. وە بۆ ئەوەی گۆڕان پێک بێت، دەبێ “جووڵە” هەبێت. ئەوە کە ئایا، ئێمە وەک کورد، ئەو جووڵە پێویستەمان کە بمانگەیەنێتە ئامانجەکانمان، هەیە یان نا؟ پرسیارێکە وەڵامەکەی بۆ ئێوە دەهێڵمەوە.

ئالبرت ئه‌ینشته‌ین ده‌ڵێت: “ژیان وه‌ک سواربوونی پاسکیل وایه‌. بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی خۆت بپارێزی و نه‌که‌وی، ده‌بێ له‌ لێخوڕین به‌رده‌وام بیت و نه‌وه‌ستیت.”

لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم و هیوادارم ڕۆژێک بێت، پێشمەرگەی کوردستان، لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەربەخۆدا و لە ژێر ئاڵای یەکگرتووی کوردستاندا، شانازییەکانی خۆی جێژن بگرێت.

ئیتر هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

دەنگ


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی