"an independent online kurdish website

هەروەك ئاگادارن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا شاندێكی باڵای ڕێژیمی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەلی لاریجانی، سەرۆكی مەجلیسی ڕێژیم لە سەردانێكدا بۆ كوردستانی باشوور،hama-nezif-qaderi-

چەندین چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حكوومیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا. لەم نێوانەدا پێشوازیی فەرمیی گەرموگۆڕی بەرپرسانی حیزبی و حكوومیی هەرێم لە موحەممەد جەعفەریی سەحراڕوودی، تیرۆریستی بەناوبانگ و یەكێك لە بكوژانی شەهید دوكتور قاسملوو مژارێك بوو كە ناڕەزایەتیی توندی نیشتمانپەروەرانی كورد بە تایبەتی لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێ كەوتەوە. بە مەبەستی روونبوونەوەی زیاتری لایەنە جۆراوجۆرەكانی ئەم بابەتە و ئاگادار بوون لە هەڵوێستی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەم پێوەندییەدا، وتووێژێكمان لەگەڵ بەڕێز موحەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب ئەنجام داوە كە سەرنجی خوێنەرانی بەڕێزی ڕۆژنامەی كوردستان بۆ دەقی ئەم وتووێژە ڕادەكێشین:

كوردستان: ئامانجی سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی بەناو پارلەمانیی كۆماری ئیسلامی لە كوردستانی عێراق لە ڕوانگەی ئێوەوە چ بوو؟

محەممەد نەزیف قادری: لە ڕاستیدا، سەردانەكەی هەیئەتەكانی عێراقو ئێران لە یەكتر دوای رووخانی ڕێژیمی پێشووی عێراق لە 2003ی زایینییەوە، شتێكی ئازە نیە، لە هەموو بوارەكانی سیاسی و نیزامی و ئابوورییەوە، بەرپرسە پلە باڵاكانی هەر دوو وڵات لە هاتوچۆدان، سەردانی ئەم دواییەی عەلی لاریجانی سەرۆكی بەنێو پارلەمانی ئێران لە عێراق و هەرێمی كوردستان دوای سەردانی سەلیم جەبووری، سەرۆكی پارلەمانی عێراقی فیدراڵ لە ئێران بوو، ئەم سەردانەی عەلی لاریجانی لە وەڵامی ئەو سەردانەدا بوو.

كوردستان: بوونی كەسانی وەك سەحراڕوودیی تیرۆریست و بكوژی شەهید دوكتور قاسملوو لە نێو شاندەكەدا هەڵگری چ واتا و پەیامێكە بۆ كورد و باشووری كوردستان؟

محەممەد نەزیف قادری: ئەگەر بە وردی چاو لە پێكهاتەی هەیئەتەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران بكەین، دەبینین زۆربەی ئەو كەسانە سەر بە دامودەزگا ئەمنییەكانی ڕێژیمی ئێرانن و ئەركی سەرەكییان پێوەندیگرتن لەگەڵ حیزب و لایەنە دەستەمۆكانی ڕێژیمی ئێرانە كە لە وڵاتانی خۆیان پێڕەوی لە سیاسەتە دژی مرۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن و كاری تیرۆریستی دەكەن و هۆكاری بشێوی لە وڵاتەكەیاندان، ئەركی ئەم هەیئەتەش كە عەلی لاریجانی سەرپەرەستیی دەكرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو و لە كەسانێكی داواكراو و تیرۆریستی وەك محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی پێك هاتبوو كە لە لایەن پولیسی نێونەتەوەییەوە بە تاوانی شەهیدكردنی ڕێبەری مەزنی گەلی كورد د. عبدولرحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە وییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریش لە 13ی جوولای 1989ی زایینی بەرانبەر بە 22ی پووشپەڕی 1368ی هەتاوی، داوا كراوە. هێنانی ئەم تیرۆریستە لە روانگەی ئێمەوە چەند مانای هەیە:

یەكەم: بایەخ نەدان بەو كەس و لایەنە ڕۆژئاواییانە كە لە سەر ئەم فایلە نەزەریان دەربڕیوە و ئێستاش داكۆكی لە سەر گرتنی بڕیاردەران و تیرۆریستەكانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە و دەیان كردەوەی تیرۆریستیی دیكە دەكەن.

دووهەم: جەعفەری سەحراڕوودی، یەكێك لەو پاسدارانە بووە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ راپەڕاندنی كاروباری لایەنە عێراقییەكان بە كوردیشەوە دیاری كراوە و بەردەوام بە نهێنی و ئاشكرا لە هاتوچۆی هەرێمی كوردستاندا بووە و پیلانداڕێژی كاری تیرۆریستی بووە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئەمجارە زۆر بە مەبەستەوە سەحراڕوودییان هینایە كوردستان و لە بەرگی دیپلۆماسیدا، بۆ ئەوەی بە ئەو لایەنانە كە سەحراڕوودی بە بكوژی دوكتور قاسملوو دەزانن، بڵێن سەحراڕوودی دوورە لەو تاوانە و وەك دەبینن، ڕێبەرانی كوردیش بەگەرمی پێشوازی لێ دەكەن و فەرشی سووری بۆ ڕادەخەن و لاملی ماچ دەكەن و لە باوەشی دەگرن. لە راستیدا ویستیان بە هۆی كوردەوە خۆیان لەو تاوانە بەری بكەن.

بەڵام بە خۆشییەوە ڕای گشتی و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكانی كورد و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ بە گرتنەبەری هەڵوێستی مرۆیی و نەتەوەیی ئەم مغازلە( دڵدارییە) ڕواڵەتییەیان ریسوا كرد و جارێكیتر كۆمەڵانی خەڵك نیشانیان دا كە ئیرادەی ئەوان لە هەڵوێستی ڕەزیلانەی كۆمەڵیك بە نێو سەركردە و لایەنی چەواشەكار زۆر بە هێزترە و ئێزن نادەن بەها نەتەوەییەكانیان و خوێنی پاكی ڕێبەرانی وەك دوكتور قاسملوو بكرێتە كەرەستەی ساتوسەودای ئەو لایەنانە.

كوردستان: لە ڕووی عورفی دیپلۆماتیكەوە و لە سەر ئەرزی واقیع، بەرپرسانی هەرێم تا چ ڕادەیەك دەیانتوانی لە دیاریكردنی پێكهاتەی ئەو شاندەی كۆماری ئیسلامیدا شوێندانەر بن و پێش بە بەشداریكردنی سەحراڕوودی لەو شاندەدا بگرن، بە جۆرێك كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لەم بەشەی كورستانیشدا نەگەیەنێت؟

محەممەد نەزیف قادری: ئێمە و خەڵكی كوردستان ڕۆژێك لە ڕۆژان دوودڵ نەبووین لەوەی كە كەسانی وەك سەحراڕوودی و قاسم سلێمانی و… كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن، كەمترین ڕێز بۆ ڕێبەران و سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستان دانانێن، هەر بۆیە ئێمە وێڕای ئەوەی كە پشتیوانیمان لە دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و ئیرادەی بەهێزی گەلی كورد لە باشووری كوردستان كردووە، هیچكات ئەوەشمان نەشاردۆتەوە كە ئەو پێوەندییە بێ‏سنوورەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانی باشوور لەگەڵ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی دەستێوەردانی ئەم ڕێژیمە لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا بە گەورەترین مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسیی كورد بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەزانین كە ئێستا بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ و هەروەك بینیمان كاتێك پرسی دەوڵەتی نەتەوەیی كورد هاتە ئاراوە، ڕێژیمی ئێران یەكەمین ڕێژیم بوو كە دژی ئەم پرسە هەڵوێستی گرت.

كوردستان: پەرچەكردار یان هەڵوێستی ئێوە وەكوو حیزبی دێموكرات و پەیامتان بۆ خەڵك و لایەنەكان و حكوومەتی كوردستانی باشوور لەم پێوەندییەدا چییە؟

محەممەد نەزیف قادری: ئێمە وەكوو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بەداخین لەو پێشوازییە دوور لە چاوەڕوانییەی ڕێبەران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و ئەو شێوازەی وەرگرتنی تیرۆریستێكی وەك جەعفەری سەحراڕوودی لە پێشدا بە بێڕێزی بە سەروەریی هەرێمی كوردستان و دواتر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و كەسایەتیی ڕێبەری گەورەی وەك شەهید دوكتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای دژی تیرۆریزم، بە پێشمەرگە شەهیدەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە دەزانین.

 

به‌ڕێز محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە وتووێژێك لەگەڵ كوردستاندا:  كوردستان

2015/01/17

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی