کوردە بڕوانە لە مێژووی دواوە
نیشتمانەکەم بەخوێن نەخشاوە
لەدەشت و چیا لەگوند و شاران
لە جۆگەو رووبار،مەنزڵگەی یاران
یان لەسەر کانی شوێنی جەحێڵان
یان لە ناو حوجرە و ژووری فەقێیان
لە پاڵ کێلە شین یان بابا یادگار
هەر لە مادەوە بە درێژی رۆژگار
خوێنی دەچۆڕێ، زامدارە لەشی
گیانی دەسێنن، نەمانە بەشی
کوردە بڕوانە چەند هەزار ساڵە
ئەمە بەشمانە ، ژیانمان تاڵە
وڵاتی کوردان ناڵە و زاریەتی
ژان دەچێژێ لەدەست کۆیلیەتی
کوشت و کوشتار و وڵاتی خنکاو
لەت و کوتیش بین،ریزمان لێک بلاو؟
کوردە بەسیەتی ئەم پرژ و بڵاوە
گەر نەبین بەیەک سەرمان بێکڵاوە
لەکونجی زیندان لاوانی دڵێر
بەپێوە دەمرن وەکوو بەچکە شێر
لەسەر قەندیل و کێوی ئاگری
یان لە ئارارات قەڵای بەرگری
شاهۆ و داڵاهۆ،ئاویەر و هەڵگورد
نزار و کوێستان، فێنکستانی کورد
دامێنیان سەوز و سوورە گوڵزارن
گشتی شکۆفەی باڵای سەردارن
لە یادیان نەکەین، کوردە غیرەتێ
ڕێچکەیان بگرین،دەیسا هیمەتێ
رێچکەی خەبات و سەربەستی ژیان
یەکگرتنی دەوێ بۆ سەرکەوتنمان
دەبا یەک گرین هەموو بە هەڤڕا
ئازاد بێ وڵات بە هەوڵی تێکڕا
دڵسۆز یاری
فینلاند
19.01.2015