"an independent online kurdish website

مستەفا هیجری دەڵێت ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دیكە بە ئامادەبوونی سكرتێری هەردوو حزبی دیموكرات بۆ تاوتوێكردنی یەكگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەی دیموكرات بەڕێوە دەچێت.hijri_mustefa

هەولێر

لە بەردەم یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكرات گرفتی گەورە نییە

سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرسی یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت چەند جارێك دانیشتنییان لەسەر ئاستی دەفتەری سیاسی و سكرتێریش كردووە و هیچ گرفتێكی گەورە لەبەردەم یەكگرتنەوەی هەردوولا نابینێت و دەشڵێتدەمانەوێت بە وردی بچینە كارەكەوە و نامانەوێت دوای یەكگرتنەوە جیابوونەوەی دیكە دروست ببێتەوە، ئەوەش ئاشكرا دەكات لەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەسەر ئاستی دەفتەری سیاسی هەردوو لا بە ئامادەبوونی سكرتێری هەردوو حزب بەڕێوە دەچێت و دوایین پێشهاتەكانی یەكگرتنەوە تاوتوێ دەكرێت.

مستەفا هیجری لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:

 ئەوەی لەبارەی یەكگرتنەوەوە باسی لێوەدەكرێت شتێكی تازە نییە، درێژەی ئەو هەوڵ و تێكۆشانانەیە كە نزیكەی دوو ساڵە دەستمان پێكردووە، دوای ئەوەی لە دوایین كۆنگرەماندا یەكێك لە راسپاردەكان بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ یەكگرتنەوە ئیدی هەوڵەكانمان چڕتركردەوە و لێژنەیەكمان پێكهێنا و لەگەڵ هاوڕێیان چەند جارێك دانیشتووین تا ئاستی سكرتێری هەردوولا“. 

 گوتیشی: “رەنگە ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دیكە لە نێوان هەردوو دەفتەری سیاسی بە ئامادەبوونی هەر دوو سكرتێر بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی كارەكە و وردەكارییەكانی بەگشتی باس بكەین و دواتر لێژنەكانمان درێژەی پێبدەن“.

سەبارەت بە یەكگرتنەوەكەش هیجری بۆچوونی وایە كە دەبێت ئامادەكارییەكان و دانیشتنەكان بچنە وردەكارییەكانەوە بۆ رێگەگرتن لە هەر جیابوونەوەیەكی دیكە پاش ئەو یەكگرتنەوەیەی بڕیارە ببێت، چونكە جودابوونەوە بە زیان گەیاندن بە حزب و كوردیش لە رۆژهەڵات بە گشتی تەواو دەبێت بە بۆچوونی ئەو.

سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت هەردوو لایەن رێككەوتوون كە خاڵە سیاسییەكانی پەسەندكراوی دوایین كۆنگرەی حزبەكەیان پێش ئەو جیابوونەوەیە بكەنە بنەما لە وتووێژەكانییان و لەو پێناوەشدا لەسەر ناوی حزب و ئاڕمەكەیان و چەند شتێكی دیكەش رێككەوتوون. لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ دیاریكردنی كات بۆ یەكگرتنەوەكە مستەفا هیجری خۆی بە دووردەگرێت و دەڵێت پێشبینی كردنی كات زەحمەتە“.

ئەو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئێران بەو یەكگرتنەوەیەی ئەوان قەڵسە و پێیانخۆش نابێت، لەوبارەیەوە دەشڵێت:

 ئەسڵەن خودی جیابوونەوەكە ئەگەر راستەوخۆش نەبێت بە ناڕاستەوخۆ دەستی ئێرانی تێدابوو، كۆماری ئیسلامی ئێران نەك بۆ حزبی دیموكرات كە حزبێكی سەرەكییە لە رۆژهەڵات، یەكگرتوویی كوردی لە هەموو بەشەكاندا پێ ناخۆشە و هەموو كار و تێكۆشانی لە هەموو بەشەكان بۆ جودایی و بەگژیەكداكردنی كوردە“.

پڕۆسەی سەرگرتنی یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكرات كاریگەریی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت بە بۆچوونی هیجری، جگە لە بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە رای ئەو كاریگەریی لەسەر ورەی ئازادیخوازانی ئێران و خەڵكیش بەگشتی دەبێت.
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەوەش دەڵێت كە وڵاتانی ئەورووپایی لەگەڵ یەكگرتنەوەكەدان و بەوانیشیان راگەیاندووە كە ئەو كارەیان پێخۆشە، دەشڵێت یەكێتی و پارتی و كورد بە گشتی ئەو یەكگرتنەوەیان پێخۆشە.

ئێران بۆ تەمبێ كردن و سزادانی كورد داعشی لە هەولێر نزیككردەوە

سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری كە حزبەكەی یەكێكە لە كۆنترین حزبەكانی كوردی بەرهەڵستكاریی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو هەڤپەیڤینەییدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بوونی هەواڵگریی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت ئەوان زانیاریی تەواوییان لەبەردەستە كە ئێران مۆڵگەی سیخوڕیی زۆری لە هەرێم هەیە و دەڵێتئێران لە رێگەی هەردوو كونسوڵخانەكەی لە هەولێر و سلێمانی و زۆر شوێنی دیكەی نهێنیی بوونی هەواڵگریی هەیە، بوونی كۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێك بۆ هەواڵ وەرگرتن نییە، بەڵكو بۆ تێكدایە، چونكە ئێران لە رێگەی باڵیۆزخانەكانییەوە دەیەوێت بزانێت چۆن دەتوانێت جیاوازیی بخاتە نێو حزبەكان و یاری بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی“.

لەبارەی شەڕی داعشیشەوە دەڵێت پێش شەش مانگ لەمەوبەر نزیكەی پێنج هەزار لە ئەندامانی سوپای قودس پەڕیونەتەوە بۆ كوردستانی عێراق، ئەوە جگە لە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەران و پسپۆڕان كە كار بۆ مەشقپێكردنی سوپای عێراق دەكەن، دەشڵێت بەشی زۆری ئەوانە بە ناوی پاراستنی مەزارگەكانی شیعەكان لە كەربەلا و نەجەف و سامەڕا هاتوون، بە رای ئەو ئەو هێزانە لە ناوچە جێ ناكۆكەكانی جەلەولا و سەعدییە و چەند ناوچەیەكی دیكەش جێگیر كراون.

مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی بۆ سەر مەخموور و گوێڕ و نزیكبوونەوەیان لە هەولێر بۆ یەكەم جار پێش چەند مانگێك لەمەوبەر دەڵێت ئێران داعشی لە هەولێر نزیك كردەوە بۆ تەمبێ كردنی كورد كە ماوەیەك بوو باسی سەربەخۆییان دەكرد، دەشڵێت هاتنی داعش بۆ هەولێر و نزیكبوونەوەیان لە مەخمور و گوێر لەلایەن ئێرانەوە بەرنامەرێژی بۆ كرابوو، ئێران ویستی ئەوان بێنە ئێرە و كورد تەمبێ بكات، چونكە لەو ماوەیە و پێشتریش كورد زۆر باسی ریفراندۆم و سەربەخۆییان دەكرد و كۆماری ئیسلامی ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو ویستی كورد سزا بدات“. 

باس لەوەش دەكات پاش پێكانی ئەو ئامانجەی ئێران و سەرۆكایەتی هەرێم  و حكومەتی هەرێمیش وایان بڵاوكردەوە كە ئێران یەكەم وڵات بوو یارمەتیی هەرێمی دا لە شەڕی دژ بە داعش.

 مستەفا هیجری بۆ ئەو قسانەی كە دەیانكات زوو زوو دەیگوت بەپێی زانیارییەكانییان، ئەو گوتیشی: “زانیارییەكانمان باس لەوە دەكەن ئێران مەشق بە پەنابەری ئەفغانی دەكات و دواتر دەیناننێرێتە نێو ریزەكانی داعش“.

سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هۆكاری كشانەوەی هێزەكانییان لە شەڕی دژ بە داعش پاش بەشداربوونێكی كورت دەڵێت: “ئێمە وەكو حزبی دیموكرات ئێستا هیچ هێزێكمان لەشەڕی دژ بە داعش لە باشووری كوردستان بەشدار نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر گوێڕ و مەخمور و نزیكبوونەوەیان لە هەولێر ئامادەیی خۆمان بۆ ناردنی هێز بۆ شەڕەكە دەربڕی و بەرپرسانی هەرێم داوایان لێكردین و بەدەمیانەوە چووین، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت داوای كشانەوەیان لێكردین و كشاینەوە“.

لەمەڕ هۆكاری ئەو كشانەوەیەش مستەفا هیجری دەڵێت ئێران پێی خۆش نییە هێزەكانی حزبە كوردییەكان  دەربكەون و رەنگە ئەو كشانەوەیەش هەر لەسەر داوای ئێران بووبێت“.

كۆنگرەی نەتەوەیی لە بەر بەرژوەندیی حزبایەتی نابەسترێت

مستەفا هیجری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بە گونجاو نازانێت و هەلومەرجی سیاسی و ناوچەیی بە لەبار بۆ ئەو كردیەیە نابینێت و دەڵێت

 دوای روخانی رژێمی پاشایەتی و خۆ راگەیاندنی بە ئاشكرای حزبی دیموكرات خەباتی چەكداریمان وەكو شێوەیەكی خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران زانی نەك وەكو ئامانج و یەكلاكەرەوە، بۆیە خەباتی چەكداریی خوێناویمان لە گەڵدا بردە پێشەوە، ئێستاش ئەگەر بوار هەبێت دیسان دەكرێت خەباتی چەكداری وەكو یەكێك لە شێوەكان كەڵك لێ وەربگرین، ئەگەر هەلومەرجە سیاسی و ناوچەیی رێگەبدات رەنگە وەكو شێوەیەك لە شێوەیەك كەڵكی لێ وەربگرین، بەڵام ئێستا ئەو هەلومەرجە بۆ ئێمە لەبار نییە، ناتوانیین لێرە دابنیشین و بچین لە ئێران خەباتی چەكداری بكەین“.

هیجری لەبارەی پرسی كۆنگرەی نەتەوەیشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت بەرژەوەندیی حزبایەتی هۆكاری دواخستنییەتی، لەو رووەوە گوتی: ” لەكاتێكدا هێزی كورد هەمووی پارچە پارچەیە و هەمووی لە بیری پێكهێنانی بەرژەوەندی و قازانجی خۆیەتی نەك بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەوا كۆنگرەی نەتەوەی نابەسترێت، كۆنگرەی نەتەوەی دەبێت لەسەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێكبێت، ئێستا بۆ بەرژوەندیی حزبی و گرووپ و دەستەیە، تا ئەو كاتەی ئەو رەوتە بەردەوام بێت پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی سەرناگرێت، ئەگەر سەریش بگرێت لە بەرژەوەندیی یەك دوو لایەن دەبێت، پێشتریش هەر بەو هۆیەوە كۆنگرەكە سەری نەگرت، بۆیە گەشبین نییم لەبەستنی لەبەر بەرژوەندیی حزبی“.

هیجری پارتی و پەكەكە بەتایبەت ئەمەی دوای بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر كۆنگرەی نەتەوەییەوە دەربكەوێت، دەشڵێت هەر لایەنێك بیەوێت كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ بەرژوەندیی خۆی بخاتە ژێر هەژموونی خۆی ئەوا سەرناگرێت“.

لە كۆتایی قسەكانیدا سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری سەركەوتنی كۆبانیی لە دژی داعش بە گرنگ هەڵسەنگاند و گوتی بە سەركەوتنی خۆیانی دەزانن و هیوای ئەوەشی خواست ئەو سەركەوتنە سەرەتایەك بێت بۆ شكستپێهێنانی داعش لە هەموو خاكی كوردستان.

سەرچاوە: ئاژانسی ئانادۆڵ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی