شاری ستٶکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید یەکێکی تر لەو شوێنانەیە کە ئەندامان دۆستانی حیزب نەورۆزیان تێدا پیرۆز کرد.
ئەو جێژنە رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی اکەلێوەی ٢٧١٥ی کوردی بەرانبەر بە ٢١ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی، لەلایەن کومیتەی حیزبەوە لە ستٶکهۆڵم بە هاوکاری رێکخراوەکانی یەکێتی کوردانی و یەکێتی لاوان بەڕێوەچوو، لە ڕێوڕەسمەدا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، دۆستان و بنەماڵە حیزبیەکان تێیدا بەشدار بوون.
سەرەتای جێژنەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی رەقیب” و خولەکێک راوەستان و بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی جێژنەکەوە بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵێ نوێی کوردییان لێکرا.
دواتر دەرفەت درا بە بەڕێز ” حامید دروودی” کە بە نوێنەرایەتی رێکخراوی یەکێتی کوردان پەیامێک بەو بۆنەیەوە پێشکەش بکات.
بەڕێزیان لە پەیامەکەیاندا وێڕای پیرۆزبایی کردن، باسێکی کورتی لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی نەورۆز و گرێدراوی ئەو جێژنە بە نەتەوەی کوردەوە کرد و پێداگری لەسەر ناراست بوونی بەشێک لەو ئەفسانە و چیڕۆکانە کردەوە کە دراونەتە پاڵ جێژنی نەورۆز. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانج لە پڕوپاگەندانە چەواشەکردنی مێژوو و کولتوری نەتەوەیی کورد و ئەو هاونیشتمانیانەیە کە ساڵەهای ساڵە لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان پێکەوە بە تەبایی و ئارامی ژیاون و دەژین.
دواین بەشی جێژنەکە بە بەشداری لاوی دەنگ خۆش ” حەمزە سەفەری” و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
کومیتەی حیزب لە ستۆکهۆڵم.
٢ی خاکەلێوەی ٢٧١٥ی کوردی
٢٢ی ئازاری ٢٠١٥ی زایینی
تێبینی: ڤیدیۆکە بەم زوانە دێتە سەر هەواڵەکە