یه‌کێک له‌و جێژنانه‌ی که ساڵ له دوای ساڵ به شکۆیه‌کی زۆرتره‌وه پیرۆز ده‌کرێ نه‌ورۆزه و ئه‌ویش رێوڕه‌سمی سێزده‌به‌ده‌ری به‌دوواوه‌یه که ئه‌میش هه‌ر به شکۆیه‌کی زۆر له لایه‌ن چه‌ند نه‌ته‌وه له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
و به‌تایبه‌تی کورده‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ. به پێی دابێکی زۆر کۆن هه‌موو ساڵێک پێش نه‌ورۆز خه‌ڵک دانه‌وێڵه و به‌تایبه‌تی گه‌نم و جۆ له نێو زه‌رفێکدا ده‌چێنن بۆ ئه‌وی بۆ نه‌ورۆز و سفره تایبه‌تیه‌که‌ی 7 سین ئاماده بێ، دوای ئه‌وه‌ی 12 ڕۆژ پشووی نه‌ورۆزی کۆتایی پێهات سه‌وزیه‌که له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ده‌ڕۆن، له شاره‌کاندا ئه‌م سه‌وزیه له سه‌ر کاپوت و سه‌ر ماشینه‌کانیان داده‌نن بۆ ده‌رکردنی سێزده‌به‌ده‌ر روو ده‌که‌نه ده‌شت و مه‌زرا و بناری کێوه‌کان و هه‌تاکوو ئێواره‌یه‌کی دره‌نگان ناگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌م کاره‌ش بۆیه ده‌که‌ن که گوایه له‌م رۆژه‌دا، به‌م جۆره کرده‌وانه ده‌توانن، نه‌حسی ساڵی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و به قه‌وڵی خۆیان ره‌وانه یان “به‌ده‌ر”ی ده‌که‌ن. هه‌ر له سه‌یرانه‌که یان له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا هه‌ر که‌سه 13 به‌ردی چووکه فڕێ ده‌دا و به‌م جۆره هیوادار ده‌بێ که ساڵی نوێی دوور بێ نه نه‌حسی و کوڵۆڵی. به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که کراوه سێزده‌به‌ده‌ر یه‌کێک له کۆنترین جێژنه‌کانه که پێش ئاینی ئیسلامیش له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌ر باو بووه و خه‌ڵکیی گرنگییه‌کی زۆریان پێداوه. به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ک زۆر شتی دیکه رێوڕه‌سمی ئه‌م ڕۆژه‌ش له لایه‌ن خه‌ڵکی پارچه‌کانی کوردستانه‌وه به شێوه‌ی جۆراو جۆر به‌ڕێوه ده‌چێ و له هه‌ر به‌شه تایبه‌تمه‌ندی خۆیان پێداوه و ئه‌ویش پێوه‌ندی به رژیمی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و به‌شه‌وه هه‌یه، به‌ڵام خاڵێک که هه‌موو له سه‌ری سوورن ئه‌وه‌یه که ناوی ئه‌م ڕۆژه پێوه‌ندی به ژماره‌که‌یه‌وه ١٣ەوه هه‌یه و له‌به‌ر ئه‌وه به رۆژێکی کڵۆڵ ده‌ژمێردرێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م کڵۆڵ بوونه‌یه که خه‌ڵک له ماڵ ده‌ڕۆنه ده‌رێ و هاتووچۆی که‌س ناکه‌ن و پێیان خۆش نیه که‌سیش له‌م رۆژه‌دا هاتووچۆیان بکا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که خه‌ڵک زۆر له کڵۆڵ بوونی سێزده‌به‌ده‌ر ده‌ترسێن و له‌م رۆژه‌دا ماڵی خۆیان به جێ دێڵن و روو له کێو و ده‌شت و ده‌ر و نێو سروشتی سه‌رسه‌وزی به‌هار ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ریش کارێکی نابه‌دڵیان له‌م ڕۆژه‌دا بۆ پێش بێ پێوه‌ندی به‌م رۆژه نه‌حسه‌وه ده‌ده‌ن، بەڵام لاوه‌کان به‌تایبه‌تی کچه‌کان له نێو سروشتدا له ڕۆژی سێزده‌به‌ده‌ردا گه‌ڵای گیاکان به نیازی به‌ربوونی به‌خت و تووشبوونیان به هاوسه‌رێکی باش و دڵخوازی خۆیانه‌وه گرێ ده‌ده‌ن و نیازی دڵی خۆیانی بۆ باس ده‌که‌ن. بێگومان ئه‌م کارانه و ته‌نانه‌ت کوڵۆڵی رۆژی سێزده‌به‌ده‌ریش له لایه‌ن هێندێک که‌س به گاڵته و بیروڕایه‌کی پڕوپووچ دێنه ژماردن.
هه‌رجۆرێک بێ و مرۆڤ هه‌ر جۆرێک له سه‌ر 13 و سێزده‌به‌ده‌ر بیر بکاته‌وه، ره‌نگه باش بێ بزانین بۆ سێزده‌به‌ده‌ر وه‌ک رۆژێکی کڵۆڵ ناسراوه.
هه‌روه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد، له جێهاندا خه‌ڵێکی زۆر باوه‌ڕیان به کڵۆڵی ئه‌م رۆژه هه‌یه و تێده‌کۆشن هه‌موو رووداوه نابه‌دڵه‌کانیان پێوه‌ندی بده‌ن به‌م رۆژه‌وه، دیاره ئه‌مه ته‌نیا سێزده‌به‌ده‌ر ناگرێته‌وه، له راستیدا ژماره‌ی 13 له خۆیدا له کۆمه‌ڵی کورده‌واری و لای زۆر نه‌ته‌وه‌ی دیکه به نمره‌یه‌کی ناپه‌سه‌ن داده‌نرێ، هه‌ر بۆیه‌ش کاتێک مه‌ڕدار و جوتێره‌کانی کوردستان به‌رهه‌می خۆیان ده‌ژمێرن، که ده‌گه‌نه ژماره 13 له جێگای ئه‌م ژماره ده‌ڵێ “زیاده” یان “10 و 3”!
ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ئوروپا و ئامریکاش که سه‌فری زۆر ده‌که‌ن، زۆر به ده‌گمه‌ن ئاماده‌ن رۆژی 13 مانگ سه‌فه‌ر بکه‌ن، یان له نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان به کڵۆڵی 13 هه‌یه که‌میان ئاماده‌ن له ته‌به‌قه‌ی 13ی هوتێلێکدا دیوێک به کرێ بگرن، هه‌ر بۆیه زۆر جار خاوه‌ن و به‌رپرسانی هوتێله‌کان مه‌جبوور ده‌بن ته‌به‌قه‌ی 13ی هوتێله‌که‌یان بکه‌ن به ره‌ستوران و هه‌مبار، هه‌روه‌ها میوانه‌کانیش تێده‌کۆشن ژماره‌ی دیوه‌کانیان شتێکی دیکه بێجگه له 13 بێ. له ئێران و هێندێک شوێنی دیکه‌دا به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ که‌سێک ماڵه‌که‌ی له ماڵی ژماره 13ی شه‌قامێکدا بێ و رازی بێ ژماره‌ی “13” وه‌ک پلاکی ماڵه‌که‌ی به ده‌رکه‌وه هه‌ڵواسرێ، بۆیه له جێگای 13 ده‌نووسن 1+12 تاکوو به‌م جۆره وه‌به‌ر کڵۆڵی 13 نه‌که‌ون.
کڵۆڵی ژماره 13 له نێو خه‌ڵکی ئوروپا و ئامریکا و به گشتی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به مه‌سیحیه‌ت هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رووداوه که له رۆژه‌کانی کۆتایی ژیانی په‌یامه‌به‌ره‌که‌یاندا رووی دا.
له‌م پێوه‌ندیه‌دا “هه‌نگامه غورج” له وتارێکدا ده‌نووسێ: لاینگرانی مه‌سیحیه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌دان که له کاتی خواردنی نانی شه‌ودا، حه‌زره‌تی مه‌سیح به هاوڕێکانی وتووه: “یه‌کێک له ئێمه 13 که‌س خه‌یانه‌ت ده‌کا”. ئه‌و که‌سه‌ش “یه‌هودا” بوو که له‌گه‌ڵ سه‌ربازه رۆمیه‌کاندا، قه‌راری دانابوو که ده‌ست و شانی حه‌زره‌تی مه‌سیح ماچ بکا و سه‌ربازه‌کانیش به‌م ناونیشانه‌دا مه‌سیح بناسنه‌وه. “یه‌هودا”ش به‌وجۆره‌ی که له کۆبوونه‌وه‌که‌دا قه‌وڵی دابوو، کاتێک سه‌ربازه رۆمیه‌کان هاتن، ده‌ست و شانی مه‌سیحی ماچ کرد و سه‌ربازه‌کانیش به‌م جۆره ناسیانه‌وه و گرتیان که دواتریش چوارخشته‌یان کێشا و له سه‌لیبیان دا. ئێستاش خه‌ڵکی ئینگلیز به خه‌یانه‌ت کردنی که‌سێک به هاوڕێکانیی ده‌ڵێن “ماچی یه‌هودا”.
به‌ڵام کڵۆڵ بوونی 13 زۆر له‌مه کۆنتره و له نێو میسریه کۆنه‌کان و “فنقیه‌کان”یشدا هێندێک نیشانه له کڵۆڵ بوونی 13 ده‌بینرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که وه‌ک ڕۆژ روونه، تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی له سه‌ر کڵۆڵ بوونی 13 نیه و ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێ که ناتوانین ئه‌م ژماره به سه‌ر هیچ ژماره‌یه‌کی دیکه‌دا دابه‌ش بکه‌ین!
به بڕوای من سێزده‌به‌ده‌ر نه‌ک هه‌ر رۆژێکی کڵۆڵ نیه، به‌تایبه‌تی بۆ لاوه‌کان رۆژێکی زۆر خۆش و به‌هارییه، که له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵکی نان و پێخۆه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و به دڵێکی شاده‌وه له گوێی ئاو و کانیاوه‌ێکدا داده‌نیشن و سفره‌ی خۆیان ده‌ڕازنێنه‌وه و له سه‌ر سفره‌ش سه‌وزه گیای وه‌ک پوونگه و کوزه‌ڵه‌ی ته‌رچکی تازه له ئاوی سارددا ده‌رهێنرا له لایه‌ک و له لایه‌کی تریشه‌وه گیزه گیزی کتریه ڕه‌ش سه‌فایه‌کی دڵ‌نشین به کۆڕه‌که ده‌دا، له ته‌نیشت ئه‌مانه‌ش تۆزێ له‌ولاتره‌وه، کیژ و کوڕ ره‌ش به‌ڵه‌ک ده‌گرن و لاوێکی ده‌نگ خۆش گۆرانیان بۆ ئێژێ و ئه‌وانیش پڕ به دڵی خۆیان پێ به عه‌رزدا ده‌کوتن و هه‌ڵپه‌ڕکێی “فاتاح پاشایی”، “چه‌پی” و “گه‌ڕیان” هه‌ڵده‌په‌ڕن و به‌م جۆره تاسه و کوڵی ده‌روونی خۆیان داده‌مرکێنن و جار جاره‌ش ده‌سگوشین، چاوه‌بڕکه و دوو قسه‌ی دڵداری گۆڕینه‌وه تام و جێژێکی له بیر نه‌کراو به رۆژی سێزده‌به‌ده‌ر ده‌دا. ئه‌وەی به‌لای منه‌وه سه‌یره، خواردنێک که خه‌ڵکی لای ئێمه ئه‌مڕۆ له بیری ناکه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن بۆ سه‌یرانی سێزده‌به‌ده‌ر “هێلکه”یه، له هه‌مان ڕۆژیشدا له نێو مه‌سیحیه‌کان (به‌تایبه‌تی له سکاندیناڤی)دا جێژن و پشووی “عید پاک”(پۆسک)ه که هێلکه و مریشک و جووجه‌ڵه، رازێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌م جێژنه‌ن، تۆ بڵێی ئه‌مانه له کۆنه‌وه یه‌ک نه‌بووبن!
حامید درودی
13/1/27١٥ کوردی