"an independent online kurdish website

شۆڕش و خەباتی کورد بەردەوامە لە گەڵ ئەو بەردەوامیەشدا شەهیدی زۆر دراوە، مەیدانی خەبات لە کوردستان تەنها پیاوان نەبوون بەڵکو ژنانیش دەورێکی باڵایان گێڕاوە لەو شۆڕش و خەباتەدا.aziza_jamshidi-0

بۆیە هەر جارە و شێرە ژنێکی شۆڕشگێڕ بەر سەر دەکەینەوە تا بچێتە مێژووی خەباتی گەلەکەمان و نەچنە دنیای بیر چونەوە، ببێتە خەرمانێك لە مێژووی ژنانی کورد بە گشتی و ژنانی دیموکرات بە تایبەتی.

 

چاوپێکەوتنی ئەم جارەمان لە گەڵ خانمێکی ماندوو نەناسی دیکەی دیموکرات و شۆڕشگێڕی کورد.ئەو خانمە شۆڕشگێرە کوردە ناوی عەزیزە خانمی جەمشیدی هاوژینی شەهیدی نەمر مامۆستا ئەحمەد نەسروڵاهی لە ووڵاتی دانمارک.

1 .  ناوی جەنابت شوێنی لە دایک بوون و نیشتە جێ بوونت و شێوەی ژیانت؟

 عەزیزە جەمشیدی لە دایک بووی ساڵی١٩٦١ (١٣٤٠ هەتاوی) لە ئاوای دەورێشان ناوچەی ژاوەرۆ سەر بە پارێزگای سنە.

 

2 . لە چ کاتێکدا و لە کوێ ژیانی هاوبەشت پێکهێنا؟

ساڵی ١٣٥٧ و سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران ژیانی هاوبەشیم پێکهێنا لە گەڵ شەهیدی نەمر مامۆستا ئەحمەد نەسروڵاهی بەرهەمی ژیانمان پێنج منداڵ، سێ کچ و دوو کوڕ بە ناوەکانی شکۆفە، کەژال، زاگرۆس، دیمەن و زانا.

 شکۆفە لە ئاوایی دەورێشان و کەژاڵ لە ئاوای گلێن لە دایک بوون، زاگرۆس و دیمەن لە باشور (قەندیل) لە دایک بوون، و زاناشم لە کۆیە.

3.   ژیانی منداڵیت چۆن بە سەر برد؟

بە داخەوە لەو ناوچەیەی ئێمە، واتە ژاوەرۆ لە ئوستانی سنە، هیچ خزمەتگوزاری و ئیمکاناتێك نەبوو تا قوتابخانە دروست بکرێت بۆیە منیش وەک زۆربەی زۆری منداڵانی ئەو کاتە بێ بەش بووم لە خوێندن.

4.  لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران جەنابت چ هەستێکت بۆ دروست بوو؟

لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران زۆر دڵ خۆش بووین بەوەی کە ڕژێمی شاە دەروخێت و رژێمێکی دیموکراسی و دادپەروەری دێتە سەر کار لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بەڵام بە داخەوە ڕژێمێکی دکتاتۆر و سەرکووتکەر هاتە سەر کار

 

6.  لەو کاتەدا جەنابت لە کوێ بوویت بە رەو کوێ ڕۆشتن؟

 . ئەو کاتە ماڵی باوکم لە سنە بوون منیش بە سەردان چووبووم بۆ ماڵی باوکم ، شەڕ لە ناو شار دەستی پێ کرد هەواپەیما هات بۆ بومباران کردنی شارەکە من لە ماڵدا بووم دوو پێشمەرگە هاتن پێیان ووتین کە شارەکە چۆڵ بکەین و بچین بۆ دەبیرستان رازی، منیش ئەو کاتە نەم دەزانی دەبیرستان رازی کوێ یە، ئیتر دایکم من و کەنیشکە گەورەکەمی برد و ڕۆشتین، بۆ لای ئیزگەکەی حاجی ئاوا چەند ڕۆژێك لەوێ بووین و خەڵکانێکی زۆر بێ ئیمکانات نان و ئاو شەهید بوون. دوای ئەوخەڵکانەش کە مابونەوە ڕویان کردە ئاواییەکان. ماوەیەک لە دێهاتەکاندا ماینەوە و پاش ماوەیەکی حیزب هاتە ئەوێ و ڕژێم شەڕی داسەپان بە سەرخەڵکی کوردستاندا.

 

6 . ئەو کاتە وەزعی خەڵک چۆن بوون؟ پێشمەرگە ڕووی کردە ئاواییەکان؟

ئەو کاتە مامۆستا کادری حیزب بوو لە مەقەر. پێشمەرگە زۆر باش بوون پشت و پەنای خەڵکی ئاوارە بوون، پاشان ڕژێم ماوەیەکی فشاری هاورد بۆ دێهاتەکان و لە هەموو ئیمکاناتێك بێ بەشیان کردین، هەموو بێ نەوت و بێ ئیمکانات وبێ کشاوەرزی، بەڵام خەڵک لە ناو خۆیاندازۆر یارمەتی یەکتریان دەدا، ترسێکی زۆر هەبوو نەماندەتوانی بچینە ناو شار بۆ بیمارستان و دکتۆر.

 

7. دەکرێت ڕووداوەکە زیاتر باس بکەیت لە دووایدا چی ڕووی دا؟

دوای هێرش کرا و دێهاتەکە گیرا، زۆر لە ژێر زوڵم و زۆر و ناراحەتیدا بووین بە تایبەت بنەماڵە پێشمەرگەکان ئەو کاتە دوو کەنیشکم هەبوو، دوای چوومە ماڵی خەزورم زۆری پێ نەچوو ڕژێم هات ووتی دەبێت ئەو ماڵە بکرێت بە بنکەی رژیم. چەند خۆ فرۆشێکی کورد فشاریان بۆمان هاورد لە دوایدا فارسێك هات زۆر بەزەیی پێماندا هاتەوە بۆیە وازیان لێمان هێنا دوای هاتن تاڵانیان کردین وکتێبی زۆرمان هەبوو کتێبی کوردی هەموو جاشەکان هاتن بردیان زۆر شتی دیکەش.    

8. ماوەی چەند مانگ مانەوە لەوێ؟ ئایا پێشمەرگە لەو کاتەدا مابوەوە و ورەی خەڵکی چۆن بوون؟

نزیکەی یەک ساڵ مامەوە و وەک زیندان وا بووم نەمدەتوانی بێمە دەرەوە، دوای چوومەوە بۆ ماڵی خەسوم، ماوەی ٦ مانگ پێشمەرگە لەوێ نەبوو حالمان زۆر خراپ بوو دوای هاتنی پێشمەرگە خەڵک زۆر خۆشحاڵ بوون. دێهاتەکەمان کەوتەوە دەست پێشمەرگە. لە ژاوەرۆ زۆر ئەشکەنجەی خەڵکیان دەکرد و ئێمە خۆمانمان شاردەوە لە ناو گەوڕ پاش ماوەیەکی هاتینە سەقز لە گەڵ دوو بنەماڵەیی شەهید لەوێ کەسێکم بینی دەستی خۆم و مندالەکانمی گرت و بردمانی بۆ ماڵی خۆیان لە گەڵ ئەو دوو بنەماڵی شەهیدەدا.

 

9 .  ئەو بنەماڵەیە چۆن پێشوازی لێ کردیت و چ پێشنیارێکی بۆت هەبوو؟

 لێی پرسیم دەچیت بۆ کوێ ؟ ووتم دەچم بۆ کوردستانی عێراق و هاوسەرەکەم پێشمەرگەیە، ئەو پیاوە بە ساڵا چووە پێمی ووت! ڕۆڵە شۆڕش بەری دوور و درێژە نەچیت ببیتە ئەعساب وورد کردن و نارەحەتی، پێشمەرگە بە رۆژێك و دوو ڕۆژ سەرناکەوێت شۆڕش ژێر سەری بەردە و ڕاخەرەکەشی زەوی یە، بە ڕاستی قسەی ئەو حاجی یە چوو بە گوێما، دوای هاتینە نزیکی سەفرا لە باشووری کوردستان ، پاشان چوینە قامیش لەوێ نەخۆش کەوتین.

10.  ئەی دوای ئەوە ئێوەیان بردە کوێ؟

پاشان ئێمەیان بۆ بیمارستانی کارێزە بەڕێ کرد، پێشمەرگەی نیگەهبان لەوێ بوو بۆ پارێزگاری کردنی ئەو شوێنە بوو بە ناوی مام موراد، رۆحی شاد بێت. ووتم خێزانی مامۆستا ئەحمەدم ئیتر مام موراد دەرگای بیمارستانی لێ کردمەوە لەوێ هەندێ دکتۆری کورد و فارس هەبوون بۆ چارەسەری نەخۆش و بریندارەکان، حیزب بارەگای لەوێ بوو بۆ خزمەتی ئەو خەڵکە و تەداوی کردنیان. ٦ تا ٧ مانگ لەوێ ماینەوە.

 

11 .  کەی حیزب بارەگاکانی خۆی گواستەوە بۆ قەندیل؟

 دوای ئەوە هاتینە قەندیل لەوێ بەردەوام بووین لە ژیان ڕۆژ نا ڕۆژێك تۆب باران و پاشان چووینە یەکێتی لاوان مامۆستا ئەو کاتە مامۆستای شۆڕش بوو کە دەرس بە لاوان و منداڵان دەووت، ژیانی پێشمەرگایەتی هەمیشە خۆش یان ناخۆش بوو کاتێك هەواپەیما بهاتایە شەهیدمان هەبوایە زۆر نارەحەت دەبووین کاتێك کە تەیارە بوردومانی دەکرد شەوقی هەبوو منداڵەکان دەیانووت ئەوە ئەسباب بازی یە کە دەیخەنە خوارەوە بۆمان، پێشمەرگە دەچوونە مەنتقە بۆ جەولە ماڵئاوایمان لێ دەکردن بۆ هاتنەوەش پێشوازیمان لێ دەکرد،.

 

12. دوای ئەوەی قەندیلتان چۆڵ کرد چوونە کوێ؟

کاتی تۆپبارانەکە زۆر ئەعسابمان نارەحەت دەبوو ئێمە بەرەو کۆیە دەهاتین بە داخەوە لە قەندیل شەهیدمان دا . کاتێك پێشمەرگە دەچووە و ناوچە بۆ چالاکی ڕژێم بۆمبی دەچاند بۆ ئەوەی بە سەر ماشینەکاندا بتەقنەوە. مەقەرەکانی هەموو بۆردومان دەکرد، هەمومان دەچوینە کونە تەیارە و خۆ شاردنەوە چونکە تۆپ بارانێکی سەخت بوو بە هەموو شێوەیەکی هێرش لە سەر حیزب هەبو.

13 .   لە دوای ئەو هەموو نارەحەتی و بنکە چۆڵ کردن و ئاوارەی بڕیاری کۆتاییتان چی بوو؟

 ڕۆژێکی لای ئێوارە بڕیارمان دا بەرەو تورکیە بڕۆین و پێشمەرگەیەک هات بە دوای مامۆستا و بە منی ووت منداڵەکان هەڵگرم و بچم بۆ کۆیە، چۆن هیچ ئیمکاناتێك نە بوو،کە چووین دیتم دەستەیەک لە ئازادی و دەستەیەک لە کۆیە، ئیتر چووینە ماڵێك ماینەوە، دیسان سەر لە بەیانیەکەی دەستی کردەوە بە تۆپ باران منیش نارەحەت بووم پرسیم ئەی هاوار تاکەی تۆپ باران، لە پاشاندا حیزب ئێمەی ناردە بەر دەم دەرگای یوئێن، بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ، پاشان هاتینە تورکیە، دوای ٤ مانگ موصاحەبە کردن مامۆستا دیپۆرت کرایەوە، منیش بە پێنج منداڵەوە وەزعی تورکیە زۆر خراپ بوو، نەم دەزانی مامۆستایان بردۆتە کوێ بۆ عێراق یا ئێران.

14.  لە تورکیا بێ هەواڵ مانەوە، چارەنوستان چۆن بوو؟

ئەو کاتە تەلەفۆن و تەلەفزیۆن نەبوو لە بەر ئەوە هیچ هەواڵێکمان نەبوو، نزیکەی ١٥ مانگ لە تورکیا ماینەوە، دوای ٣ مانگ موساحەبە کراین چاوەڕێی قەبولی یوئین بووین دوای یەک مانگ قەبوڵی یوئێن هاتەوە بۆمان، پاشان مامۆستا گیرا لە تورکیا نزیکەی ١٠ رۆژ زیندان بوو دوای ئازاد کردن پاش ماوەیەکی لە یوئێن نامەیەک هات کە ووتیان دەبێت ئەو ماوەیەیی کە لە تورکیان قاچاخ نەبن ئیقامەت وەربگرین دوای ووتیان بە مامۆستا کە بچێت ئیمزا بکات کە ئیقامەتەکە وەربگرێت، دوای ئەوە خستیانە زیندان ئیمە ئاگامان لێی نەما نزیکەی ٢٠ ڕۆژ هەر کەس بە شێوەیەک هەواڵیان بۆمان دەهێنا، پاشان دراوسێیەکمان هەبوو کە مامۆستا زەنگی دابوو بۆیان کە بە خانەوادەکەم بڵێن دیپۆرت کراومەتەوە بۆ عێراق. دوای یوئێن خۆی مامۆستای لە عێراقەوە بەرەو تورکیە هێنایەوە دوای نۆ مانگ هاتەوە بۆ لامان، زۆری پێ نەچوو قەبوڵی دانمارکمان وەر گرت ، پەناهەندەی زۆر لێ بوو، پاشان یوئێن ئێمەیان بەڕێکرد بۆ دانمارک و پەیوەندیمان کرد بە حیزبەوە ١٦/١٠/١٩٩٧.

 

15. بە داخەوە لە دانمارك مامۆستا کۆچی دوای کرد چ کاتێك و چۆن بوو؟

لە ١٣/١/٢٠١٠ مامۆستا بە هۆی کارەساتی ماشین گیانی لە دەست دا، ئیتر خۆم و مندالەکان و حیزبەکەمانی بە جێ هێشت، لە ووڵاتێکی غەریبی، لەم ووڵاتەدا باوکی پێنج مندالم بە جێی هێشتین بێ کەس و کار.

 

16.  ئێستا ژیانت چۆن بە سەر دەبەیت؟ هەر ئێستاش ئەندامی حیزبەکەییت؟

 ئیستا ٣ کچم شوویان کردوە و کورە گەورەکەم ژنی هێناوە و تەنها کورە بچکۆلەکەم ماوە، منیش حیزبی دیموکراتم زۆر خۆش دەوێت و ئەندامی حیزبم بۆ چالاکیەکان بەشدار دەبم تەنها بۆ جەژنەکان نەبێت، و سڵاوی تایبەتیم هەیە بۆ کاك مستەفا و جێگری هەر سێ ڕێبەری شەهیدمان، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ بنەماڵەی بەرزی شەهیدان و هیوادارم کە هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد بێت ئێستا نیمچە ئازادیەک لە پارچەیەکی کوردستان هەیە هیوادارم کە ئەو سێ پارچەی دیکەش ئازاد بێت، دەستی هەموو دایکانی شەهید ماچ دەکەم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی