"an independent online kurdish website

کوردستان پەرێشان بوو. دانیشتوانی ئاوایی و شارۆچکەکان بەرەو شوێنە نادیار و ئۆردووگا زۆرەملێ یەکان دوور دەخرانەوە. ‘کاردۆ’ هێشتا خرەکە نەببوو.siamand-shexaxayiy_0

بەیانێکی زوو دوژمن بەسەر دێیەکەیانی دادا. دایکی لەحاڵێکدا خەریک بوو بەپەلە کەلوپەلی سووکی نێو ماڵی ڕادەگواست، بێ ئاگا لە تەواو بوونی مۆڵەتی دوژمن لە نەکاو هۆدەکەیان بەسەردا خاپوور کرد و بەزیندوویی کەوتە ژێر سەدان خەلوار خاکوخۆڵ.

لەکاتی پەلاماردانەکەدا ‘هەیاس’ی باوکی کاردۆ لە ماڵ نەبوو. چوو بووە شار، خانوویەکی خنجیلانەی لە شار کڕیبوو، پێوەبوو پاش هێندێک دەست پێداگێڕان و نۆژەن کردنەوە بە یەکجاری ماڵەکەیان بۆ شار بار بکا، بەڵام هەرکە خەبەری کوژرانی کتووپڕی خێزانی پێدەگا. دەسبەجێ شوێنی ئۆردووگا زۆرەملی یەکان دەگرێتەبەر لەوێ کۆرپە ساواکەی لە دراوسی یەکانی وەردەگرێتەوە.

هەیاس لە تاو لە دەستچوونی خێزان و بێ ئەنوایی منداڵە بێ دایک بووەکەی هەناوی گر دەگرێ و بڕیار دەدا، هەتا رووحی لەبەردایە ڕێگا نەدا تەمی خەفەت و بێ نازی بنیشیتە سەر جەستە و دەروونی ناسکی کۆرپەکەی و دڵسۆزانە تێ بکۆشێ شوێنی بێ دایکی بۆ پڕ بکاتەوە. 

بەخۆی دەگوت:

“_ باشە، ئەگەر هاتوو گەورەکان کەوتنە بەر ئازارو ئەشکەنجە، لانی کەم هۆییەکەی فام دەکەن، بەڵام بەرخۆڵەیەکی نەرم و نۆڵ، غونچە گوڵێکی نەپشکووتوو کە هێشتا پێی نەگرتووە، چۆن تێ بگا دایکی بەبێ سووچ و تاوان، بێ بەزەیانە کەوتۆتە بەر هوروژم و بە زیندوویی کەوتۆتە ژێر خاکو خۆڵ؟ چۆن تێ بگا کە دەبێ دوور لە خۆشەویستی دایکانە لەگەڵ ئازار و بێ مێهری ژیان ڕووبەڕوو ببێتەوە!؟”

بەڵێ، زووڵمێکی گەورە و ناحەقێکی لە ڕادەبەدەر دەرحەق بەکاردۆ بچکۆلانەکە کرابوو! چونکە ئەویش وەک هەموو منداڵانی سەر ڕووی ئەم زەوییە پێویستی بە دایک بوو. دەبۆایە ئەویش بەشیری دایک مێشکی بە‌هێز و لە داوێن و باوەشی پڕ لەخۆشەویستی دایکیدا فرچکی گرتبایە. هەروەها لەوەش دڵنیا بووبایە ئیدی ڕەشەی بای زوڵم و تاریکی لە داهاتوودا ناتوانێ ژیانی پەڕپەڕ بکاو بژاکێنێ!؟

باوکە بەدیتنی گڕوگاڵ، گاکۆڵکە و دارەدارەی کاردۆ بچکۆلانەکەی لەسەرەخۆ هەناوی دەبووژایەوە و تاکوو زەمان پێدەچوو بەرەبەرە پەژارەو بەسەرهاتی تراژدیایی خێزانی لە دەروون دادەمرکاو مکوڕو لێبڕاو بەرەو ژیانێکی ئارام و نوێ هەنگاوی دەنایەوە.

هەیاس بەبۆنەی رۆڵەکەیەوە زۆر دڵخۆش ببوو. بەچەشنێکی ڕێکوپێک و جوان دەرو ژووری ماڵەکەی نۆژەن و ڕازاند بووە. بۆنی عەتری دارو گوڵی نێو حەوشەو ماڵەکەی جەستەی ماندوویان دەحەساندەوە. دیوی خەوی کاردۆ وەک کەژاوەیەکی نەخشین و ژیکەڵانە لێ کردبوو. دایانیکی دڵسۆز رۆژانە تەرو ویشکی دەکرد و لە هەر میوەو خواردەمەنییەکی بەتام بۆن خۆش بووایە، بۆی لە بازار دەکڕی و دەرخواردی دەدا، بەڵام کاردۆ ئەوەندە بچکۆلانە بوو، هەستی بەختەوەری خۆی نەدەکردو نەیدەزانی بەچ هەوڵ تێکۆشانێکی سەخت ئەو بەختەوەرییەی بۆی ڕەخساووە.

ئاواتی هەرە بەرزی هەیاس ئەوە بوو، کوڕەکەی زوو پێ بگرێ و باڵا بکێشی، ڕەوانەی مەدرەسەی بکا، تاکوو لەوێ فێری خوێندن، ئاکار و کردەوەی باشی مڕۆڤایەتی بێ و بتوانێ مڕۆڤێکی بەکەڵک بۆ گەل و نیشتمانەکەی بار بێ! هەیاس سات بەسات چاوی بەدوای کوڕەکەیەوە بوو. ڕایدەهێنا، لەکاتی دارەدارەدا بن باڵی دەگرت، ڕێوڕەسمی ڕێگا ڕۆیشتن و هەنگاو بەرز کردنەوەی نیشان دەدا و فێری هوشیاری و ئەدەبی دەکرد.

کاردۆی شیرن زمان، ژیکەڵەو ئیسک سووک، بەلەفزی منداڵانەیەوە سەدان وشەی بێ سەرو بن و نادیاری یەک بەدوای یەکدا تێکدەکردەوە کە لەنێو ئەو هەموو وشانەدا تەنیا واتای بابە بابە ڕوون دەبووییەوە!

کاردۆ هەڵدەستا سەرپێ و دەکەوتەوە. دەلەرزی و خۆی دەگرتەوە. نووکە نووک، پێدەکەنی، دەگریا و دەکڕووزایەوە. هەمدیسان بەدارەدارە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە، دەم بەخەندە بەلەزو پەلە خۆی دەباوەشی بابە دەهاویشتەوە. هەیاس بەچوار چاوان وشیاری کوڕەکەی بوو، نەیدەهێشت بکەوێ و دەست بۆ بن باڵ ئامێزی بۆ دەکردەوە! ئینجا بە تامەزرۆیی هەڵیداویشت نەجارێک بەڵکوو دەیان جار نێوچاوانی ماچ دەکردو سەر ڕوومەتی دەلستەوە.

کایەیی “دایە مەمدە بە گورگی، گورگ ددانی تیژە” کایەیی هەموو رۆژێکیان بوو. جاری واشبوو بۆی دادەهاتەوە لەسەر قەڵاندۆش یان سواری کۆڵ بەنێو ژوورو حەوشەدا وەک ئەسپ دەیحیلاند و دەیپڕماند، بە قۆرتە خۆی هەڵداویشت و ڕایدەکرد و بە چوار دەوردا دەی سوڕاندەوە!

کاردۆ هەرچی چاوی دەکرایەوە، زیاتر دەورو بەری خۆی دەناسی. هەر رۆژە فێری لەفزێکی نوێ دەبوو، دەرونی پتر لە قسان دەئاوسا، بەپەلە و بێ سەرو بن، بە ئاهەنگێکی ساکارو خەم ڕەوێن. گا بەگریان یان گڕوگاڵ و گۆرانی منداڵانە وشەکانی تێک دەکردەوە. ئەم شێوە هەڵسووکەوتەی منداڵ لەگەڵ گوتن و بیستنی ڕۆژانەدا پێکدێ، ئەوەش نیشاندەری بەرەو پێشەوە چوونی بیرو هۆشی منداڵە. کاردۆیی ڕووناکی و شادی هێنەر، لەکاتی بێداریدا بۆ ساتێک لە جێیەک وچانی نەبوو، نەدەسرەوت. لەنێو ماڵدا باوکە و دایان و خزم و کەس بەبیستنی دەنگە ناسکەکەی دەگەشانەوە… مەلی سەرچڵ و لاسکی دارو گوڵی حەوشەکەیان وێڕای کاردۆ دەکەوتنە جریوەجریوو باڵەفڕکە! گوڵاڵەسوورە، هەڵاڵە، هێرۆو بەیبوونی کێوسارانی کوردستان کە ببوون بەدەستچێنی حەوشەکەیان، لەگەڵ نەسرین و یاسەمەن بۆنی خۆشیان بڵاو دەکردەوە. ئەم بنەماڵە دوو کەسی یە بەچەشنی دوو گەوهەر وابوون، یەکیان تەمەنی لە سێ تێ پەریبوو، ئەویتریش بەرەو سەروی سی ساڵ هەنگاوی دەنایەوە. کاردۆیی لە مێهرو محەبەتی دایک بێ بەری کراو، لە سایەی باوکێکی داناو منداڵپەروەردا بەختەوەرانە دەژیا. باوکە لەبەر دەستیدا وەک مەڕی خودا وابوو! ئەو بستە منداڵە پێی گوتبایە هەستە! هەڵدەستا… بڕۆ! دەرۆیشت!… هەردووک پێکەوە لە ژیان لەزەتیان دەبرد! بەبێ یەک ژیانیان لێ تاڵ دەبوو! نەمازە کاردۆ لە دووری بابی ئارام و قەراری لێ هەڵدەگیرا، بەدەم بابە بابەوە سەد جار پتر دەرو ژووری دەکرد. هەرکە بابە وەک مانگ لەبەر دەرگایە خۆی دەنواند. کاردۆیی ئەستێرە بە شەوقی مانگ ڕوو گەش، وە جریوەجریو دەکەوتەوە.

کایەو قسەی شیرنی منداڵ گشت ماندوویی لە جەستەی دایک و بابان دەردەخا. شەوانە کاتی خەوتن باسکی هەیاس هەتا بەرە بەیان دەبوو بە سەرینی ڕۆڵە بچکۆلانەکەی و لەباوەشیدا چیرۆکی ‘گورگ و برخۆکەی’ بۆ دووپاتە و سێ پاتە دەکردەوە:

_ “رۆژێک لە ڕۆژان برخێکی تینوو لەسەر جۆگەیەک ئاوی دەخواردەوە. لە سەرەوەی ئەو گورگێکیش خەریکبوو ئاو بخواتەوە.

گورگە ڕوو بە بەرخەکە دەڵێ:

_ئەتۆ ئەم ئاوە بۆ لە من قوڕئاو دەکەی؟!

بەرخەکە دەم لە ئاو دەکاتەوە و دەڵێ:

_ئەتۆ لەسەرەوی من ئاو دەخۆییەوە! چۆن دەبێ من ئاو لە تۆ قوڕئاو بکەم؟!

گورگ ددانی لێ دەچیڕەوە دەبا و دەڵێ: 

_ئای! ئای! تەماشا زمانی چەند درێژە! مەگەر گوێت لێ نەبوو گوتم ئاوەکەم لێ قوڕئاو مەکە!

بەرخەکە سەر هەڵدێنێ و بەلارەملی دەڵێ:

_ئاوەکە خوڕێنەو ئەتۆ لە سەرەوەی من ئاو دەخۆییەوە، خۆ ئەم ئاوەش بەرەو سەر ناگرێتەوە! کەوابوو من چۆن دەتوانم ئاو لە تۆ شلوێ بکەم؟

گورگ توڕەتر لە پێشوو دەحەپێنێ و دەڵێ:

_تەماشا! تەماشا!… زمانی چەند درێژە؟… خۆ دەمەلاسکەشم لەگەڵ دەکا!؟ ئیدی دەرفەت ناداو پەماری دەداو بەرخی لانەواز هەڵدڕهەڵدڕ دەکاو قوتی دەدا!”

کاردۆش بەقایەتەکانی بابی پێڵووەکانی قوورس دەبوون و خەوێکی ئارام دەی بردەوە.

 گورگ لە کەمیندا بوو. باوکە گورگی حیسانخۆری باش دەناسی و بیرەوەری زۆر تاڵی لێی هەبوو، هەربۆیە لە ترسی پەلاماری گورگە خوێنخۆرەکان، لە گشت خشپەیەک دەسڵەمی یەوە و بە پارێزەوە چوار دەوری خۆی بەچنگ و ددان دەپاراست.

لە نەکاو وڵات شڵەژاو شڵەقا! بوومەلەرزە، بوڕکان، سێڵاوو سۆنامی نەبوو! بەڵکوو پەلاماری گەلە گورگ بۆ سەر هەزاران مەڕو بەرخی بێ خودان بوو! گەلە گورگ چاویان زەق، ڕەنگیان بۆر، دڕو هار، بریندارو خوێنخۆر بوون. هاوکات دەست لەگەڵ پەسڵانی سەرماو کڕێوەی ئاخرو ئۆخری رۆژە سەختەکانی زستانی پیر، بەربوونە گیانی خەڵکی بێ ئەنواو بێ دەرەتان!

 هەژاران بێ پەناو بێ دەسەڵات، لە ترسی گیان، برسی و پێخواس، سەرمابردوو هەراسان وەکێو بەندەنان هەڵدەگەڕان و خۆیان دە دڕاڵ و ئەشکەوتان رۆدەکرد! منداڵی ساوا دەمیان بە مەمکی دایکیانەوە وشک بوو! پیرو پەککەوتە و کەلەلا لە دەست سەرماو لەبەر بێ هێزیان دەکەتن و هەڵنەدەستانەوە! کۆڕەو لە ماڵ و زێدی خۆ، بەرەو کوێ؟! لە ترسی گوڕگی هارو دڕ ناچار پەنایان بۆ بەر دەرگای چەقەڵ و کەمتیاران دەبرد…! چ گەلێکی هەناسەساردو لێقەوماو!؟ گنجی نێوچاوانیان قووڵ و بەسەرهاتیان دڵتەزێن!

هەیاس بەدستێک چەک و بە دەستەکەی دیکەی کوڕەکەی توند بە ئامێزەوە دەگوشی. لە خۆفی گورگ بێ ئارام لە هەوڵی دۆزینەوەی پەنایەکدا بوو… لە بەندەنێک سەرکەوت و شۆڕ بووە نێو دۆڵێک. شەپۆلی ئادەمیزاد و هاوارو ڕۆڕۆ و ناڵەی مڕۆڤە لێقەوماو و شڵەژاوەکان لەگەڵ گاڵەی سەرماو تۆف تێکەڵ بە یەک،  دڵی چاخیان وەژان دەهێنا و گۆمی بێدەنگیان دەشڵەقاند.

گورگی دڕو هار هەروا بە دوایانەوە لە پشتەوە ددانی دەچیڕەوە دەبرد. ئەوەی وەبەر چەنگی هاتبایە تێکی یەوە دەپێچاو لەبەرێکی هەڵ دەتڵیشاند.

دەرەتان نەبوو، گورگ باڵی گرتبوو! هەیاس ماندوو شێواو کوڕ بە باوەش و گاهێک بەکۆڵەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕێگای دەبڕی. لەپڕ لە بەرزایەکەوە گورگان بە چەشنی ژەنگەسوورە سەریان وەدەرنا و خستیانە بەر پەلامار. هەیاس زۆر بە گورجی ڕای کرد، کاردۆیی دایە ژێر داڵدەیەک، ئەوسا بە دەستە سەرمابردووەکەی پەلاماردەرانی وەبەر دەسڕێژان دا، بەڵام دەسڕێژی دوژمن لە هی ئەو بەهێزتر و تەڕدەستتانەتر بوو. هەیاس پێکرا، گڵۆڵە بووە و لە هەڵدێڕێک بەرەو قووڵایی دڕاڵێک هەڵدێردرا و دەنگ چییە لێ نەبیسترایەوە!…

 کاردۆ نائارام بوو، بەڵام نەدەگریا و پێشنەدەکەنی! پاش تاوێک هەستی منداڵانە پێی سەلماند کایەی ئەمڕۆکەیان هیچ وەکوو هی ڕۆژانی ڕابردوو ناچێ و لە خۆشارەوەکێنی ئەم جارەدا، بابی بانگی نەکرد و سەری لێ هەڵنەهێنایەوە! پاش دەمێک چاوەڕوانی تەنیایی وەزاڵەی هێنا و چەند جاران لەسەریەک نوزایەوە و جارێکیش هاواری کرد:

_”بابە، بابەگیان!” بەڵام بێجگە لە دەنگی شریخەو ڕمبەو وژەی تۆف و شڵێوە وڵامێکی دیکە نەبیسترایەوە.

منداڵ لەبەر ئەوەی فیکری دوور نابڕێ، کاتێک گەورەی لێ دەمرێ، وەکوو مەزنەکان بەسەری خۆی داناداو شین ناگێڕێ، بەڵام لەجێدا چاوەکانی بەحاڵەتی نائاسایی دەگێڕێ و خەمێکی خەست و تاڵ بەسەر نێوچاوانی یەوە خۆ دەنوێنێ!”

 کاردۆ بچکۆلانە بێدەنگ بوو، ئەقڵی پێ نەدەشکا لە شەوەزنگێکی ئاوا تووش و سەختدا دەبێ چ بکا؟ برسی و کەسیرە بوو، هێزی پێی نەبوو وەک گەورەکان ڕێگای کێوساران پێش بگەرێ! دەنگی دەرنەدەهات تاکوو ئەوحەشیمەتە شڵەژاو و ڕەشایی ئاساییە کە بەحاڵ دەنگیان لە دوورەوە دەبیسترا، لە چارەنووسی خۆی ئاگادار بکا. کاردۆ لە شەوێکی سامناک، لە کاتێکی سەخت و ڕەش میوان بوو. ئیدی لە جێگای نەرم و گەرم، لە خواردەمەنی بەتام و میوەی خۆش، بۆنی گوڵ و خزمەتی دایان، سەرکۆڵ و قەڵاندۆشی باوک هەواڵێک نەبوو، هەمووشتێک لەو شەوە شوومەدا ماڵاواییان لێ کردبوو.

تاریکایی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا بوو،  کاردۆی یاری شەوەزەنگ، لە ژێر باڵی دێوەزمەی تۆف و شڵێوەدا، تازە تەنیا نییە! ناترسێ!  هەست بەسەرماو برسێتی ناکا! جارێک، دوو جار، سێ جارو دەیان جار بابە بابە!…بابە!!! گێژەڵووکەیەکی بەهێز لەسەر بەرزایەکەوە تێکی یەوە پێچاو کردی بە نواڵەو بەرەو لێژ بەرزی کردەوە و خولی دا لە نزیک جەستەی بێ گیانی بابە بەهەردی دادا، بەچەشنێک دەستە بچکۆلانەکەی سوکێک بە دەستە ساردو سڕ بووەکەی بابی یەوە نووسا… هەردووک جەستە بێ گیان، مستیان قووچاو، چاویان مۆڵەق، دەمیان ئاواڵە و سارێژ لە پەند و ئامۆژگاری، بۆ بەرەی ئێستا و داهاتوو!…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی