قسەی خۆمان بێت بەخت یارت بوو، کە لوولەی نەوتی کوردت تەقاندەوە، یەک لە بەر ئەوەی بێ خاوەنە و کەس کاری پێت نییە، دووهەم ئەوە ئەگەر هی کورد نەبوایە ئێستا شەڕێکی گەورە لە سەری درووست دەبوو کە ئەو سەری نادیار بوو!
باشە برا ئەوە ئەم جارە زانیت، جارێکیتر وریا بە لە خۆتەوە چاوت بە هەر لوولەیەک کەوت نەیتەقێنێتەوە!
جگە لە لوولە نەوتی کورد، هەموویان خاوەنیان هەیە!
مرۆڤ هەڵە دەکا، هیچ نییە، منیش جاری وایە جل و بەرگی ڕەنگ پێشمەرگەییم لێ تێک دەچێت، نازانم کامیان هی خۆمانە و کامیان هی خۆمان نییە!
دنیایان پڕ کردە لە لوولە نەوت، وەڵا منیش سەراسێم گرتە بە دەستیانەوە، ئەمیان ئێژێ ڕێگریمان لێ دەکەن لە فرۆشتن و ئەویان ئێژێ هەر ئەوڕۆکە چەند میلیاردمان دەسکەوتووە!
هەر کەسە و لوولە نەوتێکی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، ئەوەتا هەزار تانکەرە نەوتەکەی مەرزی باشماخ بوو بە مەتەڵ و جێگری سەرۆک کاک کۆسرەت ڕەسووڵیش سەری لێدەرنەکرد، ئیتر پێشمەرگەی هەژار یان گریلایەکی بەسزمان چووزانێ لوولەی نەوت چییە؟
ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێت کێ دەزانێت ڕۆژانە بە تانکەر، بە بەرمیل، بە لوولە، بە کامیان نەوت دەچێت بۆ ئێران؟ بۆ تورکیا و بۆ بەسرە؟
من کە هەر سەرم لەمانە دەرناچێت لەوانەیە تانکەری ئاو و تانکەری نەوت لە یەک نەکەمەوە، ئیتر من چۆن بزانم لوولە نەوت ڕووی لە تورکیایە، یان ڕووی لە کوردستانە و خۆ من قیبلە نمام پێ نییە و نازانم کام لا قیبلەیە؟
خوا ئەم جارەشی بە خێرگێڕا، تا جارێکیتر خوا گەورەیە!
ڕەوف گوڵبەدەن
2.8.2015 ز