پیرۆز بێ رۆژی هەشتی مارس لە ژنانی ئازادیخوازی جیهان و بە تایبەتی ژنی کورد!
رۆژی هەشتی مارس بە رۆژی نێونەتەوەی ژن ناسراوە. ئەمرۆژە لە مێژسالە لەلایەن کۆمەڵانی ئازادیخوازانی جیهان و بەتایبەت رووناکبیرو شۆرشگێرانی کورد ڕێزی لێ دەگیرێ و بەگرینگی چاو لەو رۆژە مێژووییە دەکرێ. دەبێ ئەوەش وەبیر بێنمەوە هەر لە کۆنەوە لە سەردەمی ‘زردەشت’ پێغەمبەردا لە ئێرانی کۆندا بۆ هەر مناسبەتە رۆژێک دیاریکراوە وەک رۆژی کشاوەرز، دایک، مێهر، خەرمان هەڵگرتن، بەهار و… لە نێو هەموو ئەو رۆژانەدا رۆژێکیش بۆ ژن دیاریکراوە. (چواری مارس)*
ئەوەی شایانی باسە. ژنانی ئوروپایی لە ساڵی ١٩٢١وە سەربەخۆیی خۆیان وەدەست هێناوە. پێش ئەم ساڵە ژن بەشێوەیەکی فەرمی و شارستانیانە لەگەڵ پیاو مافی یەکسانی نەبووە. خاتوو’ کلارا زتکین’ ژنی خەباتگێڕو بە ناوبانگی ئاڵمانی ساڵی ١٩١٠ زایینی لە کۆنگرەیەکی ژنانی سوسیالیست لە’کۆپنهاکی’ پێتەختی دانمارک پێشنار دەکا رۆژێک بە ناوی رۆژی خەبات بۆ ئازادی ژن دیاری بکرێ، پاش ئەو داوایە بە پەسندی ئێف ئێن(سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان) ساڵوەگەڕی هەشتی مارسی هەمووساڵێک بۆ ژیانی یەکسانی ژن و پیاو دیاری کراوە.
دیارە پێشینەی دامەزراوەو یەکێتیەکانی ژنانی ئورووپا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر پێش ساڵی ١٩١٠ بەڵکوو لە ساڵی ١٧٩٨دا لە ‘فەڕانسە’ خاتوو’ ئۆلیمپ دۆکوژ’ پەیماننامەی مافی ژنی بردە نێو کۆمۆنی ‘پاریس’، لە پەیماننامەکەدا هاتبوو کە ئەگەر دەسەڵات بۆی هەیە ژن لە سێدارە بدا، دەبێ ئەو مافەفەش بە ژن بدا کە بتوانێ بگاتە کورسی پاڕڵمان. بەڵام سەرەنجام ئەم خاتوونە ملی وەبەر گیۆتێن کەوت و کوژرا. هەروەها لە ساڵانی ١٨٥٠و ١٨٥٧ ژنانی فێمنیسم و یەکسانی خوازی جیهان لە هێندێک شوێنی دنیا دەنگی خۆیان بە دژی نابەرابەری جینسی و شوغڵی بەرز کردەوە. لە ساڵی ١٨٧١دا نزیکەی دەهەزار ژنی فەرانسی چالاکانە بۆ پارێزگاری لە کۆمۆنی پاریس لە بەرامبەر دوژمنەکانیاندا هاتنە مەیدان و یەکێتی یەکیان بۆ پارێزگاری لە پاریس و پەرەستاری کردن لە برینداران پێکهێنا و تەنانەت بەشێک لەو تێکۆشەرانە لە شەڕی نێو شەقامەکاندا گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی لە دەست دا.
لە ساڵی ١٩٠٨دا ژنانی کرێکاری ئەمریکا لە شاری’نیۆیۆڕک’دا خۆپێشاندانێکیان بەدژی بەکەمگرتن و بێحورمەتی بە ژنان و مافی یەکسانی لەگەڵ پیاوان بەڕێوە برد، لە خۆپێشاندانەکەدا ژنان بەشێوەیەکی دڕەندانە کەوتنە بەر پەلاماری پۆلیس. ئیدی پاش ئەم رووداوە، جووڵانەوەی ژنان زۆر شێلگیرانە، بەرەو قۆناخێکی تازە هەنگاو دەنێ. هەروەک ئاماژەم پێکرد، بەدوای پێشنیارەکەی شۆڕەژنی ئاڵمانی کلارا زتکین کە رۆژی هەشتی مارس ببێ بە رۆژی ژنان. لە ١٩ مارسی ١٩١١دا لە چوار وڵاتی ئوروپای رۆژئاوا متینگێکی گەورە بۆ جەسپاندنی مافی یەکسانی ژنان بڕێوە دەچێ. دوابەدوای ئەم خۆپێشاندانە و چەندی دیکە، رۆژێ هەشتی مارس بە تەواوی دەچەسپێ و دەبێتە ڕۆژێکی نێونەتەوەیی و جیهانی. ئیدی لەو رۆژەوە تا بە ئەمرۆ ژنان بە هەوڵ و تێکۆشانێکی بێوچان توانیویانە لە زۆربەی وڵاتانی دێمۆکراتی جیهان ڕێکخراوەی خۆیان بۆ پشتگیری لە مافی یەکسانی و ئینسانی دابمەزرێنن و زۆربەی مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن و کەسایەتی خۆیان بەرز ڕاگرن. بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی بۆ ژنان وەدەست هاتووە. بەبڕوای من ئافرەتانی ئورووپایی بە تەواوی بە ئامانج و ئازادییەکانی خۆیان نەگەیشتوون! چونکە لەم سەردەمەدا ژن لەلایەن مۆنۆپۆلەکانەوە وەک کالا چاو لێدەکرێ و مامەڵەو توجاڕەتی جینسییان پێوە دەکرێ. هەڵبەت لەمبارەوە نموونە گەلێک زۆرە و لەم نووسراوەیەدا جێی نابێتەوە و ناو هێنانی لەبەر نامڕۆڤانە بوونی کردەوەکان زۆر قیزەون و بێز هێنەرە…
هەروەک ئاماژەم پێکرد، لە ئورووپا ئازادی و ئاسایشی ژنان هەروا بە سووک و ئاسانی وەدەست نەهاتووە. بەڵکوو لەم بۆارەدا خەباتێکی شێلگیر و ماندوویی نەناسانە کراوە. بۆ وێنە، وەک پیرەکانی سوییدی دەگێڕنەوە:
ژنانی سوییدی هەتا پێش سەدەی نۆزدە لەوپەڕی ژێر چەپۆکەییدا ژیاون. ژنان هیچ چەشنە مافێک و دەسەڵاتێکیان نەبووە. بە هەزاران ژن بە تاوانی جۆراوجۆر، وەک منداڵ لەبەرخۆبردن، سگپڕی نائاسایی، پیاو لەسەر گرتن و… بێسەر و شوێن کراون. یان لەلایەن مێردەوە ناچار بە کاری دەرەوەی ماڵ، تەنانەت لەشفرۆشی کراون. هەروەها ژنانی منداڵەبەر مافی کار کردنیان نەبووە، ژنان کەمترین دەستمزدی رۆژانە و مانگانەیان پێدراوە. ژنان بەداییم لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لەژێر چاوەدێریدا بوونە و لەکاتی چوونەدەردا متمانەیان پێ نەکراوە، هەربۆیە زنجیر و قفڵی تایبەتیان لە نێوگەڵ بەستراوە.
ئەگەر بۆ ڕابردوومان بگەڕێنەوەو لەم بەینەدا بەراوەردێک لە نێوان ژنی کورد و سوییدیەکاندا بکەین. بۆمان دەردەکەوێ پێش سەدەی نوزدە ڕەوشی ژنی کورد بۆ باشی لەگەڵ هی سوییدییەکان بەراوەرد ناکرێ. چونکە مەڵبەندی کوردستان شوێنی ئەوینی ڕاستەقینە بۆ کچان و کوڕانی کورد بووە. جێ ژوان و سەرکانی و بێری و… گەواهیدەری ڕابردوومانن. دەکرێ ڕاشکاوانە بڵێم لە ڕابردوودا ژنی کورد هیچکاتێک ڕەفتارێکی لەگوێن ژنی سوئیدی پێش سەدەی نوزدەی لەگەڵ نەکراوە.
لەم سەردەمەدا کە سەردەمی ئازادی ژنانە. ژنی کوردیش لەم بۆارەدا بە لێزانی بۆ دەستەبەر کردنی مافەڕەواکانی خۆیان دەستیان بەخەبات و تێکۆشانێکی سەخت و دژوار کردووە.
ژنی کورد باری خەباتەکەی دوو جار قورستر لە هی ژنانی ستەم لێکراوی جیهانە، یەکەم ستەم کە لە ژنی کورد دەکڕێ ژن بوونێتی و دووهەمینییش ستمی نەتەوایەتییە. سا هەربۆیە خەباتی ژنی کورد زۆر دژوارتر لە هی ژنی نەتەوەکانی دیکەی جیهانە. دەبێ سەربەرزانە ئەوەش بڵێم، لە سەردەمی ئێستاماندا بە هەزاران ژنی کورد بە پلەی خوێندەواری باڵا گەیشتوون. لەگشت بۆارەکانی ژیاندا زۆر ئازایانە و شارەزایانە چالاکن و خەباتێکی چڕوپڕیان لە پێناو وەدەستهێنانی مافی خۆیان و سەربەستی گەل و نیشتمانیان دەست پێکردووە. بەتایبەت ئافرەتانی دەرەوەی کوردستان بە پشتیوانی مرۆڤە ئازادیخوازەکان، زۆر مکوڕانە بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسانی خۆیان و نەتەوەکەیان، بۆ لە قاودانی ئاکاری ناپەسەندی دژی ژن، پیاوسالار، ئایینی ڕەش بین و کلتوری داخراو و… بۆ لابردنی توندوتیژی و ئەو بیرە کۆنەپەرستانەیە کە ژن وەک ئامرازێک بۆخۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی پیاو لە کونجی ماڵ و چێشتخانەدا قەتیس دەکا هەوڵدەدەن.
سیامەند شێخ ئاغایی مارسی ٢٠١٦
*ئایین زەردەشت