Hoppa till innehåll
Hem » هەست بە ئازادی کردن لە چاوتروکانێکدا بڕیاردەرە بۆ ئازادبوون، مەرزە جەوانمەرد

هەست بە ئازادی کردن لە چاوتروکانێکدا بڕیاردەرە بۆ ئازادبوون، مەرزە جەوانمەرد

 ڕووداوی به‌ڕێوه‌چوونی كونگره‌ی ١٦ حیزبی دێموكراتی كوردستان دیسان باس له‌ خه‌باتی سیاسی و چالاكی ژنان له‌ نێو حیزبه‌كانی ڕوژهه‌‌ڵاتی كوردستان و به‌ تایبه‌ت ژنانی نێو ئه‌م حیزبه‌ی هێناوە‌ نێو هەواڵ و گفتگۆیان.merze-jewanmerd

ژنانی ئه‌ندام و چالاكی ‌حدک هه‌روه‌ك حیزبه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، بە گشتی ئه‌ركه‌كانی خزمەتگوزاری وەک پێوه‌ندی، كاری ڕێكخراوه‌یی، پرۆپاگاندا و ته‌داروكاتی ئه‌م حیزبه‌یان به‌ شێوه‌ی دیار و نادیار لە سەرشانی هەبووە و هەیە. ئەو ژنانە هەرچەند بەتوانا و ليهاتوون، بەڵام هیچ پيگەیەکیان لە ناوەندی بڕیاردانی ئەم ‌حیزبەدا نییە.

ڕۆژی یه‌كەمی كۆنگره‌ واتا له‌ ڕێووڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌، ڕیزه‌كانی پێشوه‌ ته‌نیا بۆ پیاوان ته‌رخانكرابوو، بۆ پیاوانی میوان و خانه‌خێو. وادیاربوو له‌م حیزبه‌ هه‌فتا ساڵه‌یه‌دا هیچ ژنيک به‌م ئاسته‌ نه‌گه‌یشتووە کە شایانی ئه‌وه‌ بێ ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی پێببه‌خشرێ له‌ ڕیزی ئه‌وه‌ڵ‌‌ شانبه‌شانی ئه‌و پیاوانه‌ دابنیشی. هه‌روەها وادیار بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبیشدا ‌هیچ ژنێكی لێوەشاوەیان شک نەبردبوو کە وەک میوان بانگهێشتی بکەن. لە کۆتایی كۆنگره دا دەرکەوت كه‌ ‌به‌ڕێز ”گوڵاڵه‌ شه‌ره‌فكه‌ندی”، ئه‌ندامی كومیته ‌ناوه‌ندی ئه‌م حیزبه‌ داوای پينج خولێكی کردووە له‌ سه‌ر بابه‌تی كۆتا قسه‌بكا، بەڵام ئیزنی پێنەدراوە.

جيگای داخ و پەژارەیە کە ئه‌م كونگره‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دێموكراسییانه‌ و یه‌كسانیخوازانه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چوو و، نەیتوانی سەرەڕای پێشینه‌ی خه‌باتی هه‌فتا ساڵه‌ی ببێتە پێشڕەو و خاوەنداری لە گەکەی بکا. ئەو گەلەی کە له‌ خراپترین بارودۆخی سیاسی و، كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ناڵێنێ. هەروەها سه‌مبه‌له كردن و به‌ سه‌ركه‌وتوو ناوبردنی ئه‌م كونگره‌یه‌ له‌ لایه‌ن ژنانی ئێلیت، به‌ ئه‌زموونی ئه‌م حیزبه‌، بۆ هەموو مرۆڤێکی مافخواز جێگای تێڕامانە. تۆ بڵێی بێدەنگی و پەسەندکردنی ئەم چەشنە ڕەفتارانە لە لایەن ئه‌و ژنانه‌وە نیشانەی چییە؟

نەکۆڵی لەمە ناکري کە شيوەی بەڕێوەچوون، بڕیاردان و هەڵسووکەوت لەم حیزبە یان کۆنگرەیەدا هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای خۆمانە و، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە جارێ کۆنتڕۆڵمان لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی دەسەلاتی سیاسی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی خۆمان نییە. هەر بۆیە کۆمەڵگایەک ئاوا بەردەوام پێویستی بەمە هەیە کە وەبیر خۆی بهێنینەوە، کە ئەو بارودۆخەی تێیدا دەژی سروشتی نییە، هەتاهەتایی نییە و نابێ پەسەند بکرێ. دان پيدانەهێنان بە کەموکەرییەکانمان ته‌واو هه‌ڵه‌یە و مه‌ترسیداره و، بنکۆڵکردنی ژێرخانی مافخوازییە. کاتيک بە چاوی بەرابەرسەیرمان ناکەن، ئیزنی قسەکردنمان پينادەن و ئێمەش وێڕای گلەیەکی نەرمونەیان بۆیان دەپاڕێنەوە. ئەمە تەنیا پەرەپێدانی زیاتر بەو ڕه‌وتە ناشیاوەیە کە لە دەستی دەناڵين. کاتێک باس لە نەبوونی گوفتمانی سیاسی ژنانی کورد دەکرێ، زۆر ڕاستە بەڵام لەمەش ڕاست و درووستر ئەوەیە باس لە هۆی نەبوونەکەشی بکرێ. قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە خۆمان پرسیەوە، بۆ ژنانی بەر لە ئێمە سەرکەوتوونەبوون، بۆ ئێمە سەرکەتوونابین، ئەو بازنە شوومە بۆ ناکرێتەوە؟ باوەڕ بە بێ هاوتای خۆمان بکەین و، ئەو دەرفەتانەی ئێستا لەبەر دەستمان دان. بانەبین بە قوربانی ڕابردوو و دۆڕاوی سبەینێ، بۆیە دەبێ ئێستا بڕیار بدەین.

‌به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ ئێحساساته‌وه‌‌ خەبات دەکەین. داوای ماف و خەباتی ڕزگاریخوازی لەتەک ڕاگرتنی دڵی مێرد، باب، مام و برا و هاورێی حیزبی جیاوازی هەیە. ڕاستە ئەم پرسیارانە ده‌مارگرژی ده‌خولقێنێ به‌ڵام ئه‌و ده‌مارانه‌ بۆ زیندوو مانه‌وه‌ی خۆشیان بێ ده‌بێ خاو ببنه‌وه‌. ئه‌و ترسانه‌، ترسی له‌ په‌ڕاوێزهاویشتن، ده‌ركردن له‌ حیزب و تێرۆری شەخسییەت کردن دەبێ بشکێ. داشکان بە خاتری ئەم و ئەو لە خەباتدا لە دەستدانی ئاکتۆریتێتەیە. کاتێک ویستی ”ئازیزان” وەپێش مافی خۆمان دەدەین ئەوانیش وەک پەزمەندەی نێوگیرفانیان تەمشامان دەکەن وتەنیا لە کاتی پێویست خوليکمان پێ دەدەن و دوایی لە جێگای خۆمان دادەنێنەوە.

 

ڕاستە ئێمه‌ هچ كۆمه‌ڵگایه‌كمان نه‌دیته‌وه‌ ماتریاركاڵ بێ، یان بالانسی ده‌سه‌ڵات له‌ نێو ژن و پیاو ئه‌وتۆ بێ كه‌ حه‌سره‌تی بۆ بخوازین. بەڵام كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ چی، چ تێگه‌یشتنێک و ڕێگاچارەیەکمان بۆ گرفتەکانی خۆمان هەیە؟ ته‌رتیباتی سیسته‌می ژێنده‌ری كۆمه‌ڵگای خۆمان چۆناوچۆنە؟ ئێمه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر دۆخەکە بڕیار بده‌ین کە تيداین، دۆخ به‌ دۆخ له‌ پێوه‌ندی به‌ ڕوداوه‌کە ڕێگا چارە بدۆزینەوە. هەر بۆیە زۆر پێویستە بەر لە هەموو شتيک لە کۆمەڵگای خۆمان تيبگەین، دوایی لە کۆمەڵگای بێگانە. ئەو کات گووفتمانی خۆمان دەبێ، کە خۆمان بناسین و، بیرو باوەڕی سەربەخۆمان هەبێ! گوفتمان بە بوێری و لەسەر پێی خۆ ڕاوەستان پیادە دەکرێ نەک نان بەقەرزدان یان خۆبستنەوە بە تێورییه‌ نیوه‌ چه‌ڵەکان. زانست و زانیاری كه‌رسه‌ن و تەنیا یارمه‌تیده‌رن بۆ شیكردنه‌وه‌ی دۆخی خۆمان، نه‌ك كۆپییه‌كردن و داسه‌پاندن لەسەر دۆخی خۆمان. باوەڕ بە بێ هەوتایی خۆ و قۆستنەوەی دەرفەتەکانی بەردەستمان دەتوانن یارمەتیدەرمان بن کە خۆمان بە قوربانی ئەمڕۆ و دۆڕاوی دواڕۆژ دانەنیێن. بۆیە دەبێ ئەمڕۆ بڕیار بدەین. بۆ نزیکبوونە لە کۆمەڵگاییەکی ئینسانی و یەکسان، تیشک خستنەسەر وێکچوونەکان و تێگە‌یشتن له‌جیاوازییەکان یارمەتیدرە. لێكۆڵێنەرانی‌ ژنانی ڕۆژئاوا باس له‌ تواناییه‌كانی جوراوجۆر، ده‌رفه‌ته‌كان و سنووره‌كانی ژنان له‌ باری ئایینی، کۆمەڵایەتی ئابوری و سیاسی ده‌كه‌ن بۆ تێگه‌یشتن له‌ واقعییه‌ت و گەیشتن بە کۆمەڵگای یەکسان. خۆناسین كه‌رسه و به‌شێكی هه‌ره‌‌ گرینگه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرفتەکان.

نە تەنیا لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا بەڵکوو لە سەرانسەری ژیاندا ئەو کەسە سەربەخۆ و سەرکەوتوویە کە ئەم پرینسیپانە لە ژیانیدا ڕەچاوبکا، واتا پێی لەسەر هەڵەی خۆی دابنێ، لە ڕابردوو دەرس وەربگرێ و بە جيگای ئەوەی ناڵە و گازەندە بکا، دڵ و جورئەتی گۆڕانکارییانی هەبێ، بە دڵ و دەروون بێ، بەرچاوتەنگی و کین و بوغزیان نەبێ، و هەروەها بەر لە هەموو کەس خۆیان خۆش بوێ. ژنی بەهێز بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر مافی ژنانی دەیکە وەدەنگ بێ، دەبێ لەسەرمافی خۆی وەدەنگ بێ. ژنانی ڕزگاریخوازی خۆیان لە پێوەندی ناشیاو – چ لە مەیدانی ژن ومێردایەتی دا بێ یان چ لە مەیدانی سیاسی دا – ڕزگار دەکەن، نەک چاوپۆشی. زانستی دەروونناسی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی سەربەخۆیانە بە نیشانەی ژیرێتی، بەئاگابوون لە توانایی کەسەکە دادەنێ و دەڵێی؛ بیرکردنەوەی سەربەخۆ ژیری، بويری، ئاوات، هیوا و بوونی هارمۆنی لە ستراتێژی و قورس و قایمی لە هەڵسوکەوتی لێدەکەوێتەوە. واتا مرۆڤ یان گەلی سەربەخۆ دەوێرێ خۆی بێ، تەنانەت ئەگەر سەریشی لەسەردابنێ. مرۆڤ خۆی هەڵدەبژيرێ بەرپرسی ژیانی خۆی بێ یان نا. کاتێک کەسێک لە ژیانیدا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکا بەم مانایەی دادەنێن کە ئەوە بەئاگایە لە ئازادی خۆی. هەربۆیە مێژوو پڕە لە کەسایەتی ئازادیخوازی دیار و شاراوە. ئازادی ئەوە کە لە چاوترکانی پێویست دا هەستی پێبکەی. ئازادی ئەوەیە چۆن هەست دەکەم، نەک دەبوایە چ هەست بکەم.

مەرزە جەوانمەرد 

begransade-kvinnan

بابەتی پەیوەندی دار