ڕۆژی هەشتی مارس لە دنیادا بەڕۆژی ژن دیاریکراوو ناسراوە. لەسەر ئەو ڕۆژە زۆرکتێب نوسراونو زۆر وتار بڵاو کراونەوەو زۆر ڕاو بۆچون دربڕاون.
هەمویان باس لەوەدەکەن کە ژن مافی پێشێلکراوەو هەقی خۆی پێنەدراوە. زۆر لە قەڵەم بەدەستانو بیر مەندان مـافی بـەرانبەری دەگەڵ پێاوانیان بۆ سەلماندون . زۆر لەسەر ئەو وڵاتانەش کوتراوە کە مافی ژنیان داوەتە دەستی پیاوانو ئەوان بەحەزی خۆیان بۆیان دیاری کـردون . ئـەو نەناسینیو ڕیز لێنەگرتنەش بۆتە ( کەڵاشی ئاشەوان) هەرکەس لەسەر زگی خۆی لادەباو لەسەر زگی ئەویتری دەدەنێی . لە جیاتی ئەوەی بەهەمویان بە ڕێگایەکدا بڕۆن کە بتوانن ڕاستیەکە بدۆزنەوە . بەباوەڕی من تا ئێستاش ئەوانەی لەو بوارەدا هەڵسوڕن ئەوەندەی هەوڵیان داوە ئەو خەتایە بخەنە سەر ئـەستۆی ئەمو ئەو، ئـەوەنـدە بـۆ دۆزینەوەی ڕاستەقینەی مـەسەلەکە تێنەکۆشاون.
لەوباوەڕەدام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزەو ڕاست کردنەوەی ئەو مافە شێوێندراوە ، دەبێی بگەڕێیەوە سەر ئەسڵی مرۆفایەتی ، بەو مانایە کاتێک هەردوکیان مرۆڤن لەو مرۆڤ بونەشدا زێدەبەشیەک بـۆ هیچ لایەک دیاری نەکراوە . ئەوەی بۆتە هۆی دانانی جیاوازی یان زێدەبەشی دابو نەریتی باوی سەردەمو ڕاو بۆچونو بڕیارو یاساو ئیدەییو ئایینیە کانن کە بـەپێوەری خۆیان هەم مافەکانیان بەسەر مرۆڤدا دابەشکردوەو هەم ئەرکیان بۆدیاری کردون. ئەوەش بە پێی خەسڵەتی بەشەری هەرکەس ئیخۆی لەویتر بەباشتر دەزانێو کوردیش کوتویە : ( کەس بەدوی خۆی ناڵێێ ترشە ) ئەوانەش بە جێگای ئەوەی لەپێشدا زانستیانە مەسەلەکان لێکدەنەوە و بەیەکەوە بابەتەکان هەڵسەنگێننو چاکترینەکە بدۆزنەوە ، کاریان بـۆتـە ڕەد کردنەوەی یەکترو ، هـەڵبەستنی بـۆختانـو درۆو بـۆیەکتر ، بـە جۆرێک کە دژایەتیو تـەنانەت دوژمنایەتیشیان لە نێوان دروست کردونـو کۆمەڵگاشیان شێواندوەو.ئەوەندەی هێزو توانا بۆ لەمەیدان دەرکردنی یەکتر سەرف دەکرێن ، سێیەکیشی بۆ پێکەوە ژیانو هاوکاری کردن وەگەڕ نـاخرێن . کەشو هـەوایەک خـوڵقاوە نـاتوانـن پێکەوە بائارامی بژینو بـڕیاریان داوە یـەکیان ئـەویتر لـەمەیدان دەرکا ، ژیـانی هاوبەش بـۆتە نەخۆشی هـاوبەش . سەدانـو زیاتریش منداڵی پاکی بیتاوان بـۆنـە قوربانی حەزو ویستی باوکو دایکان . ئەو بـۆچونـو کردەوانە نـەڕاستنو نـە پەسند کراون . شیرازەی بنەماڵەو فەلسەفەی ژیانی هاوبەش ژێر پێخراون، تەنیا ئەوەندەیە هەتا دنیا خراپ دەبێی دەبێی لێکدەنو لە ئاژاوەو ناڕەحەتیدا بژینو یەکتر لە بەر چاویان لا بەن . مادام دنیا هەبێی بونەکەی لەسەر بونی ژنو پیاو دامەزراوە، نەک ژن یان پیاو.
بۆ ناسینی جێگەو پێگەو مافو هەقی ژن ئەوەندە بەسە بزانین ( دایکیش ژنە یان ژن دایکە) بەباوەڕی من کەسێک کەسایەتی دایک بناسێ دەزانێ ژن چیەو چ ئەرکێکی لەسەر شانەو چ مافێکی لەسەر پیاوانە ، هەمو پیاوانی ئەم جێهانە کە بە خۆیان دەنازن دەبێی باش لەوە تێبگەن کە دڵۆپە ئاوێکی وەک (چڵم) وابون ، لەتولی دایکدا گۆڕاونو بە مەمکی دایکو لە ژێر سێبەرو سۆزی دایکانو بەماندو بونی بێوچانی ئەوان پەروەردە بونو تەحویلی کۆمەڵگا دراون. بـۆیە دەبێی مرۆف خۆی لەبیر نەچیتەوەو ڕێگە بەخۆی نەدا کە نە بێحورمەتی بەژن بکاو نەمافی پێشێل بکاو نە لە قەدرو قیمەتی کەمکاتەوە.
دەوری ژن لە بنە ماڵەو کۆمەڵگادا گەلێک گرینگو لە زۆر بواردا لە ئیپیاویش قورسترو بایخدار ترە. گومان لەوە دانیە کە ژن بەشێکی گرینگی کۆمەڵگایەو بەرپرسیاریەتی قورسیشی لە ئەستۆیە ، ماندو بونو ناڕەحەتی تایبەتی خۆشی هەیە کە جیاواز لەپیاوانە . چەوساوەتەوە، وەک چۆن ئێمەی کورد لەوڵاتانی داگیر کەری کوردستان وەک مرۆی دەرەجە دومان حیساب بۆدەکرێی ئەوانیش ئەو حیسابەیان بۆ کراوە.
ئەگەر معیارو پێوانە لێهاتوییو شارەزاییو تێگەیشتن و ئەرکو کاربێی ، ئەوە ناکرێی بەبیانوی ژن بون مافی بخورێو بە بیانوی پیاو بون زیاتری پێبدرێێ. پیویستە بەبێی دەمار گرژی و زانستیانەو لێزانانە وەک مرۆف چاو لە ژن بکرێو سەرجەم مافە مرۆڤانەکەی وەک پیاو پێبدرێێو ڕێزی لێبگیرێی. دەبێی وەک هاوکارو هاوبەشێکی دڵسۆز بژمێردرێـو بـڕواو مـوتمانـەی پێبکرێی. حاشا لەوە ناکرێی لە ڕەوتی مێژودا ژن مافی خۆی پێنەدراوە ، ئەوەش هۆی زۆرن وەک : نەزانی، دابو نەریتی غەڵەتی دروستکراو، دەسەڵاتی ناڕەواو، تێڕوانینی دور لە ئەقڵو مەنتیقن . لە هەر شوێنێک نەزانیو خولیایی دەسەڵات زاڵ بوو ، ملهوڕیو زورداری کاراترین کەرەسەیە. کە ئەوەی دەگەڵ ژن کراوە دەکەوێتە ناو بازنەی ئەو ناعەدالەتیانە.
من سرنجی وشەی ژنم داوە کە پیتی هەوەڵو ئاخری ژیانە ، بێگومان دەوریشی لـە بنەمالە و کۆمەگاشدا نەخشی هەوەڵو ئاخری هـەیـە. نـاسینو ناساندنی مافو پێگەی ژن کەوتوتـە سەرشانی خوشکانو بـرایانی شارەزاو تێگەیشتوو پێگەیشتوی کۆمەڵگا ، دەبێی بـەبێی دەمار گرژیـو لایـەنـگریـو پڕوپاگەندەو خۆڕانانـو ساتو سەودا پێکردن لـە و تێکۆشانە پیرۆزە مانـدو نەبنو ڕانەوەستنو گوێنەدەنە قسەو قسەڵۆکو تانەو تەشەرو فڕولاتاوولە کوتنی راستیو ئەنجامدانی دروستی باکیان لە کەس نـەبێی و نـەوەستنو رانـەوەستنو دڵنیام سەردەکەونو دەبنە قارەمانی ئەوگۆڕەپانەو لە مێژودا وەک کەسانی سەر بەرزو سەرکەوتو ناویان دەبردرێێ.
مرۆڤ دەبێی خۆیو مرڤایەتی بـەباشی بناسێی ، ئـەو غیرەتو بـوێریەشی هەبێی بڵێی ئەوە مافی تۆیە ئیمن نیە، لێم داگیر کردویو بە داوای لێبوردنەوە هانێی بتدەمەوە.
لـەدوایین قسەمـدا پێرۆزبـایی ئـەو ڕۆژە لـە هەمـو ژنانی دنیا دەکەم بەتایبەت ژنانی کورد لەهەر کوێی هەن . هیواداریشم ئێمەی کوردیش بگەینە ئەو حاندە کە بتوانین مافەکان بناسینو لەدەست درێژی بۆ کردنیان خۆ بپارێزین. هەر بەو بۆنەشەوە ئاواتمە ژنانی کوردستان بکەونە کوردستانێکی ئـازادو سەربەخۆ کە ڕیزگرتن لە مافی مرۆڤ بەتایبەتی ژنان لە ڕێزی پێشەوەی پڕۆسەو بەرنامەکانی بێی. هەر لەو ڕۆژەدا چاوی خوشکەکانمو خوشکەزا کچەکانو نەوە کچەکانم ماچ دەکەم.
براتان مەلا برایم مەجیدپور ٦ / ٣ / ٢٠١٦ هولەند