"an independent online kurdish website

دوایین بۆچوونه‌کانی خالێد عه‌زیزی له سه‌ر بێ توانایی بزووتنه‌وه‌ی کورد و باس کردن له‌وه‌ی که حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌موویانه‌وه گوندیکیان بۆ بەڕێوە ناچێrahmat_azizi1

دژکرده‌وه‌ی جۆرواجۆری به دوای خۆیدا هێنا. له ته‌یید و پێشوازی سپای پاسدارانی کوماری ئیسلامیه‌وه بگره تا دژایه‌تی حدکا و به‌شێک له ئه‌ندامانی حدک.

ئه‌وه‌ی که جێی داخه ئه‌وه‌یه که تا ئیستا که‌س به وردی نه‌یویستوه قامک له سه‌ر هۆکاره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ئه‌م دەربڕینه نائاساییانه دابنێت. مه‌خابن دژکرده‌وه‌کان لە جاروجه‌نجاڵی دونیای مه‌جازیدا بە لاڕێدا دەچن و به کرده‌وه ئاکامێکی ئه‌وتۆیان جگه له قووڵترکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی دوو لایه‌نی دیموکرات به دواوه نابێت و له ئاکامدا مه‌به‌سته تایبه‌ته‌کانی خالێد عه‌زیزی له نێو ته‌پ و تۆزی ئه‌م جاروجه‌نجاڵه له‌وانه‌یه بزر بن.

بۆ ده‌ستنیشان کردنی هۆکاره‌ ‌سەرەکی‌یەکانی ئەم بۆچوونه نائاساییانه ده‌بێ تۆزێک بگه‌ڕێنه‌وه دواوه و ئاماژه به سه‌رچاوه و ده‌سپێکی ئه‌م بیرۆکه‌یه بکه‌ین. هه‌ر له یه‌که‌م مانگه‌کانی دوای جیابوونه‌وه‌ی کونگره‌ی سێزده‌ی حێزبی دیمۆکرات ته‌یفێک له ناو حدک ئاشکرا بوون که ورده ورده پشتیان له ئامانج و پێڕەو و پرۆگرامی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی دیموکرات کرد. له ده‌ربڕین و هه‌ڵوێست گرتنه‌کانی ئه‌م ته‌یفه به ئاشکرا ته‌بلیغ بۆ دانوستان له گه‌ل کۆماری ئیسلامی و پێوه‌ندی و نێزیکایه‌تی له گه‌ڵ ئۆپۆزسیونی فارس له ده‌ره‌وە ده‌بینرا.

که‌سی یه‌که‌می ئه‌م ره‌وته واته خالێد عه‌زیزی به بێ سڵەمینه‌وه له ژێر ناوی دوزینه‌وه‌ی رێگا بۆ دەسپێکردنی موبارێزه‌ی مه‌ده‌نی که‌وتە تەبلیغ بۆ مادده کارتۆنیه‌کانی پازده و نۆزده‌ی قانوونی ئه‌ساسی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئه‌وه‌ی که له‌م رێگه‌وه زه‌مینه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو بازنه‌ی کۆماری ئیسلامی و ئسلاحتەلەبەکان خوش بکات.

هاوکات هاوبیرانی ناوبراو له ده‌ره‌وه ده‌ستیان به پێوه‌ندی گرتنی ئاشکرا و نهێنی له گه‌ڵ فارسه‌کان کرد و بوچوونه ئێرانچیه‌تیه‌کانی خۆیان به بێ شه‌رم و دوودڵی بلاو کرده‌وه. خۆیان به پارێزه‌ری راسته‌قینه‌ی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران پیناسه کرد، داوای به‌رزکردنه‌وه‌ی ئالای فارسیان له کوبوونه‌وه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی کرد و به ره‌سمی به‌شداری زۆر کوبوونه‌وه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌رەی شوینیستی فارس بوون. ئەو کۆبوونەوانەی که کەمترین خواست و مافەکانی کوردیان تێدا باس نەدەکرا.

له وتووێژه‌کانیاندا له وه‌ڵامی فارسه‌کان که پرسیاری لابردنی ناوی ئێرانیان له پاشکوی حیزبه‌که‌یان ده‌کرد ده‌یانگوت : له هه‌ر ئێرانیه‌کی تر زیاتر بڕوایان به یه‌کپارچه‌یی خاکی ئیرانی عه‌زیز هه‌یه و ته‌نیا بۆ ناسین و جیاوازبوونی ناوی حیزبه‌که‌یان له گه‌ڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران وشه‌ی ئیرانیان له ناوی حیزبه‌که‌یان سڕیو‌ەته‌وه. هاوکات له به‌شی فارسی ماڵپه‌ر و راگه‌یاندنه‌کانیاندا وشه‌ی ئێرانیان به حیزبه‌که‌یانه‌وه ده‌لکاند.

ئه‌م ره‌وته ورده‌ورده به‌شێکی زۆری کادرو به‌ده‌نەی ئه‌و حیزبه‌ی گرته‌وه. خالید عه‌زیزی که‌سی یه‌که‌می ئه‌م ره‌وته له کورو کۆمه‌ڵه ناوخۆییەکانی حیزبه‌که‌یدا تۆی بێ هیوایی و بی توانایی پیشمه‌رگه‌ی ده‌چاندو ته‌بلیغی بۆ ئه‌وه ده‌کرد که گۆیا کۆماری ئیسلامیش وه‌ک هه‌موو حێزب و هێز و ده‌وڵه‌تێکی ئه‌م جیهانه سیاسه‌ته‌کانی موتله‌ق و هه‌تاهه‌تایی نین و ده‌کرێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین که ئه‌م حکومه‌ته‌ش گۆڕانکاری تیدا دروست بێت و له ئاکامی گورانکاریه‌کاندا قەبول بکات که حیزبی دیموکرات وه‌ک حیزبێکی یاسایی له نێوخۆی ئیران موبارێزه‌ی مه‌ده‌نی ده‌ست پێ بکات.

ئه‌م بۆچوونه ورده ورده په‌ره‌ی ئه‌ستاند و به‌شێکی زۆری رێبه‌رایه‌تی حدک‌ی گرته‌وه. خالید عه‌زیزی بۆ عه‌مەلی کردنی بوچوونه‌که‌ی کەوتە قۆناخی دووهەمی پرۆسەکە و پێوه‌ندی به پاسداره‌کانی کوماری ئیسلامی له به ناو کونسوڵگه‌ری ئێران له هەولیر گرت و ده‌ستی به‌ وتوویژ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوخۆی ئێران کرد. به وته‌ی خۆی لانی که‌م دووجار دانیشتنی له گه‌ڵیان هه‌بوه.

 لایه‌نی به‌رانبه‌ر واته کوماری ئیسلامی له‌و کووبوونه‌وانه‌دا رێنمایی و بۆچوونه کانی خویان به خالید عه‌زیزی راگه‌یاندوه و ئه‌میش وا ده‌رئه‌که‌وێ که به جوانی لێیان تێی گه‌یشتوه. سەرەڕای ئەمە به دوو هوکاری سه‌ره‌کی داواکاری خالێد عه‌زیزی بۆ گه‌رانه‌وه و ده‌سپێکردنی موبارێزه‌ی مه‌ده‌نی بە ئاکام نەگەیشت.

 هۆکاری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که فارسه‌کانه له بنه‌ڕه‌تدا بڕوایان به چاره‌سه‌ری پرسی کورد نیه، نه‌ته‌وه‌ی فارس به هیچ شێوه‌یه‌ک نایهه‌ویت کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی دووهه‌زاروپێنج‌سه‌د ساڵەی خۆی له سه‌ر کورد بهێنێت و ئه‌وه سیاسه‌ت و ستراتێژی هه‌تاهه‌تایی و نه‌گۆڕی نه‌وه‌کانی کوورش و ره‌زاخانه.

مێژو نیشانی داوه که وتووێژی کورد و فارس نه‌ک هه‌ر یه‌کێک له شێوه سەرکەوتوەکانی خه‌باتی گه‌لی کورد نه‌بوه و نیه به‌ڵکوو هه‌موو کات داو و فریوێکی سه‌رکه‌وتوی فارسه‌کان بوه بۆ کوشتن و دووبه‌رکی نانه‌وه‌ی ناو ماڵی کورد و به لاڕێدابردنی خه‌باتی راسته‌قینه‌ی ئەو گه‌لە.

هۆکاری دووهه‌می ئیزن نه‌دانی کۆماری ئیسلامی بۆ گه‌رانه‌وه‌ی خالید عه‌زیزی و هاوبیرانی بۆ ئێران ده‌رسێک بووه که کۆماری ئیسلامی له تاقمی حه‌وت که‌سی گرتبووی، کۆماری ئیسلامی به گه‌راندنه‌وه‌ی تاقمی حه‌وت که‌سی نه‌یتوانی حیزبی دیموکرات له نێو ببات، هه‌ر بۆیه داواکاری خالید عه‌زیزیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی و هاوبیرەکانی تەنیا و به بێ حیزبی دیموکراتی کورستانی ئیران ره‌د کرده‌وه‌ته‌وه و پێیان وابوه که گەڕانەوەی ناوبراو و حێزبەکەی سوودێکی بۆ ده‌سه‌ڵاتداری فارس نابێت.

ته‌نانه‌ت رازی نه‌بوون به درۆیش بووبێ ره‌زامه‌ندی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ماده‌ی پازده و نوزده‌ش کە خالێد عەزیزی داوای کردبوو نیشان بده‌ن. ئه‌مه دوو مانای هه‌یه یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که خالێد عه‌زیزی و هاوبیرانی ته‌نانه بایەخی فریودانیشیان بۆ کۆماری ئیسلامی نیه، دووهه‌م ئه‌وه‌ی که له روانگه‌ی کۆماری ئیسلامیه‌وه خالێد عه‌زیزی له ده‌ره‌وه‌ی ئێران قازانجی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتره تا له ناوه‌وه.

بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگه که ته‌نانه‌ت تاقه پێشمه‌رگه‌یه‌کیش به وه‌عده و به‌ڵێنی فریو بدات و ته‌سلیمی بکاته‌وه به‌ڵام دیار نیە که بۆ بە زاهێر و بە درۆ به‌ڵێنی  عه‌مه‌لی کردنی ماده‌ی پازده و نوزده‌ش به خالێد عه‌زیزی نادات بۆ ئه‌وه‌ی که بیگه‌‌ڕێنێته‌وه بۆ ئێران.  وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێویستی به رامان و وردبوونه‌وه هه‌یه.

دوای تێروری دوکتۆر قاسملو ده‌رکه‌وت که کۆماری ئیسلامی ویستوویه‌تی به هێندێک وه‌عده و به‌ڵێنی و ته‌نانه‌ت هێندێک ئێمتیازی که‌م بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئێران به‌ڵام کاتێک که دوکتور قاسملو پێداگری له سه‌ر خودموختاری ده‌کات و رازی نابێت به وه‌عده و به‌ڵێن و ئیمتیازی که‌م بگه‌ڕێته‌وه ئێران بڕیاری کوشتنی جێ‌بەجێ ده‌كەن.

خالێد عه‌زیزی دوای به هێند وه‌رنه‌گیرانی له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییەوە‌ و ره‌دکرانه‌وه‌ی داواکه‌ی، بیری لەوە کردەوە کە تا ئه‌و جێگایه‌ی که بۆی ده‌کرێ حه‌ولی یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دیموکرات بدات بۆ ئه‌وه‌ی که بتوانی له ناو حیزبی دیمۆکراتی یه‌کگرتووشدا ورده‌ورده بۆچوونی خۆی بسپێنی و کۆی حێزب یان ئه‌کسه‌ریه‌تی حێزب بۆ به ناو موبارێزه‌ی مه‌ده‌نی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران رازی بکات. پیش دانیشتنه‌کانی له گه‌ڵ ئێران باسی یه‌کگرتنه‌وه نه‌دەکرا یان ئەگەر دەکرا زۆر که‌مڕه‌نگ بوو.

چونکوو به‌و ئاکامه گه یشتبوو که کۆماری ئیسلامی ته‌نیا کاتێک حێسابی بۆ ده‌کات که بتوانێ زۆرینه‌ی حێزبی دیموکرات له گه‌ڵ خۆی هاوڕا بکات. خه‌ونێک که ئیستاشی له گه‌ڵدا بێت حه‌ولی بۆ ده‌دات و هیوای ده‌سپێڕاگه‌یشتنی به دوور نازانێت. ده‌سته‌به‌ر بوونی به ئاسانی ئه‌و خه‌ونه له حدک‌دا و هاوڕاکردنی به‌شێکی زۆری کادر و ئەندامانی حدک ئه‌م هیوایه‌ی لای خالید عه‌زیزی دروست کردوه کە ده‌کری و نامومکێن نیه که ده‌ستی به سکرتێری حێزبی دیموکراتی یه‌کگرتووش بگات.

خه‌ونێک که به بڕوای نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه زۆر زۆر منداڵانه‌یه و نه‌ک هه‌ر ئیحتمالی بەدیهاتنی سێفره، بگره ره‌وتی دانیشتن و دوورکه‌وتنه‌وە له رێبه‌رایه‌تی ناوبراو و دژایه‌تی کردنی بۆچوونه‌کانی که له دوایین کونگره‌ی ئه‌و حێزبه‌دا ده‌ستی پێ کرده‌وه  به هۆی ئه‌م دەربڕینه نائاسایی و گۆماناویانەی ئه‌م دواییه‌ش زیاتر و زیاتر ده‌بێت.

کوتا قسه ئه‌وه‌یه که حیزبی دیموکرات به درێژایی میژوی خۆی زۆر جار تووشی نه‌هامه‌تی و کزبوون هاتوه به‌ڵام قه‌د داگیرکه‌رانی کوردستان نه‌یانتوانیوه به ته‌واوی له نێوی به‌رن و هه‌ر ته‌رح و پلانێکی نه‌ته‌وه‌ی حاکم بۆ له نێو بردن و تواندنه‌وه و ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی ئه‌و حێزبه سه‌ری نه‌گرتوه.

 پلانی خستنه ناوگیژاوی به ناو موبارێزه‌ی مه‌ده‌نی و مافی شارۆمەندی و هەروەها بانگه‌شە بۆ بێ هێزی و بێ توانایی پێشمه‌رگه و حیزبه کوردستانیه‌کان هه‌ر وه‌ک پلانه‌کانی دیکه‌ی حاکمانی ئێران بە تەواوی سه‌رکه‌وتوو نابێت و له هه‌ر قۆناخێکدا ژماره‌یه‌ک رێبه‌ری وردبین و دڵسۆزی ئه‌و حێزبه، پلانەکانی داگیرکەران پووچەڵ دەکەنەوە.

رەحمەت عەزیزی

2016-04-08

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی