"an independent online kurdish website

خاتوو ( ئاسترید لیندگرێن ) کەڵەنووسەرێکی پسپۆری سویدی و جیهانی بوو، لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، نووسەری زنجیرە چیرۆکی ( پیـپی گـۆرەویدرێـژ ) ە،astrid-lindgren

کە  یەکێکە لە شاکارە هەرە ناوبانگەکانی جیهان بۆ منداڵان .. دڵنیام کە زۆربەمان لە سەر پەردەی تەلەفزیۆن یا سینەمای منداڵاندا، سەرکێشییە سەرسوڕێنەرەکانی پيپی گۆرەویدرێژی یاخیبووی لە توانابەدەرمان بینیوە .

ئاسترید لیندگرێن، ناوی تەوای ( ئاسترید ئەنە ئیمیلیا لیندگرێن ) ە، لە خانوویەکی رەنگ سوور کە بە داری سیۆ دەورەدراوە، لە شاری ( ڤیمـەربی ) سەر بە ناوچەی سمۆلاند، لە باشووری سوید لە دایک بووە .. ( ڤیمەربی ) شارۆچکەیەکی قەشەنگ و دڵگیرە، سروشتێکی جوان و ئەفسسووناوی هەیە .. لەم شارەدا، خاتوو ئاسترید لەگەڵ خێزانەکەیدا،( هـانا ) ی دایکی،( ئوگست ) ی باوکی و، سێ براکەی ( گونار، ستینا، ئینگرید ) بە ئەوپەڕی شادییەوە دەژیان و، لە کێڵگەکەیاندا کاریان دەکرد .

ئاسترید لە خێزانێکی خوێندەوار و خوێندنەوەدۆستدا گەورە و پەروەردە بوو .

ئاسترید لیندگرێن هەر لە منداڵییەوە حەزی لە چیرۆک بوو .. خاتوو ( کریستین )ی دراوسێیان چیرۆکی ئەفسانەیی خۆشی بۆ دەگێڕایەوە، وەک ( بام بامی چەتەوڵ ) و ئەفسانەی (ڤیریبوندا ) .. ئاسترید لیندگرێن لە ( ٧ ی/ ئاگوست /ی ١٩١٤) دا چووە ( قوتابخانەی ڤیمەربی سەرەتایی ) زۆر زوو فێری خوێندنەوە و نووسین بوو .. بوو بە هۆگرێکی سەرسەختی خوێندنەوەی چیرۆک، بوو بە دۆستێکی هەمیشەی کتێب .. رۆژانەش مامۆستاکەی بە دەنگێکی بەرز چیرۆکی خۆشی بۆ دەخوێندنەوە .

ئاسترید، وەک خۆی لە کتێبی سەرگوزشتەی ژیان و بیرەوەرییەکانیادا دەیگێڕێتەوە، یەکەمین چیرۆک کە خوێندوویەتەوە چیرۆکی (بەفرین و حەوت کورتەباڵاکان) بوو .

ئاسترید لیندگرێن لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا، یەکەمین نووسراو لە داڕشتنی خۆی، لە رۆژنامەی ناوخۆیی ( ڤیمەربی ) دا بڵاوکردەوە .. خوێندنی ئامادەیی بە پلەی زۆر باشە تەواو کرد و، بەرزترین نومرەشی لە ( زمانی سویدی ) دا وەرگرت، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ( رۆژنامەی ڤیمەربی ) دا، وەک پێاچوونەوە و راستکەرەوەی هەڵەی زمانەوانی کاری کرد .. ئاسترید لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا، وەکو پێکەوەژیان، واتە هاوسەرگیرییەکی نا یاسةایی ( بێ مـارەبــڕین )، لەگەڵ بەڕێوەبـەری رۆژنامـەکـەدا ( راینۆلد بلۆمبورگ) دا کرد .. بوون بە هاوژینی یەکتری و، دووگیان بوو .. رینۆڵد داوای لێکرد کە شوویی پێبکات، بەڵام ئاسـترید رەتیکردەوە .. ئەم پێکەوەژیانەش بە پێچەوانەی داب و نەریتی باوی ئەو سەردەمەوە بوو .. بۆیە لە دوای ماوەیەکی کەم بۆ شاردنەوەی ئەم هاوسەرگیرییە نایاساییە، ماڵە باوانی بەجێهێشت و، رووی لە شاری ( کۆبنهاگن ) ی پایتەختی دانیمارک کرد و، لەوێ نۆبەرەکەی ( لارس ) ی کوڕی لە ( ١٩٢٦ز ) لە دایک بوو . لەگەڵ خێزانێکی دانیمارکیدا بۆ ماوەیەک ژیان و لە لایەن دایەنێکەوە کوڕەکەی بەخیۆ دەکرا .. ئاسترید هەر خۆی لە هەمان ساڵدا (١٩٢٦) دا، گەڕایەوە بۆ ( ستۆکهۆڵم ) ی پاییەختی سوید .. لە ساڵی ( ١٩٢٩) دا دەبێت بە بەڕێوەبەرێکی نووسینگەی یانەیەی ئۆتۆمبیلی شایانە لە ستۆکهۆڵم، حەز لە بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەکە ( ستووری ) دەکات . لە ساڵی (١٩٣٠) دا بە هۆی نەخۆشکەوتنی دایەنی کوڕەکەی بۆ ماوەیەک دەچێتەوە بۆ کۆبنهاگن .. لە ساڵی (١٩٣١) دا، شوو بە ستووری دەکات، و مێردەکەی بە ( ستووری لیندگرێن ) ناودەبرێت، پێکەوە دەژین .. ئینجا ئاسترید وەکو رۆژنامەنووسێک و، دوایش وەک سکرتێرێک و، لە دوایدا وەکو نووسەرێکی رۆژنامەکە کاردەکات . لەساڵی (١٩٣٣) دەبێت بە سکرتێری کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی هاوینەی سویدی .. دواییش کوڕێکی تری لە دایک بوو، ناوی نا ( لارش ) .. منداڵی سێیەمینیشی کچێک بوو، ناوی لێنا (کارین )، دوایش (لارس) ی کوریشی هێنایە لای خۆی و لەگەڵ ستووری لیندگرێنی هاوسەرەکەیدا گەڕانەوە بۆ شاری( ڤیمەربی ) و لەویدا ژیانی خێزانیان بەسەربرد .. سۆز و خۆشەویسی منداڵەکانی، بوونە هۆکاری سەرەکی، بۆ ئەوەی ئاسترید ببێت بە پسپۆر لە ئەدەبی منداڵاندا و، ببێت بە چیرۆکخوانیان .

کوڕەکەی لە دیمانەیەکدا، دەربارەی ئاسترید لیندگرێنی دایکی، وتی : ” ئەو لەو دایکانە نەبوو، کە لەسەر کورسییەکی باخچەکەدا دابنیشێ و، لە کاتی یاریکردندا چاودێری منداڵەکانی بکا، بە پێچەوانەی ئەمەوە، دایکم دەیەویست بێتە پاڵی من و، یاریم لەگەڵدا بکا .. لەو باوەڕەدام، بەو رادەی کە من دڵخـۆش دەبووم .. ئەویش بەو رادەیە دڵخـۆش دەبوو

ئاسترید لیندگرێن، لە تەمەنی سی و حەوت ساڵیدا، لە ساڵی (١٩٤١) دا، دەستی بە نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان کرد .. سەیریش لەوەدایە کە دەستپێکردنەکەی لە ئەنجامی ئیلهامێکی ساتی منداڵیی بێتاوان وپاکدا بوو .. کاتێک کە ( کـارین )ی کچی کە تەمەن حەوت ساڵان بوو، تووشی نەخۆشی سییەکان دەبێت .. رۆژانە ئاسترید لە تەک قەرەوێڵەکەی کارین دادەنیشت و، هەقایەت و چیرۆکی خۆشی بۆ دەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی لە ئێش و ئازارەکانی کەم بکاتەوە .. جارێکیان لە کارینی پرسی : ” چ چیرۆکێکت دەوێت ” کارینیش بە چاوتروکانێک و یەکسەر وتی : ” چیرۆکی پیپی گۆرەویدرێژ “م بۆ بگێڕەوە .. کچەکەی ئەم ناوەی داهێنا .. بۆیە هیچی لێنەپرسی ، ئەمیش بە گوێرەی ئەم ناوە سەیرە ( پیپی گۆرەویدرێژ ) چیرۆکی سەیر سەیری بۆ دەگێڕایەوە .. دوای ماوەیەک کچەکەی و هاوڕێکانیشی زۆر هۆگری ئەم چیرۆکانە بوون .. بۆ ماوەی چەند ساڵێک .. بە هەست و چەژێکی منداڵییەوە .. بە روویەکی خۆش و گەشەوە چیرۆکە سەیر و سەرکێشییەکانی بە ناوی ( پیپی گۆرەویدرێژ ) بۆ دەگێڕانەوە . هەر ئەم زنجیرە چیرۆکەش بوو، کە ناوی ئاسترید لیندگرێن خستە ناو ناوانەوە و، بوو بە وێردی سەر زاری منداڵان و گەورەکانیش و، پایەیەکی باڵای لە ئەدەبی منداڵاندا پێبەخشی .. نەک هەر لە سوید دا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا.. بوو بە خۆشەویستی منداڵانی سوید و جیهان .. چیرۆکەکانی ( پیـپی گۆرەویدرێـژ ) داهێنان و تازەگەرییەک بوو لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. ریچکەشکێنێکی دژەباو بوو .. بە گرنگترین و بە یەکەمین کارە ئەدەبییەکانی ئاسترید لیندگرێن و، تا ئەمڕۆش بە شاکارێکی ئەدەبی جیهانی منداڵان دەناسرێت .. زیاتر لە حەوت ملیۆن دانە لە بەرگەکانی کتێبی ( پیپی گـۆرەوی درێـژ ) فرۆشران

کاتێ ئاسترید لیندگرێن ویستی چیرۆکی ( پیپی گۆرەویدرێژ ) چاپ بکات و، لە یادی جەژنی لە دایکبوونی ( کارین ) دا پێشکەشی بکات .. پاکنووسی کتێبەکەی نارد بۆ کۆمپانیایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە .. کۆمپانییەکە بۆی چاپ نەکرد و، بەوە وەڵامی دایەوە کە ئەم چیرۆکانە شایەنی چاپکردن نین .. بەڵام  ئاسترید بێ هیوا نەبوو .. ناردی بۆ پێشبڕکێیەکی چیروکی منداڵان، کە لە لایەن خانەیەکی تری چاپکردن و بڵاوکردنەوەوە راگەیاندرا .. دوای ماوەیەک خانەکە پەیوەندییان بە ئاستریدەوە کرد، کە ( پیپی گۆرەویدرێژ ) بوو بە خەڵاتگری دووەمی پێشبڕکێکە و، بڕیاریش درا کە چاپکربکرێت .. هەر بە ناوی ( پیـپی گۆرەویدرێـژ )ەوە چاپیان کرد .. چاپکردنی زنجـیرە چیرۆکەکانی ( پیـپی گـۆرەویدرێـژ ) لە چەند بەرگێکدا، لە نێـوان ساڵەکـانی ( ١٩٤٥ـ ١٩٧١) دا، چاپ کران .. کران بە کاری درامای تەلەفزیۆنی و بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە بابەتی شانۆیی .. تا ئەمڕۆ وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە ( ١٠٠) زمانی ناسراوی جیهانی، کە زمانی کوردیش یەکێکە لەو زمانانە، لە وەرگێڕانیدا بۆ عەرەبی ناوکەیان گۆڕیوە و، کردوویانە بە ( جنانی گۆرەویدرێژ ) لە راستیدا ئەم ناوە ( جنان )  چەژی ناوە رەسەنەکەی ( پیـپی ) نادات .

رەخنەگرانی ئەو سەردەمە پێشوازییان لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە نەکرد و، زۆر بە توندی رەخنەیان لێگرت، بەوەش تاوانباریان کرد، کە ئەم چیرۆکانە منداڵان لە رێ دەردەکەن و فێری سەرکێشی و یاخیبوونیان دەکەن و لە کۆمەڵ هەڵیان دەگێڕنەوە و لە دەسەڵاتی گەورەکان و دەسەڵاتی پەروەردەی چاولێکەری یاخی دەبن.. بەڵام ئەم رەخنانە بە پێچەوانەی ئەو پێشوازییە گەرمە و گەورە و ئەو دەستخۆشییە زۆرەوە بوو، کە منداڵان لە هەموو جیهاندا لە ( پیپی گـۆرەویدرێژ ) یان کرد .. تا ئەمڕۆش لە زۆر شوێنی جیهاندا، کچانی منداڵ لە شێوەی ستایلی پرچە هۆنراوە سوور و رەق وەستاوە دوولایەکانی پیپی، ستایلی قژەکانیان دەهۆننەوە و، سوور و رەقیان دەکەن و.. دوو گۆرەوی درێژی رەنگ جیاوازیش لە پێیەکانیان دەکەن، وەکو پیپیش خۆیان بە ئازا و جەسوور و بێباک و دلێر و سەرکێش دەزانن .. نمایشی فەنتازی دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی هاوڕێکانیان رابکێشن .. منداڵانی ئەمڕۆش لە دووبارە و لە دەبارە سەیرکردنی فیلمی ( پیپی گۆرەویدرێژ ) مەست نابن .. هەرگیزیش لێی بێزارنابن .

ئەو منداڵانەی کە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوودا، چیرۆکەکانی ( پیپی گۆرەویدرێژ ) یان خۆێندەوە و .. لێوەی فێری ئازایی و غیرەت و مرۆیی بوون لە ئەمڕۆدا، ئەم چیرۆکانە بۆ نەوەکانیانیان دەگێڕنەوە .. تا کارتێکردنی نووسەرەکەی لە نەوە لە دوای نەوە درێژەی هەبێت .. تا نەترسن و، هیچ شتێک بە بڤە نەزانن .

زۆر بە کورتی باس لە چیرۆکی ( پیپی گۆرەویدرێژ دەکەین )، ئاسترید لیندگرێن لە میانەی کەسێتی پیپی ی خایەڵیدا، کە کچێکی نۆ ساڵانی بێ دایکە .. دوو گـۆرەویی درێژی رەنگ جیاوازی لە پێیەکانی دایە، قژە سوورەکەی ستایلێکی تایبەتی هەیە .. دەتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەنیا لە ماڵێکدا بژی کە بە ( ڤیلا ڤیلاکۆلا ) ناودەبرێ و، دەکەوێتە دێیەکی هێمنەوە .. باوکی دەریاوانە و، بە دەریالۆشەکاندا دەگەڕێ، جار و بار لەگەڵ خۆیدا پیپی بۆ گەشتە دەریاییەکانی دەبات، جاروباریش بۆ ماوەیەک لەماڵەکەیاندا پێکەوە دەژین .. جارێکیان باوکی کەوتە قوڵایی دەریاوە .. پیپی توانی بە ئاسانی باوکی لە خنکاندن رزگاربکات .. پیپی لە ماڵەوەدا ماینێکی سپی خاڵخاڵ رەشی هەیە، لەگەڵ مەیموونێکدا کە بە ( رێزدار نیلسون ) ناسراوە .. 

پیپی دەتوانێت کاروبارەکانی خۆی جێبەجی بکات، لە ماڵەوەشدا باوکی توورەکەیەکی پڕ لە پارەی زێری بۆ داناوە، هەرکاتی پێویستی بەشتێک هەبێت لەو پارەیە دەردەکا و خەرجی دەکات .. پیپی دوو هاوڕێی کوڕیشی هەیە، کە هەردووکیان هاوتەمەنی خۆین و دراوسێن .. ناوەکانیان ( تۆمی ) و ( ئەنیکا ) ن .. کە لە سەرکێشییەکانیدا بەشدارییان پێدەکات .. خەڵکی گوندەکەی بە منداڵێکی چەتوونی دەزانن، داوایان کرد کە ببرێت بۆ ( خانەی بەخێوکردنی منداڵان ) .. ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی، کە ماڵەکەی ماڵی منداڵانە، چونکە خۆشی منداڵە و لێیدەژی .. پێویستیشی بە یارمەتی  کەس نییە .. لە گۆرانییەکدا پیپی دەڵێ : ” من موڵکی خۆمم .. لە هەموو شتێکدا ئەفسوون هەیە .. ئەی بینەر ئەمڕۆ چیدەکەم .. ؟ ” پیپی منداڵیکی یاخییە و هێز و توانایەکی بەدەری هەیە .. زۆر ئازا و چاونەترسە و لە هیچ سڵناکاتەوە .. کەسیش دەرەقەتی نایات .. دەتوانێ ماینە سپییەکەی بە یەک دەست بەرز بکاتەوە .. توانی بەهێزترین پیاوی سێرک لە جیهاندا، کە لە نزیکی دێیەکەیانەوە رەت بوو، بە تەنها پەنجەیەکی بەرزی بکاتەوە و، لە ئاسماندا رای بگرێت .. هیچ پۆلیسێک خۆی لە قەرەی نادات .. پیپی گۆرەویدرێژ، بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە رووبەڕووی هەموو مەترسيیەک دەبێتەوە و .. هەمیشەش سەردەکەوێت .. لە لای پیپی هیچ شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت .. لە کەسێتی پیپیدا، ئازایی و سۆزداری کۆبوونەتەوە .. لە پێناوی یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا توانی کاری لە توانابەدەر بکات .

کەسێتی پیپی بە لای منداڵانەوە پاڵەوانێتییە .. شۆڕشگێڕییە، ئەم چیرۆکە گوزارشت لە خەون و هیوای  منداڵی لاوازی بێدەسەڵات دەکا، بۆ ئەوەی سەربەستی و ئازادی بەدەست بهێنێت، لەگەڵ توانای کارکردندا .. گوزارشتە لە ئارەزووەی قەتیسماوی منداڵان .. یاخیبوونە لە جیهانی گەورەکان و لە دەستوورە رەقەکانیان .. یاخیبوونە لە ستەمی خێزانی و لە نێرسالاری .. لە بیر و باوەڕی کۆن و باو و سواو .. کە پەیوەندیان بە رەوشتی پێویستی و سنوورداری کچـانەوە هـەیە .. کە کچان ناچار دەکەن جێبەجێیان بکەن .. گوزارشتە لە رووبەڕووبوونەوەی جیاوازی لە نێوان کوڕان و کچان دا .. یاخیبوونە لە ژێردەستی و کۆیلایەتی، لە قورخکردنی ئازادی . پیپی یارمەتی منداڵان دەدات لە هەموو جیهاندا، بۆ ئەوەی لە کۆت و پێوەنی باوی کۆمەڵایەتی رزگاریان بێت .. مافەکانیان بەدەست بهێنن .. پیپی هەردەم لەگەڵ لاوازان و ستەملێکراوان دایە .. دژی زۆرداری و دیکتاتۆرییە .. بۆیە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرییەکان دژی پیپی و ئامانجەکانین .. ( پیـپی گۆرەویـدرێژ ) چیرۆکێکی چەڤەنگییە .. هێمایە بۆ یاخیبوون لە ژیانێکی چەقەبەستوو .. لە چەوسانەوەی منداڵان بە تایبەتیش کچان .. بۆ بەربەرەکانی کردنی جیاوازی لە نێوان کـوڕان و کچـاندا .. بۆ رەوینەوەی ترس و بێدەسەڵاتی .. بۆ چەسپاندنی ماف و یەکسانی و دادپەروەری، بۆ سەربەستی، بۆ … هتد .. ئەوەی کە لەم چیرۆکەدایە، خەیاڵ گوشادی و، دەنگ و رەنگی راستی بیر و ناخی منداڵانە .

بزووتنەوەی ژنـانی دانیمارک لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابـردوودا، ( پیپی گورەویدرێژ ) یان کرد، بە هێمای خەبات لە پێناوی بە دەستهێنانی مافەکانیان ..  بزووتنەوە فراوانەکەشیان ناونابوو ( بزووتنـەوەی گـۆرەوییە سوورەکـان ) .

 ناتوانین لە کورتە باسێکدا، باس لە هەموو چیرۆکەکانی ئاسترید لیندگرێن بکەین .. ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانی زیاتر لە ( ١٠٠) کتێبن، کە پشکی شێریان چیرۆکن بۆ منداڵان . زۆربەی کتێبەکانی بۆ زیاتر لە (٨٠) زمانی جیهانی وەرگێڕاون .. چیرۆکی ( پیپی گۆرەویدرێژ ) بۆ نزیکەی (١٠٠) زمانی ناسراوی جیهانی، وەریان گێڕاوە ئاسترید لیندگرێن، گەورەکانیشی فەرامۆش نەکردووە .. بۆ ئەوانیش زیاتر لە (٤٠) دەقی سینەمایی و، چەند شانۆگەرییەک و، چەند کتێبێکی بابەت هەمەجۆرەشی بۆ  نووسیون .. بەشێکی زۆری نووسین و کارەکانی کران بە فیلمی سینەمایی و، بە شانۆگەری و، بە زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی و رادیۆیی .

لێرەدا تەنها ئاماژە بە سەرناوی هەندێ لە چیرۆکەکانی ئاسترید لیندگرێن دەکەین، کە بۆ منداڵان نووسیوێتی و چاپی کردوون :

١ـ پیپی گۆرەویدرێژ ( پیپی لونگستوگینگ ) ( ١٩٤٥ـ ١٩٧١) ئەم کتێبە لە لایەن مامۆستا ( فەرهـاد شاکەلی ) یەوە، لە ژێر ناوی ( کچەی گۆرەویدرێژ ) وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و، لە ساڵی (١٩٩٠) دا، لە سوید چاپی کردووە .

٢ـ  منداڵانی بولبیری یا شەش منداڵە بێزارکەرەکان ( ١٩٤٦ـ ١٩٥٣)

٣ـ زنجیرەی بیل بیرکسون ( ١٩٤٦ـ ١٩٥٣)

٤ـ میۆ مێوەکەی من ( ١٩٥٤) .. مامۆستا ( ئەنـوەر قـادر محـەمەد ) ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و، لە ساڵی ( ١٩٩٩) دا، لە سوید چاپی کردووە .

٥ـ زنجیرەی کارلسون لە سەربانە (١٩٥٥ـ ١٩٧٢)

٦ـ زنجیرەی ماردی یا میدیکن (١٩٦٠ـ ١٩٦٣)

٧ـ کورتە باڵا (١٩٦٠)

٨ـ دوورگەی قەلەڕەشی دەریـا (١٩٦٤)

٩ـ کورتەبـاڵا و رێـوی ( ١٩٦٥)

١٠ـ زنجیرەی ئیمـیل (١٩٦٣ـ ١٩٩٧)

١١ـ برایانی شیردڵ (١٩٧٣)

١٢ـ رونیای کچـە چەتە (١٩٨١)

١٣ـ گۆلکی شەوی لەدایکبوون (١٩٨٩)

١٤ـ گوران و راکردنە مەزنەکەی (١٩٩١)

١٥ـ بەهاری تازەدێ .. مامۆستا ( فەرهاد شاکەلی ) ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و، لە ساڵی (١٩٩٠) دا، لە سوید چاپی کردووە .

تا ئیستا نزیکەی (١٥٠) ملیۆن دانە، لە کتێبە چاپکراوەکانی ئاسترید لیندگرێن لە جیهاندا فرۆشراون . ئاسترید بە پلەی هەژدەمین دێت کە زۆرترین بەرهەمەکانی  فرۆشرابن .. هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن ئاسترید لیندگرێن گەورەترین نووسەری چیرۆکی منداڵانە لە سەدەی بیستەمـدا .. هەتایە شوێن پەنجەی ئاسترید لە داهێنانی ئەدەبی تازەی منداڵاندا دەمێنێتەوە و بە ئەوپەڕی شانازی و رێزەوە یاد دەکرێتەوە .

ئاسترید لیندگرێن، زۆر بە دڵسۆزی و راستگۆییانەوە گوزارشتی لە ناخی منداڵیی خۆی کردووە، دەڵێ : ” خەیاڵی منداڵەکانم نەبوونەتە ئیلهامی چیرۆکەکانم، من بە ئاسانی دەربارەی منداڵیی خۆمم نووسیوە، من تەنها گوێ لە دەنگی ئەو منداڵە دەگرم، کە لە ناخی خۆم دایە

ئاسترید لیندگرێن داکۆکیکەرێکی سەرسەختی مافەکانی منداڵان و ئاژەڵیش بوو . رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە جێگیرکردنی مافەکانی منداڵان لە یاسا و دەستووری سوید دا، داکۆکیشی لە مافەکانی منداڵانی کوردیش دەکرد .. ئاسترید گەلێ پرۆژەی یارمەتیدانی منداڵانی هەبوو .. هەر لە بیرۆکەی ئەوەوە، رێکخراوی ( پریس ) بۆ مافەکانی منداڵان لە سوید دامەزرا، بۆ زامنکردنی مافەکانی منداڵان لە کۆمەڵەدا .

ئاسترید لیندگرێن، بەشداری لە دامەزراندنی ( کتێبخانەی جیهانی ئەوروپا )دا کرد، کە زیاتر لە ملیۆنێک کتێبی بە زمانە جیاوازەکانی جیهان لەخۆگرتووە .

ئاسترید لیندگرێن، لە بارەی هەڵبژاردنی جیهانی نووسین بۆ منداڵان، دەڵێ : ” لە چیرۆکەکانمدا، مەبەستم لە جۆرێک ئامۆژگاری پەروەردەیی نییە .. بیرۆکەی گەوەرەشم نەگواستۆتەوە .. بۆ کۆمەڵە منداڵێکی تایبەتیشم نەنووسیوە .. هەموو مەبەستێکم لە چیرۆکەکانمدا، ئەوەیە کە ساتێکی شادی بە منداڵان ببەخشم .. لەو شادییە بچێت کە من هەستم پێکرد، کاتێک کە دایکم یەکەمین چیرۆکی نووسراوی بۆ خوێندمەوە، کە باوکم لە جەژنی چوارەمین ساڵەی لە دایکبوونمدا پێشکەشی کردم .. شادی منداڵان تەنها هیوای منە و، لەمە زیاتریش هیچی تر نین بە لامەوە

تا ئێستاش بە لای زۆر کەسەوە جێی سەرسوڕمانە کە بۆچی ( ئەنیستۆتی سویدی) (خەڵاتی نۆبڵ)ی لە ئەدەبدا بە ئاسترید لیندگرێنی شایستەی ئەم خەڵاتە نەبەخشی ؟

لەم بارەیەوە ئاسترید دەڵێ : ” رۆژی لە رۆژان هیوای خەڵاتی نوبڵم نە خواستووە، هەموو هیوایەکم ئەوەیە کە کەمێک زیاتر بژیـم  .. ژیان خۆش و نایابە  ”   

لە سایەیەی چیرۆکەکانی ئاسترید لیندگرێن، ئەدەبی منداڵانی سوید، پلەو پایەیەکی بەرزی لە ئەدەبی منداڵانی جیهاندا هەیە .. ئاستریدیش ناوی لە ریزبەندی پێشەوەی نووسەرە مەزنەکانی جیهان دایە، لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .

چەندین خەڵاتی سویدی و جیهانیان بە ئاسترید لیندگرێن بەخشی، لەوانەش لە ساڵی (١٩٥٠ ) دا، میدالیای ( نیلز هۆلگرسون )، لە ساڵی ( ١٩٥٨) دا، خەڵاتی ( هانس کریستیان ئەندەرسن ) یان پێبەخشی، کە بە ( خەڵاتی نـۆبڵی بچووک ) ناو دەبرێ . لە ساڵی (١٩٧١) دا، میدالیای زێڕینی ( ئەنیستۆتی سویدی ) یان پێبەخشی .

ئاسترید لە سوید دا، بە ( مامۆستای نەوەکان ) ناودەبرێت .. لە راستیشدا شایەنی ئەم نازناوەیە .. لە جەژنی نەوەتەمین ساڵەی لە دایک بوونیدا، بەرنامەیەیەکی رادیویی، نازنـاوی ( ژنـە سویـدی ساڵ ) ی پێبەخشی .. ئەمانە و گەلی خەڵاتی ریزلێنانی تریشیان پێبەخشی .. بە دەیان قوتابخانە و شوێنی گشتی و هوتێل و ریستۆرانت و کۆگا لە سوید دا بە ناوی ئاسترید لیندگرێن ەوە ناونراون .. هەر بۆ پیزانین و رێزلێنانیش، لەسەر پارەی (٢٠ کرۆن ) ی سویدی، وێنەی ئاسترید لیندگرێن دانراوە .

سویدییەکـان، بۆ هەمیشە رێزگرتن و پێزانین و لە یادبوونی، ئەم کەڵە نووسەرەیان ( ڤیمەربی ) زێدی لە دایکبوونی ئاسترید بە ( شاری ئاسترید لیندگرێن ) ناودەبەن.

ئاسترید لیندگرێن، لە تەمەنی نزیکی (٩٥) ساڵیدا، لە (٢٨ی/ یانوار / ٢٠٠٢) دا کۆچی دوایی کرد .. گەلی لە گەورەکان و نووسەران ئاماژەیان بە خزمەتی مەزنی ئەم نووسەرەی ئەدەبی منداڵان کرد، لەوانەش شای سوید ( کارڵ گرسـتاف ) وتی :

چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ ئاسترید لیندگرێن دا، ئاهەنگە سات بوون .. ئاسترید لیندگرێن لە میانەی نووسینە بێوێنەکانییەوە گەلی مەبەستی بە هەموومان گەیاند .. بە منداڵان و گەورەکان .. نەک تەنها لە سوید دا، بەڵکو بە هەموو جیهانی گەیاند .. چیرۆکەکانی هەموو هەستەکانی خوێنەرانی ئەفسونبەند و سەرسوڕمان دەکرد .. جیهانی چیرۆکەکانی پڕە لە ژینگە و لە خەڵکییەک کە بە تەواوی جیاوازن، لەوەی کە لە ژیانی ئاسایی رۆژانەدا بە زۆری روودەدەن و بەدی دەکرێن ”  

 لە دوای مردنیشی، گۆڕەپانێکی زۆر جوان و گەورەیان بە تەنیشت ماڵەکەیەوە لە ڤیمەربی دروستکرد، کە بە درێژایی ساڵ بۆتە ژووانگەی بە هەزاران سەردانکەری تامەزرۆی بینیی کۆتەڵەکانی کەسێتی و پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی، بە بەرگی خۆیان و، ئەو شتومەکانەی کە بەکاریان هێناون .. ئاسترید لیندگرێن دونیای بەجێهێشت .. بەڵام چیرۆکەکانی دەمێنن و، دەبن بە توێشەبەری نەوە لە دوای نەوە، بۆهێنانەدی خەونەکانیان، لەم ژیانە خۆش و نایابەدا .. ئاسترید لیندگرێن لە پێناوی شادیکردنی منداڵان و خۆشنوودیان، تاقیکردنەوە و داهێنانێکی بوێرانەی لە ئەدەبی منداڵاندا بە کردەوەیی ئەنجامدا، لە رێی کەسێتی ( پیپی گۆرەویدرێژ) ی پاڵەوان و یاخیبووی لە توانا بەدەر .. کە گۆزارشتی لە هیوا و لە ئارەزووەکانی ناخی منداڵان کردووە .

وەکو رێزلێنان و نەمری بەخشین بەم کەڵەنووسەرە، وڵاتی سوید خەڵاتێکی ساڵانە بە ناوی ( خەڵاتی ئاسترید لیندگرێن ) دیاری کرد .. کە خەڵاتێکی بەرزی جیهانییە .. هەموو ساڵێک دەرێت بە نووسەرێکی ناسراوی شایستەی بواری ئەدەبی منداڵان، لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، بە پێی چەند مەرجێک کە بۆ خەڵاتەکە دیاریکراون . بەهای خەڵاتەکەش (٥) ملـیۆن کرۆنی سویدییە، کە دەکاتە (٧٧٠) هەزار دۆلار، کە لە لەیەن حکوومەتی سویدەوە تەرخانکراوە و دەدرێت بە خەڵاتگر .. ئامادەکاریش بۆ رێوڕەسمی ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکەش لە لایەن مەڵبەندی هونەری سویدەوە سەرپەرشتی دەکرێت و.. خەڵاتەکەش لە ( مانگی ئاپریل ) دا دەدرێت، کە سەرەتای بەهار و خۆڕازانەوەی سروشتی جوان و قەشەنگی سویدە .. پاڵیۆراوی نووسەری خەڵاتگریش، لە لایەن لیژنەیەکی سویدی شارەزا و پسپۆر لە ئەدەبی منداڵاندا، بە ئەندامێتی یەکێک لە بنەماڵی ( ئاسترید لیندگرێن ) بە هەڵسەنگاندنی سەرجەم بابەتە نووسراوە چاپکراوەکانی نووسەرەکە بۆ منداڵان یا مێردمنداڵان هەڵدەسەنگێنرێت . داواکەش لە لایەن رێکخراوێکەوە، یا دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوی کتێبەوە، لە مانگی یانواردا دەدرێت بە لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە .. ئامانجیش لە بەخشینی ئەم خەڵاتە، بەرز راگرتنی یاد و ناوی کەڵەنووسەر ئاسترید لیندگرێن و .. گرنگی و بایەخدانە بە داهێنان و بە پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵان لە جیهاندا .. لە بەرچاوگرتن و گرنگیدانە، بە ئەمڕۆ و بە داهاتووی منداڵان .. هیوابەخشین و هاندانی منداڵان و مێرمنداڵانە، بۆ خۆڕۆشنبیرکردن، لەسەر ئاستی جیهانیدا .

( خەڵاتی ئاسترید لیندگرێن )ی ئەمساڵ (٢٠١٦) درایە .. رۆمانووسی ئەمریکی خاتوو ( مێگ روزۆف ) لە دایکبووی (١٩٥٦) لە ساڵی (١٩٨٩) ەوە، لە لەندەن دەژی .. تا ئێستا چەند رۆمانێکی بۆ منداڵان و مێردمنداڵان چاپکردووە .

بە شانازی و شایستەشەوە دەڵێم، کە شاعیر گەورە و نووسەر و، نووسەری بە توانای ئەدەبی منداڵانی کوردمان کاک ( لەتیـف هەڵـمەت ) شایەنی پاڵاوتنە بۆ وەرگرتنی ( خەڵاتی ئاسترید لیندگرێن ) یا ( خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن ) یا (خەڵاتی نیوبەری ) بۆ ساڵی داهاتوو (٢٠١٧) .. بۆ ئەم هیـوا و مەبەستەش، بە نیازم لەگەڵ کاک ( لەتیف هەڵمەت ) دا قسەبکەم، ئەگەر پێیخۆشبوو، هەوڵدەدەین لە رێگای رێکخراوێکی رۆشنبیری، یا دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەوە، بەپێی مەرجە پێویستیە دیاریکراوەکانی خەڵاتەکان، لە مانگی یانواری (٢٠١٧) دا، بە فەرمی داوایەک و بەرهەمە چاپکراوەکانی کاک لەتیف هەڵمەت لە ئەدەبی منداڵان دا ( شیعرەکان و چیرۆکەکان )ی بدەین بە لیژنەکانی ئەو خەڵاتە جیهانییە ناوبراوانە. لەو بڕوایەشدام، کە ئەمە هیوا و خەونێکی سەرجەم نووسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردستانە .. کە نووسەرێکی شایستەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، کە بە درێژایی تەمەنی بۆ منداڵانی کوردی نووسیووە و دەنووسێت .. خەڵاتێکی ریزلێنانی جیهانی لە ئەدەبی منداڵاندا وەربگرێت . بۆ گەیشتن بەم هیوایەش بە هەوڵی دڵسۆزانی کورد لە ئەوروپا و، بە پەیوەندی کردن بە لیژنەکانی بەخشینی ئەو خەڵاتەنە دیتەدی .

رەزا شوان

نەرویج : ( ١٧ی ئاپریل / ٢٠١٦)

   

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی