لەوە جوانتر نییە کە رۆژەکانمان، بە زەردەخەنەیەکی گەشبینی ناسک دەستپێبکەین، بۆ ئەوەی ناخۆشی و ئازاراکانمان لە یادبکەین ..
گەشبینی گوڕ و توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت .. مژدەی داهاتوویەکی جوانتر و گەشتر و مەزنترمان دەداتێ .. گەشبینی هاندەر و پاڵنەرمانە بۆ کار و داهێنان و بەرهەمهێنان .. بڕوابەخۆبوونمان زیاتر دەکا ..
وامان لێدەکات کە هەرگیز بێ هیـوا نەبین و کۆڵنەدەین و .. درێژە بە رەوتی ژیانمان بدەین و، هەرگیز خۆمان بە دەستی بێزاری و بێ ئومێدییەوە نەدەین .
هەردەم گەشبین و کۆڵنەدەربن، گەر دوێنێتان لە دەستچووە، ئەمڕۆتان لە بەردەستدایە .. ئەمڕۆش بارگەی دەپێچێتەوە و دەڕوات .. پێویستە پێشوازی لە بەیانی بکەن .. خەم لە دوێنێ مەخۆن، رۆیی و ناگەڕێتەوە، بۆ ئەمڕۆش دڵتەنگ مەبن، ئەمڕۆش دەڕوات .. خەون بە خۆرێکی گەشەوە ببینن کە لە بەیانیدا هەڵدێت .. ئەوەش بزانن ژیان بەبێ خۆشەویستی و گەشبینی و هیـوا، ژیان نییە .. گەشبینی کلیلێکی هەمیشەی شادی و ژیانێکی سەرکەوتووە .. گەشبینی بەشێکی گرنگە لە پێشکەوتنی بایۆلۆژیمـان، لە پێناوی مانەوە لە ژیاندا، ئەمەش ئەوەیە کە زانای دەروونناسی ( تیگەر ) لە کتێبەکەیدا ( بایۆلۆژی هیوا : ١٩٧٩ ) دا ئاماژەی پێکردووە .. جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە گەشبینی یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گۆنجان و یەکلایکەرەوە بۆ بوونی مرۆڤایەتی .. هەر بەپێی توێژینەوە دەروونییەکان ئەوە دەردەکەوێت، کە گەشبینی پەیوەندی بە گەلێ لایەنی ئەرێنی ژیانەوە هەیە، وەک : تەمەندرێژی، تەندروستی گشتی، تەندروستییەکی باشی دەروونی، بە دەستهێنانی سەرکەوتنێکی زیاتر لە کار و لە وەرزشدا، لە زووتر چاکبوونەوەی نەشتەرگەریی دڵ، لە ستراتێژییەکی کارا و بەهێز لە رووبەڕووبوونەوەی تەنگانە دەروونییەکان .. گەشبین هیچ شتێک بە ئەستەم نازانێت و .. لە تەنگانەترین کاتیشدا هیوای بە سەرکەوتن و رزگاربوون هەیە .. تەنانەت پێوندی دەستەکانیشی، بە بازنگی زێڕ دێتەبەرچاو .. گەشبین لە ناوەڕاستی تاریکیدا، تروسکەیەکی رووناکی دەبینێت .. هەردەمیش لە پێشی خۆی دەڕوانێت و .. ئاوڕ لە دواوە نادات .. گەشبین ئەگەر بکەوێتە دەریایەکێشەوە، خۆی بە پووشێکەوە دەگرێت و هیوای بە رزگاربوون هەیە .
.. بە کورتی گەشبینی هیوای لێدەبێت .. هیواش کاری لێدەکەوێتەوە .. کارییش ژیانی لێدەبێت .. گەشبینی و هیواش هاودەمی هەموو قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤن .
( هیلین کیلەر ) دەڵێ : ” گەشبینی ئەو باوەڕەیە کە بەرهەمی دەبێت، هیچ شتێکیش بەبێ هیوا و بڕوا نایەتەدی “
گەشبین دەڵێ : نیوەی پەرداخەکەم پڕە .. رەشبینیش دەڵێ : نیوەی پەرداخەکەم بەتاڵە . رەشبین سڵ لە گوڵ دەکاتەوە کە دڕکی هەیە، گەشبین لە گوڵی سەر دڕکەکە دەڕوانێت .
( جین هاوەرد ) دەڵێ : ” گەشبین گوڵ دەبینێت .. رەشبینیش دڕک دەبینێت ”
گەشبینی لەوە زیاترە کە تەنها بیرۆکەیەکی ئەرینی بێت .. بەڵکو خووگرتنە بە بیرۆکەی ئەرێنییەوە .. گەشبینی بریتییە لە ئارەزوو و لە پەرۆشی بۆ روانین لە باشترین دۆخ و رووداواەکان، لە پێشبینی کردنی باشترین ئەنجامیش .. بێگومان گەشبینی باوەڕێکی ناخی و رەوشتێکی گرنگی هەموو سەرکەوتوویەکە .. رەوشتێکە کە پیاوانی شکۆدار بنیات دەنێت .. گەشبینی رووناکییە لە تاریکیدا .. دەروازەی دەربازبوونە لە تەنگانەدا .. هیوا لە شکستیدا .. ئەوە گەشبینییە کە گرێکان دەکاتەوە و، کێشەکان چارەسەر دەکات و.. خەمەکان خامۆش دەکات و .. ئازارەکان ساڕێژ دەکات ..
ئەوە گەشبینییە کە پێمان دەڵێ : ” لە پاش تەنگـانە خۆشـییە “
زۆر لە توێژەران ئەوەیان سەلماندووە، کە مرۆڤی گەشبین کەمتر هەست بە تەنگەژە دەکات و، زیاتر سەرکەوتووە و، تەندوستیشی باشترە و، لێو بەخەندە و رووخۆش و دڵخۆشە .. بە پێچەوانەی مرۆڤی رەشبینەوە، هەردەم دڵتەنگ و رووگرژە و، کورد وتەنی : ” دەڵێی بارە ترشی کەوتۆتە ئاوەوە ” بە چاوێلکەیەکی تاریکەوە لە ژیان دەڕوانێت .. لاوازە لە رووبەڕووبووونەووەی کێشەکان و، بەرگەی تەنگانە ناگرێت و تا رادەیەکیش دوودڵ و ترسنۆکە و دەشەڵەژێ .
( نیکۆلاس ماری بوتلیر ) دەڵێ : ” گەشبینی بنەمای ئازاییە ”
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان ” منداڵەکانتان بە گەشبینی پەروەردە بکەن ”
منداڵان کە لەدایک دەبن، پڕن لە گەشبینی .. منداڵان لە میانەی پەیوەندییەکانیان بە
دایک و باوکیانەوە، بە تایبەتیش بە دایکیانەوە .. فێری گەشبینی و رەشبینی دەبن .. پەروەردەکردنی منداڵان بە گەشبینی، وا لە منداڵەکانتان دەکات کە هەردەم باوەڕیان بە سەرکەوتن هەبێت و درێژە بە سەرکەوتنەکانیان بدەن .. بە چاوی هیـواوە لە ئایندە بڕوانن .. لە بڕیارداندا، ئەوە دەردەخەن کە بەهرە و توانایەیان تێدایە، ئەو ئیراردە بە هێزەیان هەیە کە رووبەڕووی تەگەژە و بەرهەڵستییەکان ببنەووە .. منداڵانی گەشبین شادترن و، تەندروستییان باشترە و، ئازاتر و بڕوابەخۆترن لە هاوڕێیانی رەشبینیان .
( لویس ئەمۆجین ) دەڵێ : ” منداڵان کە لە دایک دەبن کەسانێکی گەشـبینن .. ئێمە تێڕوانینی گەشبینیان بۆ ژیان، خاودەکەینەوە و دەگۆڕین “
بۆیە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان، هەوڵێکی تایبەتی بدەن بۆ ئەوەی تۆی گەشبینی و هیوا لە دڵێ منداڵەکانیاندا بڕوێنن . فێریان بکەن کە هەمیشە بە ئاسایی و ئاسانییەوە، رووبەڕووی خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان ببنەوە .. پێویستە خۆیان هەردەم گەشبینبن و، ببنە نموونەیەکی گەشبینی باش بۆ منداڵەکانیان .. تەنانەت ئە گەر خرۆشی گەشبینی رەمەکیش لە منداڵاندا نەبێت .. دەتوانن گەشبینی وەرگرن و فێربن .
هەندێ لە دایکان و باوکان هەڵدەکەن و، لە بڕوا و توانای منداڵەکانیان کەم دەکەنەوە، وەک پێیان دەڵێن : خوێندنی ئەمساڵتان لە پار قورسترە، بە چاوتاندا دیارە کە ئەمساڵ دەرناچن، مردوو لە گۆڕستان زیندووبێتەوە، ئێوە دەرناچن، چونکە ئێمە لە ئێستاوە دەزانین کە لە تاقیکردنەوەکاندا دەرناچن .. لەم شێوە رستانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەیڵێن .. کاریگەرییەکی نەرێنی خراپیان لەسەر منداڵان هەیە و، توانا و ورەیان دەڕووخێنن و، تووشی بڕوابەخۆنەبوون و رەشبینی و بێ هیواییان دەکەن .
پزیشکی بە ناوبانگ، تۆژێنەر و زانـای دەروونناسی، دکتۆر ( مـارتن سیلگمـان ) ی نووسەری کتێبی ” منداڵی گەشبین ” دەڵێ : ” گەشبینی تەنها وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی خودی نییە .. بەڵکو دەشێ گەشبینی جۆرێک بێت لە دەروونپاڕێزی لە دژی کۆمەڵێک لە کێشەکانی ژیان ” لە بارەی رەشبینیشەوە سیگمان دەڵێ : ” نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی ”
( مارتن سیلگمان ) توێژینەوەیەکیشی لەسەر سێ هەزار منداڵ ئەنجامدا، کە تەمەنیان لە نێوان (٩ـ ١٤) ساڵان بوون .. ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ( لە سەدا نۆ )ی منداڵان دانیان بەوەدانا، کە تووشی خەمۆکی بوونە .. ئەو منداڵانە بوون کە رەشبین بوون .
( مارتن سیگمان ) ئاماژەشی بەوە کردووە، کە زیاتر لە هەزار لێکۆڵێنەوە ـ کە لەسەر نیو ملیۆن منداڵ و گەنج ئەنجام دراون ـ ئەوە دەرکەوتووە کە خەڵکانی گەشبین، کەمتر تووشی خەمۆکی دەبن و .. خولیای سەرکەوتنی زیاتریشیان هەیە .
رەزا شوان
نەرویج : ٢٠١٦