Hoppa till innehåll
Hem » هەواڵێکی ناخۆش، ناخۆشتر لە ناخۆش پڕ لە دەرد وپەرۆش ، ئەحمەد کاکەمەمی

هەواڵێکی ناخۆش، ناخۆشتر لە ناخۆش پڕ لە دەرد وپەرۆش ، ئەحمەد کاکەمەمی

هاوڕێی هاوڕێ و هاوڕێیانم کاک چەکۆ گیان!  ahmad-kakememi

هەم سڵاو و هەم  ماڵاوایی  

دەمەوێ هەم باس و هەم تاسەت بکەم.  

بەڵام قەت ئەوەندە هەستم بە دەستەوەستانی وبێ دەستەڵاتی خۆم نەکردوە. دەستەوەستان و ناتەوان  بۆ دۆزینە ئەو واژانە  کە شایانی پێناسەی  دڵسۆزی و دڵپاکی  و نیشتمانپەروەری و نەتەوەدۆستی تۆیان هەبێ. ئەرێ بە ڕاستی هەر من هەژارم یان واژەکان نادیار و ناسازگارن یا ئەوانیش تازەیەبارن!؟

ڕەنگە ئەم واژە شیاوانە شەرمەزار بن کە هەواڵی ماڵاوایی فەرماندەی پێشمەرگەی کورد ڕابگەیەنن. ئەی کە وایە بۆ مەرگ و مردنی بێعار  شەرمەزار نیە

ئێستا لێم سوور و دیارە مەرگیش کە فرمێسکی پێشمەرگەی ناوسەنگەر و  تەمی خەمی هەڵگوردی بە گورد و حەسرەتی خەباتکاران و شادی نەیاران دەبینێ، پەشیمانتر لە پەشیمانە. دەک مەرگ و مردن خۆتان بمرن و چیدی بەرەگە و بەرگە خەباتکاران نەگرن!

ئاخر ئێوە بۆ هێندە ناپاڕێزن و کەس ناپارێزن. بۆ هیوای گەلان دەبڕن هەتا کەی سەران دەبڕن! بۆ  بۆ خۆتان نامرن!

کاک چەکۆ فەرماندەی ڕۆڵەی کوردیی بە بیر  و بڕوا و بە شکۆ! وەفادارتر لە وەفاداران! هیوا و هۆمێدی هەژاران! نەسرەوتی نەحەساوەی شەونەخونکێشی شەوانی سەهۆڵبەندان و بەر ڕێژنە باران.  ماندوونەناسیی گەل ناسیی بە حەسڕەت ! ئەی فەرماندە و سەروانی سەروانان و سەرتر لە سەران! ئەی ناسیاری ناسراوی کوردستان  وهەندەران . مامۆستای نەوەستی دەربەستی بە هەستی پێشمەرگەی دێموکرات. ژنراڵ و مارشاڵی بێ ماڵ و حال و قەت لە دەست دەرد و حەسرەت نە ناڵی کورد، ئەی شایانی  ژووڕاترین میداڵیای پلەی خۆڕاگرییی… ئەی ڕێبواری ڕێگای هات و نەهات … بۆچی ئەم شێن و خەم و تەمە هەر کۆتایی نەهات!

chako-rahimi-001

                                                               وێنە: نەمر کاک چەکۆ

ئەی ئازادیێ چەند بێدادی بۆ قەت ناییەی بە شادیی . نرخت چەندە، مەرج و شەرتت بە چیوە بەندە. کەی دەگەی کەی بەرهەم دێی، بەند و دیل و یەخسیری کێی! بۆ بۆ کوردان وا نەیاری هەردەم ونی نە قەت دیاری، نە دۆستیی نە یاریی. پێم بڵی بەهات چەندە، ڕەزات بە چیوە بەندە. چێت ویست بۆت نەکرا! چیت خواست بۆت نەکڕا… خەڵک داری بەرت  بە تەوری جەور لە بن دەبڕن، لە سەرت سەر  دەبڕن، خەوی شیرنت لە چاو دەزڕن… من بە خوێن ئاوم دای و ئاوت  دەدەم، بە هەناسەی گەرم و سارد باوەشێنم کردی و باوەشێنت دەکەم. خەڵک بە تانک و تۆپ و ژار بێدار و بێزارت دەکەن. من بە سرودی ئینسانییەت بە دەنگی پێشمەرگە  دێوەزمەی مەرگت دەڕەوێنم. بە نارەی سۆزی دایکی شەهید و بە نووزی هەتیوی بێ باب گەلێک ساڵ و زەمانە چیرۆکی دیرۆکی خۆمت بۆ دەکەمە شەوچەرەی شەوانی  زستان و شەوی بێ بنی یەلدا… ئێستاش هەر بەر دەوامم…ئێستاش هەر ناکامم… ئەی تۆ کەی وەخەبەر دێی، کەی بۆ لام دێی.

ئەی زەمانی بێ زمانی ئەزمانزان تۆ کەی سەرەت دێ؟ هەلوێشكێ وەبیرت دێ هەزاران کانی و سەرچاوە ، سەدان ڕووباری بەر کراوە، دەیان دەریای شەپۆلاوی نەحەساوەت ویشک کرد، ئەی بۆ جارێ، مانگێ و ساڵێ چاوەی فرمیسکی چاوی بێ بنی کوردت نەوێشکاند! تا کەی ئەم دڵە لە کۆڵە بکوڵێ، تاکەی ئەم چاوەی چاوەڕوانی بڕوانێتە ئاسۆی نادیار و سیمای دژ و تاڵی نەیار! تا کەی خوێن بڕژێ و گەلم ئۆقرە نەگرێ، تا کەی مەرگ و نامرادی و ناکامی یەخەمان بگڕێ

بەڵام ئازادیی ئەگەر بچیە بەر پڕۆچکەی ئاسمان، ئەگەر بچیە تاریکایی زەمان ، ئەگەر زەمانیش بچییتە ئەوپەڕی نەمان هەم بە دەست دێنم و هەم زەمان دەبەزێنم. بەڵێنە داومە و پەیمانە بەستوومە و نایشکێنم

کاکی بەڕیزم لە بێرم ناچێ و ناچێتەوە کە تۆ دوای شەهید سەروان (هەژار) هاوسەنگەری بە وەفا و بڕوادار بووی بە فەرماندەی هێزی بە هێزی پێشەوا و ڕێبواری ڕێگای پێشەوا و بووی بە فەرماندە و بە پێشەوا… لەبیرمە  و ئێستاش لەبەرچاومە و لە هەست و ویژدانم دا زیندوە کە بە لکی جامەدانیەکت فرمێسکی گریانی پێشمەرگەی هاوسەنگەر شەهیدت دەسڕی و خەمت لە دڵ دەبڕی، چەندە  وێڕای پێشمەرگەکانت پێکەنی و گریای… کاکی خۆم چەندە بە ورە و ئازا و هۆشیار و زانا و وریا و بە خۆسکە و بریا بووی … ئەوەندەی لە زانست و تاکتیکەکانی شەڕ بە ئاگا بووی چەند ئەوەندە بۆ دەستەملانی ئاشتی بە بەقا و بە وەفا… تۆ پارێزەری ئەمنییەتی وئاسایشی  ئینسان بووی و دەگەڵ کیوەکانی کوردستان یەکسان

چەندە پێکەوە دواین و پێکەوە تەبا و ڕەوا بووین، یادی ئەو ڕۆژانە بەخێر فەرماندەم، هاوسەنگەرم، برام… بۆ لێک بڕاین… لە بیر ناچنەوە ئەو ڕۆژانەی وێکڕا سروودی (ئەی ڕەقیب)مان دەخوێندەوە. لە بیر ناچنەوە ئەو ڕۆژانەی پێکەوە بۆ شەهید کەریم ئەرسەنگەکان و قاسمەڕەشەکان… فرمێسکی گەشمان دەڕشت… نامەوێ باوەڕ بکەم تۆ ڕۆیشتی و ناگەڕێیەوە… بەڵام خۆ لە واقعییەت گێل کردن تا کەی بڕ دەکات … دوای تۆش هەم بە دواتدا دێن و هەم ڕێگات درێژە دەدەن… خۆسکە بە خۆت لە گۆرستانی شەهیدان لای ئەوانەی خۆشت دەویستن و خۆشیان دەوێست هەر لە ژێر ئەو خاکە پاکەی خەباتی ڕزگاریت بۆ دەکرد، دەخەوی… خۆ دەزانم خەوت لێ ناکەوێ، دڵت ناسرەوێ… منیش هەر وا… پێشمەرگەکانیش هەر وا… گەلەکەشت هەروا….

ئەحمەد کاکەمەمی

بابەتی پەیوەندی دار

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر چەکۆ ڕەحیمی

بۆ کاک چەکۆی هاوڕێم. عومەر غولام عەلی

پرسەو هاو خەمی، مەلا برایمی مەجید پور

هەواڵێکی ناخۆش، ناخۆشتر لە ناخۆش پڕ لە دەرد وپەرۆش ، ئەحمەد کاکەمەمی

کۆیە تەرمی نەمر چەکۆ