تەزاندی مەرگت ڕۆحی دێموكرات
بەڵام ناوەستێ كاروانی خەبات
ڕچەی ڕێگاكەت هەر بڕنابێتەوە
ڕێت بەردە وامە تا ڕۆ ژی ئاوات
هێندەی چقڵ بووی بۆ چاوی دوژمن
هۆی شانازی بووی بۆ ژیانی من
تۆ لە نێو ڕۆحی گەل دا دەمێنی
تا كورد بمێنێ یادت نابێ ون
چەكۆ هەر چقڵی بۆ چاوی نەیار
بۆ ڕێگەی خەبات سەر وەری و سەردار
بنوو دڵنیا،نافەوتێ ڕێگەت
ڕێبواری ڕێتن هەزاران هەزار
لە ڕێگەی خەبات نەت دا وچانێ
گەل ڕێزی مانوو بوونت دەزانێ
ئەو چەكەی دەستت دایێ بۆ گەلت
دایكی نێشتمان دەیكاتە شانێ
سەربازی ڕێتین هەردەم ئامادەین
ڕاستە ڕێی ڕوونی بیرت بەر نادەین
سوورین ئاواتی تۆ وەدی بێنین،
خەلەی خەیاڵی دوژمن بە با دەین
«قەرەقا» بەرگی ڕەشی پۆشیوە
«تەرەغە» پرچ و گۆنای ڕنێوە
«جەخەتوو» بۆتە ڕۆباری فرمێسك
ئەوەندەی ئەسرین لە چاو وەریوە