Hoppa till innehåll
Hem » بۆچی سینەمای ئێران خەڵات دەباتەوە؟ ئێقباڵ شادی

بۆچی سینەمای ئێران خەڵات دەباتەوە؟ ئێقباڵ شادی

هەموو جارێک کە فیلمە ئێرانیەکان خەڵات دەبەنەوە سەرم سوڕ دەمێنێت لەو کردەوەی وڵاتانی خاوەن دەزگای کێبڕکێی سینەما، چۆنە خەڵات دەدەن بە سینەمای وڵاتێک کە بناغەی لە سەر سووتاندنی سینەما دانراوە؟Eqbal_Shadi

ئەو شۆڕشەی کە حکوومەتی مەلاکان شانازی پێوە دەکەن و بەشی ئەوان تەنیا سووتاندنی زیاتر لە سی سینەما و بە زیندوویی سووتاندنی زیاتر لە چوارسەد کەس لە سینەما ڕێکسی ئابادانە،و هێندێک کاری تری لەو شێوە، سەیر نیە خاوەنی وەها کردەوەیەک خەڵاتی نێودەوڵەتی بباتەوەوە لە حاڵێکدا فیلمی چاکتر و بە ناوەڕۆک تر هەیە بۆ خەڵات مەگەر ئەم بەرهەمانەی سینەمای ئێران کاردانەوەیان تێدا دەبینرێت بە دژی لە سێدارەدان و دەس بڕین و چاو دەرهێنان و ئەشکەنجەو پێشێل کاری مافی مرۆڤ، مەگەر ئەم بەرهەمانە هانی حکوومەت دەدەن هەڵاواردنی نەتەوەیی ، ئایینی، ئیتنیکی،زمانی، ڕەگەزی نەکات؟ نەخێر ئەم بەرهەمانە تەنیا و تەنیا دەبێت لە خزمەتی ئایدۆلۆژی دەزگای حاکم دا بن بە بەرهەمەکانیان زیاتر ڕەوایی بدەن بە کارە نا ئینسانیەکانی ئەو حکوومەتە ئەگینا نە ئیزنی بەرهەم هێنان نە ئیزنی بڵاو کردنەوە و نە ئیزنی بەژداری لە فستیواڵەکانیشیان پێ نادەن ،کەوایە زۆر نابەجێ نیە ئەگەر پێمان سەیر بێت بۆچی خەڵات دەبەنەوە.

بۆ خۆی بەرهەمهێنانی هەر جۆرە فیلمێک یا بەرهەمێکی سینەمایی لە وڵاتی ئێراندا پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی لە وەزارەتی کلتوور ڕێکاری ئیسلامی(فرهنگ و ارشاد) هەیە کە ڕاستەوخۆ ئەرکی جێبەجێ کردن و ڕێخۆشکردن بۆ مەبەستە کۆمەڵایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆدایەو هەر جۆرە بەرهەمێک کە بە خواستی خۆیان نەبێت ڕێگەی بەرهەمهێنان و ئەگەریش پاش بەرهەمهێنان دەربکەوێت کە جۆرێک ناڕێکی تیایە لە ڕوانگەی بیری ئەوانەوە ئەوە ڕێگەی پێ نادرێت بڵاو بکرێتەوە. هەر لە سەر هەمان خاڵيش ئەو بەرهەمانەی کە بە دزیەوە بڵاو دەبنەوە زۆرترین بینەریان هەیە و بە چەن قات زیاتر لەوانی تر خوازیاری دیتنیان هەیە.

لەڕاستیدا فستیواڵەکان و لە ناویاندا بە دیاری کراوی کەن بەشێکیان هەیە لە بەشی کێبڕكێی بە دەست هێنانی خەڵات کە پێی دەوترێت بەشی سینەمای دەوڵەتی و لە نێو خەڵاتەکانیش دا بەشی سینەمای دەوڵەتی جیاوازە و پاش هەرەس هێنانی کومونیزم و نەمانی وڵاتانی چەپ کە زۆربەیان خاوەن سینەمای حکوومەتی بوون و بە هۆی کەم بایەخ بوونی سینەما لای وڵاتانی تر وەکوو چین و کووبا سینەمای حکوومەتی ئێران تاقاقە بەرهەمهێنەری ئەو جۆرە سینەمایەیە و ئەوەش سەرەکیترین و دەتوانین بڵێین تەنیا هۆکاری بردنەوەی خەڵاتە لە لایەن سینەماکارانی ئێرانیەوە بێ لە بەر چاو گرتنی ئەوەی ئەم بەرهەمانە ڕاستەوخۆ خزمەتی ناحەزترین دەزگای حوکمڕانی لانی کەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و هەوڵیان ڕەوایی بەخشین بە کردەوە نامرۆڤانەکانی ئەو حکوومەتەیە، دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەو فستیواڵانە بە جدی بیر لەو مەسەلەیە بکەنەوەو و چیتر خۆیان شەرمەزاری مرۆڤایەتی بە گشتی و بە تایبەت ئازار کێشاوانی دەستی ئەو حکوومەتە نەکەن تەنیا لە بەر دەوڵەمەند بوونی فستیواڵەکەیان بە هۆی زۆر بوونی جۆری بەرهەمەکانەوە.