من ئەمساڵیش جێژن ناکەم
ڕێگای پیرۆزم لە بەرە،
لە سەر ڕێگای ڕاسانەوەم
ڕێگام بەرەو تیشکی خۆرە
من پەیمانم بە گەل داوە
تاکوو گەشتن بە ئازادی،
ماڵم سەنگەری خەبات بێ و
نەچمە کۆڕی جێژن و شادی
من پارویەک نانی وەشکی
شەوەزەنگی خەباتەکەم،
ناگۆڕمەوە بە بەهەشتی
داگیرکەری وڵاتەکەم
ئەوەی کە بۆ من گرنگە
لە ئێستادا نیشتمانە،
هاوسەنگەرانم لە شاخ و
کۆڵەپشی و چەکی شانە
بۆیە دیسان پەیمان دەدەم
بە گەل و خاکی وڵاتم،
بە جێژن و شادی دێمەوە
کوردستانی ڕۆژهەڵاتم.
06-07-2016
سوید