ئەمڕۆ [چوارشەممە ٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی] لە شاری قامیشلوو دوو تەقینەوەی گەورە رووی دا و بە دەیان کەس شەهید و بریندار بوون و وێرانکارییەکی زۆری لێ کەوتۆتەوە.

نزیک کاتژمێر 9:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کامیۆنێکی بارهەڵگری بۆمبرێژکراو لەبازاری ڕۆژئاوای شاری قامیشڵوو و نزیک بارەگای ئاسایشی ئەو شارە تەقییەوە و ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری لێکەوتەوە و کەمێک دواتر و پاش ئەوەی خەڵک لە شوێنی تەقینەوەکە کۆبوونەوە، تەقینەوەی دووهەمیش روویدا و بە پێی ئامارە بەراییەکان تا ئێستا نزیک بە 50 شەهید و 175 بریندار هەیە کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.
لە ئێستادا باری نائاسایی لە قامیشڵوو ڕاگەیەندراوە و نەخۆشخانەکان داوا لە خەڵک دەکەن خوێن بە بریندارەکان ببەخشن.
ڕێکخراوی تیڕۆریستی ” داعش” لە ڕاگەیەندراوێکدا و دوو کاتژمێر دواتر ئەو کردەوە تیڕۆریستییەی بە ئەستۆ گرتووە.
بە بریاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرجەم نەخۆشخانەکانی پارێزگای دەهۆک کەوتوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تیمێکی پزیشکی بە دە ئامبوڵانسەوە لەسەر سنووری پیشابوور چاوەروانی هانی بریندارەکانی قامیشڵوو بۆ چارەسەرکردنیان دەکەن و سێ تون دەوا و دەرمانیش لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەکانی قامیشڵوو ئامادە کراوە.
بەناوی ماڵپەری” پێشمەرگەکان”ەوە وێرای دەربڕینی هاوخەمی خۆمان، سەرەخۆشی لە کەس و کاری شەهیدانی قامیشڵوو و گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان دەکەین و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازین.




