ئەمڕۆ “پێنجشەممە ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی” کۆماری ئیسلامی ناوچەکانی سیدەکانی تۆپباران کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا هێرشی تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ سەر ناوچەکانی بەرزبین و سەقەڕ بووە و بەو هۆیەشەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە.

هەر بە هۆی تۆپبارانەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەواڵنێرێکی تۆڕی میدیایی ” رووداو” بە ناوی بەختیار قادر لە کاتی ڕۆماڵەکردنی هەواڵەکانی تایبەت بەو تۆپبارانە بریندار بووە.
تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرستی د. بەرهەم ساڵح چۆتە تاران و لەگەڵ هەرکام لە عەلی شەمعخانی و محەممەد جەعفەر سەحراروودی قاتڵی شەهید دوکتور عەبدولرحمان قاسملوو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی چاوپێکەوتنی کردووە.

بینینی سەحراروودی تیڕۆریست لە لایەن د. بەرهەم ساڵحەوە بۆتە هۆی دەربڕینی نارەزایەتییەکی زۆری چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتیش کە د. بەرهەم لەناو ڕۆژهەڵاتییەکان دا بە سەرکردە و کەسایەتییەکی پاک و بێگەرد و نەتەوەیی ناسرا بوو.
چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێشەوازی سەحراروودی لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و حیزبەکان بە ئەنقەست لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێ و ئەوەش بۆ شکاندنی کەسایەتی و لێدان لە کەرامەتی سەرکردەکانی کورد و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکییە لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
