Hoppa till innehåll
Hem » ڕاسان و هونەر و پێوەندیی نێوان نەسلەکان، دوکتور ڕەحیم سورخی

ڕاسان و هونەر و پێوەندیی نێوان نەسلەکان، دوکتور ڕەحیم سورخی

پێشمەرگە ئاڵقەی پێوەندیی گەل و سیمبۆلی شێعرpeshmerge-tablo-0

پێشمەرگە ئەو ناوەیە کە سینگ بە سینگ و نەوە لەدوای نەوە لە ”پێشەوا”وە هەندێ جار سرودێکی ئاشکرا، هەندێ جار ”خاسەکەو” یان ”بازێکی کۆساڵان”ی بە هێماکراوی نێوشێعرێک و هەندێکجاریش ”کوڕەکان”، واتە هێمایەکی وێردی سەرزاری جەماوەرێکی ژێردەست بووە و نەسلەکانی وشەکەیان لە دڵیاندا پاراستووە. کەواتە، وەک هێما، بەهێزترین ئاڵقەی پێوەندیی نەسلەکان ئەم وشەیە بووە، چونکە گەلێک هەموو خۆزگە و ئاواتەکانی لەو ناوەدا چاندووە. بۆیە تەنیا بە بوون و جووڵەی ئەویش خوێنی ورە و هیوا لە دەمارەکانی گەلیشدا دەجوڵێ.

دابڕانی نەسلەکان و هونەر وەک ڕەهەندێکی گرێدانەوەیان

دابڕانی نەسلەکان لەوانەیە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم بزووتنەوەی نەتەوەیی –دێموکراتیکی گەلی کورد بێت. ”دابڕانی نەسلەکان بەواتای پچڕانی پارادایمی مەعریفەتی و بەهایی نێوان نەسلەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەکە کە لە ڕاستیدا دەبێ ژیانێکی پەیوەستە پێک بێنن. ”دوور کەوتنەوەی بەرە بەرەی دوو یان سێ نەوەی لەدوای یەک لە ڕووی جوگرافی، سۆزداری، فکری، و بەهایی، بارودۆخێکی نوێ دروست دەکا کە بە دابڕانی نەسلەکان ناودەبرێ.” ئەم دابڕانە بەشێوەیەکی سیستیماتیک لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەریشەوە بەڕێوەبەرایەتی دەکرێ.

بۆ نزیک کردنەوە و پێوەندیی نێوان نەسلەکان ڕەهەندی جۆراوجۆر پێویستە. یەک لەو ڕەهەندانە بەردەوامی لەسەر ئەو ڕێبازەیە کە ”شۆڕش مینبەری” و ”کاوەجەوانمەرد” بەو گوڵەی لەبەرۆکی نیشتیمانیاندا دوو نەسلیان بەیەک گەیاندەوە. ئەوان هەردووک کوڕەشەهید بوون و لە تەمەنی ساوایەتییاندا باوکیان لەڕێبازی ئازادیدا شەهید ببوو. ڕەهەندێکی تر ئەوەیە کە لەسەر هەمان ڕێباز ”شۆڕش ئاهی” لە هونەرەکەیدا دەینوێنێ. ئەمیش هەروەک ئەوانە، بەڵام کاری ئەم ڕەهەندێکە بۆ بەرجەستەکردنی سیمای ئەوان و ڕێبازی ئەوان. ڕەهەندێک کە بەداخەوە لە ئەزموونی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد دا کەمتر گرنگیی پێدراوە. ئەم ڕەهەندە، ڕەهەندی هونەرییە.

شۆڕش ئاهی کە ئێستا پەیکەرەی شەهید دوکتور شەرفکەندی لەبەردەستە، وەک تەمەنی فەقێیەتی ”ئەحمەدی خانی” و ”حاجی قادر” وایە کە نانی فەقێیەتی و هونەریان لەگەڵ گەل یەککردووە. هونەرێک لە هەناوی گەل و پێشمەرگەوە دێت. گەل پشتی دەگرێ و ئەویش سیماکان دێنێتەوە بوون. ئەمەش بەرهەمێکی دیکەی ڕاسانە. هونەرێکی دەروەست کە هاندەرەکەی وەرگرەکانێتی. ئەمە لەبەرانبەر ئەو قەڵەم و توانایانەدایە کە لەجیاتی ئازادی، پاساودەری دەسەڵاتی داگیرکەر و بەرهەمهێنەرەوەی ئەو دەسەڵاتەن.

هونەر و ئەخلاق و ئازادی

لەو شوێنەی هونەری ئازاد قەدەغەکراوە و هەستی هونەرمەند و خەیاڵی شاعیر دەرەتانی ڕسکان و پژانی نییە، ژیانی مەعنەوی وشک و بێ‌گیانە. ژیانی هونەری و گەشەکردنی پێویستی بە ئازادییە. چوونکە پێویستییەکی بەرهەمهاتنی بەرهەمی هونەری، ڕایی بوونی ئازادانەی توانا خەلاق و داهێنەرانەکەیەتی. هونەر بۆ ئەوەی بتوانێ ئازادیی خۆی وەرگرێ، بە بۆچوونی ”بارتیلمە” دەبێ گرنگی بەدەرەوی خۆی بدات.

”ئامانج و غایەتی هونەر لەدەرەوەیەتی؛ ئەگەر ئەم ئامانجە ئەخلاقییش نەبێت، کۆمەڵایەتییە.” کەواتە ” هونەر ئەرکێکی کۆمەڵایەتی هەیە و تایبەتمەندیی ئەخلاقیی ڕاستەقینەشی ئەو ئاگاییەیە کە لە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەدا نیشانی دەدا.”

ئەوەی دەرفەتی ڕسکان و ئازاد بوون دەڕەخسێنێ مرۆڤە ئازادیخوازەکانن کە لە نێو کورداندا بە پێشمەرگە ناسروان. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی چالاکیی نوێی پێشمەرگەکانی کوردستان کە بە ”ڕاسان”ناوی دەرکرد، هونەر لە شێوە جۆراوجۆرەکانی‌دا تێکەڵ بەم ڕاسانە بوو. کەواتە ڕاسان ئەو مەدلولە بوو کە هێزەکانی کۆکردەوە لێرەدا، واتای دەقی هونەری بەندبوو بەو بارودۆخەوە کە ئەم واتایە بەرهەمی هێنا. ئیلهامی هەستی هونەرمەند جوڵە و ڕاسانی نوێی پێشمەرگە بوو. دەقی جۆراوجۆری شێعری، سرود، ڕیپۆرتاژ و چیرۆک و لێکدانەوە سیاسیەکان بە دەورییەوە بەرهەم هاتن.

نیگارکێشیی سەردیوار وەک هونەرێکی ئیعترازی

ئەوکاتانەی کە ململانێ کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان لەکۆمەڵگایەکدا دەگەنە لووتکە، جۆرەکانی گرافیتی ناڕەزایەتیی ئەو تاک و گرووپانە دەخەنە ڕوو کە بێ‌بەش کراون. هونەری نیگارکێشانەی سەردیوار لێرەدا ئامرازێکە بۆ پێوەندیی نێوان مەیل و خواستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان. لە شۆڕشی کوردستاندا تاک و تەرا ئەم هونەرە هەبووە و وەک ئامرازێکی ئیعترازی بەکارهاتووە. بەڵام ڕەهەندێکی زۆر بەرچاو نەبووە. ئەگەر هەشبووبێ، لە كڵێشە وێنەییەکانی تێنەپەڕاندووە.

ئێستا، لە دەسەڵاتێکی سەرەڕۆی زاڵ بەسەر ئێراندا، دەرفەتی نگارکێشانی گرافیتی لەسەر دیوار نییە و بە نایاسایی دادەنرێ، ئەگەر هەشبێ بۆ دەزگاکانی ڕێژیم هەیە. بەڵام دەکرێ شێوەگەلێکی تایبەت لەگرافیتی وەک هونەرێکی قاچاغ بۆ گەیاندنی پەیامە سیاسی کۆمەڵایەتییەکان لەسەر نادادپەروەری و سەرکوتکاری سودی لێ وەربگیرێ. ئەم هونەرە دەتوانێ لە شێوە ئێعترازییەکەی لە ڕۆژهەڵات و باکوور بەکار بێت. لە باشووریش ئەم هونەرە دەتوانێ کۆمەک بکات بە گۆڕینی تێگەیشتنی جەماوەر لە فەزا. بەشێک لەو فەزا داگیرکراوە بە ڕێکالامە بازرگانییەکانی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتە ئیقلیمی و جیهانییەکان بۆخۆی پڕی بکاتەوە. بە بیر مۆڵ و کۆمپانیاکانی باشووریشی بێنێتەوە، بەشێک لەو فەزا فیزیکییە هی ئەو پێشمەرگانەیە وا بەرگری لە نیشتیمانەکەیان دەکەن. بە بیریان بێنێتەوە کە بە چ پرۆسەیەکی خوێناوی‌دا ڕۆێشتوون تا بەم دەسکەوتەی ئەورۆ گەیشتوون(لێرەدا چەند نموونەیەکی کارەکانی شۆڕشی ئاهی لەسەر دیوارەکانی دەوری شەقامی شەستمەتری هەولێر هەن).

گرافیتی بە هەموو شێوەکانی پێویستە وەک هونەرێکی ئێعترازی لە کوردستان بەکار بێت. دیارە ئەمکارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاک و تەرا دەبینرێ. بەتایبەتی ئەندامانی پارتە سیاسییەکان وێنەی ڕێبەرانی شەهید بە شێوەی گرافیتی بەکار دێنن. ئەمە ئەزموونێکە کە لەزۆربەی بزووتنەوە پەراوێزخراو و نهێنییەکان بەکاردێت. وەک ئیرلەندییەکان، بزووتنەوەی چەپی دژی سەرمایەداری و فێمینیستەکان. (بودریار) ئەم چەشنەهونەرە بە شێوەیەکی باش دەزانێت بۆ دەرخستنی گیانی ناڕەزایەتی و بە جۆرێک شۆڕشی دەزانی لەبەرانبەر فەزای نایەکسانی و هەڵاوێردراوی سەرمایەدارانەی شارەکان و پێیوایە، جیهانی سایبێر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵی نییە. (بودریار) لەکتێبی ”ئاڵوگۆڕی ڕەمزییانە و مەرگ”(١٩٧٦) لەبارەی ئەم هونەرەوە دەڵێت: بۆ ئەنجامدانی نە پێویستیی بە ڕێکخستنی جەماوەر و نە بە ئاگایی سیاسی هەیە.

هەزاران گەنجی تەیار بە ماژیک و قوتووی ڕەنگی ئیسپری بۆ هەڵتەکاندنی هێما شارییەکان و تێکدانی نەزمی نیشانەکان بەسە..”

سەرچاوە: کوردستان مێدیا