"an independent online kurdish website

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ ـ ٨ ـ ٢٠١٦ی زایینی، کومیتەکانی هەرێمی ئورێبو، سوێدەرمانلاند، ڤێستەرمانلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوید،suid-25y-g-2016-0

بە بەشداری هونەرمەندان ” قادر ئەلیاسی و ئەرسەڵان ” جێژنێک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران بەڕێوە چوو.

دەقی هەواڵ لە کۆمیتەکانی حیزبەوە

جێژنی ٢٥ ی گەلاوێژ ٧١ مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بەرێوە چوو.

ئەم ساڵیش وەک هەموو ساڵێک لە وڵاتی سوید ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبەکەمان ، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، لە چوارچێوەی جێژنێکی بەرفراواندا بەرزڕاگیرا.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی هەینی ٢٩ ی گەلاوێژی١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەکانی ” ڤێسترۆس، ئۆڕۆبڕۆ و ئیسکیلستونا”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاری یەکیەتی ژان، لاوان و ناوەندی یەکێتی کوردان لە وڵاتی سوید و بە بەشداری نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییە کورددستانییەکان و بەشێکی بەر چاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هەروەها کوردانی دانیشتووی ئەو سێ شارە و دەورووبەری، جێژنێکی بە شکۆیان لە شاری ڤێسترۆس بەڕێوە برد.

پاش خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ” ئەی رەقیب” لە لایەن کۆڕی یەکێتی لاوان و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاک و سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان،  مۆمی ٧١ ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکرات کە ٧١ مۆم بوو، لەلایەن یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤێسترۆس داگیرسێنرا.

لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە خاتوو ” ئارەزوو حیسامی” بە نوێنەرایەتی کومیتەکانی پێک هێنەری ئەو یادە بەخێر هێناتنی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسی و فەرهەنگییەکان، مێوانانی هێژا و سەرجەم بەشداربووانن کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی ” ڤێسترۆس، ئیسکیلستونا، ئورۆبڕۆ”ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن بەرپرسی کومیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس بەڕێز ” عەزیز مورادپەرەست ” خوێنرایەوە، کە تیایدا چەندین تەوەری پەیوەست بە کوردستان، ناوچەکانی دەورووبور و هەروەها هەستانەوەی حیزبی دێموکرات و ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ گرت بوو.

لەو پەیامە وێرای باسکردن لە زەمینەکانی پێکهاتن و دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و قۆناغەجۆراوجۆرەکانی خەباتی حیزبی دیموکرات، ئاماژە بە رێگا چارەی سیاسی ئەو دەمی کێشەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پرسەکانی پێوەندیدار بە دێموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری ئێراندا کرابوو. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ئیشارە بە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و راگەیاندنی کۆماری کوردستان، کێشە و پرسە نەتەوایەتییەکان لە ئێران، دەسڵاتی دیکتاتوری و سیستەمی چەند هەزار ساڵەی پادشایەتی و داگیرکەری لەو هەرێمە و دەورووبەریدا، کرابوو.

بەڕێز مورادپەرست لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر ریبەری د. قاسملووی نەمر، دوای شۆرشی گەلانی ئێران، نەک تەنها رێبەرایەتی بزووتنەوەی گەلی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد، بەڵکوو بە بەرنامەیەکی درێژەخایەن و سیاسەتێکی سەردەمییانە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامی لە پێناو دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیکی راستەقینە بۆ بەدیهێنانی مافی نەتەوایەتی نەتەوەکانی ژیردەستی ئێران گرتبووە بەر.

بەڕێز عەزیز لە بڕگەیەکی دیکەی پەیامەکەیدا وێرای ئاماژەکردن بە سیاسەت و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، تیشکی خستەسەر ڕاسانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتی ڕاسان سەرەتایەکە بۆ گۆڕینی پارەسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ژیانەوەی دووبارەی گەلێکی داگیرکراو و سەرکووت کراو لەو بەشەی کوردستاندا.

هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ناوبراو گوتی، ناکرێ ڕاسانی رۆژهەڵات تەنیا وەک بزاڤێکی چەکداری ببیندرێ و لەو چوارچێوەیەدا تەسک بکرێتەوە.

ڕاسان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی و بزاڤێکی چەکداری بۆ خۆدۆزینەوەی حیزبی دێموکرات نییە.  ڕاسان هەڵگووڵاوی ناخی خەڵکی کوردە لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتیش بڕیاری داوە خەباتی شاخ بە شارەوە گرێ بدا و تا گەیشتن بە مافەڕەواکانی کورد ئەو خەباتە هەر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا مورادپەرست بەم شێوەیە وەسفی ڕاسانی کرد:

ڕاسان یانی ڕاسانەوەی مرۆڤی کورد بەرامبەر بە هەستی خۆبەدەستەوەدان، ڕاوەستان بەرابەر کولتوور و نەریتە کۆنەپەرەستانەکان، هەستانەوە بەرامبەر زوڵم و ستەمی چینایەتی و مرۆڤایەتی و چەوسانەوە و ستەمکاری،  ڕاسان دەبێ بکرێتە بزاڤێک بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بە دوای فەلسەفەی وجوودی خۆیدا، ڕاسان  زیندووکەرەوەی کەڕامەتی ئینسانی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاسان درێژەی کاری بەنەتەوەبوونە، بەهێزکردنی بایەخە مرۆڤدۆستی و هوومانیستیەکانی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کوردە، ڕاسان لێوانلێوە لە هەستی یەکسانی خوازی و فەلسەفەی مرۆڤیەتی و پێکەوە ژیان.

پاشان پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکێتی لاوان، یەکێتی ژنان و ناوەندی یەکێتی کوردان لە لایەن خاتوو ” ئاواز مەولانی” وە خوێندرایەوە.

پەیامی لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو، بەشێوەی خوارەوە خوێندرانەوە.

پارتی دێمۆکراتی کوردستان نوێنەرایەتی سوید

بزووتنەوەی گۆران ئەنجۆمەنی ولاتی سوید بازنەی ڤێسترۆس

یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە سوید

نوێنەرایەتی کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دەرەوەی وڵات

برووسکەکان:

برووسکەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە

برووسکەی ئەنجۆمەنی نیشتمانی کوردی سوریە کومیتەی سوید( ع.ن.ک.س)

برووسکەی پارتی دێمۆکراتی کورد لە سوریە ” ئەلپارتی” نوێنەرایەتی سوید

برووسکەی حیزبی شۆعی کوردستان سوید

برووسکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید

برووسکەی برووسکەی پیرۆزبایی بەرێز باباعەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برووسکەی کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس

برووسکەی کۆمەڵەی کوردی ئێسکلیستۆنا

پەخشانێک بە ناوی ” ٧١ سالە ڵە ” لایەن سابیر ڕەحمانپووڕ

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا چەندین هونراوە لە لایەن خاتوو ئارەزوو حیسامی بەرێوەبەری بەرنامە خوێندرانەوە

بەشی ئاخری ئاهەنگەکە بە دەنگی خۆش و هەژێنەری هونەرمەندان ئەرسەڵان جۆدەت و قادر ئەلیاسی و ئاپۆرەی هەڵپەرین و شادی خەڵک تا درێژانی شەو درێژەی کێشا و ئاهەنگەکە لە ناو شادی و پێشوازی گەرمی خەڵک لە ٢٥ی گەلاوێژ و پیرۆزەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

کومیتەکانی، ئورێبرۆ، ئێکلیستونا و ڤێسترۆس

٢٩ گەلاوێژی ١٣٩٥ ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی