ئەوانە هاتن، وتیان، دادپەروەرین، ترازووی دینمان پێیە وهەموو شتێک بەو ترازووە کێسانەدەکەین. هاتن، وتیان: شا ستەمکارە ولەخەڵکی ئازادیخواز، گوڕستانی ئاواکردووە،
ئێمە شاروگوند و دڵەکان ئاوەدان دەکەینەوە. هاتن وتیان: کارەبا و بووس و ئاو، ئەکەینە خۆڕایی و پارەی داهاتی نەوت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەین! دەسەڵات بۆ گەورەیی ئێمە نزمە وتوخنی ناکەوین ودەیدین بە سیاسەتوانان! کەچی، مەزنیخوازی وچاوچنۆکی، نەیهێشت بەکردەوە، هیچکام لەوانە ودەیانیتر، ئەنجام بدەن، وبەم جۆرە”بێبەریبوون لە سۆزی خودایان بۆخۆیان کڕی. ئایەی٦١ آلعمران”.تەنانەت ترازووی دینیشیان خوارکرد، ئەوەندە ستەمیان کرد، رووی شای ستەمکاریشیان سپیکرد!، لە باتی ئاوەدانی شاروگوند، سەدان گوڕستانیان لە تەرمی مافخواز وئازادیخواز، تژی کرد! دڵی میلیونان دایک و بابیان پرکرد لە زووخاو و کەسەر، نەکارەبا ونەبووس ونە ئاویان بەخۆڕایی کرد، بەڵکوو بەدەیان بەرابەر، نرخیانیان زیادکرد! نەک هەردەسەڵاتیان نەدا بە سیاسەتوان و رووناکبیر، بەڵکوو پاشکەوتوترین مێشکیان کردە سەرکردە ووزیر و بەڕێوەبەروریشەی رووناکبیریشیان لە بن هەڵکەند. وەک دەورانی صفوییە، دادگاکانیان خستە ژێردەسەڵاتی ئاخوندی مێشک قەتیسماوی چەرخەکانی ناوەڕاستی ئورووپا، بە گەز وقەیچی خۆیان بە ناوشەرێعەتی دارێژراوی مێشکی وەک خۆیان،هەرنەیاروئازادیخوازێکیان خستە بەرریپی داسی مەرگ وهەڵیان پاچی! گوڕی بەکۆمەڵیان، چێکرد ودەیان هەزارمرۆڤی بێتاوانیان، خستەژێرگڵ! فتوابۆکوشتنی بەکۆمەڵیان لە بە ناو”وەلی فەقێ واتا ئایەتوڵاخۆمەینی” کە وەرگرت، کە دەیگوت، لەسەرەتای ئیسلامدا بە شمشێر، دژەبەرانیان دەکوشت وتەنیا لە داستانی”بەنی قورەیزە”دا عەلی بە رۆژێک٧٠٠ ملی کەسی قرتاند! بەمجۆرە دوورلە یاسا و ڕێسای مرۆڤایەتی، وڕاست وەک دەورەی نەزانین ودواتر، کەوتنە بێگیانکردنی هەزاران لە لاوان ومێرمنداڵانی بێبەش لە ئازادی!
ئەوان، وازیان لە ٧٧ لە سەدی ئایەکانی قورئانی نووسراوە لە مەکەدا، هێنا، چونکە باسی ملقرتاندنی تێدا نەبوو و بــە پێی چەمکی٢٣لە سەدی قورئانی عوسمانی، بە وتەی ئەوان داگیرکەری خەلیفەگەریی، لەگەڵ خەڵکی خۆیان، ڕەفتاریانکرد. بە ناوی جۆراوجۆرو بــە ڕاڤەکردنی ئایەتەکان لــە بەرژەوەندی دەسەڵاتە کەیاندا، گرتیان، ئەشکەنجەیانکرد، لە سێدارەیان دا ونەک هەر نانیان بە خەڵک نەدا وزەمینەی کاریان بۆ فەراهەم نەکردن، بەڵکوو بە دەیانهەزار ژن ومنداڵیان لە نان ئاوەری ماڵ بێبەری کرد! لە باتی دروسکردنی زەمینەی کــار بــۆ خەڵک، دژ بــە کۆڵبەری کوردستان، پەنایان بردەبەرچەک وکوشتار و بەم جۆرە خەڵکی برسییان لە کاری لەوچەشنەش بێبەری کرد! لە بەرئەوە بیرۆکە پووکاوەکەیان، توانای پەسنکردنی مافی کەسان و گرووپی بێجگە لە خۆیانی نییە و دیاردەی سەردەم نییە ولە گورستانی نەزانینەوە سەری هەڵداوە، وەڵامی داخوازی ئەوانیان بە ئاگروئاسن دایەوە و بێجگە لە تاوانبارکردن و ملقرتاندن، زمانی وتووێژیان لاڵە و، هەموو مافخوازان بە نەیاری خۆیان لە قەڵەم دەدەن!
هەرچەند لە قورئاندا هاتووە” ئەوانەی دینی خۆیان پرژ وبلاوکرد(کردیانە شێعە)، ودەستەی لێکتر جیاوازیان پێک هێناوە، تۆ ئەی موحمەد لە هیچ شتێکدا لەوان نیت، خودا بە کاریان رادەگا، لە دواییدا لەوکردوەی کردوویانە ئاگاداریان دەکاتەوە، ١٥٩ الانعام هەروەها٣٢ی الرۆم”. ئێستاش لە ژێر سیبەری ئەو دیاردەدا، واتا پرژ وبڵاوکردنی دین ولە ڕاستیدا بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە لە عەرەبستانی سعودی، بە ناوی ”سەلەفی”، دەیان موسوڵمانی سوننی کوردیان هەر بە تاوانی موسوڵمانبوون، لە سێدارەدا! لە ئایەی ٣٢ی المائدەدا هاتووە ”هەرکەس بێتاوانێک بکوژێ کە نە گوناهی کردبێ و نە خراپەی لە زەویدا لێ روودابێ، وەک ئەمەیە کە گشت خەڵکی سەرزەوی لەناوبردبێ…”. رەفتاری بە پێچەوانەی بەیزەدارانی ئیسلامی ویلایەت فەقیهی چەمکی ئەم ئایەتە، دوو واتا ئەگەینێ: یان ئەم ئایەتە بە ئایەتی قورئان نازانن، یان وەک هەمیشە، بە چەواشەکاری وبە ناوی دینەوە بە قازانجی خۆیان، ڕاڤەی دەکەن.
لە سێدارەدانی ئەوکوردە بێتاوانانە وهەتیوکردنی مناڵەکانیان، وسووتاندنی جەرگی دایکەکانیان، بێجگە لە شەڕی سوننی وشێعە کە لە ناوچەکەدا، بە هاتنی ئەوڕژیمە، سەری هەڵداوەتەوە، بەری دوژمنایەتی خاوەن ڕیشە لەگەڵ خەڵکی مافخوازی کوردستانە.
من وەک خۆم، و بێگیانکردن وکوشتنی هەرمرۆڤیکی بێتاوان وئازادیخواز، خاسما ئەو کۆمەڵکوژییە نامرۆڤانە، مەحکووم دەکەم. هەرچەند بەرژەوەندی بریارئەدا نەک داشداری لە مافی مرۆڤ، داوا لە کوڕ وکۆمەڵی داشداری مافی مرۆڤ دەکەم، داسی هەڵپاچ وداپاچی مەرگ، لە دەستی ئەوکۆمەلە مرۆڤکوژە بێویژدانانە وەرگرن و پێش بە خوێنرشتنی خەڵکی ئێران بە تایبەتی خەڵکی شوڕشگێری کوردستان بگرن.
خەلێقی١٧/٨/٢٠١٦، سوید.