Hoppa till innehåll
Hem » بەڕێز قەرەیەلان خەباتی ئێمە بۆ سعوودیە و تورکە یان ئێوە شەبیحە و پاسدارن، عارف شێخ ئەحمەدی

بەڕێز قەرەیەلان خەباتی ئێمە بۆ سعوودیە و تورکە یان ئێوە شەبیحە و پاسدارن، عارف شێخ ئەحمەدی

دوابەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سووریە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ملهوڕی بەشار ئەسەد، بە شایەتی دۆست و دوژمنی کورد،aref-shexahmadi

یەکەم هێزی سیاسی ناوچەکە کە وەک هێزی شەبیحەی بەشار ئەسەد پێش تانک و زرەپۆشەکانی ڕێژیمی سووریە دەکەوت بۆ ڕاوەدوونان و کوشتنی خەڵکی بێ دیفاع و لێقەوماوی سووریە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) بوون.

بۆ ناسینی ستراتێژی چەوت و مێژووی هەڵە سیاسیەکانی ڕێبەرایەتی پ.ک.ک، هەر ئەوندە بەسە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە دەسەڵاتی باشووری کوردستانی دەگوت شمشێرێکە کە لە کەلەکەی عەڕەب دراوە و هەروەها ڕێبەرایەتی پ.ک.ک بە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی سێی ڕەشەمەی ۱۳۷۷ی هەتاوی خەڵکی شاری سنە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە دژی ئۆجەلان و دەستگیرکردنی ناوبراو ڕێکخرابوو، دەیانگوت خۆپیشاندانی کوردانی ڕۆژهەڵات بە فیتی ئیمپریالیسم و ئیسڕائیل ڕێکخراوە.!

ئەوکات زۆربەی حیزب و ڕێکخراوی سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ ئەوەی هێشتا تووشی ئینشعاب و ناکۆکی لە چەشنی ئێستا نەبوون، وڵامی پڕ بە پێستی خۆیان بە سەرۆکی ئیمڕاڵی و سەرۆکە عەلەوییەکانی قەندیل دایەوە و لێکدانەوەی نامەنتقی و ناسیاسیانەی پ.ک.ک یان بێ وەڵام نەهێشتەوە.

بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا بە هۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوشاری زوومی تاڵەبانی بۆ سەر بەشێک لە حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان لە باشووری کوردستان، ڕێبەرایەتی عەلەوی پ.ک.ک لێمان بوونەتە هەمزە پاڵەوان و هەرجارە و پارت و لایەنێک بە ناوی خەباتی ڕۆژهەڵاتەوە لە دژمان ساغ دەکەنەوە و درۆ و بوختانی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی هەڵدەبەستن.

کەس نیە لە ڕێبەرانی عەلەوی پ.ک.ک بپرسێت لە جیاتی ئەوەی پاساو بۆ هەڵە و کردارە نگریسەکانی خۆتان بهێنەوە، بۆچی بوونەتە گزیری ڕووسیە و ئێران لە ناوچەکە و هێزی شەبیحەی خۆتان لە سووریە بە گەریلا و قارەمان دەناسێنن؟!

ڕەنگە وەک ڕۆژنامەنووسێک کە ڕۆژگارێک دەمەتەقەم دەگەڵ ئێوەش کردبێت باشتان بناسم و زۆر پرسیار هەیە لێتان بپرسم، بەڵام لە جیاتی ئەوەی کای کۆنتان دەگەڵ بەبا بکەم تەنیا هێندێک خاڵی سەرەکیتان وەبیر دەهێنمەوە.

بەندە دەگەڵ شەهید خدر خرینگە یان هەڤاڵ(عاکیف مامۆ زاگرۆس) کە لە دامەزرێنەرانی پارتی ژیانی ئازاد(پژاک) بوو هاوڕێی نزیک و ماڵ لە یەک بووین، بۆ شاهێدی مێژووش دەتوانن لە بنەماڵەی بەڕێزیان بپرسن و خۆشتان باشتر ئەم ڕاستیە دەزانن.

پێویست ناکات لە بنی کوولەکە بدەم و بۆیە لێرەدا دێمە سەر باسێکی دیکە و هیچ ناڵێم و هەڵیدەگرم بۆ ڕۆژی خۆی، بەڵام خۆ ناتوانم لە بەرانبەر بێ ڕێزیتان دەرحەق بە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا بێ دەنگ بم. دەبێ حیسابی بەڕێز موراد قەرەیەلان و ژومارەیەک کەسایەتی دیکەی پ.ک.ک لە جەماعەتێک عەلەویی و شەڕخوازی قەندیل جیابکەینەوە و لە یەک تای تەرازوویەک دا هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکەین.

بەڵام وا هەست دەکەم لەم ڕۆژانەدا خەریکە ڕێبەرە عەلەوییەکانی قەندیل گوشار دەخەنە سەر موراد قەرەیەلان و باڵی ئاشتیخوازی پ.ک.ک کە ئەوانیش هەمان تێڕوانین و تاکتیکی سیاسی هەڵە بنوێنن لە ئاست هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.

هەموومان دەزانین کە خەباتی ئێوە بە زەیتوونی تورکیە و پەنیری پێگاهی مازندەران و برینجی قەرارگەی مالکی ئەشتری پاسدارانی ورمێ و بەنزینی سوپەری ئێرانی بەردوام دەکات. هەموومان دەزانین سەرکردەکانی ئێوەش لەوانەی ئێوە بە ئۆردووگانشین و پاسیڤ ناویان دێنن شەریفتر نین و بگرە ئەوان زۆر سیفەتی نەتەوەیی و ئەخلاقیان لەوانەی کێژۆڵەی کاڵ و کرچ لە دەوری خۆیان دەخولێنەوە و لە ژێر هەوای فێنکی سپلێتی ناو ئەشکەوتەکانی قەندیل دا گۆرانی و سەمایان پێ دەکەن شەریفتر و کەرامەتیان زیاتر بێت.

کەوایە بەرد مەگرنە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماڵی خۆتان لە شووشەیە و ڕەنگە بەو زووانەش وەک چۆن بە بێ تاوان خرینگەتان لە زۆر کەس هێنا خۆشتان بشکێن و لە ئاشی داگیرکەرانی نەتەوەکەمان دا قوربانی بکرێن و بهاڕێن.

ئێوە ڕاتان وایە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قازانجی سعودیە و دەوڵەتی تورک دایە، بەڵام بە پێچەانەوە ئاوێنەی باڵا نوێنی خۆتان نابینن کە بە بیانووی داعش و هەوڵدانتان بۆ دەرچوون لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی، بوونەتە قزڵباشی پێش لەشکری ڕووس و شەبیحەی ئەسەد و هاوکاری سوپای ئەلباقر و سوپای قودسی ئێرانن.!

ئەگەر نازانن یان خود نەتانزانیوە ئەوە قسەمان نیە، بەڵام ئەگەر خۆتان لە ئاست حەقیقەتی مەوزووع و ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەکان دەدزنەوە، ئەوە ئێمەش بەربینگتان پێ دەگرین و ناهێڵین درۆ و چەواشەکاری ئێوە قەداسەت و حەماسەتی ڕۆژهەڵات سووک و هەرزان بکات و ئێمەش وەک خۆتان بە هاوڕێی قافڵە و شەریکی دز لە قەڵەم بدەن.

دەگەڵ ئەوەی هەموان دەزانن دەوڵەتی سعوودیە و هیچ دەوڵتێکی عەڕەبی بچووکترین پشتیوانی لە ڕاسانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵات ناکەن و ئێوە و ئاغا ئێرانییەکانی خۆتانن کە بە سەر گفت و لفتی خۆتاندا باز دەدەن و وڕینەی شتی وا دەکەن، دەبێ بیرتان بهێنمەوە کە مێژووی خەباتی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشانی داوە هیچ کات ئەو ڕێکخراوانەی ناسنامە و پێناسەی سیاسیان لە لای جەماوەری هەموو کوردستان ناسراوە تەنیا بۆ ساتێکیش جاشایەتی و نۆکەرایەتی عەڕەب و عەجمیان نەکردووە و بەڵگەکانی موخابەراتی بەعس دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام و قسەی بەرپرسانی باشووری کوردستان لەمباریەوە باشترین سەنەد و بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئێوە بۆ هەموانیش.

بەڵام لەو ڕۆژەی پ.ک.ک درووستکراوە و ئەوانەش کە پ.ک.ک درووستی کردوون، وەک جێگە مۆری نوێژی شیعە بە ناوچاوانی ئێوەوە دیارە کە چلۆن خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن جەنابی سەرۆک ئاپۆ هەرزان فرۆش کرا بە حافز ئەسەد، چلۆن پێشمەرگەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران لە سنووری دەستکرد لە لایەن ئێوەوە شەهید کران و تەرمەکانیان لە لایەن ڕۆستەم جوودیەوە بە پاسدارانی ئێران فرۆشران، چۆن حیزبەکانی باکووری کوردستان و نەیارانی خۆتان لەوێندەر تەفر و توونا کرد، چلۆن لە ئورووپا و کوردستان لە چەشنی کۆماری ئیسلامی نەیارانی سیاسی خۆتان تیرۆر دەکرد و ئێستاش دەیکەن و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش تیرۆری مەشعەل تەمۆ و درووستکردنی دەیان بەربەستی سیاسی لە هەمبەر نەیارانی خۆتان کە هەر هەموویان کوردن و کوردستانین وەک نموونەی بەرچاو و زیندوو.

ڕۆژگارێک لە دۆڵی بیقاع شەڕی ئێسڕائیلتان دەکرد بۆ عەڕەب و ماچی کتێبی سەوزی قەزافی (الكتاب الاخضر) تان دەکرد وەک چۆن شیعەش ماچی نەهجولبەلاغەی عەلی دەکەن، ئێستاش شەڕی عەڕەب دەکەن بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل و شەڕی سوننە دەکەن بۆ دڵخۆشکردنی مەڕجەعکانتان لە قوم و نەجەف. بۆیە ئەوەی سیاسەتی لێ تێک چووبێت ئێوەن نەک ئێمە، ئەوەی شەڕی بە نەتەوەکەی فرۆشتبێت و نەزانێت چی دەوێت و چی دەکات هەر دیسان ڕێبەرایەتی عەلەوی پ.ک.ک یە.

کەوابوو تۆسقاڵێک ویژدانتان هەبێت و لە ژێر پەردەی حەرمسەرای ئاخوندە سەفەوییەکانی ئێران وەرنەدەر و خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەشوبهێنن بە کار و ستراتێژییە قێزەونەکەی خۆتان کە لەم ڕۆژانەدا لە ژێر ناوی شەڕی داعش دا هەموو نەتەوەیەکتان دەگەڵ کورد کردۆتە دوژمن و کەس نازانێت سیاسەتی سەرێک و هەزار سەودای ئێوە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە یان بۆ پاراستنی سێ گۆشەی شیعە لە ناوچەکەدا؟!