لە کۆماری مەهابادمان چ ماوە!!
وەکوو میرات لە حوکماتی ڕەوای کورد
چ لێهات ئیتحادوو یەکیەتی گەل
سەرم سوڕما، ئەلەو بەزمو هەرای کورد
چ لێهات هاودڵی و دڵسۆزی ئەو چاخ
نەماوە باسی ماف و ئیعتلای کورد
هەموو لێک بوونە دوژمن لەو سەرایە
لە هیچ کوێ نایە، دەنگی ئاشنای کورد
عجەب ئاهۆیەکی پڕ دەردوو ژانە
دەسووتێنێ شەدە،پشتبیند، کوای کورد
لە مێشکم دا دەگنخێنی هەموو هزر
ئەوی ناوی دەنێن هەست و هەوای کورد
لە کێ بەرکێ دا، هیچن بۆ نەماوە
لە کوێی ئاوێنەیی ڕوونی جەلای کورد
خەیاڵی ڕوو چەواشە زۆر دزێوە
لە ڕۆشنبیرو زاناو گیان فیدای کورد
دەبێ کەی ئاشتی میوانی دڵ بێ
کە دەست پێکاتەوە سازوو نەوای کورد
وەرن با دڵ بە یەکدەنگی ببەستین
هەموو کۆ بینەوە بن ژێر چرای کورد
نەبێ هیچ فەرق و جیاوازی لە نیو دا
لە گەورەو چووکەوو سەیدو مەلای کورد
سەپانی شێخ و دەروێشی خەلیفەش
بە زەرگوو شیر بێنە ناو قەڵای کورد
دەترسم بمرم ئەو ڕۆژە نەبینم
نەبیسم دەنگی بەرزی کۆی سەدای کورد
بە داخم شەڕ لە ناو خۆدا هەڵایسێ
لە کوێن پاڵەو کرێکاروو خوڵای کورد؟!
حامیدرەشیدی زەرزا
٢٣/١/٢٠١٥ی زایینی
سیدنی