Hoppa till innehåll
Hem » پاژنە ئاشیلی ئێران و تورک دیارە کوردە!، رەوف گوڵبەدەن

پاژنە ئاشیلی ئێران و تورک دیارە کوردە!، رەوف گوڵبەدەن

ئێران لە گەڵ ئەوەی کە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا و ئورووپا لە پێوەندی لە گەڵ ڕووخاندنی دوو دۆژمنی گەورەی ئێران واتە ڕژیمی تاڵەبان و ڕژیمی سەدام،reuf-golbeden-01

بەرهەمەکەی بوو بە هۆی ئەوەی کە ئێرانی دوای شەڕی هەشت ساڵەی عێراق واتە ئێرانی کز، ئێرانی ماندوو لە شەڕی ناوخۆیی کوردستان و تا ڕادەیەک دژبەرانی دیکەی لە ناوچەکانی‌تری جیا لە کوردستان، ئێرانی داڕووخاو لە باری ئابووری و ئێرانی کۆپێنی کە بە ڕووخاندنی تاڵەبان پشوویەکی هاتەوە بەر و بە ڕووخاندنی سەدام ئیتر ئاڵ و گۆڕی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویدا!

ئەوڕۆکە کۆماری سێدارە دەبێت دەستی دۆعا بۆ سەرکەوتنی ئەمریکا بەرز بکاتەوە!

ئەمریکا هات شەڕ بۆ خۆی بکات کەچی شەڕی بۆ ئێران دەکرد!!

ئەمریکا گەورەترین خزمەتی بە کۆماری سێدارە کرد و تەنانەت لە هاتنە کایەی داعش نە ئەمریکا و نە تورکیا بە رادەی ئێران سوودیان لە داعش وەرنەگرتووە!

ئەمریکا ئەوەندەی لە بیری کێبڕکێ لە گەڵ ڕووس و چیندایە یەک بە سەدی ئەوە لە بیەری بەهێزبوونی ئێران نەبووە و هەتا ئەوڕۆکەش وا دیارە ئەمریکا هێشتا هەست بە مەترسییەکی زۆر لە لایەن ئێرانەوە ناکات. بەو جۆرەی وا دیارە ئەمریکا هێشتا ماویەتی لەوە تێبگات کە ئێرانی کۆماری سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە داهاتوودا دەبێتە دۆژمنی ستراتێژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئورووپا و تەنانەت ئەگەر بڕێک بەهێزتر بێت لەوانەیە لە هاوکێشەکانی داهاتووی ناوچەکە و جیهاندا دژی ڕووسیای هاوپەیمانی بچێتە بەرەی چینەوە!

کۆماری سێدارە ئەوڕۆکە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە خوێندنەوەی باشتری لە ڕووداوەکان هەیە و هەر بۆیە لە هەموو شەڕ و کێشەکاندا براوەی یەکەم کۆماری سێداەرەیە!

دیارە تورکیاش دووهەم براوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بووە و ئەمریکاش دۆڕاوی یەکەمی تەواوی ئەو شەڕانە بووە کە هەموو قورسایی ئەو شەڕانە کەوتە سەر شانی ئەمریکا و بەمەش هەتا ئێستاکە دەسکەوتێکی وای نەبووە جگە لە فرۆشتنی چەک!

ئەمریکا دەیهەوێت لە پێکهاتنی بەرنامەی زاخاوکردنی ناوکی لە گەڵ ئێران بەو ئامانجە بگات کە ئێران ببێتە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ئیتر هەمان ڕۆڵی شا بداتەوە بە ئێران کە کاتی خۆی بە ” ژاندارمی کەنداوی فارس” بە ناوبانگ بوو!

دیارە نە ئەمریکا، ئەمریکای سەردەمی نیکسۆنە و نە ئێران، ئێرانی سەردەمی حەمە ڕەزا شا!

کە واتە با ئەمریکا ڕاستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئێرانی کۆماری سێدارە بە وردی بخوێنێتەوە و لەوە تێبگات کە سیستمی ئێران ئەو سیستمە نییە کە جێگەی بڕوا بێت و وەک هەموو دەزانن تەواوی ئەم شەڕە ئایینی و کێشە ئاڵۆزانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە بەشێکی زۆری لە ژێر سەری کۆماری سێدارەدایە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەگمەن وڵات هەیە کە شوێن پێی کۆماری سێدارە و ترۆریستەکانی تێدا نەبێت!

لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا ئاکتەرێکی‌تر هاتووەتە کایەوە کە هاوکێشەکانی گۆڕیوە!

ئەوڕۆکە نە ئێران نە تورکیا و نە عەرەب و نە ئەمریکاش نکۆڵیان لە بوونی ئاکتەری کورد لە ناوچەکەدا نییە بەڵکوو هەر یەکە لەوانە جگە لە ئەمریکا تێدەکۆشن بە هەر نرخێک بێت کورد بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و بۆ ئەوەی لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا براوە بن!

ئەمریکا هەر چەندە لە گەڵ کورددا دۆست و هاوپەیمانە بەڵام هەڵەی گەورەی سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە زۆر جار لە ڕوانگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە بۆ کێشەی کورد دەڕوانێت واتە لە ڕوانگەی تورکیا یان ئێرانەوە دەڕوانێتە هاوکێشەکان و ئەوە یەکێ لەو هەڵە گەورانەیە کە ئەمریکا هەتا ئێستە کردوویەتی و هەر بۆیە سیاسەتی ” کوردی باش” و ” کوردی ناباش” یان ” کوردی ترۆریست” و ” کوردی ناترۆریست” پەیڕەو دەکات!

ئایەکوو کاتی ئەوە نەهاتووە کە کوردستان بە گشتی هەم ڕوانگەی خۆیان بۆ کێشە ناوخۆییەکان و هەمیش بۆ کێشە دەرەکییەکان بگۆڕن؟

کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە کە ئەوڕۆکەش واتە لە سەدەی بیست و یەکدا وەک کۆڵۆنی لە گەڵیدا هەڵس و کەوت دەکرێت!

ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێویستە دان بەوەدا بنێت کە جگە لەم سێ نەتەوەیە واتە تورک و عەرەب و فارس، نەتەوەیەکی گەورە و چالاک بوونی هەیە کە ئەویش نەتەوەی کوردە کە وڵاتەکەشی ناوی کوردستانە و پاناتاییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە خۆدەگرێت کە لە نێوان دەریاکانی کەنداوی فارس و دەریای سپی و دەریای ڕەشدا هەڵکەوتووە و ڕۆڵێکی ستراتێژی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت کە هەتا ئێستە ئەم ڕۆڵە درابوو بە ئێران و تورکیا و دوو نیمچە وڵاتی دەسکردی عێراق و سووریا کە بە خۆشییەوە بەرە دابەشبوون دەچن!

ئایەکوو دەکرێت کوردستان بە حەشیمەتی پەنجا ملوێن( 50.000.00 ) دانیشتوو و هەروەها بە پانتایی نزییک بە شەش سەد هەزار کیلوومەتری دووجار (  600.000 کم ) لە ناوچەی پڕ لە کێشە و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت گوی بخرێت؟

ئایەکوو ئەمریکا و ناوچەکە بەوە نەگەیشتوون کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد قەت ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ؟

کلیلی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گیرفانی کورددایە و هەر کەسەک کەدەیهەوێت سیاسەت لە ناوچەکەدا بکات دەبێ ئاوڕی جیدی و بەرپرسانە لە کێشەی نەتەوەی کورد بداتەوە!

لە خۆڕایی نییە کە ئێران و تورکیا ئەوەندە بە ناوی کورد و کوردستان هەستیارن؟

پاژنە ئاشیلی ئێران و تورک دیارە کوردە!

رەوف گوڵبەدەن