"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە نامەیەکدا کە لە مێدیاکاندا بڵاو بۆتەوە،  ڕوو لە ئەندامانی حیزبەکەی باس لە کشانەوەی لە پۆستەکەی

وەک سکرتێر و مانەوەی وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە دەکات و  تا  نووسینی ئەم هەواڵە  لە ماڵپەڕی رەسمی خۆیان یان لە لاپەڕەی فەیسبووکی کاک خالید دا لەم بارەوە شتێک بڵاو نەکراوەتەوە،  بەڵام ماوەیەک لە مەوبەر  وتووێژێک لە رۆژهەڵات تایمز لە گەڵ کاک سەعید بیگزادە کرا، کە لە  ژێر نامەکەی کاک خالید دایە،  پرسیاری لێ کرا بەڵام کاک سەعید رەدی ئەم دەنگۆیەی نەکردەوە و ئێستاش نامەکەی کاک خالید بڵاو کرایەوە.

پێش کۆنگرە، زۆر باس لەوە دەکرا کە کاک ئاسۆ حەسەن زادە دەبێ بە سکرتێر و لەم بارەوە باسەکە گەرم بوو ، ئێستا بزانین کێ دیاری دەکرێ  بۆ ئەم پۆستە.

کاک خالید لە تەواوی دەوارانی سکرتێریدا، باسی لە یەکگرتنەوەی دێمۆکڕاتەکان دەکرد و زۆر کەس پێی وابوو ، ئەگەر کاک خالید ببێ بە سکرتێر، کێشەی دێمۆکڕاتەکان چارەسەر دەبێ، بەڵام ئەوە کاک خالید رۆیشت و هیچی بۆ ئەم پرسە نەکرد، کە ئارەزووی ئەندامان بوو، بزانین سکرتێری نوێ چی دەکا و ئایا ئەویش وەک کاک خالید، قسە و عەمەلی جیاواز دەبن؟

دەقی نامەی خالید عەزیزی ڕوو لە ئەندامانی حدک:

بۆ هاوڕێیانی حیزبی

وێڕای سڵاو و ماندوو نەبوونی.

1.  لە پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی لە  ڕێکەوتی 2016/10/15    وازهێنانی خۆم لە پۆستی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕاگەیاند. دوای باس و موناقشەیەکی زۆر، پلینۆم دەفتەری سیاسی ڕاسپارد کە کار بکات بۆ ئەوەی لە ماوەی سی مانگدا کۆمیتەی ناوەندی کۆ بێتەوە و سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکا.

٢- بۆ ئاگاداری ئێوە و بە شاهیدی سەرجەم ئەندامانی ڕێبەری، ساڵێک پێش گرتنی کۆنگرەی شازدەهەم ڕامگەیاندبوو کە نە بە تەمای پۆستی سکرتێریم و نە بە دروستیشی دەزانم پێرەوی نێوخۆیی حیزب بۆ ئەو مەبەستە بۆ من بگۆڕدرێ.

٣-  لە کۆنگرەدا بەداخەوە کەش وهەوایەک دروست بوو و زۆربەی ئەندامانی کۆنگرە ساڵۆنی کۆنگرەیان چۆلکرد و داوایان ئەوە بوو کە من لە پۆستی خۆمدا بمێنمەوە. بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و تەنیا بۆ بەرگریکردن لە شێوانی کۆنگرە و لە ڕوی مەجبووری و هەست بە مەسئولییەت‌کردن، پێشنیارم کرد کە ڕێبەری وەک خۆی بمێنێتەوە.

٤- پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرەش موافقین و موخالیفینی من بە تێکڕایی سکرتێری منیان قبوڵ بوو. بۆیە داوا لە ئەندامانی حیزب دەکەم لە تەفسیر و تەعیبری ناپێویست و سناریۆی جۆراوجۆر خۆبپارێزن. هەمووی ئێمە بەرانبەر بە یەکڕیزی حیزب و پاراستنی یەکتر و کەسایەتییەکانی حیزب بەرپرسیارین.

٥- من لە پۆستی سکرتێری حیزب وازم هێناوە و وەک تەعهودی حیزبی و ڕێز لێنان لە دەنگ و متمانەی هاوڕێیانی حیزبی و کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەمێنمەوە و بە پێی توانا و ئیمکان لە تێکۆشانی حیزبی بەردەوام دەبم.

٦-  بە پێی پێڕەوی نێوخۆیی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی سکرتێر هەڵدەبژێرێ و لە پلینۆمی داهاتودا دەتوانین سکرتێری داهاتووی حیزب دیاری بکەین. بۆ ئەو مەبەستە حیزبی ئێمە پێویستی بە کۆنفرانس و کۆنگرەی پێش وەخت نییە. بۆیە داوا دەکەم لە کاتی ئێستا و بۆ دیاریکردنی سکرتێر، باسی کۆنفرانس و کۆنگرە نەکەین.

٧-   ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی شازدەهەم کە کۆمەڵیک ڕێکاری فرەڕەهەندیشی بۆ کار و تێکۆشان دەستنیشان کردووە، نیشاندەری عەقڵییەتێکی فرەچەشنی و واقیعبینانەی هەمووی ئێمەیە . بە وازهێنانی من ئەو گوتارەی حیزب کە بەرهەمی کار و تێکۆشانی هه‌موومانه‌، بی گومان هەر لە جێگەی خۆیدا دەمێنێته‌وه‌. من وەک سکرتێری حیزب تەنیا وتەبێژ و ئادرەسی ئەو گوتارەی حیزبەکەمان بوومە.

٨-  لە سایه‌ی هەوڵ و تێكۆشان و فیداکاری ئێوە‌، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە وەک سکرتێر و کەسی یەکەمی حیزب کارم کردووە، هەستم بە شانازی و ئیفتخار کردووە. وێڕای پێزانین، سپاسی هەموو لایەکتان دەکەم. لە هەمان کاتیشدا بێ گومان کەسێکی بێ هەڵە و پەڵەش نەبوومە و لەو پێوەندییەدا ڕەخنەشم لێگیراوه‌ و گلەییشم هاتووه‌ته‌ سه‌ر، کە لە کاری جەمعی و حیزبیدا بە شتێکی زۆر ئاسایی دەزانم.

بە ڕێز و حوڕمەتەوە، براتان  –   خالید عەزیزی

2016 / 11 /07

دەقی وتووێژەکەی کاک سەعید

سەعید بێگزادە: “کاک خالید عەزیزی ئەگەر سکرتێریش نەمێنێ، خۆی لە رێبەری و شوێنی بڕیاری ئەو حیزبەدا حزووری هەر دەبێ”

رۆژهەڵات تایمز: دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی “خالید عەزیزی” لە پۆستی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەو چەند رۆژەی رابردوودا کۆمەڵێک باس و خواس و لێکدانەوەی جۆراوجۆری لە ناوخۆی رۆژهەڵات و دنیای مەجازی و ناو چالاکانی سیاسی و تەشکیلاتی “حدک”دا بەدوای خۆیدا هێناوە. “رۆژهەڵات تایمز” سەبارەت بەم پرس و دەنگۆیانە، چەند پرسیارێکی سەبارەت بە راستی و دروستیی ئەو هەواڵە ئاڕاستەی “سەعید بێگزادە” ئەندامی رێبەریی “حدک کرد” کە سەرەنجتانی بۆ رادەکێشین:

*ئایا ئەوە راستە کاک “خالید عەزیزی” دەیهەوێ لە پۆستی سکرتێری و حدک بکشێتەوە؟

-ئەساسی ئەو هەواڵە نە بەمجۆرەیە و نە بەڕێز کاک “خالید”یش مەسەلەیەکی ئەوتۆ ی هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە پێشتر بەندێکی ئەساسنامەمان هەبوو، کە تەنیا دوو دەورەی بەدوای یەکدا رێگای بە کەسێک دەدا کە پۆستی سکرتێری بەدەستەوە بێ. کاک “خالید” خۆی پێی وابوو ئەو بەندە نابێ تەنیا لەبەر مانەوەی ئەو لەم پۆستەدا، لابچێ. بۆیە هەر پێش کۆنگرەش خۆی خوازیاری کشانەوەی لە سکرتێری بوو، بەڵام باش یان خەراپ کۆنگرەی ۱٦ی حیزب لە لایەک کشانەوەی بەڕێزیانی قبوڵ نەکرد و بوونی ئەو بەندەشی بە پێوست نەزانی. دەراستیدا ئەو باسە چارەسەری یەکجاری بۆ نەکرا و بەڕێزیان لەژێر داوا و پێداگریی هاوڕێیاندا بەرپرسایەتییەکەی کەوتەوە سەرشان. لە ماوەی پاش کۆنگرەشەوە هەتا ئێستا، زەروورەتی ئاڵوگۆڕێک لە بەرپرسایەتی یەکەمدا و چۆنیەتی ئیدارەی حیزب دەپێش هەمواندا بۆ خودی کاک “خالید” لە هەموومان زیاتر دەگۆڕێدا بووە. بۆیە لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بەڕێزیان کۆمیتەی ناوەندی ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەگی بۆ ئاڵوگۆرێکی لەم چەشنە پێک بێنێ.

لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە کشانەوەی کاک “خالید” لە حدک دەکەن، دەبێ بڵێم کە نەتەنیا هیچ باسێکی ئاوا لەگۆڕێدا نەبووە و ئەساسی نییە، بەڵکو هەتا ئەوکاتەی کە کۆمیتەی ناوەندی کەسێکی دیکە بە جێگای کاک “خالید” دیاری دەکا، بەڕێزیان هەر سکرتێری حیزبن و ئەرکی خۆشی ئەنجام دەدا. پاش دیاریکردنی کەسێکی دیکە وەک کەسی یەکەمی حیزب، کاک “خالید” وەک هەموو هاورێیانی دیکە لە رێبەری حیزبدا درێژە بە کاری خۆی دەدا.

*ئایا کەسێک هەیە کە بتوانێ جێگای کاک “خالید” بگرێتەوە؟!

-کاک “خالید” کەسێکی بەتوانا و سیاسەتکارێکی زیرەک و ئەوڕۆیی و بە بەرنامە و خاوەن پڕۆژەیە. هەر ئاواش دەرکەوتووە. هەروەک گوتم، کاک “خالید” وزە و تواناکانی خۆی هەر لە رێبەریی ئەو حیزبەدا بەکار دێنێ و درێژە دەدا، بۆیە نە حیزب لە بەهرەکانی کاک “خالید” بێبەری دەبێ و نە کاک “خالید”یش خۆی لە حیزب بێبەری دەکا. لە لایەکی دیکەشەوە، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووەتە پلەی سەرۆک کۆماری کۆردستان، دوژمن ئیعدامی کردووە و حکومەتەکەشی رووخاندووە، پاش ئەو، حیزب لەسەر پێ بووە و کەسی دیکە بۆ ئەم بەرپرسایەتییە ئامادە کراوە، لە ماوەی حەفتا ساڵ تەمەنی ئەو حیزبەدا ئەو پۆستە دەبەینی زۆر کەساندا دەستاودەستی کردووە و هەر هەمووشیان کەم و زۆر حیزبیان ئیدارە کردووە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە ئیدارە و بەڕێوەبەریی حیزبی کاری جەمعی و گشتییە. دەگەڵ ئەوەش ئەو حیزبە خاوەنی دەیان کەسە کە رابردووی دوور و درێژی حیزبی و بەرپرسایەتی گەورەیان هەبووە و هەیە. راستە ئێستا بە ئەندازەی کاک “خالید” ناسراو نین، بەڵام نە سکرتێرەکانی پێشووی حیزب و نە کاک “خالید”یش لە سەرەتاوە بۆ خەلک ناسراو نەبوون.

*ئەدی پڕۆژەکانی کاک “خالید عەزیزی”، وەک وتووێژ دەگەڵ کۆماری ئیسلامی و وەسەریەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات چییان لێدێ؟

-چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی ئێمە لە ئێراندا و وەسەریەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات پڕۆژەی حیزبن. هەر لە بنەڕەتڕا حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و مافی کورد دروست بووە. مەسەلەی یەکگرتنەوەش هەر پێش سکرتێریی کاک “خالید”یش مەترح بووە، کەوابوو ئەوانە پڕۆژەی کەسێک نەبوون و نین، بەڵام لەسەر میکانیزم و رێگا چارەکان، کاک “خالید” قسەی تازەی هەبووە. دەگەڵ ئەوەش هەروەک ئاماژەم پێدا، کاک “خالید” ئەگەر سکرتێریش نەمێنێ، خۆی لە رێبەری و شوێنی تەسمیمگیری و بڕیاری ئەو حیزبەدا هەر حزووری هەیە و بەشدارە و بێگومان شوێندانەریی خۆشی هەر دەمێنێ.0.3

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی