وێڕای سڵاوو رێزێکی بێ پایان بۆ سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی کە بۆ ئەو رووداوە نەخوازاوەی کە بۆ حیزبی دێموکڕات و بەندە وەک پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە هاتە پێش
لە رێگای جۆراوجۆرەوە هاوخەمی و بە پەرۆش بوونی خۆیان دەربڕیوە.دەبێ بە ئاگاداری هەموو لایەک بگەیێنم کە دۆخی تەندرووستی و سەلامەتی من زۆر باش و جێگیرەو هیچ کێشەیەکی تایبەتیم نییەو ئێوارەی دوێنی رێکەوتی 09/11/2016 دوای بیست و پێنج رۆژ مانەوە لە بەندیخانەی ئاسایش گشتی و دەزگای دژە تیرۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هۆکارەکەی رووداوێکی نەخوازراوو لێک تێنەگەیشتێک بوو لە لایەن ئێمەو ماشێنێکی کۆنسوگەری وڵاتی کانادا کە لە دەوری مەحوەتەی ئەمنی ناوەندی 3ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە رووی دا.ئێستا بە خۆشییەوە دوای حەول و هیممەت و ماندووبوونی دەزگاو لایەنی پێوەندیداری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان-ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسولگەری وڵاتی کانادا کێشەکە بە لێک تێگەیشتنێکی سێ قۆڵی بە ئەنجامی باش گەیشت و هەموو لایەک بە قەناعەتەوە لە کۆتاییدا دوای چەندین رۆژ کاری دیپڵۆماسی مەسەلەکە زۆر بە باشی چارەسەر کرا.
بە ئاگاداری هەموو لایەک لە دۆستان و خۆشەویستان دەگەیێنم کە بەندە ئێستا ساغ و سەلامەتم و بەردەوامم لە کارو چالاکی و ئەرکی پێ سپێردراوی حیزبی خۆم و هەروەها هەموو ئیدیعایەکی بەدەر لە روونکردنەوەی حیزبی و روونکردنەوەی بەندە بە ناراست و دوور لە راستی دەزانم کە بەشێکی لە رووی هاخەمی و دڵسۆزی بووەو بەشێکیش به ئاگاهی!،جێگای ئاماژەیە کە زۆر لە دۆست و هاوڕێ لە رووی سۆزو خۆشەویستی و بەپەرۆشییەوە هێندێک هەواڵ ناراستیان بڵاو کردبۆوە کە گۆیا ئاساییشی پاڕتی دێموکڕاتی کوردستان من(پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران)ی ڕفاندووەو ماوەیەکی زۆرە حیزبی دێموکڕات لە چارەنووسی ئەو پێشمەرگەیە بێ خەبەرەو ئیزنی هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکی دەگەڵدا نەکراوە،بەندە وێڕای رەتکردنەوەی ئەم هەواڵە بە رای گشتی بەرێزان و خۆشەویستان رادەگەیێنم کە بەنده بە هیچ شێوەیەک لە لایەن هیچ دەزگایەکی ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڕتەکانی ئەو بەشە نەڕفێندرام و بە پێچەوانە ئێمە خۆمان وەک حیزبی دێموکڕاتی کورڕستان ئێران کە نییەت پاکی خۆمان لە درێژایی مێژووی سیاسی و شۆڕشی میللەتەکەمان بۆ هەموو کوردسان و جیهان سەلماندووە بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە خۆمان پیش قەدەم بووینەوە تا روونکردنەوەی تەواوی ئەم پێش هاتەیە بەردەوام بووینە لە کاری دیپڵۆماسی و بەدواداچوونی قەزیەکە،بەڵام تا چارەسەری و یەک لایی بوونەوەی مەسەلەکە بەندە چەند رۆژان لە ئاسایش و دەزگای دژە تیرۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەند بووم و هەروەها دەبێ ئەوەش بڵێم کە بە هیچ شێوەیەک من وەک پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکڕات ئەو ماوەیە لە لایەن هیچ دەزگایەکی ئەمنی هەرێمی کوردستان بێ رێزی و بێ حوڕمەتیم پێنەکراوەو هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێکیش نەدراوم بگرە وەکوو میوانێک بۆ ماوەیەکی کورت تا چەرەسەری کێشەکە لە بەند راگیرابووم،هەرچەند خۆم ئەوەم پێ ناخۆش بوو و لە دڵم زۆرگران هات چون دەشبوو و رێشی تێ دەچوو کە لە لایەن حیزبەکەی خۆمەوە تا روون بوونەوەو چارەسەری مەسەلەکە رابگیردرێم و بەند بکرێم،پێم وایە لە داهاتوودا لەسەر ئەم خاڵە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحیزبەکانی رۆژهەڵات رێکەوتنێک بێتە ئاراوە خراپ نییە!
بەهەرحاڵ زۆر جێگای خۆشحاڵییە کە عەقڵیەتی حیزبەکانی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێکی بەرزو دیپڵۆماسی دۆستانەو برایانە بۆتە سەرلەوحی پێوەندییەکانیان،هیوادارم ئەو دیپڵۆماسییە ئەوەندە بەهێزبکرێت کە شایی بەرەیەکی یەکگرتوو بگێڕین.من بە داهاتوو هیوادارم و پێم وابێ زۆرینەین!
جارێکی تر سپاس و دەستخۆشی و پێزانینی خۆم پێشکەشی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە دوور و نیزێک بە پەرۆشەوە لەم مەسەلەیان روانیوەو لە رێگای جۆاوجۆرەوە هاوخەمی و ئەرکی دۆستایەتی خۆیان بە جێ گەیاندووە.
براتان خەلیل جەنگی
2016-11-10
وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی کاک خەلیل
بابەتی پەیوەندی دار
هەواڵگریی پارتی ماوەی ٢٠ ڕۆژە پێشمەرگەیەکی حدکای دەستبەسەر کردووە
