"an independent online kurdish website

خوێنەری هێژا ، ئەم بیرەوەرییە درێژەی بیرەوەرییەکە کە لە سەر شەهید بوونی عەبدوڕەحمان دەشت پێمان لە ٧ بەش دا نووسیبووم بە ناوی: لە یەکەم سازماندەهیی مەڵبەندی شیمال تا شەهید بوونی عبدالرحمن دشت پیمان.kavos_mam_kavos

هەر ئەوکاتیش ئەم بەشانەم نووسیبوو کە تا نیزیک کۆنگرەی ٨ دەبووینەوە، بەڵام بە هۆی هیندێک تێبێنی ڕامگرتبوون و بڵاوم نەدەکردنەوە. بەڵام لە سەر داوای چەند هاوڕێیەکم ئەوە دەستم کردووە بە ڕێک پێک کردنی ئەو بەشانەش و هەوڵ دەدەم لەمەو دوا بڵاویان بکەمەوە .

 

ئەگەر حەزرەتی ئیزرائیل دەست نەخاتەوە نێو کاروبارمان ، کەمێک بە مودارا بێ، ئیزنی چەند ساڵێکی دیکەش ژیانم بدا ئەوە بڕیارمداوە بەردەوام بم .

 

هەرچی دەنووسم و نووسیومە ئەوەیە کە من دیومە و بۆچوونی منە. مەرج نیە هەمووشتێک لە منەوە دیار بووبێ، یان هەموو بۆچوونێکی من لای هەمووان پەسند بێ. من ئەوە دەنووسم کە دیومە و شاهیدی بووم. نە ئەوم کە ئیغراق بکەم، نە ئەوم کە بەخۆم هەڵبڵێم، نە ئەوم کە خۆم بکەمە کاووسێکی خەیاڵی(لە کاتێک دا کە ئەوکات گەنجێک بووم تەنیا ٢٠ ساڵ تەمەنم بۆوە) نە ڕۆڵی کەس کەم دەکەمەوە ،نە ئەوەشم کە شتەکانم لە بیر نەمابن. بەخۆشی یەوە سەرەڕای چوونە سەری تەمەنیش حافیزەم جارێ تەواوە ، ڕووداوەکان ئەگەر سەد لە سەدیش نەبێ(کەنیە) تا ئاستێکی باش لە بیرم ماون و دەتوانم بیانکەمە نووسین. ئەو نووسینانەش سوودی هەیە ، یان نیە، ئەوە خوێنەران و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەم و هاوڕێیانی حیزبیم قەزاوەتی لە سەر دەکەن و بەس.

هەربژین بە شادی

کاووس عەزیزی. دانمارک ٧/١١/٢٠١٦

 

هەر وەک لە بیرەوەریی پێشوودا باسم کردووە، سەرەتای مانگی سەرماوەزی ١٣٦٥ لە ناوچەکانی سەڵماسەوە هاتینە گەلی بەردەڕەش و لەگەل هێز و مەڵبەند یەکمان گرتەوە. ئەوەبوو بە پێی بڕیاری مەڵبەندی شیمال دەبوایە لکی ٢ ، ٣ لەگەل هەردوو کۆمیتەی سارستانی سەڵماس و ئۆرمیە، مەڵبەند و پەلی فەرماندەهی ، بە گشتی ژمارەمان زیاتر لە ٢٥٠ پێشمەرگە دەبوو زستانی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە گوندی کاولان بمێنینەوە و لکی لە گەل کادرەکانی کۆمیتەی ئۆرمیە لە ڕووباری سەرکەمێ( سێ سنوور) بمێننەوە کە چەندین ژووریان دروست کردبوو و خەرجێکی زۆریش هەم بۆ چاک کردنی بنکەکان کرابوو هەمیش بۆ تەداروکات. تەداروکاتێکی زۆر لە ئێران، عێراق و تورکیە کڕدرابوو و لە ئەنباری بنکە دانرابوو، کەچی بارانی ئەو ساڵە یەکجار زۆربوو، بۆیە بنکەکان داتەپین و هەم بەرلەوەی کەلکیان لێوەرگرین ژوورەکان ڕووخانو هەمیش ئەو هەموو تەداروکاتە تیاچوو. (دەڵێن گوایە کاک هەمزە ڕەشیدیان بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند ٣ تۆن بەس خوێی کڕیبوو. هەڵبەت ئەو دەڵێ ٣٠٠ کیلۆ بوو).

ئەوە بوو مەڵبەند بڕیارەکەی گۆڕیبوو و دەبا لکی یەک بڕواتە باشوور و لە گوندی مامە خەتیب کە بنکەی هێزی کێلەشین و ئاگری بوو زستانەکەی لەوێ تێپەڕ بکا. هۆکارەکەش ئەوەبوو کە هەم بنکەیەک بوو بۆ هاتووچووی نێوان مەڵبەند و ڕێبەرایەتی، هەمیش بۆ ئەوەبوو کە ئەوان بەهارەکەی یەکسەر دەهاتنەوە ناوچەی مەڕگەوەڕ بۆ کار و چالاکییە نیزامییەکان. ئەوەش بڵێم کە لکی یەک کاک سەعید یووسفی فەرماندەری لک و تاهیر حەمیدی(تاهیر حەتۆ ڕووحی شاد) جێگری بوو کە دوو کەسی فەعال و بە ئەزموونی کار و باری نیزامی بوون.

ئەوەبوو کە گەیشتینە کاولان هەموو ئۆرگانەکان بنکەکانیان ئامادە کردبوو، بەڵام بنکەی لکی سێ و کۆمیتەی شارستانی سەڵماس دیاری کرابوون کەلە سەر کام ماڵ بن ، بەس هیچ کارێکیان تێدانەکرابوو. ئەوەبوو هەر بە گەیشتنمان هەر سێ پەل دەستیان کرد بە دامەزراندنی بنکەی خۆیان، کۆمیتەی سەڵماس و ئەرکانی لکی ٣ش بنکەیەکمان هەبوو پێکەوە دامان مەزراند وابزانم ٢ ژوور بوو.

ئەوەی لە بیرم بێ بنکەی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و ئەرکانی لک ئەم کەسانە بووین: لە کادرەکانی کۆمیتە : نایب مەشایەخی، سولێمان کەلەشی،عەسکەر عەلیزادە ، یووسفی کەنعانی(ڕووحی شاد) جەمشید کامران(ڕووحی شاد) حوسێن محەممەدی (ڕووحی شاد ) عەبدوڕەحمان ئەنساری(ڕووحی شاد) هەروەها لە ئەرکانی لک: حاجی جوندی(ئەوکات ناوی کرابووە ڕەشاد عەبدی) کادری سیاسی لک، سەعید مەحموود نەژاد جێگری فەرماندەری لک(ڕووحی شاد) من(کاووس) بێسمچیی لک و مەولوودبەنی ئادەم بەشی تەداروکاتی لک. کاک عیسمەت عەبدی بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس ژن و مناڵی لە گوندی وارگەنم بوون، حەسەن بازووکە فەرماندەری لکی ٣(ڕووحی شاد) هەروا مالی لە وارگەنم بوو و  زۆربەی شەوەکان دەچوونە ماڵە خۆیان. هەڵبەت ماڵی کاک شاپوور شوجاعی فەر، کاک ڕەحیم ساڵح زادە فەرماندەری هێزی ئاگری و کاک بەهادور ئازەری جێگری کاک ڕەحیم لەو گوندە بوون.

بەرلەوەی ئێمە بگەڕێنەوەی لای هاوڕێیان کۆمەڵێک کێشە و ناهەماهەنگی لە سەر هیندێک ڕەفتار و هەڵس و کەوتی ئۆرگانەکان و بەرپرسان و کادر و پێشەرگەکان هاتبوونەوە ئاراوە و چەندکەسێک لە پێشمەرگەکان وەک ناڕەزایەتی چووبوون خۆیان تەحویلی ڕێژیم دابووە. بەڵام چوونکی ئاگادارییەکی ئەوتۆم لە سەریان نیە خۆم لەو باسە دەبوێرم.

هەر لە سەرەتاوە کە چووین ئیمکاناتمان زۆر کەم بوون. کێشەی پارە نەبوو، مەڵبەندی شیمال دەوڵەمەند بوو. کێشە دوو شت بوو: ئابلۆقەی ئابووری و هاتوچوو لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ سەر ئەو دەڤەرە کە لە ژێر دەستی پێشمەرگە دا بوو ، و ناهەماهەنگی لە مەڵبەند وەک ئۆرگانی بەرپرس.

بەرپرسی مەڵبەند کاک عەلی کاشف پوور پوو (ڕووحی شاد). بەرپرسی ماڵی حەمزە ڕەشیدیان کە ئەوکات چووبووە باشوور بۆ کاروباری ماڵیی مەڵبەند لەگەل کۆمیسیۆنی ماڵی و لەوێ نەبوو. شاپوور شوجاعی فەر ئەندامی مەڵبەند و بەشی ئامووزیش بوو، خەرج و مەخاریج زۆرتر ئەو بڕیاری لە سەر دەدایەوە. ئەگەر شتێکمان پێویست بوایە کە دەچووینە لای تەداروکات، زۆر جار دەیانوت: بڕۆن لە کاک شاپوور ئیجازە وەرگرن، یان لەوی وەرگرنەوە. بە هەرحاڵ لە بێ ئیمکاناتیدا کۆمەڵێک کێشە وگرفت و بێ ئیعتیمادی هاتبووە ئاراوە. کادر وپێشمەرگە تەواو لە مەڵبەند تووڕە بوون. ڕۆژانە قسەی تەنانەت نەشیاو بە مەڵبەند وەک ئۆرگان دەگوترا. بە تایبەتی شاپوور شوجاعی فەر کەسێکی خۆشناو نەبوو لە نێو کادر و پێشمەرگە دا.

زۆری پێ نەچوو کاک عەلی و کاک عیسمەت دەبا بچنەوە پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی، چەند کەس دەبا بچن بۆ دەورەی سیاسی کە لەوانە : حوسێن محەممەدی، عەبدوڕەحمان ئەنساری و مەلا عەبدولا عەبدی لە بیرمە ، ژمارەیەک پێشمەرگەی تازە هاتوو هەبوو کە دەبا بنێرنەوە فێرگە، چەند کەسیش لە کادر و پێشمەرگەکان برینداربوون یان نەخۆشییان هەبوو کە دەبا بچنە نەخۆشخانە بۆ موعالیجە، یەک لەوان من بووم کە کولیەم ئازاری دەدام، عەسکەر عەلیزادەشدەستی چەپی لە جەریانی گرتنی پایەگای سپی دەرەری شپیران(١٧ ی خەرمانانی ١٣٦٥) دا بریندار ببوو. ئەوەبوو لە ناوەڕاستی مانگی سەرماوەز دا تیمێکی ٣٠ بۆ ٣٥ کەسی لە مقەڕ وەڕێکەوتین بەرەو ناوچەی شەمزینان کە بەفرێکی یەکجار زۆریش باریبوو. هیچ ڕێگایەک کراوە نەبوو. شەو لە وارگەنم ماینەوە و بەیانی زوو حەرەکەتمان کرد بەرەو توورێ (توورێ کە دەڵێین کۆمەڵێک گوندی بچووکن هەرکامەی بەناوێک بەڵام هەموویان توورێن). تا لە دۆڵی وارگەنم سەرکەوتین خەریک بوو دونیا تاریک دەبوو. لە کاتێک دا ئەگەر بەفر نەبوایە هەمووی ڕێگای دوو سەعاتە بە پێیان و بەهۆی ەئو بەفرە زۆرە بە ٩ سەعات جا داگەڕاینەوە ئەوبەر.

کە داگەڕاینەوە دۆلی توورێ تەواو تاریکی کرد و هەوایەکی سارد، ئاسامانی ساماڵ کە مرۆڤ دەبوو بە بەستەڵەک. کوڕێک تازە هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی، وابزانم ناوی عەگید بوو، کەوشەکەی لە بەفر دا مابووە هەر ئاگای لێ نەبوو. کە نیزیک بووینەوە وەزعمان تەواو خەراپ بوو، ئەو کورە لاقی سەرما بردبوونی و تەمەنیشی کەم بوو، زۆر گونا‌ه بوو. چەند گولەیەکمان هەوا دا، خەڵکی یەکەم گوندی دۆلی توورێ(وارێ سێوێ) هاتن بە هانامانەوە. لەبیرمە گەنجێک ئەو پێشمەرگەیەی لە سەر شانی خۆی دانا و یەکسەر بۆ ماڵەوە.

کە چووینەوە گوند هەموو کەس ئاگادار بوو کە پێشمەرگە دێنە ئاوایی ، بۆیە خەڵک زوو هاتن و دابەشیان کردینە سەر ماڵانەوە. ئەو ماڵەی من و حوسێن محەممەدی و عەبدوڕەحمان ئەنساری چووین، دایکێکی بە تەمەن هاتە دەر و گوتی برۆنە خانی کورەکەی گوتی نا بۆ بچنە هۆدە. ئەو گوتی نا کوڕم کورسی دانراوە و تەنوور گەرمە با بچن لە بەر کورسی گەرم ببنەوە جا بچنە هۆدەی سەرێ.

کەچووینە خانی( خانی بەوشوێنە دەڵێن کە تەنووری تێدابوو و جێی نان و چێشتخانە بوو) کورسی لە سەر تەنوور دانرابوو، جاجمێکی گەورەی بە سەریدادرابوو، کەوشەکانمان ببوونە بەستەلەک، بۆیە تا چەند دەقە هەر بە کەوشەوە لاقمان کردە ژێر کورسی تا توانیمان کەوشەکانمان بێنینە دەر.

دایکە پیر و بووک و هەموو بنەماڵەکەشی ئەوە یەکیان ئاوی گەرم دێنێ تا دەست و لاقمان بشۆین، ئەوی تریان نان ئامادە دەکا، و چایەکەش بەردەوام تێدەکەن. لە بیرمە حوسێن بە پیاڵەی بچووک قەناعەتی بە چا نەدەهێنا، گوتی وەلا ئەوە هەر یەک قومە وادەزانم چای ناخۆم، ڕۆیشتن لیوانێکی گەورەیان بۆ هێنا .

کە کاتی نان خواردن هات و هیندێك گەرم ببووینەوە، دایکی پیری بە ئەزموون گوتی کچم ئەوە لە تەنوور دا کوولەکەیەک هەیە و دامناوە ببیتەوە مقەلۆر، بۆ سەرما باشە ، با لە پێشدا ئەو بخۆن جا نان. ئەو خانمە بووکی دایکی پیر بوو، کە کوولەکەی هێنایە دەر، زۆر جوان برژا بوو، هەر ئەوە بوو کردیە دوو لەت و لە ناو کەشەفێکی گەورە(معەجمە)ی داناو کەوچکی دار کە تایبەت بوون بە خواردنی مەقەلۆر بۆ هێناین . کە کوولەکەمان خوارد کەس نانی لە بیر نەبوو، گەرم داهاتین و حوسێن یادی بەخێر وەک هەمیشە سیگارەکەی دەرهێنا و دایگیرساند. ئەوەش بڵێم کە کوولەکەکان هی بێستانی خۆیان بوو و هەڵیان گرتبوو بۆ زستاان بۆ مەقەلۆر.

شەو لەوێ ماینەوە و ڕۆژی دوایی ٣ کەسی شارەزای ڕێگاکان لەگەلمان هاتن تا بردیانینە گوندی سێهەمی توورێ و نێوەڕۆ لەوێ بووین. ئێوارەکەی چەند کەسی دیکەمان لەگەل هاتن و بەشاخێکی سەختی هەڵدێر دا بردیانین بۆ گوندی نێردۆشە. شەو لەو گوندی ماینەوە و ڕۆژی دوایی دیسان چەند کەسی ئەو گوندەمان لەگەل بوو وەک شارەزای ڕێگا تا بردیانینە گوندی دێمان کە گوندەکە نیزیک بە هەموویان سەیدی گەیلانی بوون و لە مەڕگەوەڕیش هەمان بنەماڵە ی سەیدی گەیلانی هەن. ئەو شەوەش لەوێ ماینەوە و ڕۆژی دوایی بە هەمان شیوە چەند گەنجێک مان لەگەل هاتن تا گەیاندینە زێوکا و شەو لەوێ بووین. ئێوارەکەی کە چووینە نێو زێوکان خەریک بوو دابەش دەبووینە نێو ماڵان. منیش رادیۆیەکی پانۆسنیکی جوانم هەبوو کە لە سەید سەدیق(ڕووحی شاد) کڕیبوو. سەید سەدیق پارێزەری کاک ڕەحیم ساڵح زادەی فەرماندە هێزمان بوو و وابزانم خەڵکی دیواندەرە بوو . بە پارچە یەکێک لە خوشکەکانم قابێکی جوانی بۆ دووریبوو و هەر لە ملم دەکرد و زۆرم شای لێبوو. خانمێکی بەتەمەن گوتی : ئەوە قورئانە لە ملت کردووە؟ منیش گوتم بەڵێ دادێ قورئانە، ئەو خانمە زۆری پێخۆش بوو کە قورئان لە ملی پێشمەرگەیەکدایە.

kavus_ez65


بەیانی کە چووینە کاتوونەی خوارێ، ماڵی کاک مەحموود دەشتی، عوسمان عەدۆ، دوکتۆر شوان(دوکتۆرێکی خەڵکی دەوروبەری شنگال و ساڵانێکی زۆر وەک پزیشک لە ڕیزەکانی حیزب دا خزمەتی کرد و ئێستا لە وڵاتی دانمارک دەژی) وابزانم ماڵی محمد برینجکار، عەلی پاوەری(ڕووحی شاد) ، حاجی مەلا برایم (ڕووحی شاد) و چەند کادر و پێشمەرگەیەکی دیکەش هەر لەو گوندانەی شەمزینان لای خزم و کەسی خۆیان بوون.

دوای مانەوەیەکی چەند سەعاتی ئەوجار کاک مەحموودیش کە جێگری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە بوو دەبا برواتە پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی. بۆیە هەم کاک مەحموود و هەم دوکتۆر شوان لەگەلمان هاتن و شەو کە تاریکی کرد لە پەنا گورووهانی خزنە دەرباس بووین و چووینەوە مەلایان کە دیتمان ئەوە لکی یەکیش لەوێن و کاک سەعید گوڵێ فەرماندەری لک و هاوڕێیانی لەوێ بوون و چاوەڕێ ئێمەیان دەکرد.

دیتنی ئەوان لە لایەک خۆش بوو کە دوای ماوەیەکی زۆر یەکترمان بینی ، لەلایەک زۆر تاڵ و ناخۆش بوو کە تازە دوو ڕۆژ بوو لە گوندی مەنسوور ئابادی مەڕگەوەڕ کەوتبوونە کەمین و ٢ کەس لە باشترین پێشمەرگەکانی لکی یەک شەهید ببوون : میکائیل قەترانی و عەڵی شکاک.

هەردووی ئەو شەهیدانە لە پێشمەرگە هەرە باش و دیارەکانی لکی یەک بوون. دوو گەنجی فیداکار و لێهاتوو. من و میکائیل زۆر رەفیق بووین، لە چەند شەڕیک دا پێکەوە بووین و دەمزانی چەندەکوڕێکی قارەمان و جەسوورە، بۆیە شەهید بوونی ئەوان هەموومانی غەمبار کرد. عەلی شکاک کوڕێکی جەسوور و هەتا بڵێێ قسە خۆش و پاک و دڵسۆز بوو. بەداخەوە تەرمی پیرۆزیان کەوتبووە دەستی دوژمن.یادیان بەخێر.

ئەو شەوەش لەوێ بووین و بەیانیەکەی چووینە گوندی گەڵێشم کە دوایی گوندی ناوچەیە و دەکەوێتەوە سێ سنوور(نێوان ڕۆژهەڵات، باکوور و باشوور). ئەو شەوە لەوێ بووین وبەیانییەکەی هەوا هیندێک خۆشبوو. حەرەکەتمان کرد بۆ چەمکە بی و لەوێ ڕا بۆ خاکورک و شەمزینانمان بەجێ هێشتو ڕوومان کردە پارچەیەکی تری نیشتیمانی داگیرکراو .

پێمخۆشە لەم بەشەی بیرەوەرییەکەم دا بە چەند ڕستەیەک باس لە حیزب و خەڵکی سنوورەکانی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵات بکەم: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی شەمزینان و گەوەڕو گەلی دریان و گەلی ماسیڕۆ و هەتا ئاگری ببوونە یەک بنەماڵەی بێ تەعاروف. ئێمە مناڵی ماڵەکانیان بووین، ئەوان کەس و کاری ئێمە بوون و حیزب هی ئەوان بوو . ڕەخنەیان هەبوو، پێشنیاریان هەبوو، سەروماڵیان لە خزمەت حیزب دا بوو. تەنانەت لە شەڕەکان دا بەشداریان دەکرد کە نموونەیان شەڕی پشتی کۆران لەناوچەی سۆما بوو کە خوالێخۆشبوو جەمیل و چەند کەسی دیکە بەشدار بوون. من هەر ئەوندە دەڵێم کە: خۆزگە ڕۆژگارێک دەهات کە بمانتوانیبایە وڵامی هەموو خزمەتەکانی ئەو مرۆڤە نیشتیمان پەروەرانە بدەینەوە.

یادی هەموویان بە خێر هەر لە حاجی خدر و شەریفە خانم ، حاجی ڕەشید، موختاری گەورە ، عەینولا ، ئەزوەر ، مام خورشید ، دایکی هەموو هێزی ئاگری ئەمینە خانم ، مام قادر، سەننار ، قەهرەمان ، فەتتاح ئەفەندی، مام محێ، سەید محەممەد و حاجی عەباس و حاجی عەلی و مام حەقی و حەسێ، ڕەشید و مام ئەحمەد و وەلی ، رەفعەت و یەمەن و میرزا محمد و مام عەزۆ و هەتا ئاخەر چ ئەوانەی لە ژیان دان و ئەوانەی چوونەتە بەردلۆڤانیی خۆیان سەری تەعزیمیان بۆ دادەنوێنم.

درێژەی هەیە…..

ali_kashifi_1

 ali_kashifi_2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی