"an independent online kurdish website

رۆژی چوارشەممەی رابردوو (١٦ی/نۆڤەمبەر/٢٠١٦) دیکتاتۆر رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری زیندانستان (تورکیا) سەردانی کۆماری پاکستانی کرد،reza_shuwan_0

لە وتەیەکیدا لە بەردەم پەڕلەمانی پاکستاندا، هەر وەکو ئەوەی کە کەس نەیناسێت کە چ دەسەڵاتدارێکی درۆزن و دووڕوو و ستەمکار و خوێنڕێژە، زۆر بێشەرمانە کۆمەڵێک درۆی گەورەی شاخداری هەڵڕشت.. لە میانەی قسەکانیدا وا خۆی دەردەخست کە سۆڵتانی هەموو گەلانی ئیسلامە و بە ناوی ئەوانەوە قسەدەکات.. لە راستیدا هیچ خەسڵەتێکی پاکی ئیسلامی و خواپەرستی بە راستی لە ئەردۆگاندا بەدی ناکرێ، ئاینی ئیسلامی کردووە بە پەردەپۆشی و مزایەدەی پێوە دەکات.. چونکە تاوانە قێزەوەنەکانی دژ بە گەلانی ئیسلام، بە تایبەتیش ئەو تاوانانەی کە دژی گەلی کوردمان ئەنجامی دەدا، پەردە لەسەر درۆکانی هەڵدەماڵن. لە سایەی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی ئەردۆگان و پارتە نادادپەروەرەکەی، تورکیا بووە بە گەورەترین قەڵای فاشستی و بە زیندانی ئازادیخوازان، بەڵکو باشتر وایە لەسەر نەخشەی جیهاندا ناوی تورکیا بگۆڕن بە (زیندانستان) ئەردۆگان لە جیاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچە و ستادیۆمی وەرزشی، و پرۆژەی ئاوەدانی و چاکسازی لە باکووری کوردستانی پەراوێزکراو لە خزمەتگوزاری و لە ئاوەدانی و لە خوێندن.. کەچی نیازی وایە کە (٢٤٠) زیندانی گەورەی تازە دروست بکات، کە بەشی شێری ئەم زیندانانە لە شارەکانی باکووری کوردستاندا دەکرێنەوە، چونکە لە زیندانەکانی ئێستایان جێیان لێ نەماوەتەوە و، پڕیان کردوون لە ئازادیخوازان، بە تایبەتیش لە رۆڵە تێکۆشەر و ئازادیخواز و ئاشتیخوازەکانی گەلی کوردی قارەمانمان لە باکووری کوردستاندا.

ئەردۆگان لە میانەی قسەکانیدا، وڵاتانی رۆژئاوای تاوانبارکرد، بەوە تاوانباری کردن کە وڵاتەکانیان بوونەتە پەنای تیرۆریستان و، چەک بۆ داعش دەنێرن.. بێگومان مەبەستی ئەردۆگان روونە، کە مەبەستی لەم قسەیەی رەوەندی کوردمانە لە وڵاتانی ئەورۆپا کە لەو تاوانانەی کە رۆژانە ئەردۆگان لە باکووری کوردستاندا ئەنجامی دەدات، لە هێڕشی فراوانی گرتنی پەرلەمانتانی (هە دە پە) و زیندانی کردنی هاوسەرۆکارانی (سەلاحەدین دەمیرتاش) و(ڤیگەن یوکسەداغ) و گرتنی سەرۆکەکانی شارەوانییەکانی شارەکانی باکووری کوردستان، کە کوردن و خوشک و برای ئێمەن، بێدەنگ نابن و خۆپیشاندنی ناڕەزەیایی بەرانبەر بە کردەوە سەرکوتکارییەکانی ئەردۆگانی دیکتاتۆری رەگەزپەرست سازدەکەن، ئەمەش لە وڵاتانی ئەورۆپا مافێکی سروشتی و رەوایە و پۆلیسی ئەم وڵاتانە پارێزگاری لە خۆپیشاندەران دەکەن، نەک وەکو پۆلیسەکان و میتی بێڕەوشتی تورکیای ئەردۆگانی کە تەقە لە خۆپيشاندەران دەکەن و دەیان گوژن و دەیان گرن.. مەبەستی ئەردۆگان لە چەک ناردن بۆ داعش، تیرۆریستانی داعشی دروستکراوی خۆی نییە، بەڵکو مەبەستی لە شەڕڤانە قارەمانەکانی کوردمانە لە رۆژئاوای کوردستان، کە بوونەتە چقڵی چاوی ئەردۆگان.. ئەگەرچی زۆر بە کەمی ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی رۆژئاوا، بە چەکی سادە و کلاسیکی یارمەتی شەرڤانان دەدەن.. کەچی ئەردۆگان بە ئەوپەڕی توانایەوە یارمەتی لۆجستی و چەک و دەرمان و سیخوڕی و جۆرەها یارمەتیی تر، بە تیرۆریستانی داعشی دا و، دەدات.. کە (موراد سابنجو) سەرنووسەری رۆژنامەی(جمهوریەت)ی تورکی ئەم راستییەی ئاشکراکرد، ئەردۆگان بە توومەتی ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت، تاوانی ناپاکییان خستە پاڵی و خستیانە زیندانەوە و بەڵکو بەڕێوەبەر و زۆربەی رۆژنامەنووسەکانی سەر بەم رۆژنامەیەیان گرتن.. لەم بارەیەوە (کەمال کیلکچدار ئۆغڵو) سەرۆکی پارتی گەلی کوماری ئۆپۆزسیۆن، رووی دەمی لە ئەردۆگان کرد و پێی وت:”کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر تووڕەن.. دەتەوێ چی بکەیت؟.. دەتەوێ تورکیا بکەیت بە وڵاتێک ئەوەی تێیدا لە زینداندابن؟.. رۆژنامەی جمهوریت چی کردووە؟.. ئایا لە چ شوێنێکدا بۆمبی چاندووە؟” جا جەنابی ئەردۆگان، ئەی خەلیفەی راستیی داعش، لە سایەی جەنبتان تا ئەمڕۆش تورکیا دڵنیاترین پشووگەی داعشەکانە، گومانی ئەوەش دەکرێت کە ئەبو بەکر بەغدادی ی هاوپەیمانت لە تورکیادا بێت و لە لایەن میتی تورکیاوە بپارێزرێ.. ئەورۆپا پەنای تیرۆریستان نییە، ئەورۆپا زیندانیش نییە، بەڵکو ئەورۆپا قەڵای ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤە.. ئەگەر ئەورۆپا بە پەنای تیرۆریستان دەزانیت.. ئەی بۆ داوا لە سێ ملیۆن تورک ناکەیت کە لە باوەشی ئەورۆپادا گۆشکران و پەروەردە بوون.. بۆ داویان لێناکەیت کە بگەڕێنەوە و بۆ کۆماری زیندانستانەکەی تۆ..؟ کە گەورەترین پەنای تیرۆریستانی داعشە و، گەورەترین زیندانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کورد و ئۆپۆزسیۆنی تورکیشە؟.. رۆژ لە دوای رۆژ تورک نەک کورد لە ترسی ستەم و چەوسانەوە و سەرکوتکردنی تۆی دیکتاتۆر، تورکیا بەجێدەهێڵن و داوای پەنابەرێتی لە ئەوروپا دەکەن..؟ چونکە ئەوانەیی کە چەپڵە بۆ درۆکانت و تاوانەکانت لێنەدەن لەلای تۆ و پارتە شۆڤێنییەکەت ناپاکن و دەبێ بدرێنە دادگا و سزابدرێن.. بەڵی ئەوەی هاوار نەکات و نەڵێ ( یەشا سوڵتان ئەردۆگان) بە هاوڵاتییەکی ناپاکی دەزانیت؟! ئەی لە راستیدا کێ بە چەک یارمەتی تیرۆریستانی داعش دا و دەدات..؟؟ ئەورۆپا، یا تۆی خەلیفەی داعشەکان..؟! تۆ دەتەوێت پۆشێک لە چاوی خەڵکیدا بەدیبکەیت، کەچی راژەیەک لە ناو چاوت دایە و دنیا دەیبینن.. بە پەنجەی خوێناویتەوە ئاماژە مەکە.

ئەردۆگان وەکو ئەوەی هیچ تاوانێکی نەکردووبێت، وتیشی:”ئەم پیاوکوژانە لە خوێنڕشتنی خوێنی ئیسلامەکان زیاتر نازانن”.. پیاوکوژی راستی تۆێ.. بە هەزاران ئافرەت و منداڵی کوردتان کوشت و دەکوژن.. بڕواناکەم لە جیهاندا نەتەوەیەک هەبێت، کە وەکو کورد بە دڵسۆزی و بە پاکی فەرزەکان و رێورەسمی ئاینی ئیسلامی وا بە جدی و پیرۆزی جێبەجێ بکات.. بەڵام بە داخەوە هەر لە لایەن نەتەوە بە ناوە ئیسلامەکانەوە، ژینۆساید و ئەنفال و کیمیابارانی ئێمەی کورد کراین.. کەواتە ئێوەش راست ناکەن کە ئیسلامێکی راستی بن.. ئێوە رەگەزپەرستن نەک ئیسلامپەرست.. ئێوە لە سەر ئەوە ئێمەی کورد دەکوژن، هەر لە بەر ئەوەی کە کوردین نەتەوەیەکی جیاوازین و تورک نین و نابین بە تورک.. دەتانەوێ بە زۆرداری ناسنامەی نەتەوەییمان بسڕنەوە..؟! ئەمەیە ئایدیۆلۆژیای بۆگەن و پرانسیپە رەگەزپەرستییەکانتان..؟ بۆ ئیسلام بە لای ئێوەوە وایە..؟؟ بۆ بانێکە و دوو هەوایە..؟! یا بە دوو پێوەری جیاواز راستییەکان دەپێون..؟! ئەردۆگانی لە مرۆڤ بەدەر، پیاوکوژ و خوێنڕێژی راستی تۆی لە خۆبایی و رژێمە فاشتییەکەتە.. کە بە خوێنی کوردی بێتاوان دەستەکانتان سوورن.
ئەردۆگانی بەناوە ئیسلام، لە سایەی مودێرزمی ئیسلامی تۆدا، لە ئەستەنبول و ئەنکەرەدا، نزیکی هەر مزگەوتێک دیسکۆیەک یا مەیخانەیەک، یا شوێنێکی ئاشکرای لەشەفرۆشی هەیە.. ژمارەی نوێژکەرەکانیشتان لە ژمارەی مزگەوتەکانتان کەمترن.. جا مزایەدەی چی بە ئیسلامەوە دەکەی..؟!

ئەم قسەیەتیش مایەی پێکەنینە:” لەسەرمانە کە هەموو شێوازێکی چەوسانەوە لەناوبەرین، لە سەروی هەموویانەوە جیاوازی نەتەوەیی و تایفی..” ئەم قسانەت درۆی گەورەن و، بازاڕیان نییە، چونکە تاوانە قێزەوەنەکانتان و کردەوە ناشیرینەکانتان، رەگەزپەرستیتان، نایەکسانیتان و جیاوزی کردنتان، چەوسانەوە و کوشتنی کورد.. هەموو ئەمانە بە پێچەوانەی ئەم قسانەتەوەیە.. تۆرکیای ئێوە، فاشسترین دەوڵەتە لە جیهاندا.. لە دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانی باپیرانتانەوە، تا دەگاتە حوکمڕانی تۆی دیکتاتۆر.. فاشستی و رەگەزپەرستی و کۆمەڵکوژی بۆتە ناسنامەی تورکیا.

ئەردۆگانی درۆزن و دووڕوو، کە تووشی نەخۆشی شێتی دەسەڵات و کورسی و تاکڕەوی بووە دەڵی:” گوێم لەوە نییە، کە ئەوروپا پێم دەڵێن دیکتاتۆر..” ئەگەر کەمی شەرمی بە خۆی هەبێ و رێز بۆ خۆی دابنێت، ناڵێت بێباکم لەوەی کە بە دیکتاتۆر یا ستەمکار ناوم بەرن.

تا ئێستا لە فەرهەنگی تورکیادا، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەرئ، مافەکانی مرۆڤ، ئاشتی، یەکتری قبوڵکردن، رێزگرتن، ویژدان، مافەکانی نەتەوەکانی جگە لە تورک، بوونیان نییە.. سەرجەم مێژوویان خوێناوییە، کوشتن و سەربڕین و دزی و تاڵانکردن و کاولکردن، دیارەیەکی رەسەن و زەقی کولتووری رەگەزپەرستی و  بۆگەنیان، ئەوی نەشیاوە و ناشێت بە کورد و ئەرمەنییەکانیان کردن، کە تا هەتایە پەڵەی قێزەوەن بە تەوێڵی تورکیای ئەردۆگانییەوە.

جا تورکیای ئەردۆگانی بەم هەموو پاشەڵە پیس و بۆگەنەیەوە.. داوادەکات کە بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وەریبگرن..؟! تا ئەردۆگان و هاوکردارەکانی ئەردۆگان، بە ئاگر و بە ئاسن لە تورکیادا حوکمڕانی بکەن.. مەحاڵە کە تورکیا ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.. مەگەر هەر لە دوورەوە ئەوە بڵێن:”ئەم نانە بە ئەو رۆنە”

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی