Hoppa till innehåll
Hem » بۆچونێک لە سەر چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران, چارەنووس

بۆچونێک لە سەر چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران, چارەنووس

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی سالی ١٩٩٥ هەتاوی تا گرتنی پلۆنومی ١٤ ساڵێکی پڕ لە چالاکی و تێکۆشانی بەرچاوی بە خۆوە بینی.nusin-010

حدکا زیاد لە بیست ساڵە دەبێت  ئەو جۆرە چالاکییە بەرفراوانەی ئەنجام نەداوە و زۆر چاوەدێران چاوەڕوانی ئەو حەڕەکەتەیان لێ نەدەکرد . ئەو حەڕەکەتە کە بە راسان ناوبرا لە مێدیا جیهانیکان و تەنانەت کۆمەل و بنکەکانی لێکۆڵینەوەی وڵاتانی ناوچە و زانکۆ جیهانیکانیش کەوتە ژێر چاوەدەری و لێکۆلینەوە.  هەربۆیە روناکبیران و سیاستمەدارانی ناوخۆ و دەرەوە  چاوەڕوانی زانیاری زیادتر لە هەڵۆیستەکان و بەرنامەی حدکا بۆ داهاتوو بوون.

کەسانێک پێیان وایە ئەم حەڕەکەتە تازەیە شکست دەخوات و سەرکەتوو نابێت و دەبێتە هۆی ناهۆمیدی زیادتری  لایەنگران و هۆگرانی ئەو حیزبە و یا ئەو حەڕەکەتە چەکداریە دەبێتە هۆی زەرەر و زیانی  کۆمەڵانی خەڵکی ئاسایی، وەک ئەوەی پ ک کە  لە شار و لادێکانی وڵاتی تۆرکیا ئەنجامی دا. ئەوەی کە لە نەتیجەی حەڕەکەتی یەک ساڵەی پ ک ک لە تورکیا دەبینترێت، ئەوەی راستە دەسەڵاتی تورکیا زەرەمەند بوون، بەڵام کۆمەلانی خەلک تورکیا و بە تایبەت کوردەکان زەرەمەندی سەرەکی ئەو تاکتیکەی پ ک ک بوون. هەزاران  کەس گیانیان لە دەست داوە، سەدان ماڵ روخاوە، هەزاران کورد ماڵ و حاڵی خویان بەجی هێشتووە،  تەنانەت چاڵاکانی مەدەنی و حیزبە کوردێکانیش کەوتوونەتە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی تورکیا و لە ئەم ئاخریانەش دا دمیرتاش سەرۆکی گەورەترین ریکخراوی ئاشکرای کوردی و هەر وەها ئەندام پارلمانی تورکیا  دەستگیر و رەوانەی زیندان کرا. پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێش،  ئایا ئەو حەڕەکەتە تازەیەی حدکا کە بە راسان ناو دەبردریت هاو شێوەی  حەڕەکەتی پ ک ک لە تورکیا دەبێت و یا  شێوەیەکی سێیەمە کە پڵانی باش و ژیرانەی بۆ داریژراوە؟

تەجروبە نیشانی داوە کە هەر چالاکێکی چەکداری لە لایەن گروپ و ریکخراوەکانی موخالیفی دەسەڵات دەبێتە هۆی بە هێز کردنی باڵی توندرەو و نیزامی دەسەڵاتداران . ئەو باڵە توندرەوانە کە کەمترین بەها بو خەڵکی سڤیل و مافی مرۆڤ و ئینسانەکان و تەنانەت بێلایەنەکانیش دانانێن. لە روانگەی ئەوانەوە خەڵکی بی لایەن وجودی نییە، خەڵک و تاکەکان یا دوستن و یا دوژمنن. هەر بۆیەشە کاتێک دەسەڵات دەکەوێتە دەستی تۆندڕەوەکان و نیزامێکان کارەساتی مرۆیی و کۆمەلکۆژی رودەدات.

هەروەها کاتێک شەڕی چەکداری رودەدات خەڵکی ئاسایی و بێدەسەڵات پاسیو و بێدەنگ دەبن و تەنیا شتێک کە لە دەستیان دێت ئەوەیە کە بتوانن گیانی خۆیان و منداڵەکانیان رزگار بکەن.  روناکبیرەکانیش بە هەمان شیوە یان بوخۆیان بێدەنگ دەبن و یا دەکەونە بەر پەلاماری دەسەڵات و دەگیرێن و زیندانی و بێ سەرو شوێن دەکرێن.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێیتە پێش کە ئەگەر شەڕی چەکداری زەرەر و زیانی زۆرە و نابێتە هۆی رزگاری و تەنانەت دەبێتە هاتنە سەرکاری تۆندرەوەکان  و لە لایەکی دیکەش دەبێتە هۆی زەرەر و زیانی زۆری خەڵکی ئاسایی و تەنانەت روناکبیرانیش، دەبێت چی بکریت؟ خۆ ناشکرێت لە عاست بێ عەداڵەتی و زۆلم بێدەنگ بێت و هیچ کارێکیش نەکرێت. ئای ریگا و شێوە خەباتی  سێهەم هەیە؟

حدکا کاتێک کە باسی حۆزوری بەرچاوی پێشمەرگەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵات کرد، زۆر کەس و بە تایبەت لایەنگرانی قەدیمی و تەنانەت حیزبەکانی دیکەش چاوەڕوانی هێرشی چەکداری حیزبیان بۆ سەر مۆلگەکان و مەقەڕەکانی نیزامی حکومەت دەکرد. هێشتاش ئەو شەڕە حەماسەیانەی پیشمەرگە لە گەڵ لەشکری زۆر و پڕ چەکی دەوڵەت لە مێشک و دەرونی زۆر لە ئەندامان و هۆگرانی ئەو حیزبەدا وەک ئاواز و گۆرانی خۆش ماوەتەوە.

تۆندڕەوەکان و نیزامێکانی حکومەتیش خۆشحال بوون لە ئەوی کە شەرێکی تەواو عەیار روبدات و رێگا خۆش بیت کە هەر چی میانەڕەوە و ئیسلاح تەڵب و چالاکی سیاسی و مەدەنیە کۆیان بکەنەوە و بێدەنگیان بکەن. نیزامێکان و تۆندڕەوەکان لە ئەو چەند ساڵەی دواییدا زۆریان نارەحەتی و عەزیەت بە دەست موخالیفانی توندڕەوی و چالاکانی مەدەنی کێشاوە.  لە کوردوستانیش چالاکانی مەدەنی و خەڵکی وشیار زۆر بە نەرمی و ئارامی  هەنگاوی باشیان لە مەڕ زیندوو کردنەوی کۆلتوری  نەتەویی، میژوی کورد، فێر بوونی زمانی کوردی وەک سەرەکیترین پێناسەی نەتەویی ئەنجام داوە. هەر وەها هەنگاوی باشیان  لە مەڕ ئازادیە مەدەنیەکان و مافی شاروەندی  و تێکەل بوون لە گەڵ دونیا مودێرن و پێشکەوتوو بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستە و تیکنولوژیە پەیوەندی دارەکان   بەرەو پێش بردوە . حکومەت ناچار بە پاشەکشەی زۆر بووە  لە عاست  ئیسلامی کردنی خەڵک و سەپاندنی کۆلتوری  ئیسلام بە سەر کۆمەلگادا.

حدکا لە چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی خۆیدا باس لە پێداگری لە سەر ئەم چالاکیە مەدەنیانە لە ناوخۆی وڵات دادەگرێت و ڕێزی لە تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم شێوەیە لە خەبات گرتووە. ئەو سەرنجدانەی  حدکا ئەوە دەردەخات کە حدکا نایەویت کە تەجروبەی کوردوستانی باکور و پ ک کە لە روژهەڵاتی کوردستان دوبارە ببێتەوە و خەباتکارانی  مەدەنی ببنە قوربانی خەباتی چەکداری. چالاکێیەکانی حدکا ئەوە دەردەخات کە  شەڕی چەکداری ئامانجی حیزب نییە، بەلکۆ لە ئەو رێگایەوە دەیهەوێ  بە رژیم نیشان بدات کە زۆلم و زۆر کردن و پێشێلکارێکانی رژیم بی هەڵوێست نابێت و هەروها سەرنجی کۆمەڵگای  جیهانی راکێشێت لە بەرامبەر پێشێلکارێکانی رژیم بەرامبەر بە حەقی نەتەوەی کورد لە ئەو بەشەی کوردستان .

چارەنووس

19.11.2016

بابەتی پەیوەندی دار

ڕاگەیەندراوی چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ئاگاداری ڕادەگەیەنین کە چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب، کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە١٢ی نوامبری٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی جێگر پێک هات و پاش دوو ڕۆژ کاری بەردەوام و باس و بڕیاردان لە سەر بابەتەکانی دەستوورکاری پلینۆم، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

پلینۆم بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و بەپێوەوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاک و فیداکاریی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی ئەمساڵی حیزب و ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەستی بە کارەکانی کرد.

پلینۆم سەرەتا بەرنامە کاری و دەستوورکاری پلینۆم کە پێشتر بە ئاگاداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب گەیشتبوو خستە بەرباس و پاش پەسند کردنی ڕەوتی باسەکان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی کاری پلینۆمدا سکرتێری گشتیی حیزب مستەفا هیجری لێکدانەوەیەکی سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی نێوان دوو پلینۆمی کە زۆربەی لایەنەکانی پێوەندیدار بە ناوچە، ئێران و مەسەلەی کورد بە گشتی و مەسەلەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی و ئاماژە بە ئاکامی کار و تێکۆشانی ئەو ماوەیەی حیزب و بزووتنەوەی کوردی لەخۆ گرتبوو، پێشکەشی بەشدارانی پلینۆم کرد، لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیی حیزب و لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا سەرنج درابووە دۆخی سیاسی و گشتیی ئێران و بەتایبەت ئاکامی ڕێککەوتنی ٥+١ و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە بەرجام ناسراوە، بۆچوونی هەردوولای ڕێککەوتنەکە بەرانبەر بە بەڕێوەچوون یا نەچوونی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتننامە ئاماژەیان پێکرا کە ئەنجامەکەی دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە بەشێک لە داراییە بلۆکە کراوەکان و دەست ئاوەڵەتر کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فرۆش و هەڵینجانی نەوت بوو، بەم حاڵەش کێشە بیمەی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان و خۆبواردنی بانکە گەورەکان لە سات‌وسەودا و ڕاگواستنی پووڵ هەروا ماوەتەوە کە ئەوە گیروگرفتەکانی پێشووی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خۆی هێشتووەتەوە و هەر ئەوەش وای کردووە کە سەرەڕای لاچوونی گەمارۆ لە سەر فەنناوەری و ماشینسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاری ئەنجامدانی ئەو قەراردادانەی کە لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا بەستوویە، بە دڵنیایی و بەشێوەیەکی ئاسایی کاریان پێ نەکرێ و بەشی زۆریان لە بێ‌چارەنووسیدا ماونەوە، بەتایبەت کە تا ئێستاش ڕێگا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدراوە کە کاری کڕین و فرۆشتنەکانی بە دۆلار ئەنجام بدا، هەر بۆیە مەسەلەی بەرجام ئێستاش لەنێو دامودەزگا حکوومەتیەکان جێگای مشتومڕە و ئەگەر دەوڵەت وەک کردەوەیەکی ئەرێنی لێی دەدوێ ئوسولگەراکان بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە و دژایەتی کردنی باسی لێوە دەکەن. بەگشتی دەکرێ بڵێین ئاکامی بەرجام ئەوەیە کە بەرپرسی بانکی ناوەندی باسی لێوەدەکا و دەڵێ تەقریبەن ”هیچ”ە.

هەر لەو باسەدا بە ئاماژە بە چوونە سەری ڕێژەی بێکاری، فشاری زیاتری دەزگا ئەمنیەتییەکان بۆ سەر خەڵک، بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی ڕۆحانی زیاتر و توندتر بووە.

لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیدا ئاماژە بە ئاسایی‌بوونەوەی پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئورووپاییەکان کرابوو کە سەرەڕای ویستی هەردوولا بۆ ئەم مەسەلەیە کە ئاسایی بوونەوەی سیاسی و تجاری لە خۆ دەگرێ، بە ئاسانی سەری نەگرتووە لەو بارەوە ئورووپاییەکان مەرجیان بۆ ئەم ئاسایی بوونەوەیە هەیە ئەویش کەمکردنەوەی ڕادەی ئیعدامەکانە بەتایبەت ئیعدام کردنی کەسانی کەمتر لە ١٨ ساڵ، هەوڵدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وشک کردنی سەرچاوە داراییەکانی تێرۆریزم، شەفافسازیی ماڵی، بەرگری لە پووڵشووویی و لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ. لێکدانەوەکە لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بەوە دابوو کە جێبەجێ کردنی هەموو ئەو مەرجانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ناوەشێتەوە، بەڵام بە هۆی نیازی ڕێژیم بە ئورووپا و حەزی وڵاتانی ئورووپایی بە بازارەکانی ئێران، لەوانەیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم مەرجانەدا بە شێوەیەکی ناتەواو بە ڕێککەوتن بگەن.

لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیدا لەسەر وەزعی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاماژە بەوە کرا بوو کە؛ هەموو ئەو فشار و ماف پێشێلکاریانەی کە لە هەموو ئێراندا لەسەر خەڵک هەیە، لە کوردستان زیاتر و بەرچاوترن.

گوتاری نوێ لەو پارچەیە لە کوردستان ڕاسانی ڕۆژهەڵاتە کە لێکدانەوەکە بە وردی قامکی لەسەر شوێنەوارە ئەرێنییەکانی ئەو پرۆسەیە لەسەر خەڵک، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و دەنگدانەوەی بەرینی لە میدیاکان و سەرئەنجام سەرنج ڕاکێشانی خەڵک و وڵاتان لە ڕادەی ناوچەیی و جیهانیدا بوو.

لەو بارەوە پلینۆم وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە ئەرێنییەکانی ڕاسان، بە لێبڕاوییەوە پێی لەسەر بەردەوامیی ڕاسان داگرتەوە و بۆ بەهێزترکردن و شوێندانەرترکردنی ڕاسان شێوەی چارەسەر کردنی کەم و کۆڕییەکانی دەستنیشان کرد و لە هەمانکاتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کادر و پێشمەرگەکان، ئەندامانی حیزب لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دەرەی وڵات، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە بە لێکدانەوەی واقیعبینانە ڕاسانیان هەڵسەنگاند و تەئیید و پشتیوانییان کرد، دەربڕی. هەر لەو پێوەندییەدا بۆ به‌هێزکردنی لایەنەکانی دیکەی ڕاسانیش وەک ڕێکخستن، ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی ڕێوشوێنی پێویستی دەستنیشان کرد، لە درێژەی ئەم باسەدا سەرنج درایە چالاکیە مەدەنییەکانی خەڵک و تێکۆشانی NGOکان لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات. پلینۆم ئەو چالاکیانەی بە شوێندانەر زانی و ڕێزی لە تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم شێوەیە لە خەبات گرت و هیواداری دەربڕی کە بەردەوامیی پڕۆسەی ڕاسان ببێتە هۆی پێکهاتنی دەرەتانی زیاتر بۆ کار و چالاکیەکانیان. لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەکەی سکرتێری گشتیدا دۆخی تایبەت بە هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئاوڕیان لێدرابووەوە و ئاماژە بە خاڵە ئەرێنی و گیروگرفتەکانی بەردەم هەر بەشێک کرابوو، بەتایبەت ئاماژە بەوە درابوو کە لە هەلومەرجی ئێستادا کە هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە لەگەڵ دۆخی خراپ و پشێوی بەرەڕوون و ئەوە دەرەتانێکە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بە پاراستنی یەکڕیزی خۆی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بەرژەوەندیی گشتیی کورد لە سەرووی بەرژەوەندیی ڕێکخراوەیی دابنێین.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا ڕاپۆرتی شۆرای نیزامیی حیزب لەلایەن بەرپرسی شۆراوە پێشکەش بە پلینۆم کرا.

ڕاپۆرتەکە دەربڕی کار و چالاکیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە ماوەی دوو پلینۆمدا بوو. ئەو ڕاپۆرتە خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکانی تێکۆشانی ئەم ماوەیەی بەڕوونی دەستنیشان کردبوو و لە هەمانکاتدا کەموکۆڕییەکانی ئاماژە پێدابوو.

پلینۆم وێڕای ماندوونەبوونی کردن و ڕێزدانان بۆ کار و چالاکییەکانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب جارێکی دیکە و لەو بڕگەیەشدا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش کردن و بۆ باشتر کردن و شوێندانەرترکردنی تێکۆشانەکان ڕاوبۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆی دەربڕی.

هەر لەوچوارچێوەدا پلینۆم وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزب و ڕێکخراو و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان ئامادەیی خۆی بۆ کاری هاوبەش بە مەبەستی ڕێکخستنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

لە بڕگەی کۆتایی کاری پلینۆمدا ئەندامانی ڕێبەریی حیزب لە سەر ڕەوتی چوونە پێشی کارەکانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەی حیزب کە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەوە پێشکەش کرا ئاگادار کران.

پلینۆم پاش گوێ گرتن و بڕیاردان لەسەر هەموو باس و بابەتەکانی دەستووری کاری پلینۆمی چواردە، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی

١٤ی نوامبری ٢٠١٦ی زایینی