لە گەڵ ئەوەی کە ئۆباما لە ماوەی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا لە ئەمریکا زۆر تێکۆشا بە پوان دان بە دەسەڵاتدارە ترۆریستەکان، کۆماری سێدارە لە بەرەی رووسیا دوور بخاتەوە،
نە پێکهاتنە ئەتۆمییەکەی، نە بەڵێنی لابردنی بایکۆتەکان و نە بەڵێنی گەڕاندنەوەی پارە دەستبەسەرگیراوەکان نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئێران دەست لە ڕووسیا هەڵبگرێت و لە ناوچەکەدا بکەوێتە ناو بەرەی ئەمریکاوە!
ڕوون بوونەوەی هاوپەیمانەتی ڕووسیا و ئێران ناوچەکەی خستە ناو دۆخێکی تازەوە!
ئەمریکا نایەوێت لە یەک کاتدا لە گەڵ ئێران هەم لە سەر بەرنامەی پەرەپێدانی زاخاوکردن و پیتاندنی یۆرانیۆم ڕێکبکەوێ و هەم لەو لاشەوە چاوپۆشی لە هاوپەیمانەتی ئێران لە گەڵ ڕووسیا بکات!
ئەمریکا و ناتۆ لە سەر گاز و نەوت کێشەیان لە گەڵ ڕووسیا هەیە و هەر لە سەر کێشەی ناردنی گاز بۆ ئورووپا بوو کە شەری کەریمە و ئۆکراین هەڵگرسا!
رووسیا ئێستە دەستی بە سەر شێوە دوورگەی کەریمە لە دەریای رەشدا گرتووە کە یەکێ لە شوێنە ستراتیژییەکانی ئەو دەڤەرەیە بەم تاکتیکە ڕێگەی گواستنەوەی لوولەی گازی ناوچەکەی خستە ژێر چاوەدێری هێزە سەربازییەکانی خۆیەوە و لە هەمان کاتدا ویستی بە ئەمریکا و ناتۆ بسەلمێنێ کە لە سەر بەرژەوەندییەکانی لە گەڵ کەسدا سازش ناکات!
هێشتا گرژییەکانی سەر دەریای ڕەش دوایی نەهاتووە کە ڕووسیا کە بە ڕیسک کردن بە ناوبانگن، هێزی بەرەو سووریا جووڵاند، دواتریش دەرکەوتنی هاوپەیمانەتییەکەی ئێران و ڕووسیا هەر بە جارێک ئەمریکا و ناوچەکەی ڕاچڵەکاند و ناوچەکەی خستە دۆخێکی شۆکاوییەوە!
ئەو شۆکە جارێ هێشتا لەرینەوەی هەیە و لەوانەیە دەستەیەک لە حێزبە کوردییەکان بە تایبەت ئەوانەی وا هژموونی ئێرانیان بە سەردا زاڵە بەرەو هاوپەیمانی ئێران- ڕووس ڕاکێش بکرێن!
ئێران ئەگەر لەم کارەشدا سەرکەوتوو نەبێ لانی کەم ناهێڵێ ئەو بەشە لە کورد بچنە ناو بەرەی هاوپەیمانەتی ئەمریکاوە!
دوو وڵاتی عێراق و سووریا لە پرۆسەی دابەشکردندان و ئەمەش گەڕانەوەی بۆ نییە!
نە تورکیا ئەو هێزەیە کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەوانیتردا بسەپێنێ و نە ئێرانیش بەرگەی ئەم شەپۆلی گۆڕانکارییەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگرێت!
ئەمریکا و ناتۆ لە گەڵ ڕووسیا لەوانەیە بە پشتگوێ خستنی تورکیا و ئێران لە سەر داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە پێک بێن کە دوور نییە پێکهاتنی زلهێزەکان ببێتە سەرەتایەک بۆ هاوکاریکردنیان بە بێ بەشداریکردنی ڕاستەقینەی ئێران کە ئەوە بۆ تورکیاش هەواڵێکی خۆش نابێت!
تورکیا لە ناوخۆدا بە جۆرێک تێکچووە کە ئەگەر ئائەوا بڕواتە پێش لەوانەیە پرۆسەی دابەشبوون تورکیاش بگرێتەوە!
بە هەر حاڵ تورکیا بە تەواوی هێزەوە هەوڵی راگرتنی باڵانسی ناوچەکە دەدا بۆ ئەوەی کاریگەری رووداوەکان لە سەر خۆی کەم بکاتەوە کە هەتا ئەم ساتە وەختە سەرکەوتوو نەبووە و رۆژ لە دوای رۆژ دەکەوێتە ناو ئاڵۆزی و قەیرانێکی چاوەڕوان نەکراوەوە!
عەرەبستان و ئێران
عەرەبستان وەک گەورەترین و بڕواپێکراوترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەم شەڕی خۆی دژ بە ئێران دەکات و هەمیش شەڕی بریکاری بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات و بە تایبەتیش بەرەی کراوەی یەمەن بەرەیەکی دیار و زەقی شەڕی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی بەرەی کۆماری سێدارە!
ئێران پارەکە وەک دیتمان لە سەر کێشەی حەج هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد و تەنانەت لە تاران هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان و سووتاندیان بەڵام بار و دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئێران نەشکایەوە، هەر بۆیە نێوانیان بە ڕواڵەت هێور کرایەوە و هەر دوو لا بێدەنگیان لێ هێنا و دیزە بە دەرخۆنەیان کرد!
ئەم رووداوانە بوونە پاڵنەر بۆ دامەزراندنی بەرەی عەرەبستان کە دواتر شەڕەکەیان بۆ یەمەن گواستەوە و هەتا ئێستەش ئەو شەڕە درێژەی هەیە و تا رادەیەکی بەرچاو تاقمەکانی سەر بە کۆماری سێدارە دوچاری شکست و نەوی بوون هاتوون و ئەوەش بە هاتنەوەی هێزە یاساییەکانی یەمەن بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری یەمەن دەردەکەوێت!
عەرەبستان نوێنەرایەتی بەرەی عەرەب لە ناو هاوپەیمانی ئامریکا دەکات کە ئەمەش ورەی وڵاتەکانی کەنداوی بەرز کردووەتەوە و ئێستا زیاتر لە جاران دەنگ دژی کۆماری سێدارەی ئێران لە ناوچەکەدا بوونی هەیە!
ڕووسیا و کۆماری سێدارە
ڕووسیا و ئێران وەک دوو هاوسێی کۆن، مێژوویەکی دوور و درێژیان پێکەوە لە شەڕ و لە گرێبەستی بە ناو ئاشتی هەیە کە هەمیشە براوەی یەکەم ڕووس بووە و ئێران دوای هەر دۆڕانێک چەندها شار و ناوچەی خۆی رادەستی رووسیای سەردەمی تزاری کردووە و کە ئێستە ئەو ناوچانە بەشێکن لە زۆنی رووسیا!
وەک دەبینن ئێستا بەرژەوەندی ئەم دوو کۆنە دۆژمنەی کردووەتەوە هاوپەیمان بە دژی بەرژەوەندییەکانی ناتۆ و ئەمریکا!
ئێران لەوانەیە ئەمجارە بۆ ئەوەی دۆڕاو دەرنەچێ دڵی هەر دوو لایەنی شەڕەکەی راگرتبێت!
لە لایەک لە گەڵ ڕووسیادایە و لە لایەکیتریشەوە لە رێگەی لۆبی ئێران لە ئەمریکاوە هەروەها لە رێگەی زەریف وەزیری دەرەوە پەیتا پەیتا دانیشتنی لە گەڵ ئۆباما بووە کە تا ڕادەیەکیش بە ڕواڵەت لە لایەن لایەنگرانی دۆستایەتی ڕووس و ئێرانەوە کەوتنە بەر ڕەخنە !
بە کوردییەکەی کۆماری سێدارە لە سیاسەتی ناڵ و بزمار کەڵکی وەرگرتووە!
بەڵام بە هاتنە سەرکاری کۆماری خوازەکان دیاردەکان وا دەردەکەون کە ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی کۆماری سێدارەیە و لەوە دەچێت چاو بە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئیراندا بخشێنێتەوە و لە هەمان کاتدا بە نزیک بوونەوە لە گەڵ رووسیا ئەمریکا دەیهەوێ گورزێکی کوشەندە لە پێوەندییەکانی ئێران و رووسیا بوەشێنێ کە ئێران بخاتە ناو بۆشاییەوە و لەوانەیە لە ماوەی هاتنە سەرکاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا واتە ترامپ، رووسیاش پشت لە ئێران بکات!
رواڵەتی هەڵوێستەکانی ئێران دژی ترامپ راستی ئەم بۆچوونانە دەسەلمێنن!
کوردستان
ئێران دەیهەوێت داعشی شێعە لەمە بە دوا ڕۆڵی داعشی سوننە بگێڕێت بۆ گیانی کورد!!
لە باشووری کوردستان وەک دەبینین لایەنگرانی ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبی و دەسەڵاتە گوێڕایەڵەکەی بەغدادەوە بە هەموو بیانوویەک زەخت بکەنە سەر کورد بۆ ئەوەی لە بەرەی کۆماری سێدارەوە نزیک بێتەوە!
بە باوەڕی من بەرەی ئێران لە کوردستان سەرکەوتوو نابیت لە بەر ئەوەی کە ئێران دەسەڵاتی بە سەر پایتەخت و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ناشکێت!
ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەبێتە هۆی شکستهێنانی پیلانەکانی ئێران لە کوردستان و ناوچەکەدا!
کوردستان ئەوڕۆکە بە کردەوە خاوەنی لانی کەم دوو دەسەڵاتی بەهێزە:
یەکەم دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور و دووهەم دەسەڵاتی ڕۆژئاوا کە بۆ خۆیان ڕاست لە چەقی شەڕی داعشدان!
ئەمە ئەو خاڵە بنەڕەتی و گرینگەیە کە ئێران پێی پەستە و لەم دۆخەدا هەست دەکات کە دەبێ رۆڵی ئاکتیڤ بە حەشدی شەعبی واتە داعشی شێعە بدرێت بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی کورد کە بە دژی خۆی دەیخوێنێتەوە!
بە فەرمی کردنی حەشدی شەعبی لە پاڕڵمانی داڕماوی بەغدا بۆ ئەم مەبەستەیە!
ئێران لەم هەل و مەرجە ناسکەدا نایهەوێت کورد ڕۆڵ و دەوری لە ناوچەکەدا پێبدرێت لە بەر ئەوەی کە ڕٶڵ گێڕان بە مانای گرینگی پیدان بە کورد لێکدەدرێتەوە کە ئەمە بە دڵی کۆماری سێدارە نییە و بە زەرەری بەرەی شێعە لە ناوچەکەدا دەشکێتەوە!
ئەگەر داعش کز بکرێت هەم ئەسەد دەڕووخیت و هەمیش دەستی کۆماری سێدارە لە ناوچەکەدا کورت دەبێتەوە و ئیتر ئێران ناتوانێت بە بیانووی شەڕی داعش پەل بهاوێژێت بۆ عێراق و سووریا و یەمەن و تەنانەت حێزبۆڵای لۆبنایش ناچار بە پاشەکشە دەکرێت لە سووریا و بە گشتی ئەمە بە قازانجی ئێران نابێت!
کورد دەبێت وریای خۆی بیت و لە سەر بنچینە و بەرژەوەندی باڵای کوردستان لە گەڵ لایەنەکان بجووڵێتەوە و بە بێ شک کوردستان خۆی هێزێکی بنەڕەتی تۆکمەیە کە دەتوانێت هاوکێشەکان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت!
کوردستان بە رادەی چەندین وڵاتی خاوەن سەربەخۆ قوربانی داوە و مافی خۆیەتی لە سەر دار و پەردووی سەدان ساڵ ماڵوێرانی خۆی لە دەستی داگیرکران رزگاربێت!
رەوف گوڵبەدەن
29.11.2016 ز