زۆر جار کاتێک وشەی یەکسانی دێتە گۆڕێ, بیروبۆچوون و تێڕوانینی جیاواز دەبیستین یان دەبینین. 
ڕەنگە هەر کەسە و لە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە خوێندنەوە بۆ ئەم چەمکە بکات و ئەمەش زۆر ئاساییە. بەڵام ئەم چەمکە کاتێک بۆ یەکەم جار لە کۆمەڵگای ڕۆژئاواییدا جێگیر بوو ئامانجەکە دروست کردنی کۆمەڵگایەکی عەدالەت و دادپەروەر بوو کە ژن و پیاو هەردووکیان وەک مرۆڤ، بێ جیاوازی ڕەگەزی بتوانن بە ماف و دەرفەتی وەک یەکەوە لەوێدا ژیان بە سەر بەرن. ئەو یەکسانیەش لەم کۆمەڵگا دێموکراتانەدا بەم شێوەیەی خوارەوە ڕەنگی داوەتەوە.
یەکسانی واتە بایەخی (نرخ) وەک یەک.
واتە ژن و پیاو هەردووکیان مرۆڤن و ئەبێت وەک یەک مامەڵەیان لە گەڵ بکرێت، بێ سرنج دان بە جیاوازی ڕەگەزی.
یەکسانی واتە دەرفەت و مافی وەک یەک
ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی تایبەتی، کولتووری، سیاسی و کاردا،دەرفەتی وەک یەکیان بۆ بڕەخسێندرێت و لە بەرامبەر یاسادا، مافی وەک یەکیان بۆ لە بەرچاو بگیرێ،بێ هیچ جیاوازی دانانێک. لەم بەشەدا، جەخت لە سەر ئەوە دەکرێتەوە، کە پەروەردەی بنەماڵە و سیستمی وڵات، زۆر گرینگە لە سەر بیرۆکەیەکی یەکسان و عەدالەت بێت و دەرفەتی خوێندن وبەشداری کرداری لە بەڕیوەبردنی وڵات، بۆ ژن و پیاو دابین بکات، بۆ ئەوەی ئەوان بە بێ هیچ هەڵاواردنێک، بتوانن بەشداری کرداری تێدا بکەن. هەروەها یاسای وڵات ئەبێت، یەکسان چاو لە ماف و ئەرکی ژن و پیاو لە نێو خێزان و کۆمەڵگا دا بکات و مافی یەکسانی هەر دوک لا بپارێزێ.
هەروەها ئەوە لە بەر چاو گیراوە کە ژن ئەبێت دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە کار و جێگەی ژیانی بۆ ئاسان بکرێتەوە. واتە سیستمی وڵات ئەبێت وەک پێویستیەکی کۆمەڵگا چاو لە تواناکانی ژنان بکات و مەیدانی دەست ڕاگەیشتن بە کار و سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان ئاسان بکرێتەوە. مافی کار کردن و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری وەک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر جەختی لە سەر دەکرێتەوە و وەک فاکتۆرێکی بەهێز دەبینرێ بۆ دەستڕاگەیشتنی ژنان بە مافەکانیان. ئەمە لە بەر ئەوەی سەربەخۆیی ئابووری وەک هێزی مادی و مەعنەوی چاوی لێ دەکرێ. واتە ژنان لە باری مەعنەوییەوە باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان زیاد دەبێت و هەست دەکەن کە ئەوانیش کەسایەتیییەکەی پڕ بایەخی کۆمەڵگان. پاشان هەبوونی سەربەخۆیی ئابووری دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان ناچار نەبن زۆر ناعەداڵەتی و تووندوتیژی لە پیاوان قەبووڵ بکەن واتە سەربەخۆی ئابووری دەستەڵات و هێز دەبەخشێ بە مرۆڤ.
هەروەها جێگەی ژیان، واتە خانووبەرە بۆ ژنان دەبێ لە بەر چاو بگیردرێ، بۆ ئەوەی ژنان هەست بە ئاسایشی فکری و جەستەیی بکەن، ئەگەر پێویستیان پێی هەبوو.
لە ئاکامدا کۆمەڵگایەکی یەکسان و دێموکرات بەو کۆمەڵگایە دەڵێن کە، ژنان وەک مرۆڤ، بێ جیاوازی ڕەگەزی، مامەڵەیان لە گەڵ بکرێ. دەرفەتی بڕینی پلەکانی خوێندن و بەشداری کردن لە بەڕێوەبەری وڵاتیان پێ بدرێت وەک پیاوان، مافەکانیان لە یاسادا، وەک مرۆڤ پارێزراو بێت. هەروەها ژنان دەرفەتی باش و گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێ بۆ ئەوەی لە باری ئابورییەوە سەربەخۆ بن و چاو لە دەستی پیاوان نەبن.
واتە سیستمێکی عەداڵەت و یەکسان کە کاریگەر بێت لە هاندان و دروست کردنی دەرفەتی باش و گونجاو بۆ ژنان لە مەڕ گەیاندنی ئەوان بە مافە مادی و مەعنەوییەکانیان
سەرچاوە: یاسای هەڵاواردن و یەکسانیی نۆروێژ
١/١٢/٢٠١٦