Hoppa till innehåll
Hem » کوردستان لای کوردەکەش تابۆیە!، رەوف گوڵبەدەن

کوردستان لای کوردەکەش تابۆیە!، رەوف گوڵبەدەن

پیرۆز بێت 38 مین ساڵی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان

کار و کردەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە روانگەی منی کوردەوە لەوانەیە بە هەڵە تێگەیشتنێک لای خوێنەر دروست کاتpkk-ojelan

کە بە دژ ب پارتی کرێکارانی کوردستان لێکبدرێتەوە بەڵام من لە دڵسۆزی و لە دڵێکی پاکی کوردانەوە کێشەکانی کورد و کوردستان دەخەمە بەر چاوی خوێنەری کارامە و چالاک و هەر وەک هەموو کەسێکی دڵسۆز دەکرێت پارتێک یان کەسەک با خاوەن کاریزمایی و مێژووی پڕاوپڕ لە خەبات و تێکۆشان بێت بەڵام لە بەر ئەوەی کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خەباتە یان لە رەوشێکی تایبەتدایە و یان بە هەر هۆیەکی‌ترەوە جلی پیرۆزایەتی بە بەر مەکەن و هیچ پێویست ناکات شتێک کە پیرۆز نییە بە پیرۆز بینوێنین و لە دوایشدا بیکەن بە تابۆ و ئیتر کەس نەوێرێ ناوی بێنێ لە بەر ئەوەی پیرۆزە!

پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێ وەک ئەوەی وا هەیە بە نەتەوەی کورد بناسرێت و هیچ پێویست بەوە ناکات کە من ئەو بە زۆر بزانم و یەکێ‌تر بە کەم بزانم یان بە پێچەوانە لە بەر هەر هۆیەک نە خۆت بە زۆر بزانە و نە کەس بە کەم بزانە و نە لە روانگەیەیەکی بەرتەسکانەوە لە کەس بڕوانە واتە ئێمە با وەک ئەوەی وا هەیە هەڵس و کەوت لە گەڵ بوونەکان بکەین!

پارتی کرێکارانی کوردستان وەک هەموومان دەزانین لەگۆڕەپانەکەدایە و خاوەن وزە و هێزێکی مەزنە کە کاریگەری لە سەر رووداوەکانی ناوچەکدا کردووە و ئەوڕۆکە هیچ کەسەک نییە بە هەموو لایەنە کوردییەکانی کوردستانی مەزنەوە بە هەموو هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکەوە و تەنانەت زلهێزەکان وەک ئەمریکا و رووسیا و ئورووپا و وڵاتانی ناوچەکە کەس شکی لە بوونی هژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەر ناوچەکەدا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی نییە!

لە کاتێکدا کۆماری سێدارە لە رێگەی لەتە دەوڵەتەکەی بەغدا و لەتە دەوڵەتەکەی ئەسەدی داڕماوەوە تێدەکۆشێت لە دۆژمنایەتی نێوان کورد و تورکیا بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی هژموونی بەرەی شێعە لە عێراق و سووریا و لوبنان بەهێز بکات کە بەهێزکردنی شێعەکانی سەر بە کۆماری سێدارە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە کۆنەپارێزەکەی قوم و تارانە!

لەم لاشەوە وڵاتە هەرێمییەکانی ناوچەکە واتە ئێران وەک نوێنەری شێعەی کۆنەپارێز لە ئیسلامی سیاسی هەروەها تورکیا( وەک پارێزەری سوننەی خەلافەتی لە ئیسلامی سیاسی کە لە گەڵ  عەرەبستان( نوێنەری نەرێتی سوننە وەک نوێنەری عەرەب و نەوت)، لە ناوچەکەدا خەریکی شەڕی خۆپاراستن و لە هەمان کاتدا خۆقایم کردنن بۆ داهاتووی ناوچەکە کە بە بێ پرسی ئەمانە لە لایەن ئەمریکا و رووسیا و ئورووپاوە بە ئاگاداری چین و هەروەها خاوەن دەسەڵاتدارە نەوتییەکانی جیهانەوە خەریکی داڕشتنەوەی هێڵە گشتییەکانی  رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەن کە داگری زۆرێک لەم وڵاتە ناوبوێرکراوانەی سەرەوەشە لە گەڵ سنوورێکی بەربڵاوتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەنووکە!

لە راستیدا لەوانەیە سەرێکی ئەم سنوورانە بچێتەوە هێندووستان و چین و رووسیا و ئیتر ناوچەکەی ئێمە واتە کوردستان لە چەقی ئەم ئاڵوگۆڕە گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە.

رۆڵی کورد لە کێشەکانی ناوچەکەدا رۆڵێکی بریکاری و لە هەمان کاتدا هاوپەیمانەتییە کە زۆر بە ئازایەتی و لە خۆبوردەیی هەتا ئەوڕۆکە درێژەی هەیە!

ئەم گۆڕانکارییە بەرهەمێکی بە دەیان هەزار قوربانی و ماڵوێرانی و پشێوی و ئاڵۆزی لە گەڵ خۆیدا بۆ هێناوین کە گەورەترین بەش و پشک بەر کورد کەوتووە!

بە خوێندنەوەی ریالیستانەی ناوچەکە دەکرێت کورد لە داهاتووی ناوچەکەدا خاوەن پێگە خۆی بێت، ئەمە یەکێ لەو خاڵە گرینگانەیە کە تورکیا دەخاتە دۆخی ناچاری و تەنانەت پاشگەزبوونەوە لە ئەندامەتی لە یەکیەتی ئورووپا، هەروەها ئەگەر جێگرەوەیەکی باش وەک دەڵێن وەک پەیمانی شانگهای بۆ بدۆزرێتەوە لەوانەیە لە ئەندامەتی ناتۆش پشیمان ببێتەوە بە مەرجێک کە کورد لە تورکیا بە هیچ مافێک نەگات!

گرینگی مافی کورد لە باکووری کوردستان لەوەدایە کە کاریگەری لە سەر بوونی کیانێک بە ناوی  تورکیا دادەنێت و لە راستیدا بوونی کوردستان بە مانای نەبوونی تورکیایە و بوونی تورکیاش بە مانای نەبوونی کوردستانە و هەر بۆیە تورکیا بە تەواوی هێزی خۆیەوە دژی سەربەخۆیی کورد دەبێتەوە جا خوای ئەکرد ئەو کوردستانە لە باشوور یان باکوور یان کوردستانی مەزن دەبوو یان کەماڵ ئاتاتورک گۆتەنی لە ئەفریقاش بێت لە دژی ئەو کوردستانەش دەوەستێتەوە!

ئەم هزرە لە پاشخانێکی قووڵی مێژوویی ئێجگار غەدار و زۆڵمەوە هاتووە کە عوسمانی و سەفەوی و تورک و ئێران خاوەنی هەمان هزر و هەمان عەقڵی داگیرکەرییە!

بۆ زانین تورکیا لە 1923 زایینی واتە کەمتر لە سەد ساڵە لە سەر داروپەردووی عوسمانییەکان دامەزراوە!

بۆ ” رۆژئاوا ”  نەک ” رۆژئاوای کوردستان ”  ؟!

لێرەدا دەگەڕێمە سەر گرینگی پارتی کرێکارانی کوردستان کە زۆرتر بە پەکەکە ناودەبرێت واتە زەق نەکردنەوە ناوی کوردستان پێم وابێ ئامانجدارە!

سەیری رووداوەکانی رۆژئاوا بکەن وەک دەبینین لە میدیاکاندا ئێستە ناوی ” رۆژئاوا ” ناوێکی جێکەوتووە و لە هەر کوێ بنووسرێت ” رۆژئاوا ” بە بێ شک هەموو کەس دەزانێت مەبەست رۆژئاوای کوردستانە بەڵام زۆر بە دەگەمەن دەستە واژەی ” رۆژئاوای کوردستان ”  بە کار دەبرێت کە ئەمەش رێک بۆ ئەوەیە کە حەساسییەت درووست نەکرێت کە دیارە جگە لە تورکیا، ئێرانیش لە روانگەیەکی‌ترەوە بە هەمان رادەی تورکیا بە ناوی کوردستان حەساسە و بوونی دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان بە مەترسی ئەمنی لە سەر خۆی دادەنێت و هەر بۆیە لە رێگە جۆربەجۆرەوە ئێرانیش کار لە سەر ئەم پڕۆژەیە دەکات کە کوردستان نەبێ بە دەوڵەت!

لە هەر حاڵدا ناو نەهێنانی کوردستان و کاڵ کردنەوە پرسی نەتەوەیی لەوە دەچێت ئامانجدار بێت!

داگیرکەرانی کوردستان لە ناوی کوردستان دەترسن و ئەگەر لە ناوبردنی سڵ بکەنەوە ئاساییە بەڵام ئاسایی نییە کە حێزبە کوردستانییەکان بە تایبەت پەکەکە خۆی لە ناوی کوردستان ببوێرێ هەر وەک لە تورکیادا ئەم کارەی کردووە!

سەرنج بدەن کە کوردە حەیاتەکە دان بە لەتە دەولەتۆکەی بەغدادا دەنێ و بە ناوی عێراق پێمان دەفرۆشێتەوە بەڵام نە ئاڵا، نە سروودی نەتەوایەتی  ونە پاڕلمان و نە یاسای بنەڕەتی کوردستانی پێ قووت نادرێ بەڵام پاڕلمانی داعشی شێعەی دەوڵەتۆکەی بەغدای بە ساخی بۆ قووت دەچێت؟!

لە کوردستانە بەڵام بە یاسای حەشدی شەعبی هەڵس و کەوت لە گەڵ کوردستانەکەی خۆی دەکات!

من وای بۆ دەچم کە ناوی کوردستان لای ئەمانەش تابۆیە!

کوردستان وڵاتێکە کە ئەوڕۆکە لە هەموو رۆژێک بوونی زیاتر سەلمێندراوە و لە گەڵ ئەوەی کە ئێران و تورکیا و لەتە دەوڵەتۆکەی بەغداشەوە یەکە یەکە لە گەڵ حێزبەکانی کوردستان نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانیشتن دەکەن کە ئەمە لە راستای پشت گوێ خستنی هەرێم و دەسەڵاتەکەیەتی! بە داخەوە لە هیچ کوێ شتی وانییە و هەتا حکوومەتی رەسمی و دانپێدانراو بوونی بووبێ هیچ حێزبێک مافی ئەوەی نییە لە سەر حکوومەتەوە پێوەندی نافەرمی بە ناو نوێنەری وڵاتانەوە بکات، بەم جۆرە خەریکن رێسەکە دەکەنەوە بە خۆری!

پەکەکەش لەم ناوەدا نەیتوانیوە و رۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێت و بە زەقکردنەوە پەڕاوێز خەریکە دەق دەرووخێنێ!

رەوف گوڵبەدەن

27.11.2016 ز