Hoppa till innehåll
Hem » لە خــــــــــەونی سەربەخۆییەوە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا!، عارف شێخ ئەحمەدی

لە خــــــــــەونی سەربەخۆییەوە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا!، عارف شێخ ئەحمەدی

دوابەدوای کێشەی سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی و بەسەرچوونی ماوەی یاسایی کورسیەکەی جەنابیان، هیچ یەک لە لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ئەوندەی لە نەیارانی نەتەوەی کورد تێدەگەنaref-shexahmadi-00

و ملکەچی خواست و یاسا و ڕێساکانی ئەوانن، نیو هێندە هەوڵیان نەدا بە ڕۆحی لێبووردەیی و لێک تێگەیشتن چارەسەری ئەو هەموو قەیران و گیر و گرفتانە بکەن کە بەرۆکی بە جەماوەری خەڵک لە باشووری کوردستان گرتووە.

کاتێک سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان و بگرە بەشەکانی دیکەش بە پێی مێژووی ئێستا و ڕابردوویان، هەموو خەون و هیوای نەتەوەکەی خۆیان قوربانی پاوانخوازی و بەرژەوندی حیزب و بنەماڵە دەکەن و ئەوانەشی کە بە هەڵکردنی پلاتفۆرمی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخوازی هەوڵ دەدن بە هەڵکردنی تەنیا مۆمێک و هیچی تر، ئاڵووگۆڕی جیددی بکەن دیسان تووشی هەمان پەتا و نەخۆشی دەبن کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان پێوەی دەناڵێنن.

ئاخۆ تەنیا کورسیەکەی بارزانی کێشەیە یان لە حەقیقەت دا لە باشووری کوردستان دەیان کورسی و کەسایەتی دیکەش هەیە کێشەیان لە سەرە لە هەموو ڕوویەکەوە، چ جیاوازییەک لە نێوان یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان لە مامەڵە کردنیان بە دەیان فایلی سیاسی و نەتەوەیی و نەوت و سەروەت و سامانی کوردستانەوە هەیە؟

بە دڵنیایی هیچ جیاوازییەک نیە، کاتێکیش بزووتنەوەی گۆڕان و شەخسی نۆشیروان مستەفا وایان دەرخست کە ئەوان هەموو شتێک دەگۆڕن، هەر ئەو کات زۆربەمان ڕامان وابوو محاڵە ئاڵووگۆڕی بەرچاو بکرێت، چونکە لەم بەشە لە کوردستان هیچ لایەک ڕێز لە سەروەری یاسا و کلتووری نەتەوەیی ناگرێت. بێ دەنگی و خۆ کڕ کردنی نۆشیروان مستەفا و سەفەری یەک لە دوای یەکی بۆ بریتانیا و هەر جارەو بە بیانووی چارەسەری نەخۆشی ناوبراو و کۆبوونەوە دەگەڵ لایەنگرانی بزووتنەوەکەی لە ئورووپا، نەتەنیا دەریانخست کە ناوبراویش نەتەنیا ناتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەو و قسەیەکی نیە بۆ گوتن و پلانێکی نیە بۆ دەرچوون لەم نەهامەتیانەی کوردستان، بەڵکوو بووەتە بەشێکیش لە قەیرانی سیاسی.

بە باوەڕی زۆربەمان تاوەکوو حیزبە کلاسیکەکانی باشووری کوردستان دەستبەرداری کورسی و سیاسەتی خێڵەکی نەبن و ڕێگە نەدرێت کە چینی تازە پێگەیشتوو و خاوەن بڕوانامە بە نووسینەوەی یاسای سەردەمیانە و بە دوور لە ڕەنگ و بۆی خێڵ و بنەماڵە و بە دابەشکردنی داهاتی نەوت و سامانی گشتی بە بێ جیاوازی و بۆ هەموان هەوساری کۆنتڕۆڵکردنی باروودۆخەکە بە دەستەوە بگرێت، هیچ چارەسەر و دەرمانێک بۆ پەتای سەرەڕۆیی حیزبی و بنەماڵەیی وجوودی نابێت.

لە پاش ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پاساوی ئەوەی حکومەتی هەرێم پارەی نیە و لە ڕاستیش دا لە مەڕ ئەوەی لایەنەکانی دیکە حازر نەبوون لە ڕێگەی دانووستان و گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ کێشەی کورسیەکەی مەسعوود بارزانی بدۆزنەوە، هەر بەم هۆیەوە حازر نەبوو بە هیچ شێوەیەک مووچەی مامۆستایان و خاوەن پێداویستی تایبەت و سەرجەم ئەوانەی بژیوی ژیانیان لە ڕێگەی مووچەی مانگانە و حکومەتەوە دابین دەکرێت سەرف بکات.

لە وەها هەلوومەرجێکدا فڕاکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێڕاق و بە پێی یاسا داوای ئەوەیان کرد کە لە بەرانبەر پێدانی نەوتی کەرکووک بە حکومەتی ناوەندی عێڕاق، بەشە مووچەی پێشمەرگە و مامۆستایان لە لایەن بەغداوە دابین بکرێت.

خۆی لە خۆی دا ئەم کارە بە پێی یاسای حکومەتی ناوەندی عێڕاق هیچ کێشەیەکی نیە و بە فەرمی باسی لێوە کراوە، بەڵام ئەوەی هێمای پرسیاری لە سەرە و جێی تێڕوانینی هەموو لایەکەمان دەبێت ئەوەیە بۆچی سەرکردایەتی سیاسی کورد شێری ماڵی خۆیەتی و ڕێوی دەرەوە؟!

مخابن، ئەگەر بارزانی و خێزانی تاڵەبانی و بزووتنەوەکەی نۆشیروان مستەفا و لایەنەکانی دیکە بە قەدەر هەمان گڕوتین و ئامادەبوونیان لە چوونیان بۆ بەغدا و حازر بوونیان بۆ وتووێژ دەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە هەمان پێوەریش خەمی خەڵکی کوردستانیان بوایە و پرسی نەتەوەکەیان بەلاوە گرینگ بوایە و تەنیا قازانج و بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خەمی کورسی داینەگرتبایەن، بە بێ هیچ گومانێک پێویستی بەوە نەدەکرد شەڕی ناوماڵی کورد لە ناو پەرلەمانی بەغدا باسی بکرێت و چارەسەری لە لایەن ئەو کەسانەوە بۆ بدۆزرێتەوە کە هەرگیز حەز ناکەن نەتەوەی کورد ڕووی شادی و خۆشی بەخۆیەوە ببینێت.

لەم ڕۆژانەدا گوێبیستی قسەوباسێک دەبین کە زۆرتر بۆن و بارامەی دیوەخانی عەشاییری کوردی لێ دێت تاوەکوو قەبووڵکردنی یەکتر و هەنگاونان بەرەو دیتنەوەی ڕێگە چارەی سەردەمیانە و ڕەتکردنەوەی پاوانخوازی، وەک ئەوەی دەگوترێت ئەوەی بیهەوێت جێگەی جەلال تاڵەبانی بگرێتەوە هێشتا لە دایک نەبووە!

ئەمجۆرە بیروڕایە ڕێک بۆ چاخی بەردین کەڵکی هەیە و شیاوی کۆمەڵگەی مودێرن و ئێستای کوردستان نیە، وەک ئەوەی چەند لایەنێک هەر کامیان لە لای خۆیەوە کەسێک وەک قارمەنی نەتەوەیی دەناسێنن و دەیانهەوێت لە کوردستان پەیکەرێک لە چەشنی ڕۆستەمی زاڵی بۆ داتاشن و دەیان ئەفسانەی سەیر و سەمەری لە سەر بنووسن.

بێ گومان قارەمانی نەتەوەیی کورد و سەرکردایەتی ڕاستەقینە کەسێکە کە هەموو بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەکانی خۆی و بنەماڵەکەی بکاتە قوربانی ئاواتی نەتەوەکەی و ئەوکات ئەوە نەتەوەی کوردن کە لە ڕووی خۆشەویستیان بۆ ئەو کەسە بڕیار دەدەن پەیکەرێک لە زێری بۆ درووست بکەن و لە چوارچرای هەر شار و گوندێکی کوردستان وەک هێما و ڕەمزی سەرکەوتنی خۆیان ڕێزی بگرن.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین لە سایەی سیاسەتی چەوتی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان، ئەو خەونەی نەتەوەی کورد سەدان ساڵە هەوڵی بۆ دابوو، هەمووی بووە خەیاڵێکی گەورە و ئەوانەی هەموو ڕۆژێک دەیانگوت بەمزوانە مزگێنی سەربەخۆیی ڕادەگەیێنین، نە تەنیا وایان نەکرد بەڵکوو هەر خۆشیان بوونە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا و چاوەڕوانی لە برا عەڕەبەکانی دوێنێی سەردەمی بەعس و ئەمڕۆی سەردەمی خومەینیسم لە پەرلەمانی عێڕاق.

پێشمەرگەکان:  نووسەر خۆی لە نووسینەکەی بەرپرسیارە